سپیکردنەوەی پارە و تەلارە باڵابەرزەکان
.jpg)
2 هەفتە لەمەوپێش
چیا عەباس
بەبێ یەک و دوو پشتگیری لە گەشەکردنی ئابوری و شارستانی دەکەم بە مەرجێک یاسایی و رەوا و شەفاف و بۆ خزمەتی گشتی بێت. لەم هەرێمە بچوکەی کوردستان، تایبە ت دوای راگرتنی شەری ناوخۆ، تادێت ژمارەی نهۆمەکانی تەلارەکانی ئەم و ئەو ڕوو لە حەوت تەبەقی ئاسمان دەکەن، لاساییکردنەوەیەکی چەند وڵاتێکی شازادە گەندەڵ و تاکرەوەکانی کەنداو. ئەگەرچی لە کەنداو بەشێک لێێان ساڵانە پێشوازی لە ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیاری بیانی دەکەن وەلێ دەسکەوت و قازانجەکانی گیرفانی چەند وارسێکی لم و نەوت چەورتر دەکەن.
چەند ساڵێک لەمەوبەر رۆژنامەگەرێکی هۆڵەندی ریپۆرتاجێکی لە سەر یەکێک لەو وڵاتانەی بیابان کردبوو، دەیگوت: شازادەی وڵاتەکە فەرمانی کردبوو پردێک دروست بکەن کۆپی پردێکی ناوداری پاریس بێت، فەرمانەکەیان جێبەجێکردبو بەڵام یەک دڵۆپ ئاو نە لە ژێر پرد و نە دەوروبەری هەبو، تەلارە دەیان نهۆمەکانی لای خۆشمان هەر وەک ئەو پردە وان.
تێدەگەم بۆچی شازادەکانی هەولێر شەیدای ئەو جۆرە تەلارە باڵا عەرعەرانەن، دەیان کۆنسۆڵخانە و کۆمپانیا بیانیەکان و نوێنەرانی دەزگا بیانیە دەرەکیەکان و هەزاران گەشتیاری عەرەب و ...تاد، بەڵام پێم ناڵێن سلێمانی لەم دۆخە رەش و ئاڵۆزەی بێ موچەیی و شارێکی گەمارۆدراو چی لە تەلارە باڵا بەرزەکان بکات؟
بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە ئاورێک لە مێژوو دەدەمەوە، دەمێکە بۆچونێکی ناودار لە دنیادا دەڵێت لە هەر شوێنێک شەر و ئاژاوە هەبێت و باڵەخانە بەرزبێتەوە ئەوە بێگومان سپێکردنەوەی پارەی رەشە و کاری گروپەکانی تاوان و گەندەڵیە. ئەم راستیە لە زۆر شوێنی دنیادا رویداوە و سەلمێنراویشە. عێراق و باشوری کوردستان بێبەری نەبووە و نیشە لەم دیاردە قێزەوەنە.
سەرەتا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی بە گرێبەستی ساختەچی و پوچەڵ دەیان فلاتی باڵەخانەکان کە بناغەشیان نەبو پێشوەخت بەسەوزی بە هاوڵاتیان فرۆشراون، دواتر بە چەندین بیانوو و درۆ و دەلەسە کریارەکان لە خشتە براون.
سپیکردنەوەی پارە
پرۆسەیەکە کە پارە یاخود کەلوپەلی بەدەست هێناوی نایاسایی بەروکەشی بەرگێکی یاسایی بەبەردا دەکرێت، بەم شێوەیە سەرچاوە نارەوا و نا یاساییەکەی خاوەنداریەتی دەشاردرێتەوە و لە ئابوریدا بەکار دەهێنرێت.
سپیکردنەوە بەچەند قۆناغێکدا دەگوزەرێت:
- پارەکە دەخزرێنەتە سیستەمی داراییەوە.
- چەندین ئاڵوگۆری ئاڵۆزی دارایی دەکرێت، وەک وەبەرهێنان لە چەند بوارێکدا
بە یاسایی بەکار دەهێنرێت، بۆ نمونە کرینی زەوی و زار، دروستکردنی تەلار و وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکان، لای خۆمان تایبەت لە بواری نەوتدا. ئامانجی سەرەکی سپیکردنەوە شاردنەوەی سەرچاوەی نایاسایی پارەیە.
لە هەرێمی کوردستان سپیکردنەوەی پارە بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی کە بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتدار و بازرگانە کۆیلەکان و پاشکۆکانیان دەیان ملیار دۆلاریان لێی دەستکەوتووە و لە ئێستادا سەرمایەی سەرەکی رەشی دارایین کە بۆ بەرژەوندیەکانی خۆیان و هێزە داگیرکەر و ناحەزانی کورد بەکار دەهێنرێن. لەم ناوچەیەی خۆمان بەم کارانە پێشێلی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکانیش دەکەن.
گروپەکانی مافیا لە سەرەتای سەرهەڵدانیان لە ئەمریکا و تایبەت لە ئیتاڵیا و چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتینی داهێنەری ئەم دیاردەیەی تاوان و ماڵوێرانکەرن، لە دو دەیەی رابودودا لە ئاکامی رێکەوتنێکی زلهێزەکانی دنیا ڕووبەڕووی گوزری کەمەرشکێنەر بونەتەوە. دوای سەرهەڵدانی شەری روسیا و ئۆکرانیا گروپە مافیاکانی سەر بە دەسەڵاتی روسیا چالاکانە و بەخەستی سپیکردنەوەی پارەیان لە ئەوروپا دەستپێکرد، لە ئاکامی سزا قورسەکانی ئەوروپا بەرامبەریان ئێستا پروکاونەتەوە و دەست بەسەر زۆربەی سەرمایەکانیاندا گیراوە.
لە وێرانەی عێراق سپیکردنەوەی پارە بۆتە پیشەی سەرەکی بەشێکی گرنگی سیاسەتمەتدار و بەرپرسەکان. عێراق لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بە وڵاتێکی ریسکانت بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی دیاریکراوە، بە واتایەکی تر مەترسی گەورە هەیە بۆ سپیکردنەوەی پارە و پشتگیری چالاکیە تێرۆریستیەکان. بۆ سپیکەرەوەکان عێراق پاروویەکی ئاسانە بۆ شاردنەوەی کارەکانیان و چالاک بن. بەهۆکاری گرژی بەردەوام و بونی چەندین میلیشیای چەکدار کەش و هەوایەکی ناجێگیر و شلۆقیان بەرپاکردوە.
بەتەنیشت ئەمانەشەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە زۆربەی لیستە نێودەوڵەتیەکان لە پلەی بەرزی گەندەڵیدان. راپۆرتە باوەرپێکراوەکان باس دەکەن کە لە بیست ساڵی رابوردودا سەدان ملیار دۆلار لە خەزێنەی عێراق دزراوە و زۆربەی دەسەڵاتدارانی گەورە ناودارترین " حرامی بەغدادن ".
کۆمپانیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆربەی جار پارە بۆ شەریکە بیانیەکانیان بەرێگای سیستەمی حەواڵەی کۆن دەنێرن، بەم شێوازە خۆیان لە بانکە فەرمیەکان لادەدەن، ئەم شێوازەی مامەڵەکردن ئاکامی زۆر خراپی لێکەوتۆتەوە وەک لە نمونەی دانمارک بۆ سپیکردنەوە دەردەکەویت.راپۆرتێکی فەرمی دانمارکی بە وردەکاری حاشاهەلنەگر باس لە بازرگانی دراو لە بازاری گەورە لە سەنتەری هەولێر دەکات کە بۆتە سەرچاوەیەکی هەستیاری سپیکردنەوەی پارە.
لە راپۆرتەکەی دانمارکدا هاتووە:
لە بناری قەڵای هەولێر کوچەیەکی زۆر قەرەبالغ هەیە. لە بازاری پایتەختی هەرێمی کوردستان چەندین دوکانی تایبەتی هەیە، لە کەل و پەلی تەقلیدی کوردی تا فرۆشتنی فەلافل و بەهارات، تایەی ماشێن و ....تاد. سوچێکی روناک تەرخان کراوە بۆ بەرهەمەکانی شیر... کەمێک لەولاوە کۆڵانێک دەتبات بۆ هۆڵێک تایبەت بۆ مامەڵەکردن بە گۆرینەوە و حەواڵە و پارەی رەش.
ئابوری لە هەولێر وەک زۆربەی شوێنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست پابەندە بە پارەی کاش، مامەڵەکردن بە پارە بە رێگای حەوالەوە دەکرێت. لە ئەوروپاش هەمان تۆری مامەڵەکردنی پارە بە حەواڵە چالاکە. پرۆگرامی رۆژنامەگەری لێکۆڵینەوەی دانمارکی لەسەر ئەم شێوازە لە سپیکردنەوەی پارە لە کوردستانەوە خاڵ لەسەر وشەکانی پرۆسەکە دادەنێت.
ساڵی ٢٠٢١ حاکمێک لە دانمارک بریاری دەست بەسەراگرتنی سەرجەم موڵکەکانی بازرگانێکی کوردی عێراق لە دانمارک بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارەی دا. لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٢ دادگای کۆپینهاگن بریاری زیندانی پێنج ساڵی بۆ هەمان بازرگانی کورد دا کە بۆ ١٧،٤ ملیۆن ئیرۆ پارەی سپیکردۆتەوە.
سیستەمی بانکی لە عێراق پوچەڵ و گەندەڵە بۆیە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران ناچارن رێگای تر بگرنە بەر، ئابوری عێراق بە نافەرمی لەسەر بناغەی سیستەمی پارەی کاش کاردەکات، بۆیە حەواڵەچیەکان لە عێراق پێگەی گرنگ و کاریگەریان لە ئابوری عێراقدا هەیە. بەهەڵسەنگاندنی چەند دەزگایەکی ئابوری ناودار لە ئەوروپا بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران لە عێراق ئاسانە ئەژماری بانکی هەبێت، بەڵام راستەوخۆ گروپەکانی مافیای سەر بە دەسەڵاتەکان لە عێراق گێچەڵی دنیایان بە رێگەی حزب و میلیشیا و گروپەکانی تاوان پێدەفرۆشن.
بێجگە ئەم دۆخە مافیا ئاسایە سپیکردنەوەی پارە لە عێراق زۆر سودبەخشە بۆ تەمویلکردنی گروپە تێرۆریستەکان.
دەسەڵاتدارانی کوردستان تێربون و گرتنی کونجی قەناعەت نازانن، سەرەرای ئەو دەیان ملیار دۆلارە و کێڵگەی نەوت و قاچاخچیەتی بە نەوت رۆژانە لەبەر قاپی سوڵتانەکانی بەغدا دەستیان بۆ موچەی هاوڵاتیان پانکردۆتەوە.
لە سەرجەم ئەزمونەکانی دنیا ئەمجۆرە دۆخانە دوچاری شکست و نەمان بوون.
