پلاسیبۆ

2 هەفتە لەمەوپێش
د. هەژار عوسمان مەعروف
بیر و باوەڕی مرۆڤ لە سەر تەندروستی و نەخۆشی و دەرمان و جۆرەکانی تری چارەسەری پزیشكی ڕۆلێکی بڕیاردەر دەبینن لە ڕەفتاری نەخۆش لە گەڵ خۆی و لەگەڵ دوکتۆر و تەندروستکاراندا و لەگەڵ ئەو چارەسەرە جۆراوجۆرانەی وەریدەگرێ لێیان.
وشەی placebo واتاکەی (دەبێ باش ببمەوە) یە، کەواتە تۆ ئەگەرگەشبین بیت و باوەڕی تەواوت بەوە هەبێت کە لە کێشە تەندروستیەکەت چاک دەبیتەوە، ئەگەری زۆرە کە هەر بەڕاستی چاک ببیتەوە یان ئێش و گرفت و نیشانەکانی تری نەخۆشیەکەت کەم ببنەوە، ئەم کارلێکە باشە کارلێکێکی دەرونیی ڕووتە و پێی دەوترێ (کارلێکی پلاسیبۆیی).
ئەوانەی چەند نیشانەیەکی هاوبەشی نەخۆشیەکی دیاریکراویان هەبو کردیانن بە سێ دەستەوە، دەستەی یەکەم جۆرێک دەرمانیان پێدان لە شێوەی حەب کە دژی نیشانەکان بوو، دەستەی دوهەم حەبی هەمان قەبارە و ڕەنگ و شێوەیان پێدان بەڵام هیچ مادەیەکی دەرمانیی تێدا نەبو، دەستەی سێهەم هیچیان نەدانێ و ئینجا دوای چەند هەفتەیەک پرسیاریان لە هەر سێ دەستەکە کرد و بۆیان دەرکەوت کە دەستەی یەک و دو هەردوکیان باشتر بوبون و دەستەی سێ وەک خۆیان بە سکاڵاکانیانەوە مابونەوە.
سەیرە! تۆ بە خواردنی شتێکی خڕی وەک حەب یا کەپسولێک یا بە لێدانی دەرزیەک کە هیچ مادەیەکی دەرمانیی تێدا نیە باش ببیتەوە و بڵێی، دوکتۆر ئازارەکەم کەم بووەتەوە یا نەماوە!
لە مەش سەیرتر! پلاسیبۆ لە نەشتەرگەریشدا هەیە، چەند کەسێک نەخۆشیی هەوکردنی ئێسک جومگەییان osteoarthritis هەبوو، کردیانن بە دو دەستەوە، نەخۆشانی دەستەی یەکەم لە دۆخی بێهۆشیدا دوکتۆر بە هەناوبینی (نازور) چوە ناو جومگەکەیەوە و پاک شتی و گۆشت و کڕکڕاگەی مردوی فڕێدا و کونی شوێن هەناوبینەکەی دوریەوە، ئەوانەی دەستەی دوهەم کە هەمان نەخۆشیان هەبو بێهۆشێان کردن و پێستی سەر جومگەکەیان بڕی بەڵام شوێنەکیان کون نەکرد و بە هەناوبینەکەوە نەچونە ناو جومگەکە بۆ پاککردنەوەی وەک دەستەی یەکەم، ئینجا بێ ئەوەی هیچی تر بکەن برینەکەیان دووریەوە، بێگومان بەم نەخۆشانەیان وتبوو کە بە هەناوبینی هەمان جۆری عەمەلیاتیان بۆ دەکەن بەڵام بۆشیان نەکردبون.
دوایی پاش پرسیارکردن نەخۆشەکانی دەستەی یەکەم وەک چاوەڕواندەکرا زۆر باشتر بوبون، بەڵام سەیرەکە لە دەستەی دووهەمدا بو کە ئەمانیش باشتر بوبون چونکە ئەمانیش چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبوو کە بە هەناوبینیەکە چاکتر دەبن بەڵام نەیاندەزانی کە ئەسڵەن هەناوبینیان بۆ نەکردوون و دەسکاریی جومگەکانیان نەکردوون! ئا ئەمەیە کارلێکی پلاسیبۆیی کە کارلێکێکی دەرونیی ڕووتە پزیشک دەتوانێ بەکاریبێنێ بۆ سودی نەخۆش بە هاندانی بۆ وەرگرتنی دەرمان و بەجێگەیاندنی ڕێنماییەکانی دوکتۆر وبە پێدانی هیوا و ئومێد لە سەر بناغەی ڕاستیە پزیشکیەکان نەک بە پێدانی دەرمانی درۆ یا دەستلێدان و کارکردنی جۆراوجۆر لە سەر جەستەی نەخۆش.
ئەم کارلێکە دەرونیە بە تەنیا بەس نیە بۆ چارەسەری هیچ نەخۆشیەک بەڵکو پزیشك دەبێت لە گەڵ دەرمان و جۆرەکانی تری چارەسەری پزیشکیدا بە تایبەتی لەو نەخۆشیانەدا بەکاری بێنێت کە هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی تێیاندا زۆر ئامادە و بەهێزە، بۆ نمونە لە ئێشی ئەندامەکانی جەستە بە هەموو جۆرەکانیەوە ، لە تەنگەنەفەسی و پەستانی خوێن وشەکرە و نەخۆشیەکانی دڵ و هەروەها لە هەمو نەخۆشیە دەرونیەکاندا. بۆ نمونە کەسێک نەخۆشیی پەستانی خوێنی هەیە و پزیشک پێی وتوە هەتا لە ژیاندا بیت دەبێ ئەم دەرمانانە بخۆیت. ئەگەر دوکتۆرەکە زۆر بە دڵنیاییەوە بۆ نەخۆشەکەی بسەلمێنێ کە دەرمانەکان ناهێڵن توشی جەڵتەی دڵ و مێشک بێت و بەمە تەمەنی درێژدەکەن، ئەمە کارلێکی پلاسیبۆیی دەرونی زیاد دەکات بۆ کارلێکی کیمیایی دەرمانەکان و نەخۆشەکە والێدەکات کە بە ڕێکی و دروستی بەردەوام دەرمانەکان بخوات.
لە چارەسەری نەخۆشیە جەستەییە ڕووتەکانی وەک میکرۆبی و مێشک و دەماری و شێرپەنجە و کەمخوێنی و هتد...کارلێکی پلاسیبۆیی ڕۆڵێکی وای نیە.
بەداخەوە ئیمڕۆ لە کوردستاندا زڕدوکتۆرە دەرونیە جۆراوجۆرەکان بێبەزەییانە کارلێکی پلاسیبۆیی بەکاردێنن بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونی وکێشە ی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆریان هەیە. مامۆستایەکی ئاینی ناوی خۆی ناوە دوکتۆر لە ( الطب النبوي) بە هۆی دواکەوتویی کۆمەڵەکەمانەوە و لە ڕێی ڕیکلامی بەکرێگیراوەکانیەوە لە سۆشیالمیدیا وهەروەها بە قسەزانی و فێڵبازی و بەکارهێنانی ئاین بۆ سودی خۆی ناوبانگێکی گەورەی بۆخۆی دروستکردوە و بوە بە خاوەنی کارلێکێکی پلاسیبۆیی گەورە، خێزانێک کوڕەکەیان شیزۆفرینیایەکی توندی هەیە، ناوبانگی کاکی زڕەدوکتۆر گەیشتۆتە ئەمان و نەخۆشەکەیان، کە دەیبەن بۆ لای بێگومان سەیر نیە، ئەگەر بە کارلێکە پلاسیبۆییەکەی و بەو ڕەشکە و هەنگوین و ئاوی زەمزەم و... هتد کە دەیانداتە نەخۆشەکە و بەو چاوەڕوانیە دەرونی و هزری یە گەشبین و ئەرێنییەی نەخۆش و کەسوکارەکەی هەیانە، بەڵێ هیچ سەیر نیە نەخۆشەکە بۆ ماوەیەک باشتر بێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە بەردەوام چارەسەری تەواو لای دوکتۆرێکی دەرونی وەرنەگرێت بە دڵنیاییەوە دۆخی دەرونیی دوای ماوەیەکی کەم تێکدەچێتەوە و بڵقی کارلێکە پلاسیبۆییەکە فشدەبێتەوە!
