ملکەچی و ستەمکاری (بۆچی خەڵکی خۆبەخشانە دەبنە کۆیلەی ستەمکار؟)

2 هەفتە لەمەوپێش



ئازاد شکور

  "لابۆسیە" چەند فاکتەرێک دیاری دەکات، کە دەسەڵاتی ستەمکار سودی لێوەردەگرێت بۆ ئەوەی تەواوی کۆمەڵگە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ناچار بە ملکەچپێکردنیان بکات، ئەوانیش:  (خوو و داب ونەریت و باوەڕی نادروستن)

یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەی کە فیکری سیاسی هەمیشە ئاوڕی لێداوەتەوە و خستوویەتیە بەر باس،  بریتی بووە لەوەی بۆچی خەڵکانێک بە ڕەزامەندی خۆیان دەچنە ژێر ڕکێفی ستەمکاری و ستەمکارەکانەوە؟ گومانی تێدا نییە، ئەگەر کەمێک چاو بە مێژووی فیکری سیاسیدا بخشێنین، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، هەر لەسەردەمی ئەفلاتۆن و ئەرستۆوە تاکو دەگاتە سەردەمی بیرمەندێکی وەک "ئەلێکس تۆکیوڤێڵی"ی فەرەنسی، هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دراوە، بەڵام تاکە بیرمەندێک کە توانیبێتی زۆر بەسادەیی و واقیعیانە، ڕوونترین وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە،  بیرمەندی فەرەنسی (ئیتیان دی لا بۆسیە ) بوو، کە لە سەدەی شانزەدا ژیاوە و بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا گەڕاوە.

ڕەنگە ناوی ئەم هزرڤانە فەرەنسیە، بە لای خوێنەرانەوە ناوێکی نامۆو دەگمەن بێت، بەڵام ئەو بابەتەی ئەم  فەیلەسوفە فەرەنسیە دەستی بۆبردووە و قسەی لەبارەوە کردووە، هەر لە دێرزەمانەوە تاوەکو هەنوکە جێگەی مشتومڕ و گەنگەشە و تێڕامانی زۆرێک لە توێژەرانی بواری فەلسەفە و توێژەرە کۆمەڵایەتیەکان بووە. لابۆسیە(١٥٣٠ لەدایک بووە) شێوازی دروستبوونی ستەمکاری بەم شێوەیە شرۆڤە دەکات و دەڵێت: (ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک، بەویستی خۆیان مل بە پاوانخوازی و ستەمکاری نەدەن، هیچ دەسەڵاتێک لە دونیادا ناتوانێت میلەت ڕام بکات و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و حوکمیان بەسەردا بکات).(١) ئەم ئاکتەی "لابۆسیە" ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە خودی خەڵکی خۆی سەرچاوە و ڕەگی ئەو ستەمکاری و نادادییە پێک دەهێنن، چونکی ئەو هێزەی کە ستەمکار هەیەتی بۆ دامڕکاندنەوە و مۆنۆپۆڵکردنی خەڵکی، هەمان ئەو هێز و ئیلهامەی لە گەلەوە وەرگرتووە،  ئەگەر گەل هێز بەدەستەڵات نەدات، ئەوا فەرمانڕەوا چەوا دەتوانێت  هێزی خۆی بەکاربێنێت بۆ ڕامکردن و ملکەچپێکردنی ژێردەستەکانی؟! ئەگەر میللەت چاوی بە دەسەڵات نەبەخشایە، ئایا دەسەڵات ئەو هەموو چاوەی لە کوێ بوو، تاکو چاودێری گەلەکەی پێبکات، ئەگەر خەڵکی خۆی دەستی پێنەدات، ئایا ئەو هەموو دەستەی لەکوێ بوو بۆ سەرکوتکردن، ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک خۆیان هاوکاریان نەبن! ئیتر چۆن دەتوانن هاواریان بەسەردا بکەن.

دوای ئەو ڕاستیەی کە سەبارەت بە "کۆیلایەتی دڵخواز" خرایە ڕوو، دوای ئەوەی زانرا کە دەسەڵات لەسەرسکی خەڵکی دەژێت، دواتریش وەکو منەت پێیان دەفرۆشێتەوە، هەربۆیە بۆدەربازبوون لەوقەیرانە قوڵەی کە کۆیلەی دڵخواز تێیکەوتووە دەتوانین چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە بدۆزینەوە بڵێین: ملکەچی  و گوێڕایەڵی و ترس وەلا بنێن و پاڵپشتی لە ستەمکاری مەکەن، بۆ ساتێک بانگەوازی سەربەستی بکەن و ئازادی هەڵبژێرن، چونکی ئازادی مافێکی زگماکی و بنەڕەتی هەموو مرۆڤێکە، تەنها ئازادی دەتوانێت پایەکانی زۆرداری و ستەمکاری هەپرون هەپرون  بکات و بەرەو  هەژانی ببات.

ئەمەش یەکێک لەو هێزە شاراوەی دەست جڤاکە، کە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە و گرنگ و پڕ سەمەڕ و مفادار بەدوای خۆیدا کەمەندکێش بکات، بێ ئەوەی خوێنڕشتن و کاولکاری و توندوتێژی لێبکەوێتەوە واتا گەرەترین چەک و کاریگەرترین چەک  کە کۆیلایەتی دڵخواز دەتوانێت دەستی پێوەبگرێت، تەنها ئەوەیە ئاڵای ئازادی و سەربەستی هەڵبکات، ئەم هەڵکردنی ئاڵایەش بۆ خۆی گەورەترین هێزە، لە دژی کۆیلایەتی ، ئیتر ئەوا گەورەترین ئەرکی و بەرپرسیاریەتیە کە بەجێی هێناوە.

"لابۆسیە" چەند فاکتەرێک دیاری دەکات، کە دەسەڵاتی ستەمکار سودی لێوەردەگرێت بۆ ئەوەی تەواوی کۆمەڵگە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ناچار بە ملکەچپێکردنیان بکات، ئەوانیش:  (خوو و داب ونەریت و باوەڕی نادروستن)2

گومانی تێدا نییە، کە ئازادی مافێکی شروشتی هەموو مرۆڤێکە، بەڵام کەمترین تاک هۆشیاریان لە هەمبەر ئەم ئازادیە زکماکیەی خۆیان هەیە، بۆیە هیچ هەوڵ کۆششێکی بۆ ناکەن، پێیان وایە ئەمە دیاری دەسەڵاتە پێیان دەدات، ئەم بەدحاڵیبونە لەم مافە سروشتیە وادەکات هیچی لەبارەوە نەزانن، ئەم بێئاگاییەش وادەکات کۆمەڵگا هەست بکات کۆیلەبوون و ملکەچی حاڵەتێکی بۆماوەییە، چونکی کاتێک دۆخێکی تایبەتی یان قەیرانێکی سیاسی یا ئەمنی یان ئیقتسادی ڕوو لەوڵات دەکات ئیدی قەیرانەکە جدی بێت یان درووستکراو، ئیدی دەوڵەت بە بیانووی هەبوونی قەیرانەوە جۆرێک لەگۆشەگیری و سیستەمی عورفی دەسەپێنێت، بەمەش ڕێگە لەوە دەگرێت کە تاکەکان داوای مافی سەرەتایی و ئازادیەکان بکەن، ئیدی ستەمکاری وردە وردە جێی خۆی قایم دەکات، تاکو زیاتر بتوانێت مۆنۆپۆڵی تەواوی بیرە جیاوازەکانی ناو جڤات بکات، هەرچەند لەسەرەتاوە پێڕەی لەم جۆرە لەستەمکاری تاڕادەیەک ئەستەمە، بەڵام لەکۆتایدا ئاسایی دەبێتەوە و  ئامانجی خۆی دەپێکێت، ئەمەش وادەکات ئەمە ببێتە خوو و نەریتێک نەوە لەدوای نەوە بگوازرێتەوە، ئیتر درک بەوە ناکەن کە سەربەستی و ئازادی مافێکی بنەڕەتی خودی تاکەکانە، چونکی ئەوان لەسەردەمی ستەم و زۆرداری گەورەدەبن و خۆیشیان دەبنە خەڵقانێکی کۆیلە و دەستەمۆ، هەربۆیە بارودۆخی ژیانی خۆیان زۆر بەسروشتی دەزانن و کەمترین بیرکردنەوە و تێڕامانیان بۆ مافە مرۆییەکانی خۆیان نییە.

ڕوونە ئەوانەی کەمێک شارەزایی کەلەپووری سیاسی و یان سەرەدەریان لە گەڵ مێژووی گێتیدا هەبێت، درک بەوە دەکەن کە ملکەچی و ستەمکاری دوانەیەکن لە هەناو و یەک منداڵداندا دروست دەبن، هەرگیز لەیەکتری جوێ ناکرێنەوە و بێیەک ناینکرێت، بۆیە هەرگاڤ ستەمکاری گەیشتبێتە ترۆپک، ئەوا لەگەڵیدا  ڕازیبوون بە ملکەچی و بێدەنگی لەگەڵیدا گەشەی کردووە و ئۆکسجینی پێیستی بۆ هەناسەدان لێوە وەرگرتووە، بەروڤاژیش هەرگاڤ تاکەکان بزاوت و بزاڤیان کردبێت و دژی ستەمکاری کارا و ئەکتیڤ بوبێتن، ئەوا لەگەڵیدا کێرڤی ستەمکاری و قۆرخکاری و ستەم ڕووی لەخوار کردووە و تا ڕادەیەکی زۆرباش ئاستی ڕووی لەدابەزین کردووە، بۆیە هەمیشە دەسەڵاتە قورخکارەکانی دونیا زۆر کەیف خۆش و ئاسودەن کاتێک دەبینن ژێردەستەکانیان مت و بێدەنگن، بە پێچەوانەیشەوە هەموو ئەوانەی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڕژێنە سەرشەقام و ژاوە ژاو دەنێنەوە بە دوژمنی گەورەی ستەمکاری وێنا کراون.

لە هەمان دەمیشدا ڕاستیەکی حاشاهەڵنگر هەیە، کە دەسەڵاتی ستەمکار لێی بێئاگایە، هەمیشە بێدەنگی ئەو ئۆکسجینە هەمیشەییە نیە کە ستەمکاری وەک سەرچاوەی ژیان و مانەوەی هەتا هەتایی لێیدەڕوانێت،    بۆیە   لەهەناوی بێدەنگیدا هێزێکی نووستووی بەزۆر بێدەنگکراو هێزێکی  شاراوە لە  پشت ئەو بێدەنگییەوە  خۆی مەڵاس داوە، هێزێکی کپ و ئامادەباشە لەهەرحاڵەتێکی لەناکاودا، ئەگەری روودان و تەقینێکی گەورەی هەیە، وەک بۆمبێکی چێنرا و دەتەقێتەوەو کە هیچ و هێزو ئیرادەیەک وە هیچ بارووت و چەکێک ناتوانێت دایمرکێنێتەوە، بۆیە پچڕانی ئەو پەتی ستەمە ئەگەرێکی حەتمیە و لەهەر ئان و ساتێکدا ئەگەری ڕوودانی هەیە.

کورد بۆچی بە ستەمکاری ڕەزامەند دەبێت؟
ڕوونە له ناو مێژوو کلتوری کورداندا، لەناو چین و توێژەکاندا، هیچ کۆدەنگی و هاوتەباییەک، لەنێوانیاندا بەدی ناکرێت ڕێک وەک ئەو پەنده کوردیەی کە دەڵێت: (دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوە بگرە، بۆئەوەی با نەیبات) هەربۆیە ئێستا بەتەواوەتی لەناو ئەو وردە ناڕەزایەتیانەی کە لێرە و لەوێ چ لەژێر ناوی موچە بێت، یان داوای ئازادییەکان بێت یان داوای خزمەتگوزاری ، بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە و بەرجەسته بووە، دوای ئەوەی چێنێک یان توێژێکی کۆمەڵایەتی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و لەبەرانبەر ئەو نادادی و قەیرانە داراییەی کە بەرۆکی هاونشتیمانیانی گرتووەتەوە، دەبینین تەنها چینێک یان فیئەیەک دێنە سەرشەقام یان دەنگ هەڵدەبڕن، بە پێچەوانەوە تەواوی فیئە و توێژەکانی تر پاڵپشتیان ناکەن و هیچ سۆزێکیان بۆیان نییە، نەک هەر پاڵپشتیان نین، بەڵکو زۆرجار لە ڕێگەی هەندێ دەربڕینی زبر و سواو و بێزارکەرەوە ڕووبەڕیان دەبنەوە وهەوڵی ساردکردنەوەیان دەدەن و زۆرجار بەبێ سوو دو بێ قازانج وێنایان دەکەن، ئەم پشتێکردنە هەڵبەت ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە لەناو کورددا، وای کردووە فەرهەنگێکی دەستکورت و هەژارانەی پێبەخشێت، ئەمەش وای کردووە، هەموو ئەو بزاوتە کۆمەڵایەتیانەی کە درووست دەبێت بەبێ ئەنجام کۆتایی بێت، بۆیە هێشتا ڕووحیەتی ئەودی ویستی لە ناو فەرهەنگ و کولتوری کوردیدا نەبووەتە دیاردە، لەبری ئەوە دوورە پەرێزی و خۆ ویستی جێگەی گرتووەتەوە، ئەم پەرتبوونەی نێو جڤاکی کوردی بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی ستەمکاری زیاتر ژێردەستەو کۆمەڵگاکەی بچەوسێنتەوە، ئەوەش وا دەکات لەسەر ئاستی دونیاش پشتوانی بۆ درووست نەبێت، چونکە کەمینەیەک لە نێو کۆمەڵگا بزاوت دەکات باقی ئەوانی دی تەنها تەماشاکەرن، ئەم ڕیتمەش دڵنیایی زیاتر دەداتە ستەمکار کە خۆری ڕیفۆرم و گۆڕانکاری هەرگیز هەڵنەیەت.


لیستی سەرچاوەکان:

(١) ئیتیەن دۆڵا بۆسیە، سیاسەتی ملکەچی، و:علی ئەحمدی، چاپی یەکەم ٢٠١٨
(٢) ستەمکاری، فاروق ڕەفیق، چاپی دووەم ٢٠١٢

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار