ئێوە تێر و میللەت برسی

2 هەفتە لەمەوپێش




کەمال محەممەد

دوای زیاتر لە سێ دەیە حكومڕانی، ئێمە دەسەڵاتێكی نكرۆفیلیەتمان بینی، چون بە درێژایی مێژوو  هێزی دەسەڵات بۆ گۆڕینی هەمو شتێكی ئۆرگانی بوە بۆ نائۆرگانی و دژی بونیادنان و گەشەپێدان بون، ئەم جۆرە لە بیركردنەوەیەش ئەتوانین تەواو پێچەوانەوەی مەیلی بیۆفیلی ببینین كە بریتییە لە خۆشەویستی بۆ ژیان، ئەوەی ئەم دەسەڵاتە ئەیكات لە مژاری چینایەتی و قەیراندا زۆر یەكلا و ڕونە، كاتێكیش كاریگەری چینی هەڵگرتبێت ئەوا كاریگەری بەدەر لە مرۆڤ بونی هەڵگرتوە، لە ڕوی سۆسیۆلۆژیشەوە ئازادی تاكەكەس و كۆمەڵگاش بۆ ژیان كردن لە زیندانێكی تاریكدایە ،ئەگەر ئێمە چاوێك بە مامەڵەكردنی سەرانی حكومڕانی كوردی بخشێنین دەبینین كە ئەوان وەك خاوەن خاكێك مامەڵە ئەكەن كە  تەنها ئەیانەوێت خۆیانی لێ بژین و رزگار بكەن و دواتر تێر و تەسەلبكەن، بەڵام هەر یەكێك لە ئێمە سەرنج بدەین ئەبینین هەست بەچەوساوەیی و كەمی ئەكەین و بەهایەكی وامان بە دەست نەهێناوە كە بڕوامان لا دروست بكات بەڵێ ئێمەش خاوەنداری ئەم هەرێمەین، لە لای هەموان ئاسودەییەك لە ئارادا نییە كە وەك مرۆڤ گەلێكی  خاوەن نەوت و كانزای سەرزەوی و ژێر زەوی هەڵسوكەوت بكەین و بژین.

لەم هەرێمەدا ئەگەر بەهەر یەكێك لە ئێمە بڵێن پێناسەی دۆخی خۆتمان بۆ بكە ئەڵێت، لە كەسێتی مندا كاریگەری بۆرژوازی و كاریگەری سیستەمی سیاسی و پەرووردە و بیانیكردن و فیوداڵیزم و ئابوری و ئازادیش هەیە، ئەم پێناسەیەشمان  بە واتای پارچەبونی كەسایەتی و ژیانكردن دێت، كەسایەتی و ژیان لێرە چەندە بڵێیت مارژیناڵە و هەموان وەك زۆرینە بوین بە ئەنكیدۆ گەلێك، بەدرێژایی مێژوو شۆڕش و قوربانییەكانمان دواجار بوە قوربانی سیستەمێك كە خزمەتێكی گەورەی ئەفەندییەكانی حكومڕانی كوردی و حیزبە دەسەڵاتدارەكان و بە ناو ئۆپۆزسیۆنەكان كردو لە كۆتاییدا بیری سیاسییەكی لێ دروستكردن كە ئەتوانین بڵێی بیرێكی مینیماڵ بو بۆ گەل چون ئەم جۆرە لە بیرە بیرێكە هەمیشە نەرێنی هێناوەتە پێشەوە بۆ ئێمە كە سەرتاپا پڕە لە كێشەو نەیانتوانیوە چارەسەری بهێنن.

دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بە دەست بێباكی دەسەڵاتدارانەوە وای لێهاتوە كە ڕازین بە سەرەتایی ترین ماف كە موچەیە بەڵام بێ ئاگا لەوەی كە گەل هەمیشە چەكێكی ناوەكی بوە كاتێك كە هێزی لە كۆمەڵایەتیبون و ڕۆشنبیرییەوە وەرگرت، ئەوەی بەرامبەر بە هاوڵاتیان ئەكرێت زێدەڕۆییەكی بێ سنورە لە پەنابردنە بەر كاڵاگەرایی ،دور نییە ئەم سیاسەتە بەرەو ملكەچبون و لەباربونی  هەموان ببات چون هەمو ستەمێك كە ئەكرێت توانای داگیركاری هۆشیاری خەڵكی نییە و ناتوانێت سەرجەمی حەقیقەت مۆنۆپۆل بكات، چون دواجار دیاردەو بیری هەست بە خۆكردن و تێگەشتن  دێتە ئاراوە كە ئامانجی بەدوادادێت.

ئۆبژەی تاكڕەوی سەرانی حكومڕانی كوردی و ئۆبژەی كۆیلایەتیبون هەمیشە هۆكاربوە بۆ زیاتر خۆتێركردنی ئێوە لە دزینی سامانی گەل و برسیكردنی ئەوانەی كە ئەوێ ڕۆژێ هەمو یۆتۆپیایەكیان گەشتن بو بۆ ڕزگاربون لە برسێتی كوردبون و خاوەن خاك و ماف! ناوكی پۆڵایینی بەرەی رزگاری هەر میللەتێك ئەكرێت بە شۆرشی هەژاران و برسییەكان بكرێتە هەبونێكی كۆمەڵایەتیبون و بۆ دەسەڵاتی بسەلمێنن كە هەمو لەڕێ لادانێك لە بەرژەوەندی خەڵكی گوزارە لە بەردەوامی ناكات و ئەو دیوارەی كە لە نێوان بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان و خەڵكی بەرزكراوەتەوە بە تێربونی خۆیان و برسی كردنی ئێمە چیدیكە پێویستی بە ڕوخاندنە، بۆ ئەوەی غروری پاوانكردنی دەسەڵات و ئەوەی ناو نراوە یاساو داهات بۆ هەموان وەك یەكە كە لە ڕاستیدا دەسەڵاتێكی زیاتر و خۆ تێركردنێكی زیاتری نەوەكانیانە لە سامانی نەوت تێك بشكێندرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە برسێتی هەموان بگیرێ بە پاساوی خۆ تەسلیمبونی دەسەڵاتی سیاسی كوردی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار