دڕۆنی میلیشیاکان و فۆلکلۆری مەهدی چاوەڕوانکراو و موجاهید !!

2 هەفتە لەمەوپێش



محمد خۆشناو

نزیکەی هەفتەیەک زیاترە لە ماوەی مانگی ٧ ی ٢٠٢٥ ماوە نا ماوە دڕۆنی چەکی ملیشیاکانی عێراق کە ئەوان پێی دەڵێن « سلاح المقاومة » دەگرنە هەرێمی کوردستان بەئامانجی هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و وەدەرنانی کۆمپانیا بیانیەکان.

هەر لەوماوانەشدا لە ڕاگەیاندن و وتووێژە سیاسیەکان هاتووە کە وڵاتەیەکگرتووەکان گووشارێکی زۆری کردووە کە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کە ژمارەیان دەیان گروپن چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن ، بەڵام وتەبێژی ئەمنی کتائیبی حزب اللـە لە عێراق دەڵێت : «چەکی مقاوەمە متمانەی ئیمامی مەهدیە بە موجاهیدەکان و بڕیاری وازهێنان لێی تەنها ئیمام دەتوانێت بیدا و بەبێ فەرمانی ئەو ڕادەستی ناکەین»،  «ئەو» گوێ بە مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراق سیستانی نادات کە داوای ئەوە دەکات کە چەک تەنها لەدەستی دەوڵەت بێت.

هەروەها بێگومان وازهێنان لە بیرۆکەیەکی هەڵە مقاوەمەشە وەک نیلسۆن ماندێلا گوتبووی، پاشان وەرە سەیری هەموو ئاینەکانی دونیا بکە هیچکامیان ناڵێن چەکی ئێمە چەکی ئەو کەسەیە کە رزگارمان دەک. 

مافی خۆتە هەر عەقیدەی ڕزگارکەر بۆخۆت پیادە بکەیت، بەڵام چی بەوانە دەڵێی کە لەو وڵاتەدان و بڕوایان بەو عەقیدەیە نیە! پاشان چۆن ڕێگە بەخۆت دەدەیت کە عەقیدەکە بکەیتە کۆگای چەک و تەقەمەنی و مرۆڤی پێ  ئازار بدەیت و خەڵکی پێ زەلیل بکەیت، ئەدی ئەم چەکە بۆ ڕزگارکردنی فەڵەستین و لە دەریانانی زاییۆنیزم نیە کە  هەر وەک خۆتان دەڵێن؟! باشە ئەو «موجاهیدە!» چەکدارانەی عێراق وانەیان لە جەنگی غەززە و لوبنان وەرنەگرت و  نەیانبینی کە چەکی مقاوەمە نەیتوانی ڕێگری لە دوژمن بکات و نەیتوانی گەل بپارێزێت و هەتا نەیتوانی ژینگەکەشی بپارێزێت و هەتا ئەوەی بەکرێشی گرتوون و وەک ڕۆبۆت بەکاریان دێنێت نیتوانی بیانپارێزێت!  

دەبێت ئەوەش بزانرێت کە ئەو گۆڕانکاریە ستڕاتیژی و جیۆسیاسیە لە ناوچەکەدا لە قوڵایی و ڕەهەندەکانیدا  تەجاوزی ئەوەی کردووە کە ڕوودەدات کە ئێستا لە  جەنگی لوبنان و غەززە و ، ئەوەی لە کەوتنی نیزامی ئەسەد و ،  ئاشکرابوونی ئەو ڕاستیانەی لە جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران  بەدیار کەوتن ، باشە ئەو ملیشیایانە ئەو ئەزموونانە نابینن کە ڕوویاندا ، ئەمە قسەکەی ئەنیشتاین دەسەلمێنێت کە دەڵێت :(دووبارەکردنەوەی هەمان تاقیکردنەوە بە هەمان ئامراز و چاوەڕوانی ئەنجامی جیاواز جۆرێکە لە شێتی)  بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو میلیشیا چەکدارانەی عێراق   لە  وەهم و خیاڵدا مەستی سەرکەوتنن.

ئەم سەرکەوتنەیان بۆتە هۆی خۆبەزلزانین و تەمبەڵی عەقلی و ڕەتکردنەوەی خوێندنەوەی پێشهاتەکان، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین کە فێربوون لە فەشەل دەرگای خۆبەزلزانی و شوێنکەوتنی پێشهاتەکان و پێداگری لەسەر سەرکەوتن دەکاتەوە، دڵنیاین کە مەهدی مونتەزەڕ و کەسی تر بوونی نیە ، چونکە ئەمە لە قورئان-دا نیە کە سەرچاوی بنچینەیی عەقیدە و تەشریعی ئایینیە، چەک تەسلیمکردنی  چەکی ملیشیاکان بەهێمنی بێت یان بە گووشاری هێز  بۆتە پێویستیەکی حەتمی و شتێک نامینێت بەناوی سوپای مونتەزەڕ کە هەندێک لە پیاوانی ئایینی شیعە لەسەر مینبەرەکاندا ڕەسمی نەخشەی ئەو سوپایەیان دەکرد.

چەک داماڵینی ملیشیاکان ڕێگای بووژانەوەی ئابووری و پێشخستنی زانستە لەو وڵاتە، ئەمە بۆتە بارگرانایەکی قورس بەسەر عێراق و بەرکەوتنە بەر دیوارێکی داخراو،  لە سەردەمێک داین چیتر شوێنی کۆمەڵێک وەهمی تێدا نابێتەوە، وەهمی مەهدی چاوەڕوانکراو و  دەوڵەتی ئایینی ئوسوڵی و وەهمی بزوتنەوی کۆنی ڕزگاری نیشتیمانی چەپ کە لەسەر تووندوتیژی دامەزراوە و وەهمی دەوڵەتی  ئاسنینی مارکسی - لینینی  و وەهمی   (ئەی کرێکارانی  جیهان یەکگرن) ، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لەو بومەلەرزەیەی دارستانەوە دێت ، دارستانێک دەبێت یاریکەرێکی باش بیت ئەگەر  نا دەبێت ببیتە یاریگا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار