شین و شەپۆڕ یان بەرگری لە ئازادی

یەک هەفتە لەمەوپێش
17ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمەدا
بەشی دووەم:
بەکر عوسمان:
تیرۆری رۆژنامەنوسان و هەلسوڕاوانی سیاسی و چەپ و کۆمۆنیستەکان دیاردەیەکی زەقی سێ دەیەی ڕابردوی کۆمەلگای کوردستان بووە، سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد حسێن، کوژراوانی 17ی شوبات بە گوللەی حزبە دەسەڵاتدارەکان، شاپور عەبدولقادر، قابیل عادل، فەرهاد فەرەج، نەزیر عومەر، عەبدوڵستار تاهیر شریف، ڕەئوف کامل، بکر عەلی، ڕێناس، سەلاح هەورامی، حەمەی حەلاق.. کوشتاری بە کۆمەڵی کۆمۆنیستەکان لە ١٤ی تەموزی ٢٠٠٠و...لیستەکە دورودرێژە. بۆ هەموو ئەو تیرۆرانە هیچ کەس و لایەنێکی بەراستی تاوانبار نە دادگایی کراوە و نە کەس سزا دراوە.
سەرەکیترین مەسەلە لە پەیوەندی بە دۆسیەی تیرۆرەکانی دەنگی ئازاد، دادگایکردنی بکوژان و ئەو کەس و لایەنانەیە کە تاوانەکەیان ئەنجام داوە یان لە پشتیانەوە وەستاون. بەڵام جگە لەوەش هەندێ بابەتی لاوەکیش هەن کە دەبێ لە پەراوێزی خەبات بۆ ئەو ئامانجە سەرەکیە هەڵویستیان لێ وەربگیرێ، چونکە کاریگەری خراپ دادەنێ لەسەر یەکدەنگی و یەکگرتوویی تێکۆشان دژی تیرۆر.
هەلبەت مەسەلەی تیرۆری رۆژنامەنوسان هەندێک تایبەتمەندی خۆیان هەیە، هەندێک ئازار و ڕاستی هەن لەم بارەیەوە هەرچەند گوتنیان سەختە، بەڵام پێویستە بگوترێن. ئەو ڕاستیانە تاڵ و بە ئازارن و هەموو ڕۆژێک هەموو ساتێک لە نێو ماڵی خانەوادەکانی قوربانییانی تیرۆر و سەرکوتی دەستی دەسەڵات گوزەر دەکات.
هەندێک ڕاستی هەیە بە چپەش باس ناکرێ، چوونکە باسکردنی باج و سزای خۆی هەیە. ئەو دۆسیانە برینێکی ساڕێژنەکراون و ئازارەکەی بۆ خانەوادەکان و کۆمەڵگە بەردەوامی هەیە. ئەوەی جێگای مەبەستی منە لەم باسەدا باسکردنی ئەو فشار و هەراسانکردنانەیە، کە دەکرێنە سەر خانەوادەکانی قوربانییان. لەوانەیە لە شوێنی دیکە لە پەیوەند بەدۆسیەی تری تیرۆرەوە، بەم جۆرە نەبن.
دەمەوێ لەم ساڵیادەی سۆرانی مامەحەمەدا هەندێک لەو راستیە تاڵانە بدرکێنم چونکە هەمیشە و بەردەوام و چەندپاتە دەکرێنەوەو بەراستی گوشارەکانی وەڕسکەرن.
شین و شەپۆڕ یان بەرگری لە ئازادی
ئەوە بوە بە دیاردەیەکی شایانی ستایش کە لە کوردستان و دەرەوەدا لە ئاستێکی فراواندا لە ساڵیادی هەریەک لەم تیرۆرانە مەراسیم و کۆڕ وکۆبونەوە بەرپا دەکرێت. بێگومان لەم ساڵیادانەدا بەشێکی یادکردنەوە و ڕێزگرتنە لە خەباتی قوربانییەکان، بەڵام ئەمە تەنها لایەنێکی بچوکی کارەکانە، مەسەلەی سەرەکی لەم ساڵیادانەدا بەرزکردنەوەی دەنگە دژی سەرکوتی دەنگی ئازاد، بەرگرییە لە ئازادی ڕادەربڕین. تەنانەت پێداگری لەسەر ئاشکراکردن و دادگایی و سزادانی تاوانباران بۆ سەندنەوەی تۆڵە نیە، لانی کەم بۆ ئیمە وەکو یەکێک لە خانەوادەکانی تیرۆری دەنگی ئازاد و قەڵەم، نە تۆڵە و نە شین و شەپۆر، هیچ جیگایەکیان لای ئێمە نییە.
ئەوەی گرنگە و بۆی تێدەکۆشین و هەوڵی بۆ دەدەین و جگە لەو قوربانیەی داومانە دیسانیش ئامادەین قوربانی بدەین، ئازادیە. ئازادی ژیان و ئازادی رادەربرین و ئازادی ئینسان. پێداگری لەسەر دادگایی تاوانباران بۆ ئێمە بوە بە رەمزی پێداگری لەسەر ئازادی. ئەگەر تاوانبارانی بکوژی ڕۆڵەکەی ئیمە دادگایی بکرێن، مانای وایە بەردێک بۆ دانانی بناغەی ئازادی دانراوە.
بەداخەوە هەندێک ناڕەحەتی دەردەبرن لە پەیوەند بە چالاکی و کار و ناڕەزایەتیەکان کە لە ساڵیادی قوربانیاندا ئەنجام دەدەرێن. زۆر جار لە پەناوە چپەی ئەو لێکدانەوانە دەبیستین کە دەڵێن: "ئەو شین و شەپۆر و کاروانی شەهیدانە بەس نییە؟ هەتا کەی پرسەی ئەوانە درێژ دەکرێتەوە؟ تا کەی باسی ئەوان دەکەین؟ ئایا ناوەکانیان زۆر و زیاد لە پیویست دوپات نەکرانەوە؟ چی زیاتر دەتوانین بکەین؟ چی و چیتر؟؟؟"
لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێم بەڵێ بەڕاستی زۆر درێژەی کێشا، داواکاری ئێمە بۆ مافەکانمان زۆر درێژەی کێشا. ئازاردانی ڕوح و ویژدانمان و گاڵتەجاری و سیناریۆکان لە پەیوەند بەم کەیسانەوە زۆر درێژەی کێشا. هەڕەشە و سوکایەتی دەسەڵات بۆ ئەوەی دەستبەرداری دۆسیەکان بین زۆر درێژەی کێشا. پەنادانی تاوانباران و بکوژانی ڕۆژنامەوان و هەڵسوڕاوانی دەنگی ئازاد لەلایەن دەسەڵاتی کوردیەوە زۆر درێژەی کێشا. بەردەوامی سەرکوت و زیندانی و سزادانی ئەوانەی "نا" بەم ستەم و زۆرداری و بێمافیە دەڵین زۆر زۆر درێژەی کێشا. بەڵام ئازیزان! مەراسیم و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، نوسین و بەرزکردنەوەی داوای دادگایی و سزای تیرۆرستان، شین و شەپۆر نییە! ئەوە درێژەی پرسەی کاروانی شەهیدان نییە! تەنانەت پرسە نیە! ئەوە خەباتی بەردەوامە بۆ ئازادی.
بەداخەوە لەم جۆرە حالەتانەدا بە زۆری ئەوە دایک وباوکە جگەر سوتاوەکانن کە ماندو دەبن و دەڵێن "تازە رۆڵەکەی ئیمە رۆشت و ناگەڕێتەوە بۆیە ئیتر با بەس بێت و لەوە زیاتر کێشەمان بۆ زیاد مەکەن"! بەڵام خۆشبەختانە لانی کەم خانەوادەی ئێمە وەکو یەکێک لە خانەوادەی قوربانییەکان، ئەم هەستەیان لا پەیدا نەبوە، هێشتا ئامادەن فشار تەحەمول بکەن و ئەو ئاڵایە بەرز رابگرن کە رۆڵەکەیان لە پیناویدا گیانی بەخشی. سەرباری ئەو ئازارە تیژەی گەیشتوەتە جەرگیان، لەوەدا هەست بەسەربەرزی دەکەن کە رۆلەکەیان بوە بە یەکیک لە سیمبولەکانی دۆسیەی ئازادی لە کوردستاندا.
بەڵام ئەو چالاکیانەی لە ساڵیادی تیرۆرەکانی قەڵەم و خەباتی سیاسیدا دەکرێت، پرسە نییە، شین و شەپۆڕ نییە، کاروانی شەهیدان نییە، ئەوەندەی بە خانەوادەکانیان دەگەڕیتەوە، ئەرکێک و بەرپرسیارێتیەکە بۆیان کە دەبێ تەحەمولی بکەن چونکە یادی رۆڵەکانیان شەڕی تەواو نەکراوی دۆسیەی تیرۆر و ئازادییە. ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە لە بیریان دەچێتەوە ئەو مەسەلە و دۆسیەیە هیشتا بەردەوام و کێشمەکێشی لەسەرە.
لە بیریان دەچێتەوە هێشتا دەسەڵاتی کوردی لە هەوڵی بێدەنگکردنی خانەوادەکانیاندایە بۆ ئەوەی بێدەنگی داسەپێنێ. بە تایبەت دەبێ زۆر ورد سەرنجی ئەمە بدرێت کە ئەو شەڕە تەواو نەبووە، نەک هەر لای خانەوادەکانەوە، بەڵکو بە هەمان شێوە لەلایەن دەسەڵاتەوە. دەسەڵات گوشارێکی زۆریان لێ دەکات بۆ ئەوەی ئەو ئاڵایەی کەوتوەتە دەستیان بۆ بەرگری لە ئازادی دایگرن. دەسەڵات بە دەستێک گوشار و هەراسانکردن و چاوسورکردنەوە و هەڕەشەی نانبرین دەکات، بە دەستێکی تر تەماح و ئیغرا و هۆقەبازی. باوەڕکەن ئەم شەڕە بەردەوامە.
جگە لەوە نابێ بیرمان بچێتەوە کە ئێستا لە شارەکانی کوردستان قەدەغەیە مەراسیم و یادی ئەوان لە هۆڵێکی ئاسایی بەرپابکرێ. نابی لە بیرمان بچێتەوە، کە هێشتا وێنە و پەیکەر و نوسین و کتێبەکانیان قەدەغەیە. نابی لە بیرمان بچێتەوە تاکو ئێستا بۆ کۆتاییهاتنی درێژەی ئەو مەراسیمی ناڕەزایەتییە دەسەڵاتی کوردی چی تەرخانکردووە و ئامادەیە چیتریش بدات و بکات. کەوایە ئەم شەڕە یەک لایەنە نییە، هەردولای کێشمەکێشەکە لە مەیدان دان. بمانەوێ یان نەمانەوێ هەر بۆچون و کردارێک، تەنانەت وشەیەکیش لە دژی هەرلایەکی ئەم بەرامبەرکێیە دەچیتە گیرفانی لایەکەی ترەوە. ئیمە وەکو خانەوادەکان لەم کێشمەکێشەدا بوینەتە چەقی کێشمەکێشەکە و قورساییەکی زۆرمان لەسەرشانە، بەبێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندیەکی خیزانیمان لەم کێشمەکێشە هەبێت، دیسانیش قوربانی دەدەین. بۆیە تکایە ئەگەر لە پاڵمان راناوەستن پەلارمان تێمەگرن.
ئەوەتان لە بیر بێت کە مەسەلەکە کۆتایی نەهاتووە، شەڕ لەسەر "ئازادی رادەربرین و قەڵەم" هێشتا گەرمە. هێشتا سەرکوت بەرپایە، هێشتا هیچ لێپرسینەوەیەک لە بکوژان و تاوانباران نیە، بکوژەکان هێشتا بە ئازادی دەسورێنەوە و هەندێکجار لە ئۆفیسێکی حکومیدا، هەندێکجار لە کۆشکێکی خێڵەکی، هەندێکجار لە پشت ئاڵایەک وێنەی دیگیتاڵی دەگرن و وەک فیگەری سیاسی خۆیان دەناسێنن. تا ئەم دۆخەش وابێت دڵنیابن مەترسی گەورە لەسەر چالاکوانە ناڕازیەکانە، لەسەر ئەو قەلەمانەیە کە لێرە بەدوا ڕەخنە دەگرن و ئەم دەزگای تیرۆرە قوربانی زیاتریان دەبێت. ئازیزانی ئێمە تازە ڕۆیشتن و ناگەڕێنەوە، بەڵام دادگایی تاوانباران بۆ بەرگرتنە لە تیرۆرەکانی ئایندە، لەوانەی لێرە بەدوا ڕەنگە ڕوبدەن. یادی گیان بەختکردوان نە مەراسیم و نە دروشم و شەپۆلێکی تێپەڕ نییە بۆ سەبوری ئێمە، بەڵکو شەڕێکی بەردەوامە بۆ هاندانی هەموو کردەوەیەکی خەباتگێڕانە و شۆڕشگێرانە، هەموو هاوارێک بۆ دادپەروەری و هەر دەنگێک کە دژی بێدەنگی دیکتاتۆریەت بەرز دەکرێتەوە.
یادی سۆران، سەردەشت، کاوە و ویداد نە بۆ ڕۆژێکی تایبەتە، نە بۆ مانگی ئایار و تەمموز و دیسەمبەرە، نە بۆ دڵنەوایی خانەوادەکانییانە و تکایە لەبەر ئەمە منەتبارمان مەکەن. یادیان پێویستە چونکە دۆسیە و پەیامی ئەوان وەکو دۆسیەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی کراوەیە. یادیان پێویستە بکرێتە پڕۆژەی خەبات بۆ بەشیک لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵک، پڕۆژەی ئازادی، پڕۆژەی ڕاگەیاندنی بێ ترسی خەڵک. درێژەدان و ڕاوەستان لەسەر دۆسیەی "قوربانیانی قەڵەم" و گیانبەختکردوانی دەنگی ئازاد، بەردەوامیدانە بە خەبات و پەیامی ئەوان نەک بۆ خۆیان بەڵکو بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤ و هاوڵاتیە زیندوەکان.
پرسیارە راستەکە ئەوە نییە کە تاکەی درێژە بەم شەرە دەدرێت لەسەر ئەم کەیسانە؟” پێویستە لەبری ئەوە بپرسین، تا کەی دەمانەوێ بێدەنگی قبوڵ بکەین و بەبێ دەنگی بژین؟ تا کەی دەبێ ڕۆژانە شایەتی ئەوەبین کە گەنج و ڕۆژنامەوان و ئازادیخوازان بخرێنە بەردەم هەڕەشە و زیندان و سەرکوت و تیرۆر؟ تا کەی ڕێگە دەدەین هەمان ئەو هێزانەی دەستیان سورە بە تاوانی کوشتنی ئەو گەنجانەی داوای دادپەروەریان کرد، بێ ترس حوکمی کۆمەڵگەی کوردستان بکەن؟
لەوانەیە کەسانێک درک بەم پرسیارە راستیانە نەکەن یان زوو ماندوو بن، بەڵام ڕاستی و ئازادی ماندو نابێت و بەردەوام هەڵسوراوی خۆی پەیدا دەکاتەوە. لەراستیدا ئەو ماندووبوونەش جۆرێکە لە قەبولکردنی حوکمی تاوانکار و مافیایی بەسەر چارەنووسی کۆمەڵگایەکەوە. بەردەوام بوون لە یادەوەرییان بەردەوام بوونە لە پەیامەکەیان، هەڵمەتی زیندوو ڕاگرتنی ناوی سۆران، سەردەشت، کاوە، ویداد و ئەوانیتر نۆستالژیا نییە. ئەوە ئەدای کارکردنە. شانۆی خەباتی سیاسیە، درێژەپێدەری پەیام و کارەکانیانە. ئەوان تیرۆرکران، چونکە گەندەڵییان ئاشکرا کرد، بنەماڵە زلهێزەکانیان ئاشکرا کرد، ناویان هێنان، باسی مافیای نەوتیان دەکرد، ڕەخنەیان لە حوکمڕانی خێڵەکی گرت و بە تەنیا بە قەڵەمێکەوە بەرامبەر شاخێکی پڕچەک وەستابوون. کەواتە تا ئەو دیاردانە بونیان هەبێت، بەڕاستی لەبیرکردنیان مانای نییە.
دۆسیەکە داناخرێت چونکە تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە، تاوانەکە ئێستاکەش بەردەوامی هەیە. دۆسیەی تیرۆر مێژوو نییە. وەک ڕابردوو باسی بکەین، تیرۆرەکان چیرۆکێک نین کە کۆتایییان هەبێت. ئەوان تاوانی زیندوون، کە دەرئەنجامەکانیان زیندووە، لەلایەن ڕژێمێکی زیندووەوە ئەنجام دەدرێن کە هێشتا حوکمڕانی دەکات، هێشتا سەرکوت دەکات، هێشتا بێدەنگ دەکات و هێشتا تیرۆر دەکات. با لەبیرمان نەچێت، هێشتا هەمان دەسەڵاتی خێڵەکی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. هێشتا هەمان دەزگا تیرۆریستیەکان هەن. هێشتا هەمان شێوازەکانی سەرکوتکردن، ترساندن، بەرتیلدان، ڕەشبگیری بەکاردەهێنرێن.
بیرهێنانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیە، دەبێت بەردەوام بین لە وتنی ناوەکانییان نەک لەبەر خۆیان، بەڵکو لەبەر زیندوبونی پەیام و جەنگەکەیان . نەک لەبەر ئەوەی ئێمە لە ڕابردوودا گیرمان خواردوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕابردوو هێشتا لە ئێستاماندا زیندووە. نەک لەبەر ئەوەی ئێمە "شەهیدان" دەپەرستین بەڵکو لەبەر ئەوەی ئێمە دەمانەوێ داهاتوویەک بنیات بنێین کە کەسی تر ناچار نەبێت ببێتە "شەهید" و گیانی خۆی بەخت بکات لە پێناوی ژیان.
هەر جارێک دەڵێین “سۆران مامە حەمە”، هەر جارێک دەنووسین “سەردەشت عوسمان”، هەر جارێک کە کاوە و ویداد و ئەوانی ترمان لەبیرە ، پەردەکە دەکێشینە دواوە، برینەکە دەردەخەین، داوای ماف و ئازادی دەکەین و ڕەتیدەکەینەوە ببینە کەسانی لەبیرکەر ئەوانیش لەبیرکراو. ئێمە پرسەکەیان هەڵدەگرین نەک لە ماتەمینی، بەڵکو لە خەبات و تێکۆشان لە پێناوی ژیانێکی باشتر و کوردستانێکی باشتردا.
2025-07-21
