ئۆجەلان و گواتاری

یەک هەفتە لەمەوپێش
نووسینی: شەریف مەبروکی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سامان عەلی
چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوڕێیەک هەندێک لە کتێبەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بۆ ناردم چونکە دەیزانی خۆشمدەوێت و جووداخوازان لە تەواوی جیهاندا لە دڵمدا شیرینن، بەتایبەتی ئەوانەیان کە خەونیان هەیە. منیش چەند بەش و لاپەڕەیەکیم بە خێرایی و سەرپێی لێ خوێندنەوە.
لەم گۆڕانکارییەی دواییدا کە بە ڕوونی بە هەڵوێستە سەرەکییەکانی ئۆجەلانەوە دەردەکەون و دەبینرێن، ویستم جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ هەندێک لەو نووسینانە، بەتایبەتی "سۆسیۆلۆژیای ئازادی" و "شارستانێتی سەرمایەداری" و "لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرییەوە بەرەو کۆماری دیموکراسی".
کارتێکرانی ئەم ڕابەرە کوردەم بە جۆرێک لە جۆرەکان و بە شێوازی جیاواز بە بۆچوونەکانی فەیلەسووفی فەڕەنسی فێلیکس گواتاری (فەیلەسووف و تێکۆشەری نێونەتەوەیی و دەروونشیکار و، هاوبەش لەگەڵ ژیل دولوز لە نووسینی زۆر کتێبی گرنگی دولوزدا، کە فەیلەسووفێکی دژوار و داهێنەری چەمکە فەلسەفییە دەگمەنەکانە) بەدی کرد.
بەتایبەتی ئەوەندەی کە پەیوەندی بە چەمکی وەک "کۆکردنەوەکان" و "پێکهێنان"و "هێڵەکانی ترازان" و "جەستەی بێ ئەندام" و "هەڵکردن" و "کۆچ"ـەوە هەیە و، کە بەشدارییان لە پێکهێنانی ڕوانگەی ئۆجەلان سەبارەت بە ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و، هەروەها سەبارەت بە مەدەنییەتی شۆڕش و بەعەلمانیکردنی و، ڕۆڵی هەرێمەکان و، هەندێک باس و خواسی ئاڵۆزترەوە هەیە.
بۆ نموونە گواتاری لە کتێبی "ژینگەی سێ لایەنە"دا، بۆچوونێکی سەبارەت بە کارلێکی نێوان ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی و ئەقڵی خستووەتە ڕوو و، جەختی لەسەر بایەخی گۆڕانکاریی خودیی و جڤاتیی هاودەم کردووە.
ئەم بۆچوونانەش لە فەلسەفەکەی ئۆجەلاندا ڕەنگیانداوەتەوە، کاتێک هەوڵیداوە پەرە بە نموونەیەکی جێگرەوە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی بدات بە "کۆنفیدراڵیی دیموکراسی" دەناسرێت و، جەخت لەسەر دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و ژینگە و یەکسانیی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە و، جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ژن لە کێشمەکێش لەپێناو ئازادیی خوازراودا دەکات، وەک ڕێبازێکی هزریی و شۆڕشگێڕیی بزواو و گۆڕاو بۆ لەبەریەکهەڵوەشاندنی سیستەمە ناوەندییەکان و ناوەڕۆکە ستەمکارەکانیان و... هتد.
بەڵام کاریگەریی ڕاستەوخۆی گواتاری لەسەر ئۆجەلان، ڕەنگە بە شێوەیەکی فراوان و ڕێکخراو دڵنیا یاخود دیار نەبێت، چونکە ڕەنگە هاوتەریبی یاخود تێهەڵکێشیی هزری و سیاسیی نێوانیان پێویستی بە تۆمارکردنی زیاتر و خوێندنەوەی قووڵتر و لەسەرخۆتر هەبێت.
لە کاروانی تێکۆشانی ئۆجەلاندا ڕەسەنایەتی و مروەتێکی شیعری و فەلسەفیی و خەباتکارانە هەیە لەم سەردەمەماندا کە بە سەردەمێکی "پراگماتی" ناودێر دەکرێت لە نموونەی کەم و دەگمەنە.
ڕەنگە لە ئێستادا "ئاپۆ" یەکێک بێت لە دێرینترین زیندانییە سیاسییەکان لە جیهاندا.
