١٧ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمەدا

یەک هەفتە لەمەوپێش
بەکر عوسمان:
بەشی سێهەم:
دۆسیەی تیرۆر بۆ مەرامی سیاسی بەکارمەهێنن!
لە کۆمەڵگایەکدا کە دەسەڵات بە شمشێر مامەڵە لەگەل رەخنە و تێکستی ڕۆژنامەگەری و دەربڕینی سیاسی و تەنانەت شیعر و ئەدەبیاتیش دەکات، تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکان دەبێتە دیاردە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کۆمەڵگە. لە هەرێمی کوردستان تیرۆر پلانێکی داڕێژراو و دیزاین کراوە بۆ بێدەنگکردنی هاوڵاتی و ترساندنی ناڕەزایەتی بە مەبەستی کوشتنی هیوای دونیایەکی باشتر لە دڵی هاوڵاتیدا.
کاتێک ڕۆژنامەنووسێک لەسەر پرسیارکردن دەکوژرێت، کاتێک نووسەرێک لەسەر قسەکردنی ڕاستی بەرامبەر دەسەڵات بێدەنگ دەکرێت، کاتێک هەڵسوڕاوانی جەماوەری و سیاسی دەخرێنە زیندانەوە، ئەم سەرکوت و کوشتنانە تاوانی سیاسین. ئەوە ئیعتباری تەواوی پڕۆژەی سیاسی کۆمەڵگە و هاوڵاتی بوونە دەخرێتە بەر پێلەقەوە.
دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و تیرۆرەکانی دەنگی ئازاد، لەسەر مێزی هەموو حزب و لایەن و کەسێکە کە ئیدعای هەیە بۆ باشکردنی ژیان و ئایندەی کۆمەڵگەی کوردستان. ئەو دۆسیە هەموو لایەک دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی گەورە. ئیشی حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانە لەبەرامبەر ئەو بەرپرسیارتیە هەڵوێستگیری چەسپاویان هەبێ. ئیشی ڕێکخراوە جەماوەری و مەدەنییەکان و مافی مرۆڤە بەردەوام لەو دۆسیانە بکۆڵنەوە.
بە ئەنجام گەیاندنی دۆسیەی "قوربانییانی قەڵەم" و "دەنگی ئازاد" بەرسیارەتییەکی سیاسییە لە ئەستۆی هەموو کۆمەڵگە. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا و ڕاگەیاندنەکان، لایەنە سیاسییەکان. بە تایبەتی ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆندان، ناوەندی ئەو بەرپرسیارێتییەن کە ئەم کەیسە داوای دەکات. ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێن،دەبێ وەک دۆسیەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکەن. نەک وەک دروشم، نەک وەک هەڵمەتێکی وەرزی، بەڵکو وەک ئەرکێکی هەمیشەیی و سیاسی.
ڕۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەم ساتەدا گرینگە. بەرگری لەو دۆسیانە، بەرگریە لە خۆیان بۆ ئەوەی هەڵسوڕاوانی سیاسی و ئازادیخوازان بەرەورووی هەمان کارەسات نەبنەوە. واتە پێویستە فشاری یاسایی، داکۆکیکردنی نێودەوڵەتی، پشتیوانی لێکۆڵینەوە و لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕەتکردنەوەی داخستن و لەبیربردنەوەیان، ببێتە کار و پڕۆژەی هەمیشەیی و رۆژانە. پێویستە بەردەوام ئەم کەیسانە بکرێنە پڕۆژەی سیاسی بۆ فەراهەمکردنی ئازادی ڕەخنە و دەربرین. گرنگە ئەو دۆسیە کراوانە بەردەوام لە چەند ڕوەوە پێداچوونەوەیان لەسەر بکرێ:
• کردنەوەی بەفەرمی لێکۆڵینەوەکان، سەبارەت بە هەموو تیرۆرە سیاسییەکان، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان.
• پێکهێنانی کۆمیسیۆن و دادگای سەربەخۆ، لەگەڵ چاودێرانی نێودەوڵەتی، بۆ دەستەبەرکردنی بێلایەنی.
• چوارچێوەیەکی یاسایی، کە سەلامەتی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتیان مسۆگەر دەکات و سزای ئەو کەسانە دەدات کە هێرش دەکەنە سەریان، جا نوێنەری دەوڵەت، ئەندامانی حزب، یان هێزی تایبەت بێت.
• ئازادی ڕادەربرین، داواکاری یاسایی و سیاسی بێت. هیچ حزبێکی سیاسی و هیچ کەسێک لەسەرووی ڕەخنە و لێپرسینەوە نەبێت.
ئەو دۆسیانە لەلایەن دەسەڵاتەوە یاری پێکراوە و هەوڵی دیزەبەدەرخۆنە کردنیان دراوە لە دەزگای دادوەری کوردستاندا. حزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پلاتفۆرمە میدیایی و جەماوەریەکان، پێویستە بەردەوام پێداگری بکەن لەسەر دۆسیەی سەرکوت و تیرۆر. نەک تەنیا لە یادکردنەوەیاندا، بەڵکو هەمیشە و دایم هەوڵبدرێت بۆ بەدەستهێنانی دادپەوەری و دادگایی تاوانباران و بکوژان.
با ئەو دەنگانە نەنێژین کە ڕۆژگارێک وەکو خۆر بۆ ئێمە هەڵهاتن. با بەرزتریان بکەینەوە، قسەی تەواونەکراویان بکەینە بزووتنەوە، ئازایەتییان بکەینە سیاسەت، خوێنیان بکەینە ڕەنگی گۆڕان بۆ ئایندەیەکی گەش لە پەیامەکانییاندا بەیانیان کردوە.
ئەوەی جێگەی سەرنج و ڕەخنەیە، هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن لە جیاتی پێداگری و کارکردن لەسەر ئەم دۆسیانە بەباری بەڕێوەچونی دادگایەکی شەفاف و دادپەروەرانە و سزای تاوانباران، هەوڵی بەکارهێنانی دۆسیەی تیرۆرەکان و خانەوادەکانیان دەدەن. هەندێ جاریش بەکارهێنراون بۆ مەرامی سیاسی ئەوتۆ، کە هیچ پەیوەندی بە ئامانجی خودی دۆسیەکانەوە نییە، پەیوەندی نییە بە بەرگری لە ئازادی ڕادەربرین. ئەو دۆسیانە زۆر جار وەک دەستمایەی سیاسی بۆ بەرژەوەندی حزب بەکار هێنراون. لە کاتێکدا پێویستە کارەکان وەک بەرگری لە پرسی ئازادی دەربرین ئاراستە بگرن.
ئامانج لە نوسینی ئەم دێڕانە و ڕەخنەکان ئەوەیە بتوانین، هەموو لایەک بە هەر جیاوازییەکی فکری و سیاسییەوە کە هەیە، سەنگەرێکی بەهێز بۆ ماف و ئازادیەکانی خەڵک لێبدرێت. هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکان لە خەبات لە پێناوی ئازادی و ئازادی دەربرین چڕبکرێتەوە. بە بازوویەکی بەهێز و پتەو بەرەنگاری ستەم و زۆرداری و سەرکوت ببینەوە. بەرەی ئازادیخوازی فراوانترە لە بەرژەوەندی و پڕۆژیەکی سیاسی یا کەمپینێکی وەرزی.
وەکو ئەوەی زۆرجار بە نموونە دەهێنرێتەوە، هەموومان لە نێو یەک کەشتین، ئەوە ئەرک و بەرسیارێتی هەموومانە چۆن ئەو کەشتیە بە سەلامەتی بگەیەنینە کەنار، بۆ ئەوەی هەموو کۆمەڵگە لەدەستی تیرۆر و سەرکوت سەلامەت و پارێزراو بێت.
بۆ نموونە هەندێک لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە مانگ و ساڵ هیچ یەک لەم دۆسیانەیان لەبیر نییە و قسەیەکیان لەسەر ناکەن، بەڵام کە لە کاتی هەڵبژاردنەکان دێت، بە گوڵەوە دەردەکەون، کامێرایان لەسەر شانە و بەدوای خێزانە خەمگینەکانی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراودا دەگەڕێن. نەک بۆ پشتگیریکردنیان، نەک بۆ داوای دادپەروەری ئەوان و دۆسیەکانیان. بەڵکو بۆ بەکارهێنانیان بۆ ئەوەی ئازارەکانیان بگۆڕنەوە بە دەنگ، بۆ بەرزکردنەوەی شەرعیەتی خۆیان، بۆ ئەوەی خۆیان وەک بەرگریکاری ئازادی ڕەنگ بکەن، لە کاتێکدا هەمان ئەو سیستەمەی کە بکوژەکان داڵدە دەدات، دەستی لێنادەن و بەشداری تێدا دەکەن و دەیپارێزن.
لە 20 ساڵی ڕابردوودا بینیمان چۆن چەندین خانەوادە و دۆسیەی تیرۆرەکان لەلایەن هێز و ئۆپۆزسیۆنەکان بەکارهێنران. چەندین بەڵێن دران بۆ ئەوەی گوایە ئەو دۆسیانە دەبەنە پەرلەمان و مافەکانیان دەکەن بە یاسا و تاوانبارەکان لە دادگایەکی عادلانەدا دادگایی دەکرێن.
هەموومان بینیمان چۆن "دایک و باوک و خوشک برا و هاوسەرەکانیان، تەنانەت منداڵەکانیشیان" بە کارهێنران. لەو بەڵێنانەی دران هیچ ئەنجامێکیمان نەبینی. بەداخەوە ئەو جۆرە کارانە بوونە مایەی فەرامۆشی بەشێکی دۆسیەکان لە ئاستێکی فراواندا. خانەوادەکانییان بەکارهێنران و کرانە بەشێک لە بەرگری لە ئەجیندای حزب و پێکهاتەی دەسەڵات.
دۆسیەی تیرۆری دەنگی ئازاد ئاڵای کەمپەین نییە، مافی گشتی کۆمەڵگەیە. دۆسیەی سەردەشت عوسمان دروشمی هەڵبژاردن نییە. دۆسیەی کاوە گەرمیانی بۆ کورسی پەرلەمانی نییە. خوێنی ویداد حسێن دەرفەتی خانەنشینی پەرلەمانتاری نییە. دۆسیەی سۆران مووچەی بەرزی گەندەڵی نییە. ئەمانە دۆسیەی کراوەن، تاوانی گەورە و خوێناوین، تەنها بە دادگایی عادیلانەی تاوانکار و بکوژەکانیان بە دادپەوەری دەگەن.
بەکارهێنانی خانەوادەی ئەم ڕۆژنامەنووسانە لە وەرزەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، پێشکەشکردنی کاندیدکردنیان، پشتگیری حزبی، یان پلاتفۆرمی بەتاڵ. موزایەدەکردنە بە خەم و پەژارە و ڕوحی برینداری ئەو خانەوادانە. سەودایەکی سیاسییە بە پرسێک کە کۆمەڵگە خاوەنیەتی، نەک تەنها خانەوادەی قوربانییەکان. ئەوان هەوڵدەدەن لەم دۆسیانە شەرعیەت قەرز بکەن، خۆیان لە کەرامەتی ئەو کەسانەدا دەرخەن کە هەرگیز بەرگرییان لێ نەکردوون.
بە بەڵێن لە کەسوکاری قوربانیانی دەستی دەسەڵاتی کوردی نزیک دەبنەوە: با دەنگی کوڕەکەت لە پەرلەمان ببیسترێت، بەم شێوەیە دەتوانیت دادپەروەری لە ڕێگەی سیاسەتەوە بەدەست بهێنیت، ئەگەر ئێوەش بەشداریمان بکەن، دۆسیەکە زیندوو دەکەینەوە!؟ ئەمانە دەچنە خانەی بەکاربردنی دۆسیەکان بۆ مەرامی سیاسی، تەنانەت ئەمانە کەڵەکبازین. چونکە کاتێک هەڵمەتەکە کۆتایی دێت، کامێراکان دەکوژێنەوە و پۆستەرەکان دێنە خوارەوە و هیچ شتێک ناگۆڕێت. لەوەش خراپتر، کاتێک خێزانەکان ئەم ئۆفەرانە ڕەتدەکەنەوە، کاتێک ئەوە هەڵدەبژێرن کە کەیسەکەیان سەربەخۆ و لە سەرووی پارتە سیاسییەکانەوە بهێڵنەوە، هەندێک جار لەلایەن هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی کوردی، ئەوە بە کردەوەیەکی دژایەتی لێک دەدرێتەوە و دەخرێنە لیستی شومەوە و سزا دەدرێنەوە.
ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، زۆربەی هێزەکان لیستی شومیان هەیە. هەر کەسێک بکەوێتە ئەو لیستە، تۆمەتبار دەکرێت بە ناپاکی و خۆفرۆشی، ناوزڕاندنیان لەلایەن میدیای حزبییەوە. دژایەتی کردنیان لەلایەن ڕێکخراو و رێکخستنی حزبییەوە. هێرشیان دەکرێتە سەر لەلایەن ئەکاونتە ئۆنلاینەکانی سۆسیال مێدیا. پەراوێز خستنیان لەلایەن گروپ و کۆڕو کۆمەڵی دۆستانەیان. لێدان لە ڕوحی شۆڕشگێڕی و خەباتکارانەیان. بچووکردنەوەیان لەبەرچاوی دۆست و دوژمن. ئەمە هاودەنگی نییە، ئەمە ئیستغلالکردنە. ئەمە پێشێلکردنی ماف و شکاندنی کەسایەتی و مەعنەوییانە.
دۆسیەکانی تیرۆری دەنگی ئازاد بە کراوەیی دەمێنێتەوە، دۆسیەی هەموو خەڵکی کوردستانە، لە سەرووی هەڵبژاردنەکانەوەیە، خەبات بۆ ئازادی و هەموو دۆسیەی تیرۆرەکان پرسێکی گشتی کۆمەڵگەیە، برینێکی گشتی کۆمەڵگەی کوردستانە. تاقیکردنەوەیەکی سیاسیە. ئاوێنەیەکە نیشان دەدات ئێمە کێین؟ و دەبینە کێ؟
گیانبەختکردوانی دەنگی ئازاد بۆ پەرلەمان خەباتیان نەکرد، ئەوان بۆ ئازادی و دادپەروەری مافی دزراوی خەڵکی کوردستان گیانیان بەختکرد. ئەو ڕاستییە لە خوێنی هەموومان دەژی. دادپەروەری ڕاستەقینە لە هۆڵی دادگاکان حوکمی لەسەر نادرێ. بەڵکو دادپەروەری ڕاستەقینە ئەو مێژوو و تێکۆشانەیە کە ئەو قارەمانانە دروستیان کرد و ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەینووسینەوە.
ئەم بابەتە ئاشکرای دەکات کە چۆن مەکینەی سیاسی کوردستان "شەهیدبوون" و "قوربانیبوون" بە کاڵا دەکات، بۆچی دەبێت کەیسەکانی سۆران و سەردەشت و کاوە و ئەوانی دیکە لە سەرووی ئەجێندای حزبی بمێننەوە، بۆچی ئەم ئیستغلالکردنە تاوانە دژی دادپەروەریە، چونکە کەیسەکان چارەسەر ناکەن بەڵکو دەنێژرێن. بازرگانی و دەڵاڵی بە خوێن بە دەنگەکان دەکات. هەوڵی بەکارهێنانی ئەو دۆسیانە و خانەوادەکانیان، بەبێ هەوڵی دادگایی تاوانباران و سزای بکوژان، هەوڵێکی ئازادیخوازانە و پێشکەوتنخوازانە نییە.
ئێمە بەردەوام ڕوحی خەباتکارانەی ئەو تێکۆشەرانە لەسەر شانۆی سیاسی کوردستان بەرز ڕادەگرین. داواکاری بەردەوام و سەرەکی لەم دۆسیانە دادگایکردن و سزادانی بکوژان و ئەوانەی لە پشتی تیرۆرەکە وەستاون. بەبێ ئەو داواکاری و ئەو کارە، هەڕەشەی هەوری تیرۆر بە قورسی لەسەر ئاسمانی کوردستان دەمێنێتەوە. وەک چۆن تێپەڕینی هەر تیرۆر و دۆسیەکی سەرکوتگەرانەی پیشوتر بەبێ سزای تاوانباران، ڕێگا خۆشکەر بوونە بۆ ئەنجامدانی تیرۆرەکانی دوای خۆیان. دۆسیەی تیرۆرەکانی دەنگی ئازاد، ئەلقەیەکی سەرەکییە لە زنجیری خەبات لە پێناوی ئازادی دەربرین. لە پێناوی ئازادی و لە پێناوی ئەوەی پێش بە هەڕەشە و تیرۆری دیکە لە ئایندەدا بگرین، داواکارین لە دادگایەکی سەربەخۆ و عادلانەدا، بکوژان و نەخشەدارێژەرانی تیرۆر و سەرکوت لە کوردستان بەسزا بگەیەنرێن. تکایە ئەگەر دەتانەوێ کاری دروست و دادپەروەرانە لەسەر ئەم کەیسانە بکەن، بۆ ئەمە کار بکەن، ئەم کەیسانە بۆ مەرامی سیاسی بەکار مەهێنن.
2025-07-
