تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان شێوازی وتووێژەکان و پرسی چەکدانان

یەک هەفتە لەمەوپێش
د. جەبار قادر
کاربەدەستانی تورکیا بەردەوام ئەوە ڕادەگەیەنن کە ئەوان وتووێژ ناکەن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و عەبدوڵا ئۆجەلاندا. هۆی ئەم هەڵوێستە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ئەوان لەگەڵ هێزێکی "تیڕۆریست"دا وتووێژ ناکەن. بە وتەی ئەوان ئێستا ئەو پارتە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بۆیە شتێک بەو ناوەوە نەماوە. ئەمە لێکدانەوەیەکی دروست نییە بۆ پرسەکان، پارتی کرێکارانی کوردستان بەرجەستەی بزووتنەوەیەکی بەرفراوان دەکات کە ناکرێت تەنیا لە سنووری ژمارەی ئەندام و چەکدارەکانیدا سەیری بکرێت. لەدەرەوەی ئەو بونیادی ڕێکخراوەییە، فەزایەکی فراوان هەیە کە خەڵکێکی زۆر هەر یەکەیان بە شێوەیەک خۆیان بە بەشێک لەو بزووتنەوەیە دادەنێن. بۆیە ئەوەی دەزگاکانی میدیای فەرمی هەردوولا دەیگێڕنەوە تەنیا بەشێکی دیمەنەکەیە، بەشە گرنگەکەی دیکەی ئەوەیە کە لە پشتی پەردەوە دەگوزەرێت.
ڕاپۆرتێکی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی کە لە ٢٨ لاپەڕەدایە و ڕێکەوتی ٣٠ ئایاری ٢٠٢٥ بەسەرەوەیە، شتگەلی دیکەمان پێدەڵێت سەبارەت بە ڕەوتی ڕووداوەکان. لەم ڕاپۆرتەدا ناوی ئەندامانی شاندەکە نەنووسراوە. لەتەک شاندەکەو و ئۆجەڵاندا بەرپرسێکی فەرمی دەوڵەتیش ئامادە بووە و بەشداری لە گفتوگۆکاندا کردووە. ڕاپۆرتەکە ناوی ئەویشی ئاشکرا نەکردووە و تەنیا بە "yetkili" ناوی بردووە، کە بە پێی کۆنتێکست واتای بەرپرس، نوێنەر و ڕێگەپێدراو دەدات. لە میانەی گفتوگۆکان و پەیام بردن و هێناندا ئەوە دەردەکەوێت کە کارمەندێکی گەورە و ڕێگەپێدراوی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا"MIT"ە، ئەو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرۆکی دەزگاکەوە دەکات کە ئیبراهیم کاڵنە. هەر لە میانی ئەو دانیشتنەدا پەیامی بۆ دەنێرێت و وەڵامی لێ وەردەگرێتەوە. ئاشکرایە کاڵن کەسێکی زۆر نزیک و جێگەی متمانەی ئەردۆگانە، پلە و پایەی گرنگی لە حکومەتەکانی پارتی داد و گەشەپێداندا هەبووە: وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، گەورە ڕاوێژکاری ئەردۆگان و ئێستاش سەرۆکی میتە. کاڵن دەرچووی زانکۆی جۆرج واشنتنە لە ئەمریکا و بە دارێژەری سەرەکی پلانی گەیشتنی جۆلانی بە دەسەڵات لە دیمەشق دادەنرێت.
بە وتەیەکی دیکە پەیوەندی و وتووێژەکان لە نێوان دەسەڵاتدارانی تورک و سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، دەزگای هەواڵگری بە ناوی دەوڵەتەوە دەیکات، کاربەدەستانی حکوومەت و پارتە سیاسییەکان ڕاستەوخۆ خۆیان تێکەڵی ئەو کارە ناکەن. لە ٢١ ئەم مانگەشدا ئیبراهیم کاڵن چووە پەرلەمان لەگەڵ باخچەلیدا کۆبووەوە و سەردانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کرد و زانیاری پێویستی پێدان سەبارەت بە پرسی چەکدانان. دیارە بۆ پێکهێنانی کۆمسیۆنی پەرلەمانیش کە دەبێت ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی لە گوتاری فەرمی تورکیادا بە "بنەما و ڕێکاری قانوونی" بۆ پرۆسەکە نێو دەبرێت ڕێنمایی دابێت. تا ئێستا مەرجی حکومەتی تورکیا ئەوەیە کە تا پارتی کرێکارانی کوردستان بە کردەیی خۆی هەڵنەوەشێنێتەوە و چەک دانەنێت، ئەوان هیچ هەنگاوێک نانێن.
پێشتر باس لە پێنج قۆناغ کراوە بۆ ئەم پرۆسەیە، کە ئەمانەن: پەیوەندیکردن بە ئۆجەلانەوە، بانگەوازی ئەو بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، ڕێکاری قانوونی و سیاسی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە، تێکەڵکردنی ئەندامان و چەکداران لەگەڵ کۆمەڵگا و گەڕانەوەیان بۆ ژیانی مەدەنی و کاری سیاسی. پێدەچێت قۆناغەکانی سێیەم و چوارەم بە هاوتەریبی بەڕێوەببرێن، چونکە پرسی چەکدانان پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و ئەزموونە هاوچەشنەکان ئەوەیان دەرخستووە کە دەمێکی درێژ دەکێشێت.
لەو دانیشتنەی ئیمرالیدا یەکێ لە کێشە سەرەکییەکان شێوازی چەکدانان بوو، گفتوگۆکان باس لە جۆرە قەیرانێک لەم بارەوە دەکەن. بۆچوونی حکومەت ئەوە بوو کە لە دەمێکی کورتدا ژمارەیەکی زۆر چەکەکانیان دابنێن، لە بەرامبەردا پارتی کرێکارانی کوردستان مەرجی ئەوە بوو کە لە دوای بڕیارەکانی کۆنگرەکەی ئەوان دەبێت حکومەت هەنگاوی ئەرێنێ بنێت و ئەو کاتە پرۆسەی چەکدانان جێبەجێ بکرێت. بۆ دەربازکردنی ئەو تەنگەژەیە بەرپرسەکەی دەزگای هەواڵگری نامەیەکی ئۆجەلانی بۆ ئیبراهیم کاڵن نارد بۆ ئەوەی بیگەیەنێت بە دەوڵەت باخچەلی و دوای ماوەیەک وەڵامەکەی وەرگرتەوە. لە کۆتایید لە سەر ئەو شێوازە ڕێککەوتن کە لە ١١ تەمووزدا لە ئەشکەوتی جاسەنە نمایش کرا.
ئەو شێوازە ڕێک ئەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا چەکدارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هەرێمی ئاچێیە لە ئیندۆنیسیا نمایشیان کرد کاتێک ژمارەیەک لە چەکدارانی ئەو بزووتنەوەیە چەکەکانیان سوتاند. کارەساتی تسونامی ساڵی ٢٠٠٤ هۆیەکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی "بزووتنەوەی ئاچێی ئازاد" دەستبەرداری خەباتی چەکداری بێت و پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکات بە سەرپەرشتی سەرۆکی فینلەندا مارتی ئەهتیساری. لە ئەنجامدا دانیشتوانی ئاچێیە ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوانیان بەدەستهێنا و چەکدارانی بزووتنەوەکە تێکەڵ بە ژیانی سیاسی و مەدەنی کران و ئاشتییەکی جێگیر پێکهات.
لەو دانیشتنەدا وتووێژ لەسەر کۆمەڵێک پرس کرا، لێکدانەوەیان یارمەتی خەڵک دەدات باشتر لە پرۆسەکە تێبگەن. لە وتارەکانی داهاتوودا ئاماژە بە خاڵە گرنگەکان دەکەم.
