کورد لە باشوور لە نێوان شانازیی و فشاردا؛  کۆمەڵگایەک بەدوای چاکسازیدا دەگەڕێت

یەک هەفتە لەمەوپێش



لەنجە حاتەم

کورد لە باشوور لە چوارڕیانێکی تایبەتی ناسنامەییدا وەستاون، بەو واتایەی ئەوان لە
ڕووی کولتوورییەوە کوردن بەڵام لە ڕووی یاساییەوە عێراقین، لەکاتێکدا ژیانی هەرتاکێک بەستراوە بە شانازیکردن بە کەلەپوور و واقیعی دەوڵەتەکەیەوە.

تێگەیشتن لەهەر کۆمەڵگایەک پێویستی بە ڕاستگۆیی و (هاوسۆزیی - هاودەردیی) هەیە

ئاشکرایە هەموو کولتوورێک قوماشی چنراو لە جوانیی و چنراو لە ململانێ لەخۆ دەگرێت، کە تەنها بە هەڵبژاردنی تاکەکەسی بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵکو بە مێژوو، سیاسەت و (کۆستی دەرونیی - تراوما) بڕیاری لەسەردراوە. کوردانی باشووریش لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەدەر نین لەوە. ئەوان بە خۆڕاگریی، شانازیی نەتەوەیی و میواندارییان ناسراون هەروەها ڕووبەڕووی چەندین تەحەدای سیستماتیک بوونەتەوە کە ئامادەیی هەیە 
 لە سەر سرووشت و رەوتی ژیانی ڕۆژانەیان و ئاواتە دێرین و درێژخایەنەکانیان

ئەم وتارە بەدواداچوون بۆ کەسایەتیی کورد لە  باشوور دەکات وەک هاووڵاتییەکی عێراقیی، لەڕێگەی تیشکخستنە سەر هێز و ئەو ململانێ کۆمەڵایەتیی- ناوخۆیی، سیاسیی و دەروونییانەی پێیدا دەڕوات

١- قووڵاییەکی کەلتووریی بەهێز

کورد لە باشوور خاوەنی ناسنامەیەکی بەهێزە کە ڕەگی داکوتاوە لە زمان و داب و نەریت و مێژوودا. دایەلێکتەکانی سۆرانیی و کرمانجیی - کوردی، هەروەها سەمای نەریتیی وەک
هەڵپەڕکێ - گۆڤەند) و جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردیی تەنها سیمبولێک نین، بەڵکو دەربڕینی زیندووی ئینتیمایەکی تایبەتن.

٢- هۆشیاریی سیاسیی

برینە نادادپەروەرەکانی نێو مێژوو بەتایبەتیی هەڵمەتی ئەنفال، کیماباران و ساڵانێک پەراوێزخستن( کوردی لە باشوور بەقووڵی کردووەتە گەلێکی سیاسیی-بارگاویی بە سیاسەت. زۆربەیان پەرۆشن بۆ مافی
چارەی خۆنووسین و دادپەروەریی، و هۆشیارییەکی بەهێزیان بۆ مافەکانیان
عێراقدا هەیە
٣- هاوسەنگیی لە نێوان هەستی شانازیی و پراگماتیزم (قازانجگەرایی)

سەرەڕای شانازیی زۆر بە نەژادیانەوە، کورد لە باشوور بەشدارییەکی بەرچاوی لە ئابووریی و ئاسایش و ژیانی کەلتووری عێراقدا کردووە. سەرەڕای جیاوازیی ناسنامە هێشتا تارادەیەکی باش پێکەوەژیانیان لە دەوڵەتێکی فرە-ڕەگەز و پێکهاتەدا قبوڵە

٤- پەروەردە و گەشەپێدان

لە ساڵی 2003 ەوە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی لە بواری پەروەردە و گەشەپێداندا کردووە و زۆرێک لە گەنجانی ئەمڕۆ بەدوای پێشکەوتن و پەیوەندییە جیهانییەکاندا دەگەڕێن بەبێ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی کەلتووریی خۆیان وازلێبهێنن

تیۆرەکەی  عەلی وەردیی: هاوێنەیەک بۆ تێگەیشتن

کۆمەڵناسی عێراقیی “عەلی وەردیی” دەڵێت عێراقییەکان لە تەنگەژەی نێوان دوو بیرکردنەوەدا دەژین. 
یەکەم عەقڵییەتی خێڵەکیی: مەبەست لێی شەرەف، کۆنەپەرستیی و قەبوڵنەکردنی گۆرانکاریی
دووەم عەقڵییەتی شارستانیی: مەبەست لێی پێشکەوتوویی، عەقڵانیەت و کراوەییە بەڕووی نوێگەرییدا

ئەو نووسیویەتی

تاکی عێراقیی لە نێوان دوو جیهاندا دەژی، کە بە تەواوی سەر بە هیچیان نییە و ئەمەش ڕەگی ململانێ دەروونییەکەیەتی. ئەم تیۆرییە یارمەتیمان دەدات لە کوردی باشووریش تێبگەین هەرچەندە لە ڕووی کەلتوورییەوە  جیاواز بن بەڵام زۆرێکیان ڕووبەڕووی هەمان  دژیەکیی دەبنەوە

١- ئارەزوو بۆ مۆدێرنیتی - تازەگەریی بەرامبەر فشاری نۆرمە تەقلیدییەکان- کۆنەپەرستیی
 
٢- شانازیی نەتەوەیی بەرامبەر بێزاریی لە گەندەڵیی و سیاسەتی حزبی

٣- بوونی هیوا بۆ دادپەروەریی بەرامبەر بە نائومێدیی لە دۆخی ئێستا.

دەربارەی ئاستەنگەکانی کۆمەڵگای کوردیی لە باشوور.. هەموو کۆمەڵگایەک لایەنی بەهێزی خۆی هەیە، بەڵام دوور نییە لە کێشە و ململانێی ناوخۆیی . 

لە  باشوور-کوردستانی عێراق چەندین کێشە و ئاستەنگی کۆمەڵایەتیی هەڕەشە لە گەشەی درێژخایەنی کۆمەڵگاکە دەکەن؛ ترسناکترینیان

١-خێڵگەرایی و خزمایەتیی

زۆرجار دڵسۆزیی بۆ خێزان و هۆز یاخود واسطە زاڵ دەبێت لەکایەی دامەزراندن و بەڕێوەبردندا، ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی دەرفەت بۆ کەسانی بەهرەمەند و بێبەشبوونی ئەوانەی کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەهێز(واستە) یان نییە

٢- دابەشبوونی سیاسیی و دڵسۆزیی حیزبیی

هەرێمی کوردستان هێشتا بە قووڵیى بەسەر سەنگەری عەقڵیەتی پارتە سیاسیەکاندا و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان-دا دابەشبووە؛ بەجۆرێک زۆرجار  دڵسۆزیی حزبیی«الولاء الحزبي» وایان لێدەکات سەرباری شکستی کەڵەکەبوو دەنگ بە پارتە سیاسییەکان بدەنەوە نەک بەرمەبنای هەڵسەنگاندنی بەرنامە  دیدگەی سیاسیی ئەمەش گەشەی دیموکراسیی لاواز دەکات و بوارەکانی گەندەڵیی فراوان و کاریگەرییەکانی بەهێزتر دەکات

٣-گەندەڵیی و لاوازیى مەفهومی سەروەریى یاسا

بنەما یاساییەکان زۆرجار بە نایەکسانیی جێبەجێ دەکرێن یان هەر جێبەجێ ناکرێن بۆیە کاربەدەستان و دەسەڵاتداران بەدەگمەن ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی نائومێدیی  هاوڵاتیان لە کۆی سیستمەکە

٤- نایەکسانیی جێندەر

بەها پیاوسالارییەکان هێشتا ڕۆڵی ژنان لە ناو خێزان و کار و سیاسەتدا سنووردار دەکەن

هەرچەندە بەرەوپێشچوون لە کۆمەڵگاکەدا بەدیهاتووە، بەڵام بابەتەکانی وەک توندوتیژیی لەسەر بنەمای شەرەف، هاوسەرگیریی زۆرەملێ هێشتا لە هەندێک ناوچەدا بە قووڵی ماونەتەوە و ڕەگیان داکوتاوە

٥-قەیرانی پەروەردە


پەروەردەی گشتیی بودجەی کەمە و جومگەکانی بە سیاسیی کراوە. مامۆستایان زۆرجار بێمووچە کاردەکەن، وەک چۆن بنەماکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە پرۆگرامی خوێندندا و یان دەکرێت بڵێم بەمەبەست هەڵگیراوە، کە ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر  گەشەی نەوەیەکی مۆدێرن و بەتوانا

٦- بێئومێدیی گەنجان و کۆچکردن

بەرزیی ڕێژەی بێکاریی، خراپیی حوکمڕانیی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وایکردووە زۆرێک لە گەنجانی کورد بیر لە جێهێشتنی وڵاتەکەیان بکەنەوە. ئەم کۆچکردنە گەشەی درێژخایەنی کۆمەڵگەکە دەخاتە ژێر مەترسییەوە

٧- رەتکردنەوەی ڕەخنە

ڕەخنەی بنیاتنەر زۆرجار وەکو هەڕەشە تەماشا دەکرێت نەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشچوون. ئەمە رۆحی دیالۆگ دەخنکێنێت و جووڵە بەرەو چاکسازیی لاواز دەکات و ئازادیی ڕادەربڕین سنووردار دەکات.
دەرئەنجام: گەیشتین بە بیرکردنەوەیەکی ڕاستگۆیانە و چاکەخوازانە و هیوابەخش کەوا کورد لە باشوور گەلێکی سەربەرزن، خۆڕاگر و دەوڵەمەندن لە کەلتووردا، و پەیوەندییەکی قووڵ بە خاکەکەیانەوە گرێیان دەدات. بەڵام هەست و دڵسۆزیی نەتەوەیی بەتەنها بەس نییە. ئایندەی کوردستان بەندە بە بیرکردنەوە لە تاک و بیرکردنەوە لە یەکڕیزی لە دەرەوەی هێڵەکانی حیزب و بوێریی بۆ هەڵهێنانەوەی هەنگاوی گرنگ

 عەلی وەردیی هەر تەنها لۆمەی خەڵک ناکات بۆ هەڵەکانیان بەڵکو هۆکارەکانی پشتیان ڕووندەکاتەوە، بەهەمان شێوە ئاستەنگەکانی باشووریش هەر تەنها ڕەنگدانەوەی کەموکوڕییەک نییە لە خەڵکەکەدا بەڵکو کارکردی گوشارەکانی مێژوو و شکستی حوکمڕانییە لەهەمان کاتدا

 وەردیی دەڵێت “پەرستنی سەرکردەکان ڕێگری لە بیرکردنەوە دەکات و ڕەخنە سەرەتای چاکسازییە

ئەمڕۆ زۆرێک لە  هاووڵاتییانی باشوور بەتایبەتی گەنجان لەڕێگەی پەروەردە و هونەر و چالاکی و گفتوگۆوە پەیامەکانیان دەگەیەنن. ئەم هەوڵانەیان لەگەڵ شانازیکردنیان بە کەلتوورەکەیان لەوانەیە ڕێگایەک بێت بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و بۆ بەرەوپێشچوون، بۆیە پێویستە کورد لە باشوور تەنها فۆکەس نەخەنە سەر ئەوەی کە «ئەوان کێن؟» بەڵکو دەبێت ئازایانە پرسیار بکەن: دەیانەوێت ببن بە چی؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار