سێ تێبینی لەسەر دۆخی باشور

یەک هەفتە لەمەوپێش
جواد خەلیل
تێبینی یەکەم:
کۆمەڵگەی کوردی لە باشور، هەرچەندە لە ڕووکەشدا وەک کۆیەکی یەکانگیر لە ژێر هەندێک ناوی نەتەوەیی یان سیاسی یانیش جاروبار خێڵەکی و ناوچەییدا دەردەکەوێت، بەڵام لە ناواخندا کۆمەڵگەیەکی لێکدابڕاو و پرش و بڵاو و هەتا چاوبڕبکا لێکدوور و پەرتەوازەیه.
ئەم پرش و بڵاویی و پەرتەوازەییبوونە هۆی زۆری هەن، لە نێویشیاندا دەیان هۆی سیاسی و مێژوویی. هۆ سیاسیەکان لەپشتیانەوە کۆمەڵێک دەستڕۆیشتووی نێو سیاسەتی حیزبییانەی کوردی ئامادەن، کە لەبری هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کەلێنەکان و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و خودان ئامانجی هاوبەش، کۆمەڵگەیەک ئامانجێکی گەورە و دیاریکراو پێکیانەوە ببەستێتەوە، کەچی بە زیاد لە شێوە و ڕێگایەک هەوڵی زەقکردنەوەی کەلێنی نێو ئەم کۆمەڵگە پرش و بڵاوە دەدەن و لەبری هاندانیان بۆ پێکەوە هەڵکردن، دەیاندەن بە گژ یەکدیدا.
لە لایەکی ترەوە، ئەم کۆمەڵگەیە بۆ خۆی خودان دەیان هۆکاری مێژوویی گەورەیە بۆ ئەم پرش و بڵاوێتییە، هەژموونداری گەلانی سەردەستی ناوچەکە و عەقڵیەتی خێڵگەرایی و ناوچەیی لە دیارترینی ئەو هۆیە مێژووییانەن. لە نێو هەموو ئەم دابەشکاریی و دابڕکارییانەشدا، دابەشکاری سنوری خۆکردانەی دوای ڕاپەڕین کە لە بازگەیەکی وەک دێگەڵەدا خۆی بەرجەستە دەکات و دەبێتە ناسنامەی دوو زۆنی دژبەیەک، خراپترین جۆری دابەشکاری و دابڕکردنی هەستی پێکەوەبوونی نەتەوەییانەی ئەم کۆمەڵگە بیمارەیە، کۆمەڵگەی کوردی لە باشور لە سایەی حکومڕانیی چەتەگەرێتی و عەقڵیەتی خێڵگەرایی نوخبە سیاسیەکەیدا، خەریکە بەتەواوی لەوە دەکەوێت وەک کۆیەک کە ئاماژە بێت بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکانگیر و خودان ئامانجی هاوبەش، باسی لێوە بکرێت.
تێبینی دووهەم:
مەسەلەی مووچە بۆ خۆی مەسەلەیەکی گەورە و تەواو مرۆییە، ئەڵقەی پێکەوە گرێدانی سوڕی ئابوری و ژیانە و لە چەندین قۆناغی مێژوویشدا هۆکار و پاڵنەری گۆڕانکارییە گەورەکانی نێو مێژوو بووە، لە کۆندا نەدانی مووچە و بێ پارەیی سەربازەکان و فەرمانبەرانی حکومەت پاڵنەری چەندین شۆڕش و ڕابوونی گەورە و یاخیبوونی سەربازی بووە، بو نموونە: چەندین جار هەڵگەڕانەوەی سوپای ئینکیشاری دژ بە سوڵتان لەسەردەمی حکومڕانیی عوسمانیەکاندا، هۆکارە سەرەکیەکەی درەنگ دابەشکردنی مووچە و پێنەدانی مافە داراییەکان بوو بە سەربازەکانی سوپا.
لە باشور وا بۆ زیاتر لە یانزە ساڵ دەچێت، دۆخێک هاتۆتە ئاراوە کە مووچە ببێتە سەردێڕی یەکەمی هەواڵ و قسەوباسی نێو خەڵکی، ئەمە خراپترین ئاماژەی شکستی عەقڵیەتی ئیدارەدانی دەسەڵاتە لە باشور، کە نەیتوانیوە ژێرخانە ئابورییەکەی خۆی هێندە بەهێز بکات، ڕێگە لە برسی بوونی گەلەکەی بکرێت و سەرچاوەکانی پەیداکردنی داهاتیان بۆ فرەچەشن بکات و سوڕی ناوخۆیی ئابورییەکەی تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە مووچە ببەستێت. لە ڕوویەکی تریشەوه، ئەو داهاتەی حکومەت دەستی دەکەوێت و دەبێت بدرێتە هەقی مووچە، بێ هیچ چاودێرییەک تەخشان دەکرێت و لە نێو سەرانی حیزبی و حکومییدا، بە چەند ڕێکارێکی گەندەڵکارانە بزر دەکرێت و ناگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بۆ خزمەتی خەڵک.
نەبوونی مووچە و نەبوونی ژێرخانێکی ئابوری بەهێز، کاری کردۆتە سەر تەواوی سێکتەرە جیاوازەکانی دیکەی ژیان، هەر لە سێکتەری پەروەردەوە بیگرە تا دەگات بە سێکتەری بازاڕ، هەر لە سێکتەری ڕۆشنبیرییەوە بیگرە تا دەگات بە سێکتەری تەندروستی و سیاسی و ...هتد، هەموو ئەم سێکتەرە جودایانە پێکەوە لە قەیرانێکی گەورە و قووڵدا دەژین و هیچ نیازێکی غەمخۆرانە و هوشیارانەش نیە بۆ تێپەڕاندن و چاککردنیان.
سیستەمە حکومڕانییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی سەرلێشێوان و بێ توانایی بووەتەوە لە مامەڵەکردنیدا بۆ چارەکردنی کێشەکان و ئەمەش هێندەی تر ئایندەی هەرێمەکەی بەرەو شوێنی نادیار و تاریکی و ئاڵۆزیی زیاتر بردووە و هیچ شکۆیەکی حکومڕانیکردنی بۆ نەهێشتۆتەوە، تا ئەو ئاستەی لەبەرامبەر حکومەتی بەغدا ڕۆڵەکەی کورتکراوەتەوە بۆ نووسینگەیەکی حەواڵەکردن و ڕۆژانە بە دەیان شێوازی جیا لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراقیەوە سووکایەتی بە دام و دەزگاکانی ئەم هەرێمە و هاوڵاتییەکانیشی بکرێت.
تێبینی سێهەم:
لە دوای ڕاپەڕینەوە، یەکێک لە سیما هەرە زەقەکانی خراپ ئیدارەدانی دەسەڵاتی کوردی؛ یەکێک لەو ڕێکارە مەترسیدار و زیانبەخشانەی کە عەقڵیەتی وەلائیانەی حیزب گرتویەتیە بەر و بووە بە هۆکاری خراپتربوونی دۆخی باشور، کورتهێنان بووە لە هەڵسەنگاندنی ئەو کەسانەی وەک لێپرسراو لە فەرمانگە و پێگە باڵا حکومییەکاندا دادەنرێن.
لێپرسراوێتی پێش ئەوەی پرسێکی ئیداری یان سیاسی بێت، پرسێکی تەواو ئەخلاقی و ئینسانیی و مەعریفیە، بەو مانایەی کاتێک کەسێک بۆ پۆستێکی ئیداری هەڵدەبژێردرێت دەبێت وەک پرسێکی گرنگی گشتی لێی بڕوانرێت کە دانان و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی خەڵکییەوە و کەسانێک بهێنرێنە پێشەوە لانیکەم پەرێزپاک و خاوەن پاشخانی ئیدارەدانی دروست و غەمخۆری بووژانەوەی فەرمانگەکان و خزمەتکردنی خەڵک بن، نەک وەک پرسێکی موجەڕەدی حیزبی و لە سەر بنەمای مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و پڕکردنەوەی بۆشاییەکی ئیداری و ڕازیکردنی کادران، لێی بڕوانرێت.
ئێستا ئەوەی هەیە، پاشاگەردانی نیە، بەڵکو ئابڕووچوونە، ئابڕووچونێکی گەورە و مەترسیدار، ئەو پێودانگانەی لێپرسراوەکانی پێ هەڵدەسەنگێنرێت و لە فەرمانگە و پێگە گرنگەکانی نێو حکومەتدا دادەنرێن، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ داڕزانی ئەم جۆرە عەقڵیەتە شکستخواردووەی حکومڕانیی. لە هەندێک جێدا، کار گەیشتووەتە ئەوەی چالاکوان و فەیسبوکچی و کادری بەرژەوەندیخواز ڕۆڵیان پێ بدرێت لە دیاریکردنی لێپرسراوی فەرمانگەکان و بە ڕەچاوکردنی قسەی ئەوان کەسەکان لە شوێن و پێگە گرنگەکاندا دابنرێن، لە هەندێک شوێنی تریشدا پاشخانی حیزبیی لە بری پاشخانی ئیداریی و لێهاتوویی کەسییانە کراونەتە بنەمای سەرەکی بۆ دیاریکردنی کەسەکان. ئەم پێودانگە هەڵانە، وایکردووە زۆرێک لە فەرمانگە و پۆستە حکومییە گرنگەکان بدرێنە کەسانێک کە نەک تەنها شارەزای کاروباری ئیداری نین، بگرە بەشێکی زۆریان نەخوێندەوارن و هیچ شتێک لە ئەلفوبێی بەڕێوەبردن نازانن! دوای دەسبەکاربونیشیان، ئەم لێپرسراوانە ناچار بەوە دەکرێن ملکەچ و ئەڵقەلەگوێی ئەو لایەن و کەسانە بن کە بوون بەهۆی دانانیان لەو پێگانەدا، ئەمە لەودیوییەوە کۆمەڵێک ئاماژەی مەترسیدار هەن، کە تێکڕایان دەرخەری هەبوونی جۆرێکی ترسناکن لە دەوڵەتی قووڵ، کە کۆمەڵێک عەقڵی جەردەسالار و تاڵانکار لە پشتی خودی حکومەت خۆیەوە دەوەستن، بەمەش حکومەتێک دێتە کایەوە مافیاکان تێیدا باڵادەست دەبن و لێپرسراوەکانیش وەک داشی دامە بەکاردەهێنرێن و حکومڕانیش هەتابێت بێ شکۆتر و ناتەندروستتر! گەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و چارە نەکرێت، ئایندەی ئەم هەرێمە بەرەو خەرەندێکی مەترسیدار دەبات و گرەوکردن بۆ مانەوەی حکومەتێکی خۆجێی بەهێز و نیشتمانیی ، گرەوگردن دەبێت لەسەر ئەسپی دۆڕاو.
