سوریای دوای ڕووداوەکانی سوەیدای دروزنشین

یەک هەفتە لەمەوپێش



خەبات کوردە

‎هەر لە دوای هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و گەیشتنی هێزەکانی هەتەشە و گرتنە دەستی ئەحمەد جۆلانی سەرۆکایەتی سوریا و خێرا گۆڕینی ناوەکەی بۆ ئەحمەد ئەلشەڕع دەرکەوت کە قەت ئیسلامی سوننەی توندڕەو نابنە جیرانی باش بۆ گەلە فوسەیفوسایەکەی ناو سوریا .

‎سەرەتا بە تۆڵە سەندنەوە دەستیان پێکرد و ئامادە نەبوون لێبوردنەکی گشتیش بۆ خەڵکە بەش مەینەتیەکەی حوکمی پەنجا ساڵیەکەی باب و کوڕ بە ڕەوا ببینن .
‎ئینجا پەلاماری کەنیسە و شوێنە گشتیەکان و گەنجانی سەر جادەکان و کچانی بێ لە چەک و سەرانە و ڕاوڕوت خەڵکیان ئەزیەت دەدا .
‎لە پاڵەوەش بە فیتی دەزگا موخابەراتیەکەی تورک و سوپا ترسنۆکەکەی شەڕێکی ناڕەوایان دژی هێزەکانی هەسەدە بۆ زیاتر لە چوارمانگ هەڵگیرساند و پەلامارێکی ناڕەوایان کردە سەر شارە عەلەوی نشینەکانی ڕۆژئاوای سوریا و قەسابخانەیەکی ناڕەوایان لەو ناوچەیە بەرپا کرد .

‎چوار مانگە ڕێککەوتن لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە ڕاگەیەندراوە و دەوڵەتی تورک ڕازی نیە کە دیمەشق دان بە مافەکانی کورداندا بنێت و تەواوی ئەو ڕێککەوتنەش جێبەجێ بکرێ لە نێوان هەسەدە و دیمەشق کە واژۆی ئەحمەد شەڕع و مەزڵوم عەبدی لە سەری ڕێککەوتون .

‎تورکیا دوای ئەوەی کە زانی ئەو ڕێککەوتنەی ئیسڕائیل و دیمەشق ڕێگر دەبێ لە دەست تێوەردانەکانی لە ناو سوریا و ئیسڕائیل ڕێ نادا کە تورکەکان هیچ خێرو بێرێک لە داهاتووی سوریا بچننەوە ، خێرا لە ڕێی بەکرێگیراوەکانیەوە لە ناو سوپا و هێزە ئەمنیەکانی دیمەشقەوە کەوتە هاندانی بەدوو و عەشایەرەکانی بادیەی شام شەڕێکی خوێناوی و کوشت و کوشتارێکی ناڕەوایان بەرامبەر دروزەکان بەرپا کرد .

‎ئەگەر هێزە ئاسمانیەکانی سوپای ئیسڕائیل نەبوایە و هەڕەشەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتان نەبوایە ئێستا تاکە دروزیەکیش لە ناو سوریا لە ژیاندا نەدەمان .
‎ئەو چەند ڕۆژە لە هەر دوو لا ژمارەی کوژراوەکان گەیشتۆتە سەرو  ۱٥٠٠ کوژراو زیاتر لە دوو هەزار بریندار و سەدان کەسیش لە هەر دوولا دیلن و سەدانیش بێسەروشوێنن .
‎ئەوە سەرباقی سوتاندن و تاڵانکردن و کاولکردنی چەندین گوند و لایەکی گەورەی سوەیداش .

‎لە هەمانکاتیشدا کەوتونەتە هەڕەشە کردنیش لە هێزەکانی هەسەدە و ئەگەر ئەو هێزانە چاوکراوە نەبوبان دوور نەبوو ئێستا هەر دوو شاری ڕەققە و دێرزور نەبوبایە بە گۆمی خوێن .

‎شەڕەکە ڕاوەستاوە و بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیلەوە چەندین باڵەخانەی گرنگ کراون بە کەلاوە و زۆربەی سەرکردە سەربازیەکانی سوپاکەی شەڕع کوژراون دەیان تانک و زرێپۆش و تۆپ و چەکی سەربازی تێکشکێندران .
‎بەڵام تا ئێستاش تورکیا و قەتەر هەر ڕازی نین و ڕێگرن کە سوریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی و دیموکراتخواز و ئاشتی و ئارامی باڵ بکێشێ بە سەر ئەو وڵاتەدا و ئاوارەکان بگەڕێنەوە نیشتیمانەکەی خۆیان .

‎ئەحمەد ئەلشەڕع تا ئێستا لە ژێر چەپۆکی سیاسەتەکانی تورکیا و قەتەر دایە و دوور نیە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئیسڕائیلیشەوە لە گەڕاندا نەبن بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ سەرۆکایەتی کردنی سوریا لە جیاتی هێزەکانی شەڕع و گروپە چەکدارەکانی ناو هەتەشە .

‎هەر ئەمڕۆ بە گەیشتنی وەفدێکی گەورەی بازرگانی سعودیە ئاشکرا بوو کە هەر سێ دەوڵەتی ئیمارات و قەتەر و سعودیە لە شارەکانی سەر دەریای ناوەڕاست ناوچەکەیان بە سەر خۆیاندا  دابەش کردوە ، بۆ نمونە بڕیارە سعودیەکان بای زیاتر لە ٤ ملیار و نیو دۆلار پڕۆژەی گەشتوگوزاری لە لازقیە  بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و بە هەمان شێوەش ئیمارات و قەتەریش ڕۆژانی دادێ هەمان ڕێچکە دەگرنە بەر لە داهاتودا .

‎ئێستا ئەو هێزانەی شەڕع تەنها هێزەکانی هەسەدە ماوە خۆیانی پێ تاقیبکەنەوە و ئاواتەکانی ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیای پێ بهێننە دی ، بەڵام شەڕع و چەتەکانیشی و ئەردۆگان و سوپاکەی و دەزگا گڵاوەکەی میتیش چاک دەزانن کە هێزەکانی هەسەدە و شەڕڤانەکانی ئەو پاروە نین کەوا بە ئاسانی بتوانن پەلاماریان بدەن و ئەو قەسابخانەیەی کە دژی عەلەویەکان و دروزەکان ئەنجامیاندا لە  ڕۆژهەڵاتی فوراتیش بە ئەنجامی بگەیەنن .

زۆر جار ناوی جەنەڕاڵە بێ ئەستێرە و داڵەکەی کوردان دێ وەک جێگرەوەیەک یان پاڵپشتێک بۆ سەرۆکە کاتیەکەی دیمەشق کە پلە و پۆستی گەورەی پێبدەن ، بەڵام زەحمەتە هەتا دەستی تورک و ئەو چەتە وەحشیانەی کە لە ناو هێزە توندڕەوەکاندا هەن ( مەزڵوم عەبدی ) ئەو سەرە ڕۆییە قبوڵ بکات و خۆی بخزێنێتە ناو ئەو جڕوجانەوەرانەوە ، چونکە هیچ دوور نیە کە ئەلجۆلانی بتوانێ چەند مانگێکی کە و کەمتریش درێژە بە دەسەڵاتەکانی بدات ئەگەر ڕازی نەبێ بە دەوڵەتێکی سوریای فیدڕاڵی و دیموکراتی لە ناو تەواوی خاکی سوریادا .

ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی بە یاوەری وەفدێک گەیشتنە پاریس و وەفدی دیمەشقیش بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە بڕیارە لە گفتوگۆیەکی چڕ و پڕدا و دوور لە چاوی ئەردۆگان و حکومەتەکەی بە نێوەندگیری سەرۆکی فەڕەنسا و ئەمەریکا و ئینگلیز  دانوستانەکان بەڕێوە بچن .
  
‎ ئێستا هەموو چاوەکان لە سەر ئەمەریکا و ئیسڕائیلن کە بزانن تا چەندشەڕع دەتوانێ لە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک خۆی ڕزگار بکات یان تا چەند ئەمەریکا دەتوانێ بگەڕێ و سەرۆکێکی دوور لە تورکیا پەیدا بکات و بیکات بە جێگرەوەی ئەو جۆلانیە لاوازە  .!؟ یان ئایا ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەتوانن پەلوپۆی ئەردۆگان و جاسوسەکانی لە ناو سوریا لە ڕیشەوە هەڵکێشن .!؟

‎لە دواین هەواڵیشدا شەڕع هانای بۆ ئەنقەرە بردوە کە چەکێکی زۆری بدەنێ بەڵام بە بێ ئەوەی ئەردۆگان و هاکان فیدان و ئیبراهیم کالن وەڵام بدەنەوە ، خێرا وەزیری بەرگری تورکیا داواکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە سوپای تورکیا بە هیچ جۆرێک ئامادە نیە چەک و جبەخانە بۆ دیمەشق دابین بکات .
‎ئەوە نیشانەیەکە کە دەریدەبڕێ تورکیا و ئەردۆگان نایانەوێ بەرامبەر ئەمەریکا و ئیسڕائیل هیچ جوڵەیەک بکەن ، خۆیان بخەنە ناو گێژاوی سوریاوە دوای ئەو کارەساتەی بە سەر دروزەکانیاندا هێنا و ئەگەر فڕکەکانی سوپای ئیسڕائیل نەبوایە کارەساتەکە زۆر گەورە تر و شەرمەزار تر دەبوو .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار