ڕۆژاڤا، کەشتییەک لەنێو دەریای خوێندا لە یادی سیانزە ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاڤادا

یەک هەفتە لەمەوپێش
هاوار محەممەد
یەک: دە دوانزە ساڵ لەمەوبەر، كە هێزە تیرۆریستییەكانى دەوڵەتى خەلافەت هێرشیان بردە سەر ڕۆژئاڤاى كوردستان و لە شارى كۆبانێ تێكشكێنران، مشتومڕێكى بەپێز لەنێوان هەردوو نووسەر مەریوان وریا و بەختیار عەلیدا دروست بوو.
من وەك خوێنەرێك بەدواى هەموو مشتومڕەكەدا چووم و هەرچى لەو سەروەختەدا ئەو دوو نووسەرەمان نووسییان، خوێندمەوە. گەر باش لە بیرم مابێت، مەریوان وریا بەرەنگارییە بێوێنەكەى خەباتگێڕانى كۆبانێى وەك "چركەساتێكى گەش"ـى ناسۆنالیزمى كوردى لەنێو دەریایەك شكستدا وێنا دەكرد، بەختیار عەلى، بە پێچەوانەوە پێیوابوو كە ناسیۆنالیزمى كوردى هەر لە بنەڕەتەوە پۆتێنشیەڵى بەرهەمهێنانى وەها بەرەنگارییەكى نەبووە، بۆیە خەباتى ڕژئاڤا سەر بە مۆدێلێكى ترى پێكەوەبوون و ئیرادەیەكى ژیانییە کە بەها بە ژیان دەدات.
هەر لەو مشتومڕەكەدا، باسەكە پەڕیبوویەوە بۆ نێو پرسى "یۆتۆپیا و دیستۆپیا". دیسان باش لە یادم نییە، بەڵام لاموایە یەكێكیان (پێدەچێ کاک بەختیار) داعشى وەك هەوڵێك بۆ دامەزراندنى یۆتۆپیا وێناكردبوو، ئەویتریان داعشى بە هێزێكى پوخت دیستۆپى دەزانى. مەسەلەكەش ئەوەیە بەلاى كاك مەریوانەوە یۆتۆپیا لە سیاسەت و خەباتدا پرسێكى پۆزەتیڤە و هێزگەلى وەك داعش و قاعیدە و هتد، هێزگەلى وێرانكەرى دیستۆپین؛ ئەم وێناكردنە پۆزەتیڤەى یۆتۆپیا لاى مەریوان وریا لە وتارى "غیابى یۆتۆپیا و ئایدیایۆلۆژیا"دا دەردەكەوێت، كە لەوێدا لەگەڵ ئاراس فەتاحدا ڕایان وایە یەكێك لە كێشەكان لە "سیاسەتى كوردى"ـدا ئەوەیە كە یۆتۆپیاى نییە: "ھەر ھێزێکی سیاسیی توانای بەرھەمھێنانی یۆتۆپیای ھەبێت، واتە توانای بەرھەمھێنانی وێنەی واقیعێکی ئەلتەرناتیڤی ھەبێت دابڕاو لە کێشەکانی ئەمڕۆکە، ئەو ھێزە بڕێکی زۆر لە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە مرۆڤ و بەرامبەر بە کێشەکانی ئەو واقیعەی لەناویدایە، ھەڵگرتوە. بوونی یۆتۆپیا دەشێت ھێماش بێت بۆ بوونی ئیرادەیەکی بەرپرس خوازیاری ئەوەبێت کۆتایی بەو جیھانە بھێنێت لە ئێستادا ھەیە و لە شوێنی ئەودا جیھانێکی نوێ و باشتر دروستبکات". (کۆتەیشنەکەم بە ڕێنووسی خۆیەوە گواستۆتەوە)
ئەم وێناكردنە تاڕادەیەكى زۆر لە فیكرى سیاسیدا دروستە و شیكارییەكەى مەریوان وریا و ئاراس فەتاحیش ناكۆك نییە لەگەڵ شرۆڤەكانى كارل مانهایمدا بۆ ئایدیۆلۆژیا و یۆتۆپیا. لەگەڵ ئەوەشدا پوختى بكەینەوە: یۆتۆپیا لەم شوێن و جێگەیەى ئێستادا نییە و کەوتۆتە جێیەكى دیكەوە.
دوو: ئێستا دواى دەساڵ، هێشتاش دۆخێكى نزیك لەو كات هەیە. هێزە تیرۆریستییەكانى ئەحمەد شەرع، بە هەمان ئەو زەینە وێرانكارەى داعش هەیبوو، بە هەمان تیرۆر و چێژى ئەتككردنەوە دەدەن بەسەر ئەو شارانەدا كە عەرەبى سوونە مەزهەبى سەر بە "شەرع" (بە هەردوو ماناى وشەكە) نین. جیاوازییەكە ئەوەیە، داعش ئەو كات بانگەشەى بۆ دەوڵەتكى خەلافەت دەكرد دژ بە دەوڵەتەكانى ناوچەكە بوو، لەوانە سوریاى عەلمانیى بەشار ئەسەد.
ئێستا تیرۆریستەكان خۆیان دەوڵەتى سوریایان گرتۆتە دەست و خەلافەت هەر لەنێو دەوڵەتدا دادەمەزرێنن، كە لە سروشتى دەوڵەتیش دەگۆڕێت. بەڵگەش بۆ ئەمە بانگەشەى جیهاد و غەزا، كوفر و غەنیمەت، خەلافەت و ئەمەویەتە. وەك دەزانین ئەمانە زاراوەگەلى نێو فەرهەنگى سیاسیى مۆدێرن نین. بۆیە ئێستاش هەمان پرسیار لەسەر یۆتۆپیا و دیستۆپیا ڕەوایە: ئایا تیرۆریستەكان هێزى یۆتۆپین یان دیستۆپى؟ هاوكات با پرسیارێكى دیكەش بكەین كە باسەكە ئاڵۆزتر دەكات: ئایا ڕۆژئاواى كوردستان، كە (وێڕاى هەموو كێشەكانى) لە دوورگەیەكى ئارام دەچێت لەنێو وڵاتێكى خاپووربووى و پڕ لە زەبروزەنگ و تووندوتیژیى وەك سوریادا، لەنێو هێزگەلێكى جیهادیستى تیرۆریستیدا، لەنێو دواكەوتووییەكى كۆمەڵایەتیى عەشیرەتگەرى دژە ژندا، یۆتۆپیایە؟ مەگەر یۆتۆپیا ئەو دوورگە خەیاڵییە ئایدیاڵییە نییە كە ژیان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخستنە سیاسییەكان لە هەلومەرجێكى دادپەروەرانە و ڕەزامەندیبەخشدان؟ ئاخۆ یۆتۆپیا دۆخێكى كامڵتر لە دۆخى باوى ئێستا نییە؟ وەك دەزانین دۆخى باوى سووریا تووندوتیژى و زەبروزەنگ و مەزهەبگەرایى دینییە. بە پێچەوانەوە ڕۆژئاڤاى كوردستان بەرەنگار و مۆدێرن و سێكیولارە. كەواتە ئێستا پرۆژەى كامیان یۆتۆپییە، جیهادیستەكان بۆ "خەلافەت" یان ڕۆژئاڤا بۆ "خۆسەریى دیموكراتى"؟
سێ: لە مێژووى فیكرى سیاسیدا، پتر "یۆتۆپیا" بەستراوەتەوە بە "ڕەخنە"وە، ڕەخنە لە دۆخى باو. وەك مانهایم ڕوونى كردۆتەوە، یۆتۆپیا ڕەخنەى سیاسیى چینە چەوساوەكانە بۆ گەیشتن بە "شوێنێكى باشتر". لەبەرئەمە بەزۆرى یۆتۆپیا بە خەونى هێزە چەپە پێشكەوتنخوازەكان وەسف كراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هێزانەى هەڵگرى یۆتۆپیا بوون، بۆ وەدیهێنانى ئەو یۆتۆپیایە هەندێجار پەنایان بۆ تووندوتیژى بردووە و دواجار لەبرى چاككارى وێرانكارییان بەرهەمهێناوە؛ واتە بە مانایەك، ئەم هێزانە وەرگەڕاون بۆ هێزى دیستۆپى. ئەم شیكارییە هەر سادە دەمێنێتەوە گە دیستۆپیا تەنیا وەك "لادان"ـى یۆتۆپیا لە ڕێگاى خۆى، یان وەك شكستى وەدیهاتنى یۆتۆپیا سەیر بكرێت، هەر بەو مانایەى كە واڵتەر بنیامین لایوایە "لە هەر كوێدا فاشیزم هەبێت، لەوێدا شۆڕشێكى شكستخواردوو هەیە".
پێموایە دیستۆپیا، تەنیا یۆتۆپیایەكى شكستخواردوو نییە، بەڵكو سیما و كارەكتەرى تایبەت بەخۆشى هەیە و لە سەردەمى ئێستاماندا پتر پرۆژەى هێزە فەندەمێناڵیست و پاشكەوتووخوازەكانە و خاسیەتەكانیشى ئەمانەن: ئیرادەى وێرانكارى وەك بنەماى بزووتنەوەكان، دەسەڵاتى چینێك یان مەزهەبێك لەسەر هەموو دانیشتووانەكەى دیكە، پەیڕەویكردن لە تووندوتیژى نەك تەنیا وەك میكانیزمێك بەڵكو وەك تاكە میكانیزم كە دەگۆڕێت بۆ ئامانجیش، سڕینەوە وەك ستراتیژ، تاڵانكارى، ڕوانگەى ئەپۆكالیپسى و قیامەتگەرایى، فەناتیسیزم و هتد. ئەم كارەكتەرانە پتر سیماى هێزە تووندڕەوەكانى وەكو ئیسلامیزم، زایۆنیزم، شیعیزم دەنوێننەوە. بۆ نموونە چەمكى "جیهاد" پەیوەستە بە پرسێكى قیامەتگەرییەوە نەك وەدیهێنانى هەلومەرجێكى باشترى مرۆییەوە. تەنانەت خەونى "دەسەڵاتى هەزار ساڵە"، گەرچى وەك یۆتۆپیایەك دەنوێنێت، بەڵام پرۆژەیەكى دیستۆپییە و پەیوەستە بە كۆتایى دنیاوە. مەهدیگەراییش بەهەمان شێوە دیستۆپیاى كۆتایى جیهانە.
چوار: لەنێو ئەو دۆخەى سووریادا، كە لەلایەك یۆتۆپیاى ژیان و نەزم و عەدالەتێكى باشتر لەوەى ئەسەد، چ سەردەمى ئەو و چ دواى ئەو، هەر وەك یۆتۆپیایەكى دوورەدەست ماوەتەوە، لەلایەكیتر هێزگەلى گەورەى دیستۆپى وەك هێزەكانى شەرع و تیرۆریستەكانى سەسەنە و داعش و میلیشیا شیعەكان وڵاتەكەیان بە جەنگى مەزهەبى گۆڕیووە بە وێرانە، ئیدارەى خۆسەریى ڕۆژئاڤا مێرگێكى ئارامى پێشكەوتنخواز دەنوێنێت. بەڵام ئایا هیچ وەسفێكى لە "مێرگ" وردترمان بۆ ڕۆژئاڤا هەیە، مادام مێرگى ئارامى نێو دەریایەك نائارامیى ڕەها، پتر خەیاڵى دەنوێنێت؟ ڕۆژئاڤا بێگومان شوێنە، شوێنێك نە چەشنى یۆتۆپیاكان ئەفسانەیی و خەیاڵییە كە وەدیهاتنى مەحاڵ بێت، نە وەك دیستۆپیاكان قیامەتگەرا و مەزهەبییە. ڕۆژئاڤا، بە دەربڕینى میشێل فۆكۆ، پتر هێترۆ-تۆپیایە، واتە "شوێنى تر"ە.
هێترۆتۆپیا چییە؟ وەك دەزانین مانا وشەییەكەى یۆتۆپیا "نا-شوێن"ـە، دێستۆپیاش بە واتاى "شوێنى خراپ"، "شوێنى خاپوور"، یان وێرانە دێت. بەڵام هێترۆتۆپیا ماناى "شوێنى تر" دەدات. ناشوێن لە ئێرەدا نییە، دوورەدەستە. وێرانەش ئەوەیە كە بەهۆى هێزە وێرانكەرەكانەوە، ئێرە خاپوور دەكات. "شوێنى تر"، بە پێچەوانەوە، هەر لێرەیە، لە شوێندایە، بەڵام نە دەیەوێت بچێتە ناشوێن و نە دەیەوێت ئێرەش وێران بكات، بەڵكو تەنیا "شوێنى تر" لەنێو شوێندا دەكاتەوە؛ بەم مانایە، هێترۆتۆپیا ئەوەیە كە فەزاى هێترۆژین دەباتە نێو فەزاى هۆمۆژینەوە. فەزاى هۆمۆژین، هەمان فەزاى دۆخى باوە؛ ڕوو لە هەر كوێ بكەیت، جیاوازی و ناتەبایى نابینیت. بەڵام ئەوەى كە لەنێو ئەم فەزایەدا ناتەبا دەنوێنێت، شوێنى ترە.
بۆ نموونە فەزاى دەریا هۆمۆژینە، یەكپارچەیى ئاوە، بەڵام كەشتى "شوێنى تر"ە، شوێنێكى داخراوى كراوە لە دەریادا، شوێنێكى جوڵاو كە دەتوانێت زۆر كار لەنێو دەریادا ئەنجام بدات و زۆر شتیش بگوازێتەوە و زۆر شوێنى نەبینراو كەشف بكات. كەشتى "دوورگەى خەیاڵى" یان یۆتۆپیا نییە، هاوكات دوورگەیەكى سووتاو یان دیستۆپیایەك نییە. ڕۆژئاڤا كەشتیەكى خۆڕاگرە لەنێو دەریایەك خوێندا. لەنێو هەلومەرجى باوى سوریادا، یۆتۆپیاكان بێكاریگەرن و هێزە دێستۆپییەكان هەتا بێ زیاتر فەزاى ژیان لەو وڵاتەدا وێران دەكەن، زیاتر مەزهەبێكى سووننە بە مۆدێلی خەلافەتی ئومەوییەوە زاڵ دەكەن و هەموو پێكهاتە و شوناس و مەزهەب و باوەڕەكانى دەرەوەى خۆیان دەسڕنەوە. ڕۆژئاوا بە پێچەوانەوە، بانگەشەى ژیان، دنیاییبوون، عەدالەتى كۆمەڵایەتى، ئاشتى، بەرەنگارى، خەبات دەكات؛ ئەمەش گۆڕیویەتى بە جێیەكى تر، كردوویەتى بە شوێنێكى ناهۆمۆژین لەنێو سووریایەكى یەكپارچە تووندوتیژ و مەزهەبى و فەناتیكدا.
