لە فەتحی جیهانەوە بۆ چۆک دادان لە شام

7 ڕۆژ لەمەوپێش



هۆمەر محەممەد

ئیسرائیل بەهێز ئاشتی سەپاندو بەبەرچاوی کامێرای دونیاوە دەستی زایۆنییان خستەناو دەستی موجاهیدە ئیسلامیەکانی بەرەی نوسرەو تەحریر ئەلشامەوە. بەو مەرجەی کە دەست بۆ دروزەکان نەبن و بێدەنگ لەدیمەشق دانیشن و دەم لە کوشتاری غەززەش نەکوتن. جۆلانی و موجاهیدانیش گەلێک مەمنون و ڕازین کە ئیسرائیل نەیانکوتێ.
هێزی وێنەی تەوقەکردنەکەیان لەڕۆکێتەکان زیاترە، بە حەماس و جیهانی عەرەبی و ئەوروپا و تورکیاشی نیشاندا ئەمانە هاوسۆزو دڵسۆزی خەڵکی غەززەنین و ئیمانیشیان لەوە لاوازترە. بەکەڵکی مقاوەمە بێت.

بە هیوام ئەم ڕێککەوتنەیان لەسەر حسابی کورد نەبێ و ئاشتی و ئاسایشی سوریای بەداوەبێ و چیدی خەڵکەکەی یەکدی نەکوژن و کوردیش بە ئیسلامی و عەلمانییەوە لە خەونی خۆش و خۆشخەیاڵی چاوەڕوانی فریادڕەس ڕزگاری بێت.

بریا هەر لەبەرەبەیانی مێژووەوە نەیارەکان دەست لەناو دەست بوونایەو مێژووی مرۆڤایەتیان خوێناوی و قێزەون نەکردایە. هەرکەس بەدین و لۆژیکی خۆی و لە ماڵ و نیشتمانی خۆی ئارام و ئاسودە، بێ جەنگ و کوشتار بژیایە، ئیسلام و مەسیحی و یەهود، ئەوروپی و جو، عەرەب و جو کورد و تورک و عەرەب و عەجەم بەرنەدرانایەتە گیانی یەک و یەکتریان نەکوشتایە. 
بریا هەموو خوێنرێژەکانی دونیا لەبری نەفرەتی ئەوهەموو کوشتارە بەکەرامەت و ڕووسورییەوە بمردنایە نەک بەڕیسوایی ئەم جیهانەیان بەجێهێشتبایە. بریا کەس ناوبانگی بە خراپەکاری و دڵرەقی و تاوانکاری نەڕۆیشتایە. بریا جیهانی مرۆڤایەتی فاشیزمی ئاینی و ئایدۆلۆژی بە خۆیەوە نەدیبایە. 
بەڵام کورد وتەنی (داری بریا شین بووەو بەری نەگرتووە.) ئەم ڕێککەوتنە پەندێکی باشە بۆ موسڵمانان هەتا بەدوای بانگەشەی (ئیسلامیەسیاسیەکان نەکەون) و هەڵوەستەیەک بکەن و بزانن کاتێک ئاین دەخرێتە خزمەتی سیاسەتەوە چ کارەساتێک دەنێتەوە. ؟! ببینن کە سیاسیەکان چۆن چاو لە کوشتاری هەژاران دەپۆشن و لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا سڵ لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە ناکەنەوە نەشەرم لە کوشتار و برسی کردنی مرۆڤەکان دەکەن و نەلە ئاشتبوونەوەی دوای کوشتارەکانیشدا تەریق دەبنەوە. بگرە زۆریش کەیفخۆشن. 
به هیوام دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە ‌خۆداچوونه‌وه‌یەکی باشتریان هەبێ و لە واقیعی سوریا تێبگەن و چیدی لەژێر گوشاری تورکیادا خۆیان نەکەن بەمەخسەرە و واز لە مه‌ركه‌زیه‌تی ده‌سه‌ڵات و حوكمرانی کلاسیکی بهێنن و خۆیان بۆ تورکیا بەگورگان خواردوو نەدەن و هێزی ڕۆژئاوا باشتر بناسن و کوڕی خەڵکیش بەکوشت نەدەن. 
ئەم رێککەوتنەی جۆلانێ و ئیسرائیل ئەو پەڕی ئابڕووچوونی تیرۆرستەکانی دوێنێ و حوکمرانانی ئەمرۆی دیمەشقە.. ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ هاوکاری کردنی ئەو کوردانەی کەوتوونەتە داوی ئەم بازرگانانەی ئاینەوە، لەبری ئەوەی ئیستفزاز و سەرکۆنە بکرێن مافی خۆیانە رێزیان بگیرێ و هاوکاری بکرێن بۆ دورکەوتنەوە لەبەڵایەک کەتووشی بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار