ووشە: کورد

7 ڕۆژ لەمەوپێش



مەلا فرمان محەممەد

گوندێکی کوردنشین ، لە قوتابخانەیەکی لە خشت و قوڕ دروستکراو، نە باس لە دارا نە لە دو دار دەکرێ، نە وێنەی خۆمی تێدەبینم. وێنە و جل و بەرگەکان نامۆن، ناوەکان نامۆن، ئەسپ بوە بە ( حصان)، مانگا بوە بە (بقرة). پێشتر وشەی ( بقرە)م لە باوکم  بیستبو دەیوت لە قورئاندا هەیە، بەڵام نەمدەزانی مانگایە. لەوێنەی ناو پەرتوکەکە تێگەیشتم کە مانای مانگایە. 

هێدی هێدی وشەی عەرەبی زۆربو، زۆربەیم لە بەر دەکرد بێئەوەی بزانم مانای چیە. کە دەچومە ماڵەوە باوکم زۆری پێخۆشبو کە ئەو وشانە فێربومە، ساڵ هات و چو کەسوکار و ماڵەوە زیاتر ئاشنابون بەو وشانەی لە قوتابخانە فێرکرابوم. لەبەر ئەوەی بابم مەلای مزگەوت بو زو زو لەو وشە عەرەبیانەی دەپرسیەوە و زۆری لاخۆشبو، هانی دەدام بۆ فێربونیان ، دەیگوت " عەرەبی زمانی خودا و پێغەمبەر و قورئانە"، ئەم قسانە چوبوە گوێکەی تاکبەتاکی گوندیەکانەوە. 

بۆیە منیش سنگم دەردەپەڕاند و ئەو وشانەم بە کاردەهێنا. وشەکان زۆربون و زاڵبون. دەرئەنجام کوردی نازانم بنوسم و بخوێنمەوە، کە بەکوردیش قسە دەکەم ماڵی گوند ئاوابێت کە دورە شاربو، راستیان وتوە" گوندی دورە دەست و زمانی پاراوی دایک". 

ساڵ هاتوچو، زۆر شوێن گەڕام، دونیام بینی، تێگەیشتم لە دولاوە : باوکم و قوتابخانە زمانی دایکم ئەتک دەکەن و بنکۆڵی دەکەن، گەر لێی بێدەنگبم، دڵنیام دایکیشم لە پیاوێکی تر مارە دەکرێ. هەر زو نوکی پێنوسەکەم گۆڕی و نوکێکی خۆماڵی و پاراوی لادێم بۆ زیاد کرد. 

ئێستاش، جێی سەرسوڕمانە، لە پڕێکدا، لەم لاو لەو لام، لێرە و لە وێ لە رەحیم ئاوا و شۆڕجە، چەند دەنگێکی نامۆ، بێشەرمکردن بەرز دەبنەوە، نان و ئیش لە زمانی عەرەبیدایە. ئەمەش هاوشێوەی بابم دەرئەنجامی تێنەگەیشتن، موخابن هۆکارە  بۆ دورکەوتنەوەی مناڵانی کورد لە خوێدن و پەروەردە بە زمانی دایک. ئەمە لە کاتێکدایە زانست سەلماندویەتی مناڵ بەزمانی دایک باشتر فێری خوێندن دەبێت و پەروەردە دەبێت. جگە لەوەی لە هەمو کاتوساتێکدا دەتوانی هەر زمانێکت بوێ فێری ببی.

ئەم هێرشبردنە بۆ سەر زمانی کوردی لە کەرکوک بەڕادەیەک تەشەنەی کردوە، تابلۆی بازاڕ و سەر دوکانەکان زۆربەیان کراون بە عەرەبی، سیمای کوردانەی شار خەریکە بەتەواوی کاڵ دەبێتەوە. لەو لاشەوە زمانی عەرەبی بوە بە زمانی نان و کار، موخابن زۆرێک لە مناڵانی کورد خراونەتە بەر خوێندن بە زمانی عەرەبی، قوتابخانە کوردیەکانیش بەرەو داخستن دەچن.

لە کاتی نوسینی ئەم بابەتە، گوێم لە گۆرانی و گفتوگۆی نێوان دو هونەرمەندنی کورد ی باکور، کاک ئیبراهیم تاتلیساز و هولیا ئەفشار بو ، خاتو هولیا دەڵێت " بابم فەرمانبەری بانک بو تەنها لەوێ بە تورکی قسەی دەکرد، زۆر گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت، کوردی قەدەغەبو لە تورکا، کەس نەزانم داوام لە ئیبراهیم دەکرد، سیدی کوردیم بداتێ بۆ باوکم". پاشان بینیم هولیا خان بە کوردێکی زۆر پاراو لەگەڵ هونەرمەندی گەورە کاکە جوان حاجۆ گۆرانی دەچڕێ.

بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە لە مێژینەیە بۆ سەر کوردبون و زمانەکەی، بە سود وەرگرتن لە دەستوری هەمیشەیی عێراق:
١-دایک و باوکان، هەمو تاکێکی کورد وشیاربن و بایەخ بە وشەی کوردی بدەن.
٢-مەلاکان و نوێنەرانی ئایین، قسە و وتارەکانیان بە زمانی کوردی بێت.

٣-دوکاندار و کاسبکاران تابلۆی سەر دوکانیەکان بە زمانی کوردیش هەڵبواسن.
٤-ئیدارەی کەرکوک ئاوڕ لەم بابەتە بداتەوە و لە دامەزراوەکان بە هەندی وەربگرێت.
٥-دەزگاکانی راگەیاندن دەستبەکاربن.

٦-دەسەڵاتە بێگوێکەی هەرێم هۆشی بێتەوە بەر. چونکە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی ئەم بارودۆخەی بەسەر زمانی کوردیدا هاتوە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم. 
لە کۆتاییدا لە چەند وشەیەک دەمەوێ ئەم رستەیە دروست بکەم " چۆن خشت بناغەی خانو و باڵەخانەیە، ئاواش وشەی پاراو بناغەی زمان و کوردبونە ".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار