داهاتی ناوخۆیی لە هەرێم، کۆکردنەوەی مۆدێرن دەتوانێت ڕزگاری بکات؟

7 ڕۆژ لەمەوپێش
د. پیرۆت محەممەد ئەمین
لە کاتێکدا زۆرێک لە حکومەتەکان هەوڵدەدەن چاکسازی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی داهاتدا بکەن، بۆ بەرزکردنەوەی شەفافیەت و زیادکردنی کارایی دارایی، ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەی چەندین كەس و گروپ دەبنەوە، وەک کۆکەرەوەی داهاتی ناوخۆیی و هەندێك لە بەرپرسان و كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی داهاتی حكومی، کە لەڕاستیدا پێویستە پشتگیری لەم ڕێبازە بکەن بۆ بەرژەوەتدی گشتی . ئەم پارادۆکسە دەرگایەکی فراوان دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە دەستێوەردانە ئاڵۆزەکانی نێوان "چاکسازی دارایی" و "بەرژەوەندییە تایبەتەکان".
کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی ناوخۆیی لەلایەن چەندین گروپ و كۆمپانیا، یەکێکە لەو ئامرازە نافەرمیانەی کە بۆ بنیاتنانی تۆڕەکانی دڵسۆزی سیاسی بەکاردەهێنرێت، هەندێک ئاسانکاری یان ئیمتیازات بەوانە دەدرێت کە پەیوەندییەکی نزیکیان بە پۆستەکانی بڕیاردانەوە هەیە. کاتێک سیستەمی بەڕێوەبردنی داهات باشتر دەکرێت و دەسەڵاتە ئیختیارییە تاکەکەسییەکان هەڵدەوەشێنەوە، کاریگەری خۆیان لەسەر ڕۆیشتنی پارە لەدەست دەدەن. بۆیە چاکسازی لەلایەن ئەوانەوە پێشوازی لێناکرێت، تەنانەت ئەگەر بە ئاشکرا پشتیوانی خۆیانی بۆ ڕابگەیەنن.
بەڕێوەبردنی مۆدێرنى داهات بریتییە لە بەكارهێنانی سیستەمی کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی و یەکخستنی سەرچاوەکانی کۆکردنەوە و بەستنەوەی داهاتەکان ڕاستەوخۆ بە گەنجینەی گشتی و جێبەجێکردنی میکانیزمی چاودێری کاریگەر. ئەم گۆڕانکاریانە پێویستیان بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن هەیە، وەک سیستەمی ژمێریاری دیجیتاڵی و بەدواداچوون لەسەر بنەمای شەفافیەت و لێپرسینەوە و دادپەروەری باج و رسومات.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هەرێم نزیکەی تەواو وابەستەی داهاتی نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکیی دارایی خۆی ماوەتەوە، لە کاتێکدا داهاتە ناوخۆییەکان- لەوانەش باج، ڕسومات، گومرگ و سەرچاوەی دیکە- لە بازنەیەکی تەسکدا قەتیس ماونەتەوە، کە ناڕێژەیی بووە لەگەڵ قەبارەی چالاکییە ئابوورییەکان و توانای ڕاستەقینەی هەرێم. ئەم کەموکوڕییە تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی سیستەمی ئیداری تەقلیدی، گەندەڵی بەربڵاوی کارگێڕی و نەبوونی میکانیزەکردنی داهاتەكان، کە سەرچاوە ناوخۆییەکانی کردووە بە زەمینەیەکی بەپیت بۆ دەستکاریکردن و خۆدزینەوە داراییەکان.
هەرلەبەر ئەمەیە كە كاتیك دەستپێشخەری ناساندنی کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی دارایی پێشنیاز بكرێت . زۆرجار سنووردار دەكرێن وەبەهۆی " بەرگری ناوخۆیی" و "نەبوونی ئامادەیی تەکنیکی" وەڵام دەدرێنەوە.
لە زۆر ناوچەدا، بە تایبەتی لە دەروازە سنوورییەکان، کۆکەرەوەی داهات پشت بە شێوازە تەقلیدییەکانی کۆکردنەوەی دەستی دەبەستن، کە شێوازێكی بەرفراوانی ئیختیاری کەسییان پێدەبەخشێت لە سەپاندنی کرێ و دانانی ڕێژەی باج و رسومات. ئەمەش دەبێتە هۆی حاڵەتەکانی کۆکردنەوە بەبێ پسوڵەی فەرمی، یان کرێی زیاتر لە وەی دیاریكراوە، بەبێ ئەوەی كۆی پارەکان بخرێنە گەنجینەی گشتی.
ئامانجی کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی پرۆسەکانی کۆکردنەوەی داراییە لە کەرتە جیاوازەکانەوە، لەوانەش کرێی شارەوانی، باج، و گومرگ، لەڕێگەی سیستەمێکی دیجیتاڵی یەکگرتووەوە کە دڵنیای دەدات لە بەدواداچوونی پارە لە سەرچاوەکەیانەوە تاوەکو دەگاتە گەنجینەی گشتی. ئەمەش ڕێگە بە دەسەڵاتدارانی ڕێکخستن دەدات کە لە کاتی ڕاستەقینەدا چاودێری ڕۆیشتنی پارەکان بکەن.
کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی لەهەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی گرینگ دەبێت لە ڕێڕەوی بەڕێوەبردنی داهاتی ناوخۆییدا. ئاسۆی نوێ دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی زۆرێک لەو تەحەددایانەی پەیوەستن بە شەفافیەتی باج و رسوم و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و زۆرترین سەرچاوەی نانەوتی، کە بەهۆی هەڕەمەکی و لاوازی چاودێرییەوە بەدەست بەفیڕۆدان و زیانەوە دەناڵێنن.
نەک هەر ئەوە، بەڵکو کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی داهاتى دەتوانێت بەشداربێت لە فراوانکردنی بنکەی باجدەران و رسومات بە پۆلێنکردنی چالاکییە ئابوورییەکان و دیاریکردنی پابەندبوونە داراییەکانی هەر کەرتێک. ئەمەش جۆرێک لە دادپەروەری باج دەسەپێنێت کە تا ئێستا کەم بووە.
ئەگەر ئەم شیوازە نوێیە لە کۆکردنەوەی داهات بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، ئەوا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە دوو هێندەکردنی قەبارەی داهاتە ناوخۆییەکان دەبێت، نەک بە بەرزکردنەوەی سەپادنی ئاستی ڕسومات یان باج، بەڵکو بە کۆنترۆڵکردنی کۆکردنەوە و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدان کە لە کەناڵە تەقلیدییەکاندا ڕوودەدەن.
هەروەها پڕۆژەکە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی متمانە لە نێوان هاوڵاتی و حکومەت، چونکە دەتوانرێت دڵنیا بکرێتەوە کە ئەوەی لە پارە دەیدەن لە ئێستاوە دەچێتە خەزێنەی گشتی، نەک بۆ گیرفانی کەسانی کاریگەر یان گروپ و كۆمپانیاكان. ئەم متمانەیە ڕەنگە دواتر ڕێگە بۆ پابەندبوونی ئارەزوومەندانە بە پێدانی باج و رسومات وكرێ بکاتەوە.
کۆکردنەوەی مۆدێرن دەتوانێت ببێتە دوا ڕێگا بۆ داهاتووی داهاتە ناوخۆییەکان لە هەرێمدا، ئەگەر بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێت وەک بەشێک لە سیستەمێکی گشتگیر لە چاکسازی کارگێڕی و دارایی. بەڵام حکومەت سەرەتا دەبێت سەرنجی لەسەر باشترکردنی پرۆسەی بنەڕەتی و دروستکردنی ژینگەیەکی کارا بێت- بەتایبەتی بە دامەزراندنی یاسا و ڕێسای پێویست بۆ ڕێکخستنی پابەندنەبوون و وەبەرهێنان لە کارامەیی و ژێرخانی پێویست. چونكە تەنیا پڕۆژەیەکی تەکنیکی نییە؛ بەشێکە لە شەڕێکی فراوانتر لە دژی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن، هەروەها شەڕێکە بۆ دروستکردنی متمانەی لەدەستچوو لە نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوەكان. سەرکەوتنەکەی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەربەخۆیی دارایی هەرێم و بەشێکی لە پشتبەستنی بە داهاتی نەوت ڕزگاری دەبێت. وەشکستیەكەی بە مانای بەردەوامبوونی سووڕی خراپەی بەفیڕۆدان و گەندەڵی و وەرینی سامانی گشتی دەبێت.
