سوریا، سەرکەوتن و تاقیکردنەوە سەختەکان.!

7 ڕۆژ لەمەوپێش
نووسینی: غسان شربل
سەرنووسەری ڕۆژنامەی الشرق الأوسط
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: یادگار عەلی
لە قەیرانە خوێناوییەکاندا، کە هەندێکجار وڵاتانمان دەگرێتەوە، خۆمان لەبەردەم ڕاستییەکی تاڵدا دەبینینەوە.
وڵاتەکەمان برینی قووڵی هەیە و لەسەر بیرێک لە ترس خەوتووە. زۆرجار مرۆڤ لەبەر خۆشەویستیی بۆ وڵاتەکەی، مەیلی بۆ جوانکردنی وێنەکەی هەیە. مەیلی بۆ نکۆڵیکردن هەیە. هەمان مەیلیش لای دەسەڵاتداراندا دەبینرێتەوە. داننان بە قووڵایی ترسەکان، بڕیاردەران دەخاتە بەردەم ئەرکێکی سەختی لە چەشنی پێداچوونەوەیەکی قووڵ، کە لە دووبارە دامەزراندنەوە دەچێت.
ئەزموونەکان دەڵێن، کە پێکەوەژیانی جیاوازەکان هەرگیز ئەرکێکی ئاسان نییە. قبووڵکردنی مافی ئەوی دیکەی جیاواز، کە لەژێر هەمان سەقفدا دەژی، ئەرکێکی ئاڵۆزە.
قبووڵکردنی مافی جیاوازیی واتە پێویستە سازش بکرێت بۆ ئەوەی دروستکردنی پردەکان مومکین بێت، پێویستە گوێگرتنێکی قووڵ هەبێت بۆ ئەو شتانەی، کە هاوبەشەکە نیگەران دەکات و وای لێدەکات گەرەنتی لە چەکەکەیدا، یان لەو گرووپە چەکدارەی، کە نمایندەی کۆمەڵگەکەی دەکات، بدۆزێتەوە. تێپەڕبوون لە سەردەمی گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ سەردەمی دەوڵەت ئاسان نییە. پێویستی بە بوونی مەرجی سیاسی، ئابووری و کولتووریش هەیە.
ناکرێت کولتووری یەکپۆشیی لە جلوبەرگدا، لە کۆمەڵگەیەکی فرەپێکهاتەدا بسەپێنرێت، کە تاکەکانی لە سەرچاوەی جیاوازەوە تێر دەبن، کتێبی جیاواز دەخوێننەوە، هەمیشە هەستیارن بە ڕێژەی دانیشتووانیان و پشکیان لە بڕیاردان.
زۆرێک لە گەلان دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە نەخشەکانیان بە مەرەکەب و ئیرادەی خۆیان بکێشن. زۆرێک لە نەخشەکان بە مەرەکەبی زلهێزەکان و لەسەر بنەمای دابەشکردنی ناوچەکانی نفوز کێشراون. ئەم ڕاستییە وادەکات هەندێک لە پێکهاتەکان هەندێکجار مەیلیان بۆ نەخشەیەکی بچووکتر یان گەورەتر هەبێت. ئەزموونەکان دەریدەخەن، کە بازدان بەسەر نەخشەکاندا هەمیشە پڕە لە مەترسی زۆر. حوکمی دیکتاتۆری چارەسەر نییە. دەنگی پێکهاتەکان یان هەندێکیان کپ دەکات، بەڵام ئەو گرژییەی لە ناخیاندا کۆدەبێتەوە دوو هێندە دەکات و وای لێدەکات چاوەڕێی دەرفەتێک بکات بۆ دەربڕینی خۆی.
ئەو پێکدادانە خوێناوییانەی پارێزگای سوەیدا بەخۆیەوە بینی، سورییەکانی نیگەران کرد، کە دەترسان ڕەوتی گەڕاندنەوەی دەوڵەت تووشی پەککەوتنێکی گەورە ببێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێشتر لە ناوچەی ساحل ڕوویدا و ئەو مەترسیانەی، کە لە پێکدادان لەگەڵ کوردیشدا هەبوون.
هەروەها پێکدادانەکان، دراوسێکانی سوریا و هەموو وڵاتە پەیوەندیدارەکانی نیگەران کرد، کە لە ڕێبازەکەی ئەحمەد شەرعدا دەرفەتێکیان دەبینی بۆ دانانی سوریا لەسەر ڕێگای سەقامگیری و گەڕان بەدوای گەشەسەندن.
ئەم نیگەرانییە پاساوی هەیە، چونکە هەر گەڕانەوەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سوری دەرەنجامی کارەساتباری بۆ سوریا و دەوروبەری، ڕەنگە بۆ جیهانیش هەبێت.
سوریایەکی سەقامگیر و میانڕەو دەرفەتێک پێکدەهێنێت بۆ دروستکردنی دیوارێک دژی توندڕەوی و تیرۆر، وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەم سوریایە، لەئامێزگرتنێکی فراوانی عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ سەرۆک شەرع هاتە ئاراوە.
دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر هێما سەروەرییەکانی سوریا لە دیمەشق، بە بیانووی بەرگریکردن لە درووزەکان و سەپاندنی فۆرمولەیەک، کە باشووری سوریا دابماڵێت لە چەک، نیگەرانییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی زیاتر کرد. هەندێک پێیانوایە، کە ئیسرائیل بە توندی نیگەرانە لەو لەئامێزگرتنە فراوانەی شەرع و داواکاريی ڕاستەقینەی بریتییە لە سوریایەکی لاواز لە ناوەندی بڕیاریدا. پاشان، دەرکەوتنی سوریایەکی سەقامگیر و میانڕەو، جارێکی تر مافەکانی لە وەرگرتنەوەی بەرزاییەکانی جۆلان دێنێتەوە گۆڕێ.
جێی سەرسوڕمان نییە، کە سوریای نوێ ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی سەخت ببێتەوە. میراتەکە زۆر قورسە. سوریا لە دەیەکانی ڕابردوودا لە سێبەری دەوڵەتێکی ئاسایی، یان نیمچە-ئاساییدا نەژیاوە. لە سێبەری پیاوێکی بەهێزدا دەژیا، کە لە ڕێگەی دەزگاکانی هەواڵگرییەوە بەڕێوەی دەبرد، کە ڕۆڵی حیزب و حکومەتیان پێکەوە قووتدابوو. پێکهاتەکانیش نەیاندەتوانی داواکاری و ترسەکانیان دەرببڕن، چونکە ئەوە ڕووبەڕووی لێدانی بێبەزەییانەی دەکردنەوە. لە ژێر پەردەی ترس لە دەربڕین و ئاشکراکردندا، تووڕەیی گەشەی دەکرد و لە بۆسەدا بوو.
هەر لەگەڵ هەڵکردنی بەهاری عەرەبییدا بەسەر ڕژێمی ئەسەدی دووەمدا، سوریا بە کردەوە بێ دەوڵەت دەژیا، لە ژێر زەبری خوێن و بەرمیل و میلیشیاکاندا بوو. ئەگەر هەڵاتنی ملیۆنان سوری لە وڵاتەکەیان و ئازاری ئەوانەی ماونەتەوە لە داتەپینی ئابووری و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ سەر ئەمانەی پێشوو زیاد بکەین، وێنەکە تەواو دەبێت.
چاوەڕوان نەدەکرا حکومەتی شەرع لە ماوەی چەند مانگێکدا ڕووبەڕووی ئەرکگەلێک ببێتەوە، کە پێویستیان بە بڕیاری سەخت و توانایەک هەیە، کە هێشتا بەردەست نییە. وەک کەسێک دەرکەوت، کە ڕێگای خۆی لە ناو دیدگای جیاوازدا بۆ داهاتوو دەدۆزێتەوە، تەنانەت لەناو ئەو تیمەی، کە بەشدارییان لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەددا کرد. پێویست بوو شەرع لە ناوەڕاستی هەموو ئەمانەدا ڕێ بکات، و مەیلی بۆ میانڕەوی ئاسان و بێ باج نەبوو.
پرسیارم لە پیاوێک کرد، کە بە حوکمی پێگەکەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی سوریایە. قسەیەکی کرد، کە شایەنی تێڕامانە. وای دانا، کە "دۆخی ئێستای سوریا زیاتر لە ئەنجامی داڕمانی ڕژێمەوە لەدایک بووە، نەک لە سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن. داڕمانی سوپای سوریا لە حەلەب و شارەکانی تر، داڕمانی سوپای عێراق لە موسڵ بەبیر دەهێنێتەوە. مەبەست لە جووڵەی ئۆپۆزسیۆن بەرەو حەلەب، شکاندنی ئەو چەقبەستووییە بوو، کە هەبوو، و ناردنی پەیامێک بوو بۆ ئەسەد، کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستان. هێرشبەران تووشی شۆک بوون بە داڕمانی سوپای سوریا و نەبوونی ئارەزووی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە."
هەروەها گوتی: "شەرع خۆی باوەڕی نەدەکرد، کە ڕێگای دیمەشق لەبەردەمیدا کراوەیە. دەوڵەتی تورکیا چاوەڕێی ڕووخانی ئەسەدی نەدەکرد. ئەسەد دەیتوانی پێش بە داتەپینەکە بگرێت ئەگەر ئەو دەستەواژەیەی بگوتبا، کە لێی داواکرابوو، ئەویش: 'من ڕازیم بە دیداری ئەردۆگان'. ئەگەر ئەوەی بگوتبا، تورکیا هانی شەرعی نەدەدا بۆ پێشڕەویکردن بەرەو دیمەشق. لە بری ئەوەی وای بگوتبا، ئەسەد گوتی، کە ئەردۆگان درۆزنە و جێی متمانە نییە و دەیەوێت دیداری لوتکە بۆ بەرژەوەندییە ناوخۆییەکانی بەکاربهێنێت. ئەو دەستەواژەیە ڕژێمی ئەسەدی کوشت."
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سوەیدا، نێردەی ئەمریکا گوتی "پێویستە هەموو گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان دابنێن." ڕاستییەکە ئەوەیە، کە گواستنەوە لە سەردەمی گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی یاسا، پێویستییەکی بەپەلەی سوریایە. هیچ بژاردەیەک لەبەردەم سوریادا نییە جگە لە پەیڕەوکردنی ڕێگای دەوڵەتی ئاسایی، دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دامەزراوەکان لە ژێر چەتری یەکپارچەیی خاک و یەکسانی نێوان هاووڵاتیان و دیالۆگی نیشتمانی قووڵ لە ژێر چەتری شەرعییەت و مافی جیاوازی لە سێبەری یاسادا.
