سوریا؛ چارەسەری ئەمنی یان سیاسی!؟

6 ڕۆژ لەمەوپێش
موحسین کەریم
رووداوەکانی سوەیدا، تەنها بەرەورووبونەوەی نێوان دوو گروپی کۆمەڵایەتی- ئاینی خەڵکی سوریا نەبوو، بەڵکو ئاکامێکی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتگرتنی تیرۆریزمی ئیسلامی سونەیە لە سوریا، بەدوای روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. هاوشێوەی پەلاماردانی عەلەویەکان و ڕاگەیاندنی نەفیرعام لە مزگەوتەکانەوە بەپاساوی پاکردنەوەی پاشماوەکانی رژێم و کۆمەڵکوژکردنیان لەلایەن هێزە چەکدارە ئیسلامیەکانی سەر بە شەرعەوە، چەکدارەکانی شەرع بەناوی هۆزە بەدەویەکانەوە نەفیر عامیان دژی دروزەکان ڕاگەیاند و هەمان ئەو تاوانەیان دژی هاوڵاتی مەدەنی دروز ئەنجام دا کە دژی عەلەویەکان، بەبەرچاوی جیهانەوە بەڕێوەیان برد و بێجگە لە چەند پرتەو بۆڵەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەندێ دەوڵەتیش کە لە روداوەکانی سوریادا زیان بە بەرژەوەندیەکانیان گەیشتوە، کەسێک لە گووڵ کاڵتری پێنەوتن!
رژێمی تازەی سوریا، حکومەت و دەسەڵاتێک نیە کەبتوانێ وەڵام بەدۆخی سیاسی ئێستای سوریا بداتەوە. گروپێکی چەکداری تیرۆریستی ئیسلامی کە لە داوێنی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەو داعش و بەرەی نوسرەوە هاتوەتە دەرەوە، سەدان چەکداری ئیسلامی تیرۆریستی لە گۆشەو کەنارەکانی دنیاوە بۆ خۆی کێشکردوە و بوونەتە بەشێك لە پێکهاتە رێکخراوەیی و چەکداریەکەی، لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە، بە هاوکاری چەك و لۆجستی تورکیاو پارەی قەتەر و پشتیوانی ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپا، دژی رژێمی بەشار ئامادەکران و دەسەڵاتی سوریایان لەسەر سینی ئاڵتونی ڕادەست کراوە، تەنها دەتوانێ خزمەت بە ئەجندای سیاسی و ئەمنی ئەو دەوڵەتانە بکات کە دەستیان گرتوە بۆسەر کورسی فەرمانڕەوایی!
بەڵام پێگەی جوگرافی و دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا بەوجۆرە نیە کە ئەو کارە بە ئاسانی بۆ ئەحمەد شەرع و ئاغاکانی مەیسەربێت! یاریزانەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا زۆرن و بەرژەوەندیەکانیان جیاوازو بگرە ناکۆکە. ئەگەرچی رۆڵی ئێران و تاڕادەیەك ڕوسیا لە سوریادا تا ڕادەیەکی زۆر لاوازبووە، بەڵام دوو هێزی ناوچەیی، تورکیاو ئیسرائیل، لەسەر لاشەی سوریای دوای ئەسەد، خەریکی تیژکردنەوەی چنگ و ددانەکانیانن. ئیسرائیل رێگانادات کە تورکیا بڕیاردەری سەرەکی دۆخی سیاسی- ئەمنی سوریا بێت، کە رژێمەکەی ئەحمەد شەرع وەکو خزمەتکاری بەوەفای دەوڵەتی تورکیا رەفتار دەکات. ئیسرائیل، دەیەوێ رژێمی سیاسی سوریا بەوجۆرە بێت کە ئەو دەیەوێ. دەیەوێ دەسکەوتەکانی دوای روداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر و روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لە بەرژەوەندی خۆی کۆبکاتەوە. تەتانەت کردنەوەی دەرگای رەحمەتی ئەمریکا بەڕووی حکومەتە ئیسلامیە- داعشیەکەی شەرع بەو ئامانجە بوو کە لەلایەکەوە سوریا بە تەواوی لە باوەشی ڕوسیا و ئێران دەربکێشن و هاوکات لە بەرژەوەندی و بە مەرجەکانی ئیسرائیل، رێکەوتنی ئاشتی (ڕێکەوتنامەی ئیبراهیمی) پێ ئیمزابکەن!
لەلایەکەی دیکەوە پێکهاتەی کۆمەڵگای سوریا بەجۆرێکە کە دەسەلاتێکی ئیسلامی داعشی و جیهادی ناتوانێ بەڕێوەی بەرێت و وەڵام بە چاوەڕوانیەکانیان بداتەوە. کۆمەڵگای سوریا، ڕاستە کە پێکهاتەی نەتەوەیی، تائیفی و دینی جیاواز لەخۆ دەگرێ، بەڵام کۆمەڵگایەکی مەدەنی و کراوەیە، کە سەرباری دەیان ساڵ سەرکوت و داپلۆسێنی رژێمی بەعس و حافز ئەسەد و بەشاری کوڕی، بەڵام چاویان لە ژیان و ئایندەیەکی ئازاد و کراوەو یەکسان بڕیوە. چاویان لە ئایندەیەکی سیاسی بڕیوە کە هەموو هاوڵاتیانی سوریا، جیاواز لەهەر تایبەتمەندیەکی تائیفی و دینی و نەتەوەیی، وەکو هاوڵاتی یەکسان و ئازاد مامەڵە بکرێن لەلایەن دەوڵەتەوە. دەوڵەت هیچ پێناسەو سیمایەکی دینی و تائیفی و نەتەوەیی نەبێت.
روداوەکانی کەنارەکانی رۆژاوای سوریاو کۆمەڵکوژی عەلەویەکان و ئێستاش پەلاماردانی سوەیدا و کوشتاری سەرجادەیی دروزەکان بەروونی ئەوە نیشان دەدەن کە کێشەی سوریا، کێشەی ئەمنی نیە، وەکو خودی حکومەتەکەی شەرع و ئەمریکاو ئەورپاو تورکیاو ووڵاتانێکی دیکە ئاماژەی پێدەکەن، بەڵکو کێشەیەکی سیاسی قووڵ و خەتەرناکە و ئەگەر لەچوارچێوەی کێشەی ئەمنیدا قەتیس بکرێتەوە، کارەساتی مەرگبار روبەرووی کۆمەڵگای سوریا دەکاتەوە. سەرباری پرسی عەلەویەکان و دروزەکان و جێگاورێگایان وەکو هاوڵاتی یەکسان و خاوەن ماف لە دەولەتی سوریادا، کە پرسێکی کەمبایەخ نیە، پرسی کورد و چارەنوسی هێزەکانی هەسەدە، ئەگەر وەکو پرسێکی ئەمنی مامەلە بکرێ، دەتوانێ کارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێ. ئەو حکومەتەی ئێستا لەسەر دەسەڵاتە ئەهلی ئەوە نیە کە بەشێوەیەکی سیاسی عادیلانە ئەو پرسانە چارەسەر و یکلابکاتەوە. بۆیە مانەوەی تەنها دۆخی سیاسی- ئەمنی- کۆمەڵایەتی سوریا تێکدەدات و دەرگای شەڕی ناوخۆ بەڕووی خەڵکی سوریادا دەکاتەوە، کە دوای زیاتر لە (٥) دەیە لە سەرکوت وداپڵۆسین و زیندانە بەدناوەکانی رژێمی ئەسەد و برسیکردن و هەژاری ...تاد. بەدوای ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئارامیدا دەگەڕێن.
سوریا پێویستی بە حکومەتی شەرع و هاوشێوەکانی نیە، بەڵکو پیویستی بە رژێمێکی سیاسیە کە لەسەربنامەی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، هەڵوەشاندنەوەی پێناسەی عەرەبی دەوڵەت و ووڵات، چەمکی هاوڵاتی یەکسان، بەرەسمی ناسینی ئازادیە سیاسیەکان، ئازادی بیروباوەڕ و ویژدان، ئازادی دینداری و بێدینی، خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و بیمە کۆمەڵایەتیەکان، مافی یەکسانی ژن و پیاو لەهەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.... دامەزاربێت. خەڵکی سوریا شایستەی رژێمێکی سیاسی و دەوڵەتێکی لەوجۆرەیە!
