ڕادەستکردنی نەوت ئیفلیج بوونە و فرۆشتنی بە قاچاغ خۆکوشتنە

6 ڕۆژ لەمەوپێش



زەبەنگ بەهادین
  
گومانی تێدا نییە نەوت و غاز لە ناو ھاوکێشەی جیھانیدایە و بەھایەکی گرنگی ھەیە بۆ ھەموو دەوڵەتەکان، بەڵام پەتی جوڵانی مامەڵەی نەوت و غاز بە تایبەتر لە دەست زلھێزەکاندایە، نەوتی عێراق بەشێکی گرنگی ئەو ھاوکێشە و بەرژەوەندیانەیە کە پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی و مانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی و ھاوسەنگ بوونی لە نێوان جەمسەرەکان.

ھەرچی کوردوستانە وەک حەوشەی دواوەی ماڵ لێی دەبینرێت کە مامەڵەی دروستی نەبوە و نییە تا ئێستا لە ناو ھاوکێشەی جیھانی نەوت، لەبەر ئەوەی کوردوستان دەبێت لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی و بەرژەوەندیەکانی بەغداد مامەڵە بە نەوتەوە بکات، کە ئەو بەرژەوەندیانەش پەیوەستن بە ئەمریکا و ئێران و تورکیا و سعودیە بە تایبەتر.

لە ماوەی حوکمرانی کورد لە دوای ٢٠٠٣ و تێکەڵبونی بە عێراق ئەوەی نوێنەری کورد بیری لێ نەکردبوە چۆنێتی دارشتنەوەی سیاسەتی نەوتی و چەسپاندنی ئابوری سەربەوخۆ بووە لە ناو دەستوری عێراقی بە تایبەت لەو کاتەی کورد دەسەڵاتێک و پەیوەندییەکی باشی ھەبوو ھەم لە جیھان و ھەم لە ناو خۆی عێراق ، لەبەر گیرفان پرکردن و خۆ دەوڵەمەندکردن ھیچ ئایدیایەکیان نەبووە تا بتوانن داھاتوی ھەرێمە کە پارێزراو بکەن لە روی ئابوری سەربەخۆ و مامەڵەکردن بە شێوەیەکی یاسایی و دەستوری بە نەوتەوە ئەنجامەکەی ئەوە بوو بینیمان دەرگای ھەناردەکردنی نەوت لە کورد گیرایەوە و گەراینەوە خاڵی سفر.

ئێستا نەوت بە تانکەر دەروات بەڵام دور لە یاسا و رێنمایەکانی حکومەتی عێراقی کە ئەمەش عێراق و بگرە جیھانیشی نیگەران کردوە ، لە دوا پەیوەندی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت دەبێت نەوت لە رێگەی تورکیاوە ھەناردە بکرێت بە مانای دەبێت نەوتی کوردوستان لە ژێر سایە و دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی ئەو نەوتە بنێردێتە دەرەوە بەمەش کورد ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەر نەوت و کۆمپا نیاکانی نەوت و داھاتی نەوتی نامێنێت ، عیراقیش سورە لە سەر جێبەجێکردنی تەسلیمکردنی نەوت لە بەرامبەر مووچە ، کە دەسەڵاتی کوردیش توانای دابینکردنی مووچەی نەبێت چونکە ھیچ داھاتی نەوتی دیار نیە و بە داھاتی ناوخۆش ناتوانێ ئەو برە پارە زۆرە بە دەست بێنێت بۆیە ناچار دەبێت نەوتەکە تەسلیم بکات لە بەرامبەر دابینکردنی مووچە لە بەغدادەوە ، ئەمەش بە مانای ئیفلیج بونی دەسەڵاتی کوردی ، لە حاڵاتێکدا نەوتەکە تەسلیم نەکات بە دڵنیای نە ئەمریکیەکان دێنە خەت چیدی و نە عێراقیش مووچە دەنێرێت ، لە پاڵ ئەمەشدا ئەو ئەزمونەی دەسەڵاتی کوردی پێشتر پێشکەشیان کرد لەگەڵ میللەت و ھاونیشتیمانیانی خۆیان دا ئێستا بەرھەمەکەی ئەوەیە کە کەس بەرگریان لێ ناکات و بگرە رۆژ لە دوای رۆژ دووری و نەمانی متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات لاوازتر دەبێت بەرەو نەمان دەچێت ، تەسلیم نەکردنی نەوت بە بەغداد بە ئاسانی تێیناپەرێنرێت بەڵام بەغدایش پەلەش ناکات لە کاردانەوەی خۆیدا لە ئێستادا ، ھەرچەندە بەغداد دەتوانێ بیکاتە بەھانەیەکی گەورە بۆ دەستگرتن بەسەر کێڵگە نەوتیەکان وەک لە دوا قسەکانی سودانی دەڵێت نەوتەکە تەسلیم نەکەن کاری یاساییان بەرامبەر دەکەین ، ئەمەش بۆ دەوڵات ئاسانە چونکە دادگای فیدراڵی لە ژێر ھەژمونی ئەواندایە ھەموشمان باش دەزانین بەرامبەر دەوڵات ھیچ ناکرێت و جیھان و ئەمریکاش پشتگیری بەھێز بوونی دەوڵەتی عێراقی دەکەن و نایەنوێت دۆخی ناوخۆی عێراق جارێکیتر تێکبچێت و گروپەکانی سەر بە ئێران زیاتر رۆبچنە ناو دەمارەکانی عێراقەوە .

کورد ئێستا لە نێوان ئیفلیج  بوون و خۆکوشتن ھیچ دەرچەیەکی دی نییە بە تایبەتر کەکوردەکان یەک دەنگ و ھاو ھەڵوێست نیین چونکە کۆمەڵێک سود مەندن و کۆمەڵێکیش قوربانی ، رەنگە لە ئێستادا ئیفلیج بوون باشتر بێت بۆ دەسەڵاتەکەی و پاراستنی میللەتەکەی لە خۆکوشتنی دەسەڵات و دانی میللەت بە چارەنوسێکی نادیار ، بۆیە تەسلیمکردنی نەوت تاکە رێگایە لە ئێستادا و بۆ پاراستنی ئەوەی بە دەستمان ماوە دەبێت پارێزگاری لێبکەین .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار