دوا میراتی خەلیفە

5 ڕۆژ لەمەوپێش



فارس نەورۆڵی 

دوای ئەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە کۆتایی تەمەنیدا بوو  لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی سەرزەمینی عوسمانی بەریتانیاو فەرەنسا کەوتنە گفتوگۆو ململانێ و مناوەرەی سیاسی  بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  لەم کێشمە کێشمەدا ئەمریکاش ڕۆڵی هەبوو بەڵام نەک وە فەرەنساو بەریتانیا کە ڕۆڵی کاریگەر لەسەردەستی ئەوان بوو. 

ململانێ و شەڕوشۆڕ  لەم ناوچانە بوو کە ئێستا بە لوبنان و سعودیەو سوریاو عێراق و ئوردن و ئیسرائیل ناسراوە،  ئیتر بەفێڵ و بەشەڕو پێکدادانی ناو خێڵە عەرەبەکان و جووەکان و دروزەکان کە ئەوکات فەڕەنساو بەریتانیا بۆبەرژەوەندی خۆیان دژی یەکتر بەکاریان دەهێنان و ئەوانیش بەدوای چارەنوسی خۆیانەوە بوون دبلۆماتکارێکی فەرەنسی لەو سەروبەندەدا بەناوی  ڕۆبەرت دێ کایس ووتبووی : (بۆمن لەم جیهانەدا تەنها دوو شت بەلامەوە گرنگن یان بونیان هەیەو لەگۆڕێدان ئەوەی کە خزمەتی  وڵاتەکەم دەکات و ئەوەش کە زیانی پێدەگەیەنێت. 

من لەژێر هیچ چرایەکی دیکەدا لەپرسی سیاسیانە ناڕوانم)، ئەمە هەر فەرەنسا نەبووە بەئاشکرا دەیووت بەدوای بەرژەوەندیی خۆیدا دەگەڕێ، ئینگلیزەکانیش دەیان ویست لەناو گەمەکەدا  پشکی شێر هی خۆیان بێت و هەوڵیان دەدا فەرەنساو عەرەبەکانیش فریو بدەن بەتایبەتی عەرەبەکان.

(ئەدمۆند ئەلنبی) بۆ ئەوەی کێشە دژوارەکان دوابخا هەوڵیدا عەرەبەکان هێور بکاتەوەو دڵنیاییان بداتێ تاشیکردنەوەیەکی باوەڕ پێهێنەرانە بۆ ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ بۆعەرەبەکان بکات لەهەمان کاتدا هێور کەرەوەیەکی کاتی بە فەرەنسییەکان بدات، بۆیە ئەلموند ئەلنبی بەمارک سایکسی وتبوو: (من تەواو ئەوحاڵەتە دەناسمەوە کەوا ئێمە دەبێ دۆستە بچوکەکانمان بفرۆشین تادۆستە گەورەکانی پێ بکڕین بۆ دابین کردنی ئاسایشی ئایندەمان لەڕۆژهەڵات) هەرواشیان کرد لەم بگرەو بەردەی نێوان فەڕەنساو ئینگلیز و  عەرەب و جووەکان و  دروزدا بەرەنجام  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشکرا بۆدەسکەوتی وزەو ڕێگاکانی بازرگانی  و نفوز.

بۆیە فەڕەنسا و بەریتانیا  جوگرافیای سنووری قەڵەمڕەوی عوسمانی یان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دابەشکردەوە لەم  هەرایەدا عەرەب  و جوولەکە دەوڵەتیان بۆدروستکرا، تورکەکانیش بە ڕابەرایەتی کەمال ئەتاتورک توانیان دەوڵەتێک بۆ تورک لە جوگرافیایەکی گرنگدا دروست بکەن، بەڵام کورد و دروزەکان و فەلەستینیەکان دەستبەتاڵ دەرچوون.  سەد ساڵ زیاترە لەدوای ئەو دابەشکارییەوە دەچەوسێنرێنەوە. 
پرسیارەکە لێرەدایە ئایا دوای دابەشکردنی میراتی عوسمانی سەد ساڵ تێپەڕین بەسەر ڕێککەوتنی سایکس بیکۆدا جارێکی دیکە میراتی سایکس بیکۆ دابەشدەکرێتەوە وەک چۆن ئەو کات میراتی  خەلیفەیان دابەشکرد.

ئەگەر سەیری شەڕوململانێکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین  وەک هاوشێوەی کۆتایی میراتی خەلیفە وایە، بەڵام  لەفۆرمێکی دیکەدا  پێ دەچێ کۆتایی میراتی سایکس بیکۆ لەدەرەوەی دابەشکاری جوگرافیدا  بەفۆرمێکی دیکەی بەڕێوە بردنی وڵاتانی ناوچەکە لە لایەن  پێکهاتەو گەلەکانیانەوە دابەشکەنەوە  کە گۆڕانکاری لەکایەی نفوزی سیاسی و بازرگانی و ئابووری و وزە بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکان ، بەڵام ئێستا هەندێ جێگۆڕکێ کراوە لە  جێگای یاریکەرە سەرەکیەکاندا. 

ئێستا ئەمریکا لەپێش بەریتانیاو فەرەنساوەیە قسەی کاریگەرو کۆتایی هی ئەمریکایە لەهەمان کاتدا چین بوەتە هێزێکی گەورەو یاریزانێکی  سەرەکی  ئابووری و بازرگانی  ناو گەمەکە،  بوەتە سەرئێشە بۆ ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە ڕوسیا هێزێکی گەورەی تەحەدایی ناو بەریەککەوتنەکانە، بۆیە ئەمریکا دەترسێ ڕوسەکان تەواوکەر یا پاڵپشتی پرۆژەی چین بن. 

ئیسرائیل ئەگەر ئەوسەردەمە چەوساوە بوبێ ئەوا ئێستا بوەتە هێزی کاریگەر لەوێنە گەورەکەدا ئەم ململانێ و بەریەککەوتنانەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر کۆنترۆڵی وزەو بازاڕو هێڵەکانی  بازرگانیە لەوێنە گەورەکەدا بەر یەککەوتنی پرۆژەی ئەمریکی چینیە. لەبیرمان نەچێت میللەتانی دوای دابەشکردنی میراتی خەلیفە و ناو نەخشەی  سایکس  بیکۆ کەبێ دەوڵەت مانەوە سەد ساڵ زیاترە سەرکوت دەکرێن  کە کورد و دروزو فەلەستینیەکان بوون، کەئێستا هەرسێکیان لەهەلومەرجی دابەشکردنی میراتی سایکس بیکۆدان. 

بۆیە ئەم سێ پێکهاتەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( کورد ، دروز و فەلەستین ) ئێستا لەناو جەنگێکی  جۆراوجۆردان هەر لەشەڕی  ئاشکرای سەربازی  تا  شەڕی هەواڵگری و برسی کردن و  شەڕی دەرونیدان ، لەپێناو شوناس و گەڕانەوەی پشکی خۆیان کە لەمیراتی خەلیفە بێ بەش کرابوون  دەیانەوێ ئەم جاریش لەمیراتی سایکس بیکۆ بێ بەش نەکرێن.

بۆ کورد گرنگە هەردوو وتەکەی کە لەوتارەکەدا ئاماژەم پێداوە لەبیری نەکات، ئەویش وتەی فەرەنسی و بەریتانیەکانە کە بەریتانیەکە دەڵێ: (ئێمە دۆستە بچوکەکانمان دەفرۆشین بۆئەوەی دۆستە گەورەکانی پێ بکڕین)، فەرەنسیەکەش دەڵێ: دوو شت لای من لەبەرچاوە ( ئەوەی خزمەت بە وڵاتەکەم دەکات و ئەوەی زیان بەوڵاتەکەم دەگەیەنێت).

ئەی کورد لەم دۆخەدا چی بکات؟ ئەوەجێ دێڵم بۆ ئەحزابی کورد، تەنها  ئەوە  دەڵێم  دەبێ بزانن بێ بەشکردنی کورد یاخود بەدیهێنانی دەسکەوت لەمیراتی سایکس بیکۆ   گرێدراوە بەتۆکمەی و یەک گوتاری  کوردییەوە دۆخەکەش وەک نەشتەرگەری مێشک وایە بە هەر هەڵەیەکی دکتۆر نەخۆشەکە دەمرێت. 

بۆیە کەوتن یاخود سەر کەوتنی کورد لەم قۆناغەدا پەیوەندی  بە ئەحزابی کوردیەوە هەیە، لەم پرۆسەیەدا ئەحزابی کوردی بەکرداری ئەرێنی و نەرێنی  لای خودا لای مێژوو لای ئەم نەتەوە ستەم دیدەیە بەرپرسیارن بۆیە پێویستە واز لەم گەمە بچوکانە بێنن  کەئێستا خۆشیان و نەتەوەکەشیان پێوە ماندو شەکەت کردوە پێویستە وشیارببنەوە و پرۆژەیەک بۆ ناو گەمە گەورەکە بخەنە سەرڕێ   بەمەرجێ لەتەک پرۆژەی زلهێزەکاندا تەبابێت و بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکەش لەبەر چاو بگرێت بۆئەوەی  وەک چۆن لەمیراتی خەلیفە بێ بەش کراین لەمیراتی سایکس بیکۆ بێ بەش نەکرێین و  جارێکی دیکە بۆسەد ساڵی  دیکە نەبینەوە  قوربانی ناو شانۆی سیاسی  ئەوەش بزانن کات لەبەرژەوەندی کورد نیە!.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار