میتی ماوسەکەی یەکگرتوو و پەیامەکەی بوتەفلیقە

3 ڕۆژ لەمەوپێش



ئارام رەفعەت
میتی ماوس (مایتی ماوس) یان مشکە بەهێزەکە، ئەو مشکۆکە پاڵەوانە گوێ پان و رۆح سوکەیە کە بەئازایەتی خۆی گیانی هەزاران رزگار دەکات.
لەهەر کوێیەک یەکێک گیانی لەمەترسی دابێت میتی ماوس لەوێ ئامادەیە و رزگاری دەکات. 

میتی بەو بچکۆلەییەی خۆی رەوە گورگ راودەنێت، پشتی گا هارەی ئیسپانی لە ئەرز دەدات و پشیلەی دونیاش لێی تۆقیون.
ئەو شەمەندەفەر دەوەستێنێت، بۆمبی ئەتۆمی پوچەڵ دەکاتەوە و ئاراستەی رۆکێت پێچەوانە دەکاتەوە.
یارۆکەی یەکگرتووش هەروا، تەنانەت زۆر لە میتی ماوسیش ئازاتر.

ئەوە میتی ماوسەکەی یەکگرتوو بوو کە ئەو دەروازەیە ئاسنینەی بەسەر غەزەدا کردەوە کە بەهەموو بە هەموو نەتەوە یەکگرتووەکان نەدەکرایەوە.
ئەو نانەی سەرجەم وڵاتە تریلیۆنلێرەکانی کەنداو پێیان دابین نەکرا، میتی گیانی یەکگرتوو لەمانگە شەو رفاندی و خستیە سەر سفرەی هەژارانی غەززە.
ئەو دیواری ترسەی ٢٢ وڵاتی عاڕەبی نەیانوێرا دەستی بۆ بەرن، وانێکەکەی یەکگرتوو بە پەلەپیتکەیەک روخاندی و ناتانیاهۆی مەلعونی زەلیل و داماو و ملکەچ کرد.

ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا بە هەرچی ئەستیرەی دەسکردی هەیانە نەیانتوانی تولەرێگایەک بدۆزنەوە تا پێی بگەنە غەززە. میتی کاروان بە تیلەی چاوێک راستە شەقامێکی دۆزییەوەو و کردییە کاروانسەرای کۆمەک بۆ هەژارانی غەززە.

جا میتی ماوس چییە لە چاو میتی کارواندا؟! ئازا و بەغیرەت و بەقیمەت هەر خۆیەتی، تا میتی گیان لەمەیدان بێت، هەر ٢٢ پادشا و سەرۆکە عاڕەبییەکە هەر دەبێت لە گوپی بێغیرەتی و بێقیمەتی و ترسنۆکی خۆیان بدەن.

میتی کاروان هێندە ئازایە مۆرکی بێقیمەتی و بێغیرەتی و ترسنۆکی نایە تەوێڵی سوڵتانە پیرەی ئازیز و بەدەستنوێژەکەی ئومەتی ئیخوانی.
یەکەم جارە بەزەییم بە سوڵتانە پیرەدا دێتەوە و داوای بەزەیی و شەفاعەتی بۆ لە میتی کاروان دەکەم.

بەو ئومێدەی میتی ماوسەکەی یەکگرتوو بەزەییەکی بە سوڵتاندا ببێتە و مۆرکی ترسنۆکی و بێغیرەتی و بێقیمەتی لێبکاتەوە، ئەم بەسەر هاتەی بۆ دەگێڕمەوە.
لە کۆبوونەوەیەکی کۆمکاری عاڕەبیدا، قەزافی زۆر هەڵەوەڕی کرد و هەرچی لەسەر زاری بوو، دەربارەی ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسرائیل، نەیگێڕاوە.
دوای ئەو سەرەی وتارەکەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆکی جەزائیر هات.

بوتەفلیقە گۆتی منیش حەزم دەکرد وەک قەزافی ئازا بوومایە و هەرچی لەدڵمدایە بیڵێم. بەڵام من سەرۆک کۆمارم و پاراستنی بەرژەوندی و چارەنووسی گەلی جەزائیر لەسەر شانی منە.
بوتەفلیقە چونکە ترسنۆک و بێغیرەت و بێ قیمەت بوو، هەم سەری خۆی لە تەرزە و تۆفی بەهاری عاڕەبیدا پاراست، وە هەم چارەنوسی خەڵکی جەزائیریش.
قەزافیش چونکە ئازاو بەغیرەت و بەقیمەت بوو و هەم سەری خۆی بە فەتارەت دا و هەم هی گەلی لیبیاش.

ئێ سوڵتانە پیرەش هەم چارەنووسی قەزافی و هەم هی بوتەفلیقەی لەبەر چاوە. بۆیە چۆتە سەر مەزهەبی بوتەفلیقە.
ئاخر بوتەفلیقەی داماو لەچاو سوڵتانە پیرە، جگە لەوالییەک هیچی تر نەبوو.

سوڵتانە پیرە سوڵتانی بەر و بەحرە. ئەو بێجگە لە تورکەکان، چارەنووس و بەرژەوەندی داعش و ئیخوان و جۆلانی و بنەماڵە و کاک سەلاح و حەماس و بن زاید و ئەلقەرەداغی و ئەبو حەمزە و ئەبو عەمشەش هەمووی لەسەر شانی سوڵتانە پیرەیە.
چارەنووس و بەژەوەندی ئەو حەمکە عالەمە بەستراوەتەوە بە ترسنۆکی و بێغیرەتی و بێقیمەتی سوڵتانەوە. 

بۆیە لەسوڵتان ببورە قوربان، هەولێری گۆتەنی عالەم فەقیرە.
دوو تێبینی:

یەکەم: دەستی یەک بەیەکی هەر کوردێکی مرۆڤدۆست ماچ دەکەم ئەگەر بتوانێت بە دینارێکیش بێت هاوکاری خەڵکی زوڵملێکراوی غەززە بکات، بەڵام لەدەرەوەی پیلانی میت و ئیخوان.
دووەم: هەرسێ چەمکی "ترسنۆک و بێغیرەت و بێقیمەت" هی میتی کاروانن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار