کورد و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر

3 ڕۆژ لەمەوپێش
زانا تۆفیق بەگ
لە دوای ڕێکەوتنی ١٧ تەمووزی ساڵی ٢٠٢٥ نێوان هەرێمی کوردستان وحکومەتی فێدڕاڵی لە بەغداد بەپێ خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە کورد نوێنەری ڕاستەقینەی نە بووە لە پەرلەمانی عێراق ئەو کوردانەی کە کاریان کردوە لە پەرلەمان هەمان شێوازی ئەو کوردانەن کە ئەندامی، مەجلیسی تەشریعی، کاتی بەعس بوون وە توانای پسپۆڕیان زۆر لەم پەرلەمانتارانەی ئێستای هەرێم زیاتر بووە .
ئایا کورد نوێنەری ڕاستەقینەی هەیە لەناو پەرلەماندا؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستمان بەبیرکردنەوەی زۆر قووڵ نیە، چونکە هەموو هێزە سیاسیەکان و هاووڵاتیان دەزانن تەنها بوونی کورد لەناو پەرلەماندا بۆ کاری بزنس و خۆدەوڵەمەندکردنە، ئەوەی باکیان نەبێت هەرێم و ئایندەی کوردستانە .
لە دوای ساڵی ٢٠٢٣ پاش هەڵبژاردنی پەڕلەمان عیراق چەند ین یاسای گرنگ پەسەندکرا، کە تایبەت بوو بە چارەنووسی خەڵکی عێراق بەتایبەتی هەرێم . وەك دەڵێن بەشێک لە نوێنەرانی کورد بە پارە دەنگیان لەسەر ئەو پرۆژانە داوە کە هیچ نرخ وسەنگێکیان بۆ کورد و خەڵکی کوردستان نەبووە ، جگە لەوە بەشێك لەو پرۆژانە بوونە بابەتێکی یاسایی ترسناك بۆ ئاسایشی نەتەوەیی کورد باشترین نمونە یاسای حەشدی شەعبی وە چەندین یاسای تری ئیداریی و مالیی لە عیراقدا.
زۆربەی یاساکانی پەرلەمانی عیراق نوێنەرانی کورد بەشدار بوون ، بەپێچەوانە وە کاریگەری خراپیان بەجێهێشت لەسەر هەرێم ،هەر لە نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی تا دەگات بە یاسای نەوت وگاز پاشان جێبەجێ نەکردنی مادەی ١٤٠ وە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان.
لاتان سەیر نەبێت ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەیە، هەتا ئێستا نازانی دەستور چەند مادەیە کام مادە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی هەرێم و پارێزگاکان. بۆیە هەندێ جار کرمی دارەکە لە خۆمانە کە ناتوانین دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە بەشێکی کێشەکە پەیوەندی بە نە شارەزایی خۆمانەوە هەیە لەناو دەزگاکانی بەڕێوەبردن و ئەنجومەنی نێوێنەرانی عیراقدا.
بۆچی کۆی گشتی هێزە سیاسەکانی کوردستان ئەم نەنگیە چارەسەرناکەن، بەردەوام بەدوای خەلکانی بێ ئەزموون و بێکەڵکدا دەگەڕێن تا بەربژێری بکەن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق؟
هێزە سیاسیەکانی کوردستان هەتا ئێستا پۆستی پەڕلەمان وەک پاداشتێك دەبێنن بۆ هەندێ کادری بێ ئەزموون و بێ توانا لەناو حیزبدا، ناکرێت کەسێك بەربژێربکرێت کە هیچ پسپۆریەکی یاسایی نەبێ بەتایبەتی لە بوارەکا نی تشریعی یاسایدا، ناکرێ بۆململانێی حیزبی خراپترین کوالێتی ئەندام پەرلەمان بنێریتە دەزگای پەرلەمان تەنها کاری بزنس و سەفەقاتی ژێربەژێر و، خۆدەوڵەمەندکردنی شەخسی بێت بەڵام کاتێك کە کێشەیەکی گەورەی یاسایی ودەستوریی دروست دەبێت کاکی ئەندام پەرلەمان بە پشوی رەسمی لە ووڵاتانی ئەوروپا بێت، بەردەوام منحەی پەرلەمانی بۆسەرف بکرێت بەناوی پشوی پەرلەمانیەوە لە گەڕانی ووڵاتانی ئەورپادا بێت وە خەریکی کڕینی شوقە و ڤێلای گرانبەهابێ وە خەریکی وەرگرتنی پاسپۆرتی دیبلوماسی وە پشکی هەبێت لە پرۆژەی وەهمیدا، بۆ سەلماندنی ڕاستی قسەکانمان، ماکیڵ رۆبیو، لە نووسینەکانی دا باس لە نوێنەرانی کورد دەکات لە بەغداد کە چ گەندەڵیەکیان کردووە لەگەڵ نوێنەرانی عەرەب لە پەرلەمانی عێراقدا بەتایبەتی لە گرێبەستی وەزارەتی بەرگری عێراق لە کڕینی چەكی وەهمی لەگەڵ بەشێک لە سیاسیە ئەمریکیی و ئەوروپاییەکاندا .
ئەوا زیاتر لە سێ مانگە فەرمانبەرانی کوردستان مووچەیان پێنەدراوە کام نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عیراق و دەزگاکانی بەڕێوەبردن بڕیاری وازهێنانیان لە پۆستەکەیدا داوە و گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان، ئەمانە کۆمەڵێ خەڵکی دۆگمان وە نوێنەری خەڵک نین تەنها نوێنەری گیرفانی خۆیانن.
