لە کولتوری یاخیبوونەوە بۆ پەروەردەی کارگێڕی

2 ڕۆژ لەمەوپێش



شارۆ شاهۆ 

کاتێک پەڕەکانی مێژووی کورد هەڵدەدەینەوە، پڕن لە پۆرترێتی سەرکردەکانمان کە هەمووان شیک و پۆشتە و پەرداخ بوون. هەروەها، بەسام و خاوەن هەیبەت بوون، چاوی تاکی کوردیان تێرکردوە لەوەی کە ئەمانیش خاوەن فیگۆر و ڕەمزن وەک نەتەوەکانی تر. هەر ئەم خۆشەیداییە بۆ سەرکردەکان لەلایەن خەڵکەوە بووەتە هۆکاری دروستبوونی گرێ بۆ سەرکردەکان، کە هەرگیز بیر لە بنیادنانی دامەزراوە ناکەنەوە. بە جۆرێک ئەگەر بیری لێبکەینەوە، زیاتر لە بواری میدیا، کەرتی سەربازیی، کۆمپانیای کارتێلیی و بازاڕی ڕەش کاریان کردووە. 

تاکی ئێمە نامۆیە بە ژیانکردن لەناو دامەزراوەکاندا. هەمیشە دەترسێت لەو جۆرە ژیانکردنە. کولتوری پەیوەست نەبوون بە کاتەکانی دەوام، بەکارنەهێنانی زمانێکی هاوبەش بۆ ئیمێڵ و نەبوونی داهێنان لە سیستەمی کارگێڕیدا نەبووەتە  کولتورێکی ژیانیی بۆ تاکی کورد. بۆیە زیاتر مۆرکی یاخیبوونی بەسەردا دەچەسپێت. 

کارەساتەکە ئەوەیە کە کۆمەڵێک توندئاژۆی نەتەوەیی، ڕەوایەتی ئەفسانەییان بۆ ئەم بابەتە داڕشتووە کە گوایە کورد خۆی بە سروشت دژە سیستمە. مرۆڤی کورد ناتوانێت پەیوەست بێت بەهیچ جۆرە سیستمێکی کارگێڕییەوە. هەر بۆیە دەستبەستراوین لە تێنەپەڕاندنی ئەو میراتە لە سیستەمی کارگێڕیی کە لە بەعسیزمەوە بەجێماوە بۆ دامەزراوەکانمان. ئەگەر دوورتریش سەیری میراتەکە بکەین، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مۆدێلە کارگێڕیانەی کە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەویەوە بەجێماون. 

سەرەڕای ئەوەش، دایک و باوک، هەمان پەروەردەی کارگێڕیی منداڵەکانیان دەدەن لەوەی کە چۆن دڵی گەورەکان لە شوێنی کار ڕازی بکەن، یان فێریان بکەن کە شوێنی کار وەک دوا مەنزڵگە ببینن بۆ دیاری کردنی جۆری ئەو پلە و پایە کۆمەڵایەتیەی کە تێیدا دەژین. چونکە شوێنی کار بووەتە هۆکارێک بۆ دیاری کردنی پێگەی کۆمەڵایەتی، نەوەک گەشەپێدانی سیستەمێکی کارگێڕیی تایبەت بە کورد. لەبەرئەوە تاکی ئێمە باوەڕی بە کوتلەکاریی و بەرپرسێک هەیە کە بەڕێوەی ببات نەوەکو فێری بکات. 

تەنانەت ئەم دەردە بووەتە پێشمەرجی کارکردن بۆ ئەو دامەزراوە جیهانیانەی کە هاتوونەتە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن و بەشێکی کەرتی تایبەت پێکدەهێنن. چونکە مێنتاڵیتیی خەڵکەکە داوای بنەبڕکردنی گەندەڵی دامەزراوەیی ناکات. بەڵکو داوای ئەوە دەکات کە دامەزراوە ببێتە جێگایەک بۆ دابەشکردنی گەندەڵی بە یەکسانی، نەوەکو بوونی ویستی چاکە لە کارگێڕیدا ئەگەرچی لەناو کەرتی تایبەت میکانیزمی سەردەمیانەی بەڕێوەبردنی کارگێڕیی بوونی هەبێت. دواجار لە جێگایەکدا، ئەم نەریت و سیستمە دەشکێندرێت و دەکرێتە قوربانی پەیوەندی کەسیی، بونیادنانی تۆڕێکی بەڕێوەبردن لە کەسانی سەر بەیەک بنەماڵە یان گروپێک لە کەسانی نزیک لە یەکترییەوە کە سەرجەم شتەکان دەپۆشن لە پێناو سودی خۆیاندا  نەوەکو چاکەی گشتی. 

لێرەدا، بە گرنگی دەزانم چەند نموونەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی جیاواز بخەمەڕوو کە سیستمی پەروەردەی کارگێڕیی تایبەتیان دامەزراندووە، کە گرنگە ئێمەش پانتاییەک لەوان وەربگرین و سەرەتایەک بۆ پەروەردەی کارگێڕیی کوردیی ئاڕاستە بکەین: 

١. فەڕەنسا بە فێرگەی “École nationale d’administration” (ENA) ناسراوە کە لە ١٩٤٥ەوە لەسەر دەستی شارڵ دیگۆڵ دامەزراوە و لە ٢٠٢١ بە پەیمانگای نیشتمانی بۆ خزمەتگوزاری گشتی (INSP) جێگەی گرتووەتەوە. ئەم پەیمانگایە کارمەندی پایەبەرزی دەوڵەت ئامادە دەکات و زۆربەی وەزیر و سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا دەرچووی ئەم پەیمانگایەن. خوێندکاران فێری ڕێوشوێنی کارگێڕی گشتی، یاسا، ئابوریی، دارایی و زمانی بیانی دەکرێن بۆ ماوەی دوو ساڵ.

٢. یابان، دامەزراوەی دەسەڵاتی نیشتمانی کارمەندانی (NPA) هەیە کە دەزگایەکی بێلایەنە، ئەرکی سەرەکی پەروەردەکردنی کارمەندانە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ڕووی کارگێڕی و پاراستنی بەها نیشتیمانیەکان. زۆربەی جار ئەم دامەزراوەیە ئەرکداردەکرێت لەلایەن کابینەکانی حکومەتەوە بۆ دەستنیشانکردن و ڕاهێنانی کارمەند و کادری حکومی بۆ پۆستە هەستیار و باڵاکان.

٣.ئەڵمانیا، ئەکادیمیای فیدراڵی کارگێڕی گشتی (BAköV) هەیە بۆ ڕاهێنانی فەرمانبەرانی حکومی فیدراڵی، لە ساڵی ١٩٧٣ دامەزراوە و لە ژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی کاردەکات. بنکەکەی لە شاری برول دایە. پرۆگرامی پەروەردەی تایبەتمەند و پەرەپێدانی پیشەیی و کارگێڕی پێشکەش دەکات لە بەڕێوەبردنی گشتی، کارگێڕی دیجیتاڵی، سەرکردایەتی، و جێبەجێکردنی سیاسەت بۆ کارمەندان لە سەرانسەری وەزارەت و دەزگا فیدراڵیەکان. BAköV هەم ڕاهێنانی کەسی و هەم ڕاهێنانی ئۆنلاین پێشکەش دەکات. پشتگیری لە هاوکارییەکانی ئاستی یەکێتی ئەوروپا دەکات. هەروەها، بەشداری کارا دەکات لە ڕیفۆرمە نێودەوڵەتیەکانی بواری ئیدارەی گشتی. ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرزکردنەوەی کارایی و مۆراڵی کارگێڕیی لە ئیدارەی فیدراڵی ئەڵمانیادا.

٤.هیندستان، ئەکادیمیای نیشتمانی کارگێڕی لال بەهادوور شاستری (LBSNAA) هەیە کە لە ساڵی ١٩٥٩ دامەزراوە، دەکەوێتە شاری موسووری لە ویلایەتی ئووتاراخاند، بە ناوی سەرۆکوەزیرانی پێشوو لال بەهادوور شاستری ناونراوە. ئەرکدارە بە ڕاهێنانی کارگێڕیی بۆ کادرانی حکومی و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داڕشتنی بنەماکانی سەرکردایەتی و ئەخلاقیاتی کارگێڕی و بەرزکردنەوەی توانا کارگێڕیەکانی زۆرێک لە فەرمانبەرە پلە باڵاکانی هیندستان.

٥. شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا پرۆگرامی Fast Stream ی خزمەتگوزاری مەدەنی هەیە. ئەمە یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین پرۆگرامەکانی حکومەتی بەریتانیا یە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵ ڕابەرانی بەرز و کارمەندە پلە باڵاکانی خزمەتگوزاری مەدەنی پەروەردە کردووە. ئەم پرۆگرامە لەلایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیران (Cabinet Office)ەوە بەڕێوەدەبرێت، ماوەی پرۆگرامەکانی فێرکاری ٣-٤ ساڵ دەبێت کە چەندین بواری تایبەتی پێشکەش دەکات وەک سیاسەتسازی، تەکنۆلۆجیای دیجیتاڵیی، دارایی و خزمەتگوزاری دیپلۆماسی و زانستە کارگێڕیەکان. دەرچووەکانی ئەم پرۆگرامە تەواو ئامادەسازدەکرێن بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە باڵاکانی حکومەت و پەرەپێدانی لێهاتوویی و سەرکردایەتیان.

لە کۆتاییدا گرنگە دەسەڵاتی کوردیی و سیاسیەکانمان بەر لە پەروەردەی نەتەوەیی و بنیادنانی گوتارە سیاسیەکان کە زۆری قسەی بێکردار و پۆپۆلیستین. گرنگی تەواو بدەن بە بونیادنانی پەروەردەی کارگێڕیی بە هەموو لق و پۆلەکانی، بە جۆرێک کە لەناو سیستەمی پەروەردەشدا جێگای وانەیەکی تایبەتمەند بۆ زانستی کارگێڕیی بکرێتەوە. ئەگەر تاک فێری هونەری کارگێڕیی نەبێت، هەرگیز ناتوانێت نرخ بۆ بچووکترین شتی ژیان و خاکەکەی دابنێت. لە غیابی ئەم پەروەردەیەشدا، ناتوانرێت غەدری لێبکرێت و ئەرکداربکرێت، كە بۆ ناتوانێت هێزێک بێت بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لەم ڕەوشە چەقبەستووەی کە تاکی کوردی تێیدا دەژی؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار