ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا

21 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕابەر تەلعەت
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بۆ گروپە چەکدارەکان (میلیشیا)؛ دووجار مەیدانی مانۆڕ و هەژموونە! جارێکیان، لەوەی کە دەیانەوێت لە رێگای چوونە پەرلەمانەوە، شەرعییەتی سیاسی دەستبخەن، جارێکیش لەرێگای بەکارهێنانی ترس، چەک و پارەوە کاریگەریی لەسەر دەنگدەر و رکابەرە سیاسییەکانی خۆیان دروست بکەن!
پرسی "چەکی دەرەوەی دەوڵەت" رەنگە ببێتە گەرمترین بابەتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە. نیگەرانی ئەو گروپانە لە حکومەتی داهاتوو؛ پەیوەندی هەیە بە کۆنتڕۆڵکردن و چەککردنیانەوە، بۆیە لەوانەیە بە توندی دژایەتی هەر هێز و بەرنامەیەک بکەن کە دەست بۆ ئەم بابەتە ببات.
ئامادەیی میلیشیا لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا، دەوڵەت بەلاوازی دەهێڵێتەوە و سێبەرێکی قورسە بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردندا، زیاتریش لەوە بێکاریگەریکردنی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکە. بە بەهێزی مانەوەی ئەم گروپانە؛ مانای لاوازهێشتنەوەی دەوڵەتە، داهاتووی دوای هەڵبژاردن، هیچ ئەزمونێکی تازە لە حوکمڕانی پێشکەش بە خەڵکی عێراق ناکات. شەڕی ناوخۆیی روودەدات، ئەگەر حکومەتی داهاتوو، بڕیاری رووبەرووبونەوە بدات لەگەڵیان! سەرکەوتنی دەوڵەت و حکومەتی داهاتوو بەسەریاندا، پێویستی بە پشتگیریی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە!
میلیشیاکان ئێستا لەدۆخێکی نامۆدان، جیاوازە لە پێشووتر! ئەو هێرشانەی لێرە و لەوێ ئەنجامی دەدەن، بەتایبەت بۆ سەر هەرێمی کوردستان، جاران بەشانازییەوە بەرپرسیارێتی خۆیان لێی رادەگەیاند، ئێستا ئینکاریی لێدەکەن؛ ئەمە نیشانەی لاوازییە نەک هێز! نیشانەی ئەوەیە هەست بە هەڕەشەی جددی دەکەن لەسەر خۆیان. جگە لە ترس؛ ئەم گروپانە ئێستا زیاتر لە کۆمپانیای سەربازی و ئەمنی دەچن نەک ئایدۆلۆژی! بودجەی زەبەلاحیان بەدەستەوەیە، و کۆنتڕۆڵییان بەسەر زۆرێک لە خاڵە گومرگییەکانەوە هەیە.
میلیشیاکان لەوە دەچێ خۆیان بۆ قۆناغێکی دیکەی مانەوە لە گۆرەپانی سیاسی عێراقیدا ئامادە بکەن؛ ئێستا زیاتر لە سۆشیال میدیاوە شەڕ دەکەن، وەک لە مەیدان! بۆ چالاکییە سەربازییەکانیان، پاساوی زۆر و کامپینی میدیایی ئەنجام دەدەن. ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سایکۆلۆژیای ئەم گروپانەدا، ئەوان چیتر خۆیان وەک "مقاوەمە" نابینن، بەڵکو وەک لایەنێکی سیاسی کە خوازیارە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.
ئەگەری زۆرە ئەم گروپانە لە کامپینی هەڵبژاردندا وەک ئۆپۆزسیۆنی سیاسی خۆیان نمایش بکەن؛ بڵێن "ئێمە دژی فەساد و داگیرکاریی ئەمریکاین، بەڵام ئاشتیخوازین و باوەڕمان بە چارەسەری سیاسی هەیە". ئەمە هەمان ستراتیژی حزبوڵڵای لوبنانە، چەکدار بن و لە پەرلەمانیشدا رۆڵ و کاریگەرییان هەبێ.
ئەنجام؛ وەک شتێکی نامۆ دەردەکەوێت، بەڵام دوور نیە ئەم گروپانە، لەژێر فشاری زۆردا، خۆیان بگۆڕن بۆ رێکخراو و کۆمپانیای سیکیوریتی و ئەمنی – ئەوان دەتوانن بۆ مانەوەی خۆیان، ئیدیعای ئەوە بکەن کە " خزمەتگوزاری ئەمن و ئاسایش پێشکەش دەکەن". رەنگە داهاتووی ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عێراقدا، ئەگەر بە هەر فشارێکی دەرەکی یان ناوخۆیی بکەوێتە مەترسییەوە، ناچارییان بکات هەنگاوی پراگماتیستی گەورە بنێن، تا ئاستی ئەوەی ببن بە کۆمپانیای خاوەن چەک، بەڵام بۆ هەمان مەبەست و ئامانج کار بکەن!
