دۆخی هەڵواسراو، کۆمەڵگایەک لە چاوەڕوانی گۆدۆدا

23 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەد ڕەسوڵ

دۆخی هەڵواسراوی کۆمەڵگای کوردستان، هەموو ووزەیەکی مرۆیی و هەر ئەگەرێکی نوێبوونەوە و داهێنانی سست و پووچ کردووە. 

دۆخی هەڵواسراو، دۆخێکە تێیدا تاکەکەس، گروپێکی کۆمەڵایەتیی یان تەواوی کۆمەڵگایەک لە هەلومەرجێکی نائاسایی سەخت و نالەباردا دەژی. دۆخێکە چ لە باری ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و چ لە باری جێگیریی سیاسیی و تەناهییەوە، هەموو شتێکی لەبەردەم نادڵنیایی و ئەگەرە جیاوازەکاندایە و لە هەمان کاتدا هیچ ئەگەرێکیش ڕوونادات. 
هەرێمی کوردستان لە دۆخی هەڵواسراوییەکی تەواودایە. ئەمەش دۆخێکی نائارامیی هەمەلایەنەی لە سایکۆلۆژیای دەستەجەمعییدا بەرهەمهێناوە. کۆمەڵگایەک بە تەواوی هێزە سیاسییەکانییەوە بە دەسەڵات و ئەوەشی کە خۆی ناو ناوە ئۆپۆزیسیۆن، توانای هیچ جوڵەیەکی مانادار و ڕاستەقینەی نەماوە. فەزای گشتیی و هێزە کۆمەڵایەتییە گشتییەکەی کۆمەڵگا بە تەواوی سست و بێ ووزە بووە و بە چاوەڕوانییەکی بێهوودە و نادڵنیاییەکی، ئاوێزانبوو بە غەمگینییەکی پاسیڤەوە لە چاوەڕوانی گۆدۆدایە. 

هەر چاوەڕوانییەک لە دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان ، چاوەڕوانییە بۆ گۆدۆ. چاوەڕوانیی لە هێزە سیاسیەکانی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن ناودەبەن، چاوەڕوانییە بۆ گۆدۆ. هەر جاوەڕوانییەک لە هاوبەندیی جڤاتیی و هاوپشتیی ئینسانەکان و هێزی گشتیی کۆمەڵگا بە گوێرەی ئەزموونی ڕابردوو، چاوەڕوانییە بۆ گۆدۆ. هەر چاوەڕوانییەک لە کونسوڵگەریی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دیسانەوە بە گوێرەی ئەزموونی ڕابردوو، چاوەڕوانییە بۆ گۆدۆ. 

لە هەمووی سەختتر و دڵشکێنەرانەتر بۆ کۆمەڵگای ئێمە، کە ئومێدی لەسەر هەڵچنیبوو دەستێکی ڕزگارکەر بێت، دەوڵەتی ناوەندی، عێراق بوو، ئەویش جگە لە بێئومێدییەک هیچیتر نەبوو و چاوەڕوانی بوو بۆ گۆدۆ. 

"لە چاوەڕوانی گۆدۆدا"، شانۆنامەیەکی ساموێل بێکێتە کە باس لە چاوەڕوانییەکی بێهوودەی دوو مرۆڤ دەکات بە ناوەکانی ئیسترۆگان و ڤلادیمیر بۆ گۆدۆ. ئەم دوو پیاوە لەسەر ڕێگایەک وەستاون و لە گفتوگۆیەکی بەردەوامدان لەبارەی گۆدۆوە. هەموو گفتوگۆکەشیان ئەوەیە کە گۆدۆ هەموو شتێک دەکات، بەبێ ئەوەی بزانن گۆدۆ کێیە، چییە، کەی و لە کوێوە دێت؟ تەنانەت نازانن ئەگەر گۆدۆ هات، داوای چی لێبکەن یان گۆدۆ چی دەکات؟

هەندێک لەو تەوەرانەی ئەم شانۆنامەیە هێمای بۆ دەکات، وابەستەیی ئینسانە بە دەسەڵاتێکی نەزانراوەوە کە لە هەمانکاتدا گرێدراوە بە ئازارەوە، وابەستەیی بە دەسەڵاتێکەوە کە جگە لەوەی سەرچاوەی ئازارەکانییەتی، هەر ئینسان خۆی سەرچاوەی دروستبوونیەتی. ئەو بێماناییەی کە لە نێو چاوەڕوانیدایە بۆ گۆدۆیەک، بۆ دەسەڵاتێک کە نە هیچ دەکات و نە دێت و نە بوونی هەیە. لێرەوە ئەم جۆرە لە مرۆڤ لە نێوان هیوا و بێهیواییدا دەژی و هەموو کاتی خۆی لەنێو ئەم جۆلانێیەی نێوان ئومێد و بێئومێدییدا بەسەر دەبات و دواتریش دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی خۆی و یادەوەرییەکانی. یادەوەرییەکانیشی جگە لە هیوا و بێهیوایی و چاوەڕوانییەکی بێهوودە هیچیتر نەبوون. 

دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئاو و کارەبا، بڕستیان لە خەڵک بڕیوە هەم بە هۆی نەبوونیان و هەم نرخی گران. هەموو جۆرەکانی سووتەمەنی، ئەوپەڕی گرانن. خواردەمەنیی، کاڵا و پێداویستییەکان ڕۆژانە نرخیان بەرزتر دەبێتەوە. 

تەندروستیی لە کەرتە گشتییەکەیدا خاڵیی لە هەر پێشکەشکردنێکی خزمەتگوزاریی و تەنها بیناکان بەبەتاڵیی و بە کارمەندەکانەوە بەبێ هیچ دەرمان و ئامێرێکی پزیشکی پێشوازیت لێدەکەن. لە کەرتە تایبەتییەکەیدا، نرخ بەرزییەکی خەیاڵیی و بێمۆڕاڵانە پێشوازیت لێدەکەن.

خوێندن و پەروەردە لە ساڵانی ڕابردووەوە تا دێت بێ بودجەتر و بێخزمەتتر و بێبەهاتر دەبێت لەلایەن دەسەڵاتدارێتییە نیشتمانی!، بەڕێز! و خەمخۆرەکەی! هەرێمەوە. بۆ ئەمساڵی خوێندنیش بێتەوە بەو دۆخەوە بایکۆت و وێرانەیی زیاتری ئەو کەرتە پێشوازیت لێدەکەن.

مووچەش ئەوە دۆخەکەیەتی، کە ڕەنگە هەڵە نەبێت، ئەگەر بڵێم بە درێژایی مێژووی نزیک و دووری هەموو کۆمەڵگاکان، تەنها کۆمەڵگای ئێمەیە و لە وێنەی نادۆزرێتەوە، کە بە درێژایی زیاتر  ١٠ لە ساڵ لە دۆخی قەیرانی مووچەدا بێت و هێشتا هیچ ئاسۆیەکی چارەسەر دیار نییە و هەر لە چاوەڕوانییدایە، چاوەڕوانییەک بۆ گۆدۆ. 

کۆمەڵگایەک بەم دۆخە سەختانەدا تێپەڕ دەبێت و نە دەسەڵات، نە ئۆپۆزیسیۆن! و نە کۆمەڵگا خۆی و نە عێراقێکیش کە ڕۆژگاریک هیوای پێی هەبوو هیچیان لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئەم کۆمەڵگایە لە چاوەڕوانی گۆدۆدا نەبێت لە چاوەڕوانی کێ و لە چاوەڕوانی چییدایە؟!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار