ساڵرۆژی ئەنفالکردنی بارزانییەکان و رەخنە جددییەکە لەخۆمان

23 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەبوبەکر کاروانی
ئەمرۆ ساڵرۆژی ئەنفالکردن و رەشبگیری و دواتر کۆمەڵکوژکردنی هەشت هەزار بارزانی ورۆڵەی بێ تاوان و ستەملێکراوی گەلەکەمانە. کەلەساڵی ١٩٨٣ دا، هێزە ئەمنییەکانی بەعس فاشی ئاسا، رەشبگیریان کردن و دوواتر لەچوار چێوەی پرۆسەی کۆمەڵکوژکردنیاندا پاکتاویان کردن.
دەستگیرکردنی مناڵانی تەمەن نۆساڵ تا پیرەمێردی نەوەد ساڵیش لەو پرۆسە دۆزەخییەدا، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مێژووی فیرعەون و فیرعەونگەرایی بوو دژبەگەلەکەی موسا پێغەمبەر لەبەرگێکی موێرنی خوێناویدا..
ئەم کۆمەڵکوژییە، رێکەوتێکی مێژوویی و لەدەست دەرچوون نەبوو، بەڵکو بەشێك بوو لەسیاسەتێکی هەمەلایەنتری بەعسییەکان بۆ تواندنەوەی کوردی باشوور وەك گەل و کۆتایپێهێنانی وەك ناسنامەیەکی جیاوازی مافخوازو خاوەن خاکێکی نەتەوەیی تایبەت بەخۆی بوو، هەربۆیە دواتر بەچەند قۆناغێك ، سەرجەم کوردستانی داگیرکراوی باشووری گرتەوە، بەوەش سەدان هەزار کەسی تری بێ تاوان، تەنها لەسۆنگەی کورد بوون و ژیانیان لەهەندێ ناوچەی کوردستاندا، کەبە مەڵبەندی کاری پێشمەرگایەتی ناسرابوون و رژێمی بەعس لەچوارچێوەی سیاسەتی پاکتاوکردنی نەژادی و هەڵتەکا ندنی ژێر خانی ناسیۆنلیزمی کوردیدا بریاری دابوو، ژیانیان تێدا نەمێنێت، لەناوبران.
بەوەش بەعس، لەچوار جێوەی سیاسەتی قۆناغ بەقۆناغی جینۆسایکردنی کوردا، لەقۆناغی سەرکوتکردن و لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەی چەکداری کوردییەوە ، گواستیەوە بۆ هەوڵدانی سرینەوەی کورد وەك گەل لەمێژوودا، یاخوود بەجۆرێك مەسخکردنی، جارێکی تر توانای سەربەرزکردنەوەو بەرهەمهێنانی ناسیۆنالیزم و ناردنەوەی پێشمەرگەی بۆ چیاکان و ناسنامەسازیی نەتەوەیی خۆی نە مێنێت.
بەڵام خۆشبەختانە ئەوان چوونە زبڵدانی مێژوەو کوردستان ئاوەدا ن بۆوەو خەونەکەیان لەگەڵ خۆیان بردە گۆرەوە. بەڵام دەبێت لێرەدا ئەورەخنە جددییە لەخۆمان بگرین، کە نە بارزانییە بێتاوان کۆمەڵکوژکراوەکان و ونەکۆی ئەنفالەکان و قوربانیانی کیکمیاباران و راگواستن و خاپوور بوونی کوردستان، بەشێوەیەکی زۆرکاتی و سنووردار نەبێت، نەیانتوانی راچڵەکینێکی مێژوویی چارەنووسساز لەویژدن وبیرکردنەوە ی ئێمەدا بەتایبەتیش نوخبەی بریاربەدستی حیزبی و سیاسیماندا درووست بکەن، لە بازنەی قانگدراوو ململانێ و ناکۆکی و شەری نێوخۆی نەوە وێرانکەرەوە بێینە دەرێ و لەفەزای پاکی برایەتی و هاوهەستی وهاوئامانجی نەتەوەییدا، وەك نەتەوەو ناسیۆنالیزم بیربکەینەوەو رەفتاربکەین و خۆمان بۆ جیهان ومێژوو نمایش بکەین. هەموو ئەو شەهیدو فرمێسك و خوێن وقوربانییە مەزن وزۆرو زەوەندانەش، لە کۆ یاداوەرییەکی نەتەوەیدا بتوێنینەوە بۆ ئەوەی بەم جۆرەی ئێستا لە تاقیکردنەوەی پرۆسەی نیشتیمان و گەلسازیدا ئیکمال نەبین. لەکۆتایشدا درودوسڵاوو رەحمەتی خوا بۆ گیانی پاکی هەشت هەزار بارزانی وسەرجەم ئەنفالکراوەکان وتێکرای قوربانی و شەهیدانی راستەقینەی کوردستان.
چاوەرێدەکرێت لێرەبەدواوە، لەروانگەی ئەرکی گەل و نیشتیمان و دەزگاو دەوڵەتسازی و بەگەورە ڕاگرتنی کەرامەتی کوردستانیانەوە، لەئەرك وئەمەکداری خۆمان بەرامبەر مێژووی دوێنێمان بەهەموو قوربانی وئازارەکانییەوە بروانین نەك تەنها هەندێ بەزیندوو راگرتنی کەڕنەڤاڵیانەوە.
