ڤڵۆگەر و ڕێکلام!

دوێنێ



سۆما بەرزنجی

لە سایەی سەری ڤڵۆگەر و ڕیکلامچی و ناشارەزایان شار و سۆشیال میدیامان زۆر ئەکتیڤە.

بە ناوی ڤڵۆگەر و کەسی کاریگەر و ڕیکلامچی خۆیان ئەکەن بە حاکمی هەموو شتێک و شارەزای هەموو بوارێک و دەست بۆ هەموو شتێک دەبرێت ئەگەر ئەو بوارە شارەزایی خۆشیان نەبێت.

لە کوێی دونیا هەیە، پزیشک بیت و ڤڵۆگەر بیت و شاخەوان بیت و سەفیری کۆمپانیا زەبەلاحەکان بیت و کاری فاشیۆن و فۆتۆ شوت بکەیت و  گەنجی کاریگەر بیت و بەچکە بازرگانی جلو بەرگ و ئێکسسواری خانمان بیت. هەموو ئەمانە لە یەک ئینساندا، خۆ دڵنیام پێشەیەکی تریم لە یاد کردووە.

پیرۆزیی ئەم کەسایەتییە لە کوێیە، کورد وتەنی چۆن فریا دەکەوێ سەری خۆی بخورێنێت، چۆن بیر و هۆشی فریایی ئەم هەموو پسپۆڕیی و چالاکییە دەکەوێت، ئاخر پیشەی پزیشکی پیرۆزە.

سۆشیال میدیا، کامێرای ئاشکرای ماڵی مۆدێل و ڤڵۆگەرەکان و ڕیکلامچییەکانە، جاران پەردەیەک هەبوو بۆ نیشاندانی ژیانیان بەڵام ئەوەشیان نەهێشت، دەزانین کەی نان دەخۆن و چی لەبەر دەکەن، کێ میوانیانە، کەی دەخەون و هەڵ دەستن لە خەو و هەزارو یەک شتیتر. 

لەسایەی سەری ئەم کەسانە، فێری چێشت لێنان و چایی لێنان و میوانداریی و هاوڕێیەتیی و هاوسەری نموونەیی بووین، خۆ خێریشیان بنووسرێت، ئەوان نەبن ئێمە هەندێ خواردنی بیانی ناویشیان نازانین.

یەک کەسە، ڕیکلامی خواردن و سابوون و بۆیەی قژ و پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پێپسی و برنج و دایەنگە و قوتابخانە و جل و بەرگ دەکات. ژنە و ڕیکلامی جلی پیاوان دەکات. هەروەها ڕیکلام بۆ پزیشکەکانیش دەکات!

من سەرم لەو کۆمپانیا و پزیشک و خواردنگەو دایەنگە و پڕۆژە وەبەرهێنەکان و … هتد دەسوڕمێ لە سەر بنەمای چ لێهاتووییەک، دەیانکەنە مۆدێل و فەیسی کۆمپانیا و بڕاند و بسنزەکەیان، خۆ من هەر ئەوەندەی لێ دەزانم.

دێت لەسەر دەروون دروستیی قسە دەکات. کاکی من، دادەی من، بە یارمەتیت جەنابت بڕوانامەت هەیە لەو بوارەی باسی دەکەی؟! لایەنی کەم هیچ خولێکی نێودەوڵەتیی و باوەڕ پێکراوت هەیە؟ 

وەڵام؛: نەخێر، خۆمم پیا هەڵواسیوە، تا ئاستی بینەرەکانم و فان و فۆڵەوەرس و ئەم شتانەم زیاد بێ، بەڵکو پزیشکێکی جوانکاری یاخود ، خاوەنی پڕۆژەیەک بمکاتە فەیس براندی خۆی.

باسی دەروون دروستیی و گەنج دەکات. دەڵێت گەنج هەوڵ نادات و گەنج بێ کەڵکە. دەی تۆ پەلاماری هەموو پیشەکانت داوە و دەرفەتی ئەوەت نەهێشتۆتەوە گەنجێک ئەوە بکات لە بری تۆ. دواتریش بە تەحەداوە دەڵێت گەنج خاک فرۆشە و بێ کەڵکە.

تۆش خوا بتکات بە قوربانی بینەرەکانت، کۆمپانیایەک دێت و سویچی سەیارەیەکت پێ دەدات و دەتکاتە سەفیری کۆمپانیاکەی.

بەشداری هیچ خولێکی ئەتەکێت و شێوازی وانە وتنەوەی مامۆستایی نەکردووە و بەڵام لە سەنتەرێک، لە پەیمانگەیەکی ئەهلی و یان لە ڕێکخراوێک مامۆستای وانەیەک و پیشەیەکە.

ئێمە نابین بە وڵاتانی دراوسێ، کۆمەڵگەی ئێمە هیچ کاتێک لەگەڵ ئەو کەسانە نابێت، شتێک نەهێڵنەوە بە ناوی شەرم و حەیا و دەست بردن بۆ داب و نەریت و کولتوری کوردی. 

فەرشی سوور، بۆتە فەرشی ڤڵۆگەرەکان.
لەسەر فەرشی سوور، ئەوەندەی ڕیکلامچی و ڤڵۆگەرچی دەبینیت، کەسانی ئەکادیمی و خاوەن سەلیقە و بە هەیبەت نابینیت.

ڤڵۆگەر و ڕیکلام کەلە دونیا زۆر باو و ئاساییە هەبێت بەڵام پێوسیت ناکات هەموو ژیانی خۆی بە ئێمە بڵێت. منی بینەر کارم چییە بەوەی تۆ ئارەزووی کامە پێپسی دەکەی، کارم بەوە چیە لەگەڵ خێزانەکەت چویت بۆ کوێ.

گوێت لێناگرین لەبەر ئەوەی شارەزاییت نییە لە هیچ شتێکدا، هیچ بەهرە و لێهاتووییەکت نییە، جگە لە لێهاتوویی نواندنی ساختە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار