سیاسەتی برسیکردن: وەک بەشێک لە کلتوری حکومڕانی هەرێم

6 كاتژمێر لەمەوپێش
لەنجە حاتەم
زیاتر لە سەدەیەک پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هێشتا سێبەرەکەی بەسەر باشووری کوردستانەوەیە، نەک لە ئەستەنبوڵ بەڵکو لە هەولێر و لە سلێمانی. کورد کە پێشتر قوربانی چەوساندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو ئێستا لەلایەن سیستەمێکەوە بەڕێوە دەبرێت کە بە شێوەیەکی ترسناک ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو دابونەریتە دیکتاتۆرییەیە کە پێشتر بەرهەڵستی دەکرد. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەک بە میراتی دیموکراسی بەڵکو بە بنەماڵەیی حوکمی عوسمانییان گرتۆتەبەر لە ڕێگای سیاسەتی برسیکردن، دەسەڵاتی بنەماڵەیی، سەرکوتکردنی ناڕەزایی و کۆنترۆڵکردنی ئابووری.
لە باشوری کوردستان سیاسەتی برسێتی ستراتیژێکی ئەنقەستییە لەلایەن حکومەتی کوردییەوە، چەکێکە بۆ لاوازکردن و بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا بەکاردەهێنرێت بە دواخستنی مووچە، ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ئاژاوەی ئابووری و سەرکوتکردنی دەنگە ناوخۆییەکان بەکار دەهێنرێت. هەربۆیە تراژیدیاکە تەنیا ئەوە نییە کە ئێمە شکستمان هێناوە لە دەربازبوون لە ئیمپراتۆریەتەکە، بەڵکو ئەمجارە بە دەم و چاو و ئاڵای کوردییەوە دروستمان کردووەتەوە.
با داهاتوویەک بونیاد بنێین کە هی خەڵک بێت نەک تارمایی سوڵتانەکانی ڕابردوو.
کارمەندانی مەدەنی و پیشەگەران و گەنجان بە نائومێدی ماونەتەوە یان ناچار کراون بێدەنگ بن. خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە ڕووبەڕووی لیستی ڕەش و دەستگیرکردن و بێکاریی میدیا دەبێتەوە، کاتێک مامۆستایەک شەش مانگ چاوەڕێ دەکات بۆ مووچە یان خێزانێک ناتوانێت نان بکڕێت، ئەوە تەنها هەژاری نییە، بەڵکو سزایەکی سیاسییە لە خاکێکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەدا. بۆیە برسێتی کراوە بە ئامرازی بێدەنگی، بۆ تێکشکاندنی کەرامەت و پاراستنی دەسەڵات. ئەوەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە تەنها هەژاری نییە، بەڵکو سیستەمێکی ئەنقەستە بۆ خنکاندنی هیوا و سەرکوتکردنی ناڕەزایی.
ئەمە سیاسەتی برسێتییەو دەبێت بناسرێت، ئاشکرا بکرێت و بەرهەڵستی لێ بکرێت.
پێویستە چارەسەر لە خەڵکەوە دەستپێدەکات بەوەی نابێت کورد بێدەنگ بێت کاتێک برسێتی کۆنتڕۆڵی دەکات دەبێت خۆی گۆڕانکاری دروست بکات بە (وتنی ڕاستی و باسکردنی دادپەروەری بەبێ ترس. بە ڕێخستن نەک تەنها گلەیی کردن لە ڕێگای خۆپیشاندان، سەندیکا، بزووتنەوەی گەنجان، میدیای سەربەخۆ و دروستکردنی فشاری مەدەنی بەکۆمەڵ. بە وەستاندنی ئاساییکردنەوەی گەندەڵی و پاساو هێنانەوە و لایەنگری بۆ هەر لایەنێکی سیاسی، چونکە دڵسۆزی بۆ عەدالەت دەبێت لەپێش دڵسۆزی بێت بۆ پارتە سیاسییەکان. گەنجان دەبێت هۆشیاری سیاسیان هەبێت نەک کوێری حیزب، فێربکرێن داوای ماف بکەن نەک داوای چاکەیەک کە بەرامبەریان بکرێت. دەبێت ژیرانە دەنگ بدرێت، ئەگەر هەڵبژاردن تەنها نمایشکردنە با ئاشکرا بکرێت، ئەگەر راستەقینەیە با کاری لەسەر بکرێت بەڵام هەرگیز پاداشتی ئەو پارتانە نەدرێتەوە کە ئەندازیاری ئەم سیاسەتەن).
ئێمە لاواز نین بەڵکو وامان لێکراوە هەست بە لاوازی بکەین.
سیاسەتی برسیکردن بەردەوام دەبێت لەبەرئەوەی ئێمە بەردەوام خۆمان لەگەڵیدا دەگونجێنین. گۆڕانکاری ڕاستەقینە کاتێک دەست پێدەکات کە سیاسەتەکە ڕەت بکەینەوە، داوای نان (ماف) بکەین بە شکۆمەندی نەک بەم کەم کەمەیە.
