لەداونان

5 كاتژمێر لەمەوپێش



هۆمەر محەممەد

لێکەوتەکانی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائل لە ٧ی ئۆکتۆبەردا دەرکەوت چ سەرکێشی و یارییەکی خوێناوی بوو. کاردانەوەی ئیسرائیل تەنها بە کوشتنی سەرانی حەماس و حزبوڵا و تاران ڕانەوەستاوە، بەڵکو شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ هەرکەسێکە پشکێکی لەو هێرشەدا هەبووبێت. بەڵام ئەو کوشتارەی لەغەززە دەکرێت شایانی ڕیسواکردنە چونکە بەناهەق کراونەتە قوربانی کەلەڕەقی سەرانی حەماس و کاردانەوەی دڕندانەی ئیسڕائیل. 
غەززە ئەفسانەی خۆڕاگریی عەرەب نییە بەڵکو شوناسی دڕندایەتی مرۆڤ و دەسەڵاتدارێتی سەردەمی جیهانگیری و دیموکراسی بازاڕی ئازادە ؟

لەگەڵ ئەوەی دەبێت بەتەواوی دژی کۆمەڵکوژی و برسی کردنی خەڵکی غەززە بین، گرنگە ئاگاداری هەڵوێستی خۆمان بین هەتا لە داکۆکیکردنی خەڵکی سڤیل دا نەکەوینە داوی (ئێران وتورکیاو ئیخوانەوە)و نەبینە پشتیوانی حەماس و لە دژی حەماسیش نەبینە پشتیوانی ئەو دڕندایەتیەی ئیسڕائیل. 

هاوکاریی مرۆیی یان سیاسەتی لەداونان ؟

گەرمکردنی هەڵمەتی پشتیوانی و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە بەتایبەتی لە باشوری کوردستان لەڕوکاردا بەهاناوە چوونی مرۆییە، بەڵام لە ناوەرۆکدا کەمپەینێکی سیاسییە لە دژی ئیسرائیل ئەو دەوڵەت و هێزە نادەوڵەتیانەی لە پشتە، کە خەڵکی غەززەیان بەم رۆژگارە گەیاندووە. 

زۆر جێگەی تێڕامانە دونیای عەرەب و عەجەم و تورک بەو سەرمایە زۆرەی لەبەردەستیانە بێدەنگ دانیشتوون کەچی دەیانەوێت کورد وەک خێرخواز و فریاد رەسی برسێتی خەڵکی غەززە نیشانبدەن؟ 

ئەمە سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرایەو پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی ناوچەکەو دۆسێی کوردەوە هەیە.. نەک بەهاناوەچوونی غەززە. دەنا رزگارکردنی خەڵکی غەززە لە برسێتی بۆ قەتەر و تورکیا و عێراق و ئێران لە ئاوخواردنەوە ئاسانترە. وەک چۆن توانیویانە خۆراک و پارەی تونێڵەکانی حەماس دابین بکەن ئاواش دەتوانن یارمەتی بگەیەننە غەززە ؟ ئایا گەمارۆکە هەر منداڵانی غەززەی لەبرسان کوشتووە یان چەکداران و فەرماندەکانی حەماسیش ؟

ئەم هەڵمەتی کۆکردنەوەو پشتیوانیەی ئیخوان موسلمین بەناوی کوردی باشورەوە بۆ غەززە ئامانجەکەی ئەوەیە، کە وێنەی کورد وەک دژە ئیسرائیل نیشانبدەن، چونکە هەمووان لەوە دەترسن لەو ئاڵوگۆڕانەی بەڕێوەن کورد ببێتە ئەکتەرێکی چالاکی نێودەوڵەتی و نزیکبوونەوەی لە ئیسرائیل، ئەوەش لەو سۆنگەیەوەیە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بەرپرسانی ئیسرائیلی بە ئاشکرا لێدوان دەدەن گوایا هاوکاری و پشتیوانی کورد دەکەن. 

دەنا با فەلستینیەکان هەر هاوسۆزی سەدام و ئەردۆگان بن و لە تراژیدیای کورد بێدەنگ و بێهەڵوێستیش بووبن چ لەوە جوانتر و ئینسانی ترە هاوکاری کەسانێک بین، کە پێویستیان پێمانە بێ گوێدانە ئەوەی دۆستایەتیمان قبوڵ دەکەن یان نا ؟ 

بەڵام ڕەوایە لەبەر هاوکاری ئەوانیدی ئاگر لەماڵی خۆمان بەردەین.؟ لەکاتێکدا دەوڵەتە بەدەسەڵات و بە هێزەکانی دەوروبەرمان خۆیان لە ئیسرائیل تۆقیون و دەیانەوێ ئێمە وەک دژە ئیسرائیل نیشانبدەن ! بۆیە ناشێت بەپێی خۆمان بچینە ناو ئەو داوەوە کە بۆمان نراوەتەوەو خۆمان بکەین بە دوژمنی ئیسرائیل.

دەنا ئەگەر مەسەلەکە خێرو چاکەکارییە خۆهەر ئیسلام دەڵێت کە خێرت کرد نابێت ئەو دەستە بەوەی تر بزانێت. ئەی خێرە ئەم خێراتەی کورد بەکامیرای دیجیتاڵ وێنە دەگیرێ و وەسڵی هەزاران دۆلاری نیشاندەدرێ و بەباشترین کوالیتی دیزاین و مۆنتاژ دەکرێ و بەڕووی ئیسرائیلدا دەدرێتەوە ؟ لەکاتێکدا نەک هەر دەوڵەتە ئیسلامی و عەرەبییەکان بەڵکو سەرانی بەرەی نوسرەو تەحریر شامیش بێگوێدانە مردنی خەڵکی غەززە دەستیان خستووەتە ناو دەستی ئیسرائیل.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار