ئەندامی پەرلەمان مافی سکاڵای نیە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڕێ تۆفیق

پاش ئەو بارودۆخە ناوخۆییەی دادگای فیدراڵی پیایدا تێپەڕی و سەرۆکی پێشووی دادگاکە خانەنشین بوو، لە شوێنەکەی دادوەر (مونزر برایم )کرا بە سەرۆکی دادگا، قۆناغێکی تازە لە سروشت و ڕێڕەوی دادبینی و رێبازی بریاردەرکردنی دادگا بینرا، راستەوخۆ پاش دەستبەکاربونی سەرۆکی تازەی دادگا ،بەیانێکیان بڵاوکردەوە بەروونی و بە ئاشکرایی رایانگەیاند، کە ئەوان لە چوارچێوەی پسپۆڕی دەستوریدا داوا ئەبینن و سنوری دەسەڵات و پسپۆری خۆیان فراوان ناکەن. بە گوێرەی قانونی دادگای فیدراڵی ژمارە (٢٥) ی ساڵی ٢٠٢١ ی هەمواری یەکەمی بریاری ژمارە(٣٠) ی ساڵی ٢٠٠٥. 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پێویستە داواکار کە لە دادگا داوا تۆمار ئەکات، ئەبێت دوو مەرجی سەرەکی تیادا هەبێت ئەوانیش( داواکە لە پسپۆری دادگای فیدراڵی بێت و نەچێتە پسپۆڕی دادگاکانی تر، داواکار خاوەنی بەرژەوەندی بێت لە داواکەدا) ماوەیەکە هەر داوایەک کە لەلایەن پەرلەمانتارەوە لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرابێت ،وەکو لە کوردەواریدا ئەڵێن  (بێ دوو دڵی و بێ سێ و دوو) داواکەی رەتدەکرێتەوە و دەنوسن ،داواکار خاوەنی بەرژەوەندی نیە( بە عەرەبی دەڵێن؛ عەدەم مەسڵەحە) . ئەم مەسەلەیە چیەو بۆچی وای لێهاتوە؟ لەساڵی ٢٠١٨ پەرلەمانی عێراق بۆ راپەراندنی ئیش و کارەکانیان، بەپێی دەسەڵاتی دەستورییان قانونی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە(١٣) ی ساڵی ٢٠١٨ یان دەرکرد. هەر یەکە لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک پارێزەر تانەیان لە ژمارەیەکی زۆری مادەکانی قانونی پەرلەمان لە دادگای فیدراڵی کردوە، یەکێک لە خاڵەکان کە تانەیان لەسەری دابوو، مادەی (٦) برگەی دووەمی قانونی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، کە دەڵێ ؛ئەندام پەرلەمان دادەنرێت بە خاوەنی بەرژەوەندی و مافی خەڵک ،چونکە نوێنەرایەتی سەد هەزار خەڵک ئەکات و مافی هەیە لە جیاتی ئەوان لە بەردەم دادگاکان نوێنەرایەتی بکات و داوای دادبینی بکات). داواکار وتویەتی ؛ئەمە پێچەوانەی مادەی (١٩) برگەی دووەمی دەستورە، کە دەڵێ؛ (مافی دادبینی، مافێکی دابینکراوە بۆ هەموو خەڵک)هەروەها ئەمە دژی مادەی(٦١) ی دەستورە کەدەسەڵات و پسپۆری پەرلەمانی دیاریکردوە ئەوانیش( دەرکردنی قانون و رەقابەکردنی جێبەجێکردنی قانون)ە. بە کورتیەکەی سکاڵاکاران دەڵێن ؛ئەندامی پەرلەمان مافی سکاڵاکردنی لە دادگای فیدراڵی مافی نیە . 

چونکە خاوەنی بەرژەوەندی نیەو کاری ئەو تەنها قانون دەرکردن و رەقابەکردنی جێبەجێکردنی قانونەکانە ، پەرلەمانتار بریکاری یاسایی خەڵک نیە و خاوەنی بەرژەوەندی نیە هەتاوەکو لە بری خەڵک ،خۆی بکات بە بریکاری یاسایی. دادگای فیدراڵی ئەم داوایەی قبوڵکردوەو بە بریاری ژمارە(١٤٠) یەکخراوەکان ١٤١/ فیدراڵی/ راگەیاندن:٢٠١٨ بریاریداوە کە مادەی (٦) برگەی دووەم لە قانونی ئەنجومەنی نوێنەران کە باسمانکرد، دژی دەستورەو پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نیەو ناتوانێ لە دادگا شکات بکات. ئێستا دادگای فیدراڵی پاش چەندین ساڵ گەراونەتەوە سەر ئەم قەرارەو و دەڵێن ، پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نیەو داواکەی رەتدەکەنەوە، لە راستیدا پاش ئەم هەموو ساڵە بۆچی ئێستا دادگا ئەم بریارەی ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ دەکات؟.

لە راستیدا ژمارەیەک پەرلەمانتار ، بۆ خۆ دەرخستن و خۆ بە پاڵەوانکردن هەموو رۆژێک لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان دەکرد ، ئەوەندەی لە دادگای فیدراڵی بوون ، ئەوەندە لە هۆڵی پەرلەمان نەبون، لەلایەکی تر ، جێگیریی سیاسی و چەسپاندنی قانونی بۆ مەبەستی رووبەروبونەوەی پاشاگەردانی کە هەر رۆژەی بریارێک دەردەچوو ، پێویستی ئەکرد دادگای دەستوریی سنورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت. خاڵێکی تری گرنگتر، ئەندام پەرلەمان ،پارێزەر نیە ، کاری پارێزەرایەتی پیشەیەکی سەربەخۆیەو پێی دەڵێن دادوەریی ئەهلی ، مەرج و رێسای خۆی هەیە ، هەر بۆیە ژمارەیەک پارێزەر لە پاڵ سەرۆک وەزیران سکاڵاکار بوون ، لە راستیدا نازانرێت هەتاوەکو کەی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو بریارەی سور ئەبێت . بەڵام لە ئێستادا دادگای فیدراڵی کار بەو بریارەی سەرەوە دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار