گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە نێوان سوننە و کورد لە عێراق ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار

5 كاتژمێر لەمەوپێش
خەدیجە ئەسکەندەر
لە کاتی نووسینەوەى یاساى کاتیی بەڕێوەبردنى دەوڵەتى عێراق، بە نێوەندگیری ئەمریکا و بۆ دەستەبەرکردنى دڵنیایى پێکهاتەکانى کورد و عەرەب و (لەناو عەرەبیشدا سوننە و شیعە)، سێ پۆستە سەرەکییەکەى دەسەڵات لە عیراق (سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پەرلەمان) بڕیار درا هەر یەک لەم پۆستانە بدرێت بە یەکێک لەو سێ پێکهاتە سەرەکییەی (کورد و عەرەبی شیعە، و سوننە).. کەچى ئەم دابەشکارییە لە یاسایى کاتیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت و دواتریش لە دەستوورى هەمیشەیى، نەنووسراوە و هیچ بنەمایەکى دەستووریى و چوارچێوەیەکى یاسایى بۆ ئەم دابەشکارییە دانەنرا، بەڵام بوو بە جۆرێک لە عورفى سیاسى و کۆمەڵایەتى لەوکاتەوە تائێستا کارى پێدەکرێت.
هەرچەندە هیچ هاوسەنگییەکی دیاریکراو نییە لەنێوان پێگە و دەسەڵاتەکانى ئەو سێ پۆستەدا، دەسەڵاتى سەرەکى کەوتووەتە دەستى سەرۆکوەزیران کە لەلایەن شیعەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە. سەرۆککۆمار وەک رەمزییەتى پارێزگارى دەستوور لە ترۆپکى جومگەى حوکمڕانییە، ئەم پۆستە دراوە بە کورد وەک جۆرێک لە دڵنیایى بە حیساب بۆ ئەوەى بتوانێت پارێزگارى لە مافە دەستوورییەکانى کورد بکات، بەڵام پۆستێکە لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن بەتەواوی داماڵدراوە.
سەرەرای ئەوەى عێراق وڵاتێکى بە سیستەم پەرلەمانییە، پۆستى سەرۆکى پەرلەمان پێگە و دەسەڵاتێکى زۆرى هەیە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەم پۆستەش دراوە بە عەرەبى سوننە، هەروەها دەوڵەت لەلایەن شیعەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، بە پاساوی پێویستیی بەڕێوەبردنى پەرلەمان لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتییەوە نەک سەرۆک،و بەهۆی زۆرینەى شیعە لە پەرلەمان شتێکى ئەوتۆیان بۆ سوننەش نەهێشتووەتەوە.
لە دوو دەیەى رابردوودا پەرلەمانى عێراق بە پێنج خولدا تێپەڕیوە، لەم ماوەیەدا پێنج جار پۆستى سەرۆککۆمار دراوەتەوە بە کورد. (مام جەلال دوو خول و هەر یەک لە فوئاد مەعسووم، بەرهەم ساڵح، لەتیف رەشید) خولێکى سەرۆکایەتییان وەرگرتووە وەک کورد. لە سەروبەندى وەرگرتنەوەى خولى دووەمدا لەسەر داوا و پێداگیریى سوننەکان، ئەمریکییەکانیش گوشارێکى زۆریان لە کورد کرد بۆ ئەوەى پۆستى سەرۆککۆمار بدرێتە عەرەبێکى سوننى، بەشێک لە وڵاتانى عەرەبیش پشتیوانى ئەم داوایە بوون، بەڵام بەهۆى پێداگریى سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و پشتیوانیی ماڵى شیعى و هەروەها ئێرانیش، داکۆکى لەوە دەکرد ئەم پۆستە لاى کورد بمێنێتەوە، بۆیە درایەوە بە کورد و لەوێوە وەک نەریتێکى چەسپاو بۆ کورد مایەوە.
لەبەر ئەوەى پۆستى سەرۆککۆمار زیاتر رەمزییە، بەوهۆیەشەوە کە لە 15 ساڵى رابردوودا عێراق ستەمکارانە رەفتارى لەگەڵ خەڵکى کوردستان کردووە و سەرۆککۆمارەکان نەیانتوانیوە رێگە لە زووڵم و ستەمکارییەکان بگرن، بۆیە تێڕوانینى بەشێکى زۆرى خەڵکى کوردستان ئەو پۆستە ئاوایە کە گوایە (هیچ سوودێکى بۆ کورد نییە). زۆر جار گوێبیستى ئەو تانە و توانجانە دەبین و بەشێک لە کارەکتەرە سیاسییەکان و نوخبەى دەستەبژێریش پێیان وایە کورد سەرۆکى پەرلەمانى هەبووایە ئەگەری هەبوو سوودی بۆ کورد زیاتر بێت.
بیرۆکەى ئاڵوگۆڕى سەرۆککۆمار بە سەرۆکى پەرلەمان، لەدواى نەخۆشکەوتنى مام جەلال لەناو خودى پارتەکەی خۆیان هاتە ئاراوە. هاوژینى مام جەلال پێى وابوو لەدواى مام هیچ کوردێکى دیکە ئەو پۆستە وەرنەگرێت، بەتایبەتیش کە ئەوکات کێشەیەکى گەورە لەناو یەکێتى سەریهەڵدابوو لەسەر دیاریکردنى شوێنگرەوەى تاڵەبانى لە بەغدا. پێشنیازى ئەم ئاڵوگۆڕەیان دا بە ئێرانییەکان، بەڵام ئێران بە تووندى رەتیکردەوە و جەخت بوو لەسەر ئەوەى پۆستى سەرۆککۆمار دەبێت هەر لاى کورد بێت.
ئێرانییەکان پۆستى سەرۆککۆماریان وەک پاسەوانى بەهێزکردنى دەسەڵات و پێگەى شیعە بەکاردەهێنا، چونکە دەیانزانى بەهۆى یەکنەبوونى کورد و ململانێ و ناکۆکیی نێوخۆیی کوردەوە ناتواندرێت پۆستى سەرۆککۆمار پایە و پێگەیەکى بەهێزى بۆ دروستبکرێت. لە سەردەمى سەرۆکایەتیی مام جەلالدا کورد یەکڕیز و یەک هەڵوێست بوون لە بەغدا. جیا لەوەش ئەمریکییەکان حوکمى عێراقیان دەکرد، ئەوکات ئێران هەژموونى بەسەر عێراقدا نەبوو، سوننە و شیعەش لە تووندترین قۆناغی ناکۆکى و شەڕى مەزهەبیدا بوون. بۆیە مام جەلال لەو هەلومەرجەدا توانیبووى دەسەڵاتەکانى ئەو پۆستە زیاتر بەکاربەرێت بۆ بەرژەوەندیی میللـەتەکەى، لانى کەم توانیبووى کەشێکى ئارام لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستکات کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی کوردستان بوو، بەڵام ئەگەر ئەو پۆستە بکەوتبایەتە دەستى سوننە یاخود هەر لە بنەڕەتەوە لاى سوننەکان بووایە، ئەوا نەدەتواندرا ناسنامە و وێناى دەوڵەتەکە وەک دەوڵەتێکى شیعى دەربکەوێت. لە لایەکى دیکەشەوە بەهۆى پشتیوانیی وڵاتانى عەرەبى و جیهانى ئیسلامى بایەخێکى زۆریان بەو پۆستە رەمزییە دەدا و دەیانکردە واجیهەى راستەقینەى عیراق. هەروەها دەبووە چەترێکیش بۆ کۆکردنەوەى سوننە و بەهێزکردنەوەى پێگەیان، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئێران نەبوو. بۆیە کوردى وەک لەمپەر لەبەردەم بەهێزکردنەوەى سوننە و گۆڕینى ناسنامەى وڵاتەکە بە قازانجى خۆى بەکارهێنا. سەربارى لاوازبوونى پێگەى کورد لە بەغدا و قوڵبوونەوەى ناکۆکییەکانى ناو هێزە سیاسییەکانى کوردستان کە بەهۆیەوە کورد زۆر شتى لە بەغدا لەدەستدا، بەڵام بەهۆى ئەوەى مانەوەى پۆستى سەرۆککۆمار لاى کورد یەکسانە بە زامنى هەژموونى شیعە، بۆیە وەک مافێکى زامنکراوى کورد هێشتیانەوە.
ئێستا دواى رووداوەکانى حەوتى ئۆکتۆبەر و جەنگى ئیسرائیل و بەرەى مقاوەمە، پاش لێدان و لاوازکردنى گرووپەکانى وابەستەى ئێران لە ناوچەکە و بڕینى دەستى ئێران لە بەشێک لە وڵاتانى عەرەبى، دواى خستنى بەشار ئەسەد و گۆڕینى دەسەڵاتى دەوڵەتى شیعیى وەلائیى ئێران بۆ دەسەڵاتێکى سوننى وابەستە بە ستراتیجى کەنداوەوە، چاوەڕوانکراوە ئەمریکا و ئیسرائیل سەرنجەکانیان بخەنە سەر عێراق و بیانەوێ عێراقیش لەژێر هەژموونى ئێران دەربهێنن و بیکەنە بەشێک لەو پڕۆژە عەرەبی و ئیسلامییەى دواجار لەگەڵ ئیسرائیل دەکەونە یەک بەرەوە. سیناریۆى پەسندکراویش بۆ لاوازکردنى دەسەڵاتى شیعى وەلائی و نەهێشتنى هەژموونى تاران بەسەر بەغداوە، لە رێگەى بەهێزکردنەوەى پێگەى سوننەوە دەکرێت. یەکێک لەو پۆست و پێگە سیاسى و دەستوورییانەش کە سوننەکان چاویان تێبڕیوە وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنەوەى سوننە، پۆستى سەرۆککۆمارە. پێشتر کە دەستبەردارى ئەو داواکارییەیان ببوون لەژێر گوشارى ئێراندا بوو، بە لاوازبوونى هەژموونى ئێران، مەیلى ئەو پۆستە دەکەوێتەوە مێشکیان.
لە کۆتاییدا ئەمە پرس و بابەتێکى فرە هەستیارە بۆ کورد، پرسێکى دوولایەنەیە، راستە بەهێزبوونەوەى سوننە دەبێتە هۆکارى سەرهەڵدانەوەى ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعە و ئەمەش بە قازانجى کوردە، بەڵام ئەزموونى ئەم ساڵانەى رابردوو ئەوەى سەلماند کە لە ئاستى پرسە چارەنووسسازەکانى کورد، سوننە و شیعە کێشە و ناکۆکییەکانى خۆیان وەلاناوە و دژ بە کورد یەکگرتوو بوون. هەروەها سەرەڕاى نیگەرانى و ناڕەزایەتیی کورد لەوەى لەدواى مام جەلال هیچ کام لە کارەکتەرەکانى کورد لە پۆستى سەرۆککۆمار وەک پارێزەرى دەستوور، نەک هەر نەیانتوانیوە رێگە لەو پێشێلکارییە دەستوورییانە بگرن کە لەلایەن دەسەڵاتى شیعیگەرایى بەغداوە دژ بە مافەکانى کورد ئەنجامدراوە، بەڵکو بەهۆى لاوازیی کارەکتەرەکانەوە پێگە و پۆستى سەرۆککۆماریشیان لاوازکردووە، بەڵام دەبێت ئەو راستییە ببینین ئەگەر ئەم پۆستە بکەوێتە دەست عەرەبێکى شۆڤێنى، جیهانى عەرەبى و دەوڵەتانى سوننەى ناوچەکە پێگەى ئەم پۆستە بەهێز دەکەنەوە. ئەوکات بە دوور نازاندرێت هاوشێوەى دادگەى فیدراڵى بە پاساوى دەستوورەوە ئەم پۆستەش بکرێتە ئامرازێک بۆ لە قاڵبدانى کورد لە عێراق.
