نەتەوەیەک لە رەگەزی ماسی، لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی شەنگالدا

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
دەبێ دوای چەند جینۆسایدی دیکە کورد لەوە تێبگات کە نەتەوەی ژێردەست و خاک داگیرکراوی بێ دەوڵەت هەمیشە پڕۆژەیەکە بۆ جینۆساید و لەناوبردن؟
دوای جینۆسایدی فەیلییەکان لەو راستییە نەگەییشتین، دوای بۆردومانی زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ و جینۆسایدی بارزانیەکان هەروا..
دوای ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی لە سەدا هەشتای کوردستایش، وەک هیچ رووینەدابێت دیسان خۆمان کردەوە عێڕاقی…
تەنانەت بە جینۆسایدی شەنگال و هەوڵی جینۆسایدی کۆبانێ و داگیرکردنەوەی کەرکوک و نیوەی خاکی کوردستانیش مێشک و جەستەمان تەزوویەکی پێدا نەهات.
کوردی باشور لە ڕەگەزی ماسییە و تا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی یاداوەری و هۆشمەندی دەستەجەمعی نەتەوەیی.
پێناچێت لەسای ئەم سیستەمە بەرخۆر و نانیشتیمانی و گەندەڵە و ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنە ریعیەدا وا زوو ببێتە خاوەنی کۆ هۆشمەندییەکی لەو جۆرە.
لەم رووەوە و لە بێ ئاگایی و ناوشیاری نەتەوەییدا، کراوینەتە یەکەمی بێ رکابەری سەر ئەم هەسارەیە.
بریا گرفتەکە هەر ئەوە بوایە…
کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت هەر لەناو بێئاگاییدا ناخنکێت، بەڵکوو ئەم ژێردەستەییە ژینگەیەکیشە بۆ بە رهەمهێنانی هەموو جۆرەکانی خیانەت.
رێخۆشکردن بۆ بەجینۆساید کردنی شەنگالییەکان لەلایەن حیزبێکی دەسەڵاتەوە بۆ دڵخۆشکردنی سوڵتان لەلایەک، وە پاساو هێنانەوە بۆ جینۆسایدکردنیان لەلایەن داعشفکر و ئیخوانچیە مەوالییەکانەوە، لەلایەکی تر، دوو نموونەی ئەم ژینگەیەن کە تێیدا قێزەونترین جۆرەکانی خیانەت سەر دەردەکەن
