کورد و غەززە و هۆشی منەی ڤێتنامی

10 كاتژمێر لەمەوپێش



شوان حەمە

ساڵی دوو هەزار و دوو، ئەوکات تۆڕی پەیوەندی پاڵتاک هەبوو، لای هاوڕێیەکم میوان بووم، پاش کەمێک دانیشتن گوتی دەڵێی چی کەمێک گوێ لە کوردانی پالتاک بگرین، منیش گوتم بۆ نا!
هاوڕێکەم چووە ناو تۆڕی پاڵتاکەوە و سەردانی ژووری چەپەکانی کرد، لەگەڵ یەکەم گوێگرتندا، نەڕەی کابرایەکی چەپ دەهات، هاواری دەکرد: ئێوە چۆن ڕەخنە لە هۆشی مین دەگرن، ئەو پاڵەوان و سەرکردەی دژە ئیپریالیستی جیهانییە و خێر و خۆشی بۆ گەلی ڤێتنام و گەلانی دنیا هێناوە.

من ئەوکات لە قۆناغی ناوەندی قوتابخانەی نەرویجی دەمخوێند، پێنج کچی ڤێتنامی هاوپۆلم بوون. ڕۆژێک لێم پرسین، ئایا ڕای ئێوە لەسەر هۆشی مین چییە؟ لە وەڵامدا گوتیان: ئێمە خۆشمان ناوێت، وڵاتی خۆمان باش بوایە نەدەهاتین بۆ نەرویج!

لەم چەند ڕۆژەدا هاوار و بانگەشەکانی حاجی کاروانی یەکگرتوو، کوردە چەپەکەی پاڵتاکی بە بیر هێنامەوە.
ماوەیەکە بەشێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان، لەسەر غەزە، سەنگەریان دژی کۆمەڵگای کوردی گرتووە! ئەوان دەڵێن بڕی چەندین ملیۆن دۆلار، هاوکاریان گەیاندووەتە خەڵکی غەزە، بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای کوردیش ئەو بانگەشانە بە ڕەفتارێکی نا نەتەوەیی و نا نیشتمانی دەزانن.

ئێستا لە زیاتر لە کەناڵێکەوە پەیوەندی بە خەڵکی غەزەوە و کراوە، هیچ یەک لە غەزەییەکان پروپاگەندەی ئیسلامییەکان پشتڕاست ناکەنەوە، تەنانەت هەیانە دەڵێن: ئێمە تەنها لە رێگەی تیکتۆکەوە دەزانین کەسانێک هەن دەڵێن خەڵکی کوردستانین، دەنا هەر نازانین کوردستان لە کوێیە!

سەیر لەوەدایە وڵاتە ئەوروپییەکان و عەرەبەکانی ناوچەکە، بە فڕۆکە خواردن بۆ غەزە بەر دەدەنەوە، کەچی حاجی کاروان زۆر بە دڵنیاییەوە دەڵێت، هاوکاری چەند ملیۆن دۆلاری ئەوان گەیەندراوەتە ناو غەزەوە، نە تەنیا هەر ئەوەندە، بەڵکو کەمێک کوردایەتیشی پیوە دەکات و دەڵێت، خەڵکی غەزە سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەن!

ڤێتنام و غەزە بۆ کورد، دوو دیمەنی سوریالی غەمناکن.
لەدیمەنی ڤێتنامدا چەپی کورد، لەسەر هۆشی مین، شەڕی کوردانی تر دەکات، لە کاتێکدا ڤێتنامییەکانی نایانەوێت کەس باسی هۆشی مین بکات.
لەدیمەنی غەزەدا، ئیخوانییەکانی کوردستان، هێرش دەکەنە سەر کوردانی تر، لەکاتێکدا بەشێک لە فەلەستینیەکان، لە دەروازە سنوورییەکان، بە چەکەوە پەلاماری کاروانە فریاگوزارییەکان دەدەن و دواتر بە گران بە فەلستینییەکانی تری دەفرۆشنەوە!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار