میراتێکی تۆکمە بؤ هەژموون بەسەر سامانی عێراق

14 كاتژمێر لەمەوپێش



د.پیرۆت محمد امین 
پسپۆڕی : دارایی گشتی

زۆرێک لە چاودێران پرسیار لە پاڵنەرەکانی پشت دانانی داهاتی نەوتی عێراق لە یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا و پاساوەکانی ئەم کارە دەکەن. ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سەروەری سیاسی و ئابووری عێراق.

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لە ژێر ناوی "پاراستنی سندوقی گەشەپێدان بۆ عێراق و ئەو موڵکانەی دیکە کە عێراق بەرژەوەندیی تێدا هەیە"، سەرجەم داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق ڕاستەوخۆ بۆ هەژمارێک لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک گواسترایەوە. ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن بوو لە داوای یاسایی لەسەر حکومەتی عێراق لەلایەن هەندێک کۆمپانیای نێودەوڵەتییەوە، کە داوای قەرەبووی زیانەکانی شەڕەکەیان دەکرد لەبەردەم دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان. 

ئەم فەرمانە لەسەر بنەمای "یاسای فریاگوزاری نیشتمانی" ئەمریکا بوو  بۆ دەستبەسەرداگرتنی کاریگەرانەی نەوتی عێراق و داهاتەکانی، بەڕواڵەت بۆ دڵنیابوون لە خەرجیەکانیان بۆ "ئاوەدانکردنەوەی عێراق". 

لە ساڵی ٢٠١٠ سندوقی گەشەپێدان بۆ عێراق بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەڵوەشایەوە و سەرجەم داهاتەکانی بۆ حکومەتی عێراق گواسترایەوە. لە ئەنجامدا حوکمەکانی کۆمپانیاكان لە دژی عێراق جارێكی دیكە داواى شایستە داراييەكانيان دەكرد. ئەمەریکا هەژمارێکی نوێی بۆ بانکی ناوەندی عێراق لە یەدەگی فیدراڵیدا کردەوە بۆ ئەوەی سەرجەم داهاتی نەوت بخەنە سەر حسابەکە. كە ساڵانە لەلایەن سەرۆکەكانی ئەمریکاوە نوێ دەکرایەوە هەروەكو چۆن لەساڵی ٢٠٢٤ فەرمانی جێبەجێکردنی بۆ دەرچوو.

ئەم بڕیارە ڕێگەی بە حکومەتی ئەمریکا دا کە کۆنترۆڵی توندی بەسەر داهاتی نەوتی عێراقدا بپارێزێت. لەو کاتەوە وەزارەتی دارایی عێراق ناچار بووە داواکاری بۆ دابینکردنی پارە پێشکەش بە گەنجینەی ئەمریکا بکات، کە بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی خۆی پەسەندی دەکات یان ڕەتیدەکاتەوە. وەلەپاش دیاریكردنی توانای عێراق و دانیشتووانەکەی بۆ دابینکردنی مووچەو پێداویستیە سەرەتایەکانیان، مانگانە دۆلاری ئەمریکی بۆ بەغدا بە فڕۆکە دەگوازرێتەوە.

لەبەرئەوەی ئەمریکا سیستمی دارایی عێراقی کۆنترۆڵکردووە، دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی ڕەشبگیری و سزای وڵاتەکەی بدات. هەرکاتێک عێراق لە ئامانجە ناوچەییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لابدات، واشنتۆن دەتوانێت بە سادەیی گواستنەوەی پارە لە یەدەگی فیدراڵی دوابخات یان ڕەتی بکاتەوە. .بۆ نموونە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگی بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دا، ئیدارەی ئەمریکا هەڕەشەی بەستنی دەستڕاگەیشتن بە عێراق بە داهاتە نەوتییەکانی کرد. 

ئەمڕۆ دۆخی دارایی عێراق بە خراپیی ماوەتەوە. سەرەڕای کەڵەکەبوونی داهاتی نەوت لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک، کە لە ئێستادا بە نزیکەی ١٢٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، عێراق بارگرانی لەسەرە بە زیادبوونی قەرزەکانی یەکسان بەم بڕە.

بێتوانایی عێراق لە کۆنتڕۆڵکردنی دارایی خۆی، ئاستەنگی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی درێژخایەن دروستکردووە و ناچاری کردووە پشت بە قەرزە نێودەوڵەتییەکان ببەستێت. جێگای سەرسوڕمانە، عێراقیش بووەتە یەکێک لە گەورەترین خاوەن بۆندەکانی گەنجینەی ئەمریکا، کۆی وەبەرهێنانەکانی لە ساڵی ٢٠٢٣ دا گەیشتووەتە ٤١ ملیار دۆلار.

پشتبەستنی عێراق بە ئەمریکا بۆ داهاتی نەوت، لەگەڵ زیادبوونی قەرزەکانی، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەروەری ئابووری و سیاسیی وڵات داناوە. ئەم سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەندەڵییە بێ وێنەیە بەربڵاوەی کە سەرانسەری دامەزراوەکانی دەوڵەتى گرتووەتەوە. 

هاتنی زۆری مانگانەی دراوی بیانی و ئەو بڕە پارە زۆرەی کە لەناو وەزارەتەکاندا بەفیڕۆ دەچێت و زۆربوونی ئۆفیسەكانی ئاڵوگۆڕی دۆلار، کە لەلایەن هێزە سیاسییە بەهێزەکانەوە دامەزراون، عێراقی بەرەو ڕیزەکانی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان بردووە.

مانەوەی دۆخی ئێستا بەو مانایەیە کە چارەنووسی دارایی عێراق بەستراوەتەوە بە ئەمریکاوە کارتێکی فشاری بەهێز دەكات لە دەستی واشنتۆن. کۆتایی هێنان بە سەرپەرشتی  ئەمریکی لەسەر پارەی عێراق، پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی بوێرانە هەیە لەلایەن هەموو لایەنە بەشداربووەکانی پڕۆسەی سیاسییەوە بۆ باشتركردنی شێوازی خەرجییەکانی عێراق لە هەموو ئاستەکاندا. وە دەتوانرێت قەرزەكان بدرێتەوە بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ دانوستان لەسەر کەمکردنەوەی  قەرزەکان و داڕشتنەوەیان تاوەکو هەموویان دەدرێتەوە.

ئەم ڕێککەوتنە ساڵانێکی زۆری دەوێت، دوای ئەوە عێراق دەتوانێت خۆی لەم هەژموونە ڕزگار بکات و سەروەری دارایی تەواوی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. کۆتایی هێنان بە چاودێریکردن بەسەر سندوقەکانی عێراقدا تەنها لەو کاتەدا ڕوودەدات کە حکومەت دیدێکی دارایی تەندروست و پلانی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکان و نەهێشتنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ بانکە عێراقیەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار