ئەو یاسایەی هەرێمی تەسلیم بە بەغدا کرد

10 كاتژمێر لەمەوپێش



نوێنەرانی کورد کە دەنگیان پێدا بێ ئاگا بوون لە مەترسییەکانی؟

بڵند دلێر شاوەیس 

دەوڵەتی قووڵ لە عێراق زۆر بە هێمنی بەرنامەی لە قاڵبدان و بچوککردنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێم و کەمکردنەوەی پسپۆڕییەتی دەسەڵاتەکانی جێبەجێ دەکات، سەرەتا بە کۆنترۆڵکردنی کەرکوک و ناوچەکانی مادەی(١٤٠) لە دوای ڕوداوەکانی ١٦/ئۆکتۆبەری/٢٠١٧، دواتر هەڵوەشانەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم ژمارە (٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧) بە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/ اتحادیة/ ٢٠١٢ و موحدتها ١١٠/اتحادية/٢٠١٩) لە ٢/١٥/ ٢٠٢٢.

لە ئێستادا لە ڕێگای یاسای بودجەی فیدراڵی ژمارە(١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) بە بەشداری و دەنگدانی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستانی داماڵی لەسەرجەم پسپۆڕیەتییە داراییەکانی و خستیە ژێر ڕکێفی حکومەتی فیدراڵییەوە و هەرێمیان تەسلیم بە بەغدا کرد.

یاسای بودجەی فیدراڵی کە نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان لەسەردا حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کرد بە:

١- دەستەواژەی (الانفاق الفعلي) وەک پێوەرێک بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا لە کۆی (النفقات الفعلية).
ئەمەش وایکرد وەزارەتی دارایی فیدراڵ نوسراوی ژماره‌ (١٤٥٠٢) لە ٢٠٢٥/٥/٢٨ ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و ڕایبگەیەنێت كه‌ چیتر ناتوانن موچه‌ بۆ هه‌رێم بنێرن بە هۆی ته‌واوبونی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی سێ ساڵی فیدڕاڵی بە بیانووی تێپەڕاندنی پشکی لە سەدا ١٢،٦٧ ی تە‌رخانكراوی هه‌رێم بە بڕی(١٣،٥٤٧ ترلیۆن ) لە کۆی (الانفاق الفعلی) کە له‌ (م١١/اولا) لە یاسای بودجه‌ دیاریکراوە. 

٢- پاکتاوکردنی شایستە داراییەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم لە ساڵی(٢٠٠٤ تا ٢٠٢٢).
 دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان ، بە گوێرەی ئەو ماف و پابەندیانەی لە یاسای بودجەی ھەر ساڵێکدا ھاتووە(م١٢، اولا).

٣- ھەرێم دەبێت لایەنی کەم (٤٠٠ ھەزار بەرمیل) نەوت ڕۆژانە ھەناردە بکات لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە لە بەندەری جیھانەوە ، داھاتەکەشی بخرێتە ناو خەزێنەی گشتی عێراق .
ئەگەر گرفتیش دروست بوو بۆ ھەناردەکردن ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق دەتوانێت بۆ پێویستی ناوخۆ بەکاری بھێنێت یان بەو جۆرەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری دەکات، (م١٢، ثانیا، أ ، ب).

٤- لەگەڵ تەواوی داھاتی نەوتی دەبێت ھەرێمی کوردستان داھاتی نانەوتیش بە گوێرەی (قانون الادارة المالیة العراقی رقم ٦ لسنة ٢٠١٩) بدات بە خەزێنەی فیدراڵی، دواتر لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە داتای ئەو داھاتانە دەکرێت (م١٢، ثانیا ،د). وەک پارێزگایەک لە پارێزگاکانی عێراق. 

٥- بە پێی (م١٢، ثانیا ، ھ )کاتێک وەزارەتی دارایی فیدراڵ (تمویل)ی مانگانەی ھەرێم دەکات و شایستە داراییەکانی پێدەدات دوای ئەوەی ھەرێم تەواوی (التزامات) پابەندبونیەکانی جێبەجێکردبێت کە لە (م١٢، ثانیا ،أ،ب،ج،د) ھاتووە .

٦- حکومەتی ھەرێم پابەند دەکرێت لە ماوەی (٧) ساڵدا قەرزی بانکی (T.B.I) بداتەوە (المصرف العراقی للتجارە) بە شێوەی قیستی مانگانە لە ساڵی (٢٠٢٣) وە (م١٢، ثانیا ، و).کە بە پێی زانیاریەکان تا (٢٠٢١/٣/٣٠) بریتی بووە لە (٤ ملیار دۆلار).

٧- کردنەوەی ھەژمارێک (حساب)ێکی بانکی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانکی ناوەندی عێراق بۆ داھاتە نەوتییەکانی ئەو "کێڵگانەی لە ھەرێمدایە" بە بێ ھیچ لێبڕینێک و داخستنی ھەموو حسابە بانکییەکانی دیکە (م١٣، اولا ، أ) .

٨- لەگەڵ کردنەوەی ھەژمارێک (حساب)ێکی بانکی دیکە لە بانکێکی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بۆ شایستە دارایەکانی ھەرێم کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە پێی دەدرێت ، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم یان ئەوەی (تخویل)ی دەکات سەرپشک دەبێت لە سەرفکردن بە پێی ئەم یاسایە ، بەڵام لە ژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ دەبێت (م١٣ ، اولا، ب).

٩- دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم چاودێری و وردبینی ھەردوو ھەژمارەکە دەکەن ، ئەگەر نەکرا لە ڕێگای کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت....ھتد (م١٣، ثانیا). 

١٠- هەرچەندە یاسای بودجە بۆ سێ ساڵە (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە خاڵەکانی (٦ و ٧ و ٨) هەیە، لە کردنەوەی هەژماری بانکی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە بانکی ناوەندی عێراق و هەژماری شایستە داراییەکانی هەرێم لە بانکێکی باوەڕپێکراو لە بانکی ناوەندی عێراق و چاودێری و وردبینی کردنیان لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم و چەندین پابەندی (التزامات)ی دیکە لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت جێبەجێ بکرێت هەتا دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی(م١٣، سادسا).

١١- حکومەتی ھەرێم پابەند دەکرێت بە پێدانی موچەی موچەخۆران و خانەنشین، لەگەڵ خەرجکردنی شایستەی وەبەرھێنانی پارێزگاکان بە پێی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا ھاتووە، بەپێچەوانەوە دەبێت سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی لە نێویاندا (تمویل) کردنی ڕاستەوخۆ (م١٣، ثامنا ، أ، ب).
واتا پارێزگاکانی هەرێم بۆیان ھەیە بەشی خۆیان لە پشکی ھەرێم ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بۆ بێت، ئەمەش حکومەتی ھەرێم دادەماڵێت لە دەسەڵاتە دارایەکانی و پێگەی ھەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی یەکگرتوو لەق دەکات و لەداھاتوشدا ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ دووکەرتبونی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدا مادەی (١١٩)ی دەستوریش ڕێگە دەدات و ڕێکارەکانی دروستبونی ھەرێمی لە عێراقدا دیاری کردووە .

ئەوەی ڕوونە یاسای بودجە (التزامات) و پابەندبوون و مەرجی زۆری سەپاندووە بە سەر ھەرێمی کوردستاندا، بە شێوەیەک حکومەتی هەرێمی کردووە بە کەسێکی ناکام لەژێر (وصاية)ی حکومەتی فیدراڵی، تەواوی داھاتی نەوتی و نانەوتی دەبێت بچێتەوە خەزێنەی فیدراڵی و لەوێوە دابەشبکرێتەوە و ھەرێمی کوردستان وەک ھەر پارێزگایەکی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەکۆتاییشدا لە ژێر چاودێری و وردبينى وەزارەتەکانی دارایی و نەوتی حکومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار