کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی لەنێوان ئەرکی ئایینی و بازرگانیکردن بەئایین!

8 كاتژمێر لەمەوپێش



نیاز سەعید عەلی

یەکەم/ دیاردەی کۆمەکی خێرخوازیی دارایی
ئەم دیاردەیە دوو کایەی لەخۆگرتووە؛ کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی لەناو کۆمەڵگا، لەگەڵ چۆنیەتیی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە پارە کۆکراوەکان؛ ئەگەر بە دابەشکردنی بێت بەسەر کەسانی شایستە و لێقەوماو و بێ دەرەتان، یان بەکارهێنانی بێت؛ بۆ چالاکیی خزمەتگوزاریی خێرخوازی و فریاگوزاریی، بۆ هەژار و پەککەوتەکان، یان بۆ لانەوازان و نەداران، یان سوودلێوەرگرتنی بێت؛ بۆ بەرژەوەندیی و بۆ ئامانجی خۆیی و تایبەتیی بکەرەکانی کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی.

بەگشتی ئەم دیاردەیە، هۆکار و زەمینەی سەرهەڵدان و برەودانی؛ ئەگەڕێتەوە بۆ کاتی هەڵایسانی جەنگەکان، کارەساتە مرۆییە تراژیدیاکان، ڕووداوە سروشتیەکان، تەنگژە و قەیرانە ئابووریەکان، گۆڕانکاری و وەرچەرخانە سیاسیە دژوار و نەخوازراوەکان.

هەرچەندە ئەم دیاردەیە، لەبنەڕەتدا ڕەهەندێکی جیهانی و فرە ئایینیی هەیە و بەگوێرەی قۆناغەکان؛ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لەکۆمەڵگا و وڵاتە موسوڵمانەکاندا؛ زیاتر بەرگێکی ئایینیی پۆشیوە و چوارچێوە و ناسنامەیەکی  ئیسلامیی بۆ خۆی دەستنیشانکردوە و توانیویەتی سوود لەبوونی چەندین میکانیزمی ئایینیی؛ لەنموونەی کۆمەک، خومس، زەکات، سەرفیترە، خێر، سەدەقە و ...هتد وەربگرێت.

لەئێستادا و بەگشتی لەجیهانی ئیسلامیدا؛ چەندین لێکدانەوە و بۆچوون و شیکردنەوەی جیاواز، یان هەڵوێستی ناکۆک و دژبەیەک، یان ململانێ و ڕکابەریی، لەسەر کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی بۆ کارەساتباران و لێقەوماوانی کەرتی غەززە لەفەڵەستین دروستبووە؛ ئەویش لەناو بەشێک لەبانگەوازکارانی خێرخواز، هاوکات لەناو هەندێک لەگرووپەکانیش ، لەمڕووەوە یەکتر بە ناشەرعیبوونی کارەکە و دزی و خراپ بەکارهێنانی پارەکان تۆمەتبار ئەکەن.  
 
دووەم/ ئامانجەکانی خێرخوازی
لەبەڕێوەبردنی کاری خێرخوازیدا؛ چەندین پاڵنەر و ئامانجی مرۆیی و فریاگوزاری، ئایینی و ئایینزایی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی، میدیایی و سۆشیال میدیایی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی و خۆیی (تایبەتی)ی تاکەکان هەیە.

کارکردن بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی کاری خێرخوازی؛ بەگوێرەی زەمینەی یاسایی و ڕێکار و سیستەمی چاودێریی وڵاتەکان ئەگۆڕێت، لەبەشێک لەوڵاتان کارە خێرخوازیەکە؛ لەچوارچێوەی هەوڵ و کۆششی تاکە کەس و گرووپی خاوەن پاشخانی سیاسیدا قەتیس بووە، ئەویش بۆ هێنانەدی ئامانجی خۆیی تاکەکان، یان گرووپەکە، لەبەرامبەردا لەبەشێک لەوڵاتەکانی تردا؛ کارە خێرخوازیەکە بە یاسا و لەژێر چاودێریی حکومەتدا، شەفاف و دادپەروەر و بەدیسپلین کراوە، ئەویش لەڕێگەی مۆڵەتدان بە دروستبوونی ڕێکخراوی خێرخواز و فریاگوزاریی بێلایەن و سەربەخۆی تایبەتمەند، کە پابەند کراوە؛ بە ڕێنمایی و ڕێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و یاسای ڕێکخراوە ناحکومیەکان، سیستەمی بانکی و دەزگای چاودێریی دارایی حکومەت.
 
سێیەم/ بکەرانی کاری خێرخوازی
لەسۆنگەی دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی خێرخوازیەوە، ئەتوانین بکەرە جیاوازەکانی کاری خێرخوازی، بەم جۆرە دیاری بکەین :

١- قەوارە بێلایەنە سەربەخۆکان
ئامانجی گشتیی قەوارە بێلایەنەکان لەکۆکردنەوەی پارە بۆ کاری خێرخوازی؛ خۆی لەخزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتیدا ئەبینێتەوە و بکەرەکانی بریتین  لەدەستەی کتوپڕیی خۆبەخشی تایبەت بە ڕووداوێکی کارەساتبار، ناوەندی میدیایی و سەکۆی سۆشیال میدیایی و گرووپی دامەزراوی دوور لەهەژموون و جڵەوی سیاسی، ڕێکخراوی خێرخوازیی ناوخۆیی تایبەتمەند و بێلایەن و سەربەخۆ، ئاژانس و ڕێکخراوی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی.

٢- قەوارە پاشکۆکان
ئەم قەوارانە کاری خێرخوازی ئەقۆزنەوە بۆ خزمەتی قەوارە سیاسیەکەی پشتی پەردە و بریتین لەدەستە و گرووپ و دەزگای میدیایی و سەکۆی سۆشیال میدیایی ڕوواڵەتدار و ڕووکار؛ بۆ پارت و ڕێکخراوی سیاسی، بەتایبەتی بۆ هێزەکانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، کە زۆرینەی ڕەهایان خاوەنی ڕێکخراوی خێرخوازین، بەتایبەتی ئیخوان موسلمینەکان.

٣- تاکە سەربەخۆکان
تاکە سەربەخۆکانی بانگەوازکار بۆ کاری خێرخوازی؛ لەسەر بنەمای هەوڵ و کۆششی تایبەتیی، کەمتر کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی ئەکەن، بەڵکو زیاتر ڕەچاوی بەرژەوەندیی تایبەتی خودی خۆی ئەکات؛ ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ و خۆکردنە فیگەر بێت؛ یان بۆ دەستکەوتی دارایی.
 
چوارەم/ میکانیزم و ئامرازەکانی خێرخوازی
لەقۆناغی ئێستادا بکەرە جیاوازەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە زیاتر خاوەنی ئامانجی خۆیی و شاراوەن؛ بە مەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین کۆمەک، هانا بۆ بەکارهێنانی چەندین ئامراز و میکانیزم ئەبەن؛ کە کاریگەریی زیاتر و بەرچاو، لەسەر ناخ و باوەڕ و باری دەروونی و ویژدانیی تاکەکان و ڕای گشتیی کۆمەڵگا دروست ئەکەن؛ لەهەموویان دیارتر فاکتەری ئایین، میدیا، سۆشیال میدیا، بەتایبەتی لەلایەن بەشێک لەمەلا و بانگەوازکارانی بانگەشەی ئایینی، ئەویش لەناو ئەو کۆمەڵگایانەی کە تاڕادەیەک هەستوسۆزی ئایینیی تیایدا بەهێزە و دیاردەی بانگەوازی ئایینیی تیایدا لەبرەودایە، بەدیاریکراویش کاتێک کە ئەو بانگەوازکار و کەسایەتیە ئایینیانە؛ زۆر بە ئازادانە و بە بێ سانسۆر و کۆسپ و بەبێ  دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی، بۆ جموجۆڵ و چالاکیەکانیان؛ توانیویانە ڕووبەرێکی گەورە، لەناو میدیا و سۆشیال میدیا و ناوەندە ئایینی و ژینگە کۆمەڵایەتیەکاندا، بکەنە پێگەی بەهێز بۆ خۆیان، تاکو لەسایەی بانگەوازە ئایینیەکەدا؛ بتوانن بەخشینی کۆمەکی دارایی؛ لای بەشێک لەموسوڵمانان، بکەنە ئەرکێکی ئایینی.
 
پێنجەم/ ئەزموونەکانی کاری خێرخوازی
لەدەرەنجامی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن؛ لەڕووی چۆنایەتیی کۆکردنەوە و دابەشکردنی پارە خێرخوازیەکان، ئەو کارە دوو ئەزموونی جیاوازی لێکەوتۆتەوە :
ئەزموونی یەکەم/ لەچەندین وڵاتی جیهاندا، بەتایبەتی لەجیهانی ئیسلامیدا؛ ئەم دیاردەیە هێشتا لەچوارچێوەیەکی یاساییدا ڕێکنەخراوە، بەڵکو زیاتر لەچوارچێوەی کار و کۆششی تایبەتیی تاکە کەس و گرووپی بچووک و پارتی سیاسیدا، کەوتۆتەگەڕ و هیچ پابەندیەکی بە پرانسیپی شەفافیەت و دیسپلینی چاودێری و لێپرسینەوەی داراییەوە نیە و بە ئازادیی ڕەهاوە؛ درێژە بە کاری خۆی ئەدات.

چەندین زەمینە و هۆکار هەیە، بۆ بەردەوامیی و تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە؛ لەناویاندا کەمتەرخەمیی حکومەتەکان و میدیا و دامودەزگا ئایینییە فەرمیەکان و نەبوونی لێکۆڵینەوە ؛ بۆ تیشکخستنەسەر ئەم دیاردەیە پاشاگەردانیە و بۆ خستنەڕووی دەرەنجام و لێکەوتە و دەرهاویشتە نەخوازراوەکانی.

ئەم ئەزموونە زیاتر بەرهەمی دوو قۆناغە لەکاری خێرخوازیی ئیسلامی؛ کە تیایدا بە ناوی خێرخوازی و فریاگوزاریەوە؛ دەیان پارت و ڕێکخراو و گرووپی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم و ژمارەیەکی زۆر لەبانگەوازکار و سەرکردە و کادیرەکانیان؛ توانیویانە سوودی دارایی زۆر، لەم دیاردەیە وەربگرن و بەهۆیەوە ببنە خاوەنی سەرمایەی گەورە:

قۆناغی یەکەم/ لەچوارچێوەی ململانێکانی جەنگی سارد و لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەدوای دەستپێکردنی دیاردەی جیهادی ئیسلامی لەئەفغانستان؛ چەندین ڕێکخراوی خێرخواز و فریاگوزاری ئیسلامی و جیهانی، بەتایبەتی لەسعودیە و وڵاتانی تری کەنداوەوە؛ بۆ هاوکاری و پشتیوانی لەجیهادەکە و کۆمەککردنی خەڵکی لێقەوماوی ئەفغانستان؛ بەرەو شاری پیشاوەری پاکستان، لەسەر سنووری ئەفغانستان بەڕێکەوتن و لەوێ جێگیربوون.

هاوکات ژمارەیەکی زۆری ئەندام و لایەنگری پارت و ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی ئیخوان موسلمین، لەوڵاتانی ئیسلامیەوە؛ بەپیر بانگەوازی بەشداریکردن لەجیهادی ئەفغانستان، ڕۆیشتن و چوونە شاری پیشاوەر؛ کە بوو بووە وێستگە و دەروازەیەکی گرنگ، بۆ پێشوازی و داڵدەدان و ڕێکخستن و سازدان بۆ چوونە ناو ئەفغانستان بۆ جیهاد، ئەوە بوو دواتر هەموویان بە جیاوازی نەتەوە و وڵات و ئایینزا و ڕێکخراوە سیاسیەکانیانەوە؛ بە عەرەب ئەفغان ناسران.

ئەو عەرەب ئەفغانانە، لەسەرەتاوە دابەشبوون بەسەر دوو گرووپدا؛ گرووپی یەکەم دوای پەروەردەی فکری و مەشقی سەربازی، کە بوودجەکەی لەسەر ئەمریکا و سعودیە و ڕێکخراوە خێرخوازیە ئیسلامیەکان بوو، کرانە جەنگاوەر و چوونە ناو ئەفغانستان و لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئیسلامی سیاسیی ئەفغانستاندا؛ بەشداریان لەشەڕی سوپای حکومەتی ئەفغانستان و سوپای یەکێتیی سۆڤیەتدا کرد؛ کە سوپای دووەمیان بۆ ئامانجی ستراتیژی، لەکۆتایی حەفتاکاندا؛ بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان؛ لەشکرکێشیی کردبووە ناو خاکی ئەفغانستان.

بەرهەمی ئەم گرووپە لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئەفغانستان؛ بریتیبوو لەگواستنەوەی ئەزموونی جیهادی ئەفغانستان و توندڕەویی ئایینیی و تیرۆر، بۆ وڵات و ناوچەکانی تری جیهانی ئیسلامی و دامەزراندنی بنکە و لقەکانی ڕێکخراوی قاعیدە لەجیهاندا؛ بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە.

گرووپی دووەم لەعەرەب ئەفغانەکان، لەشاری پیشاوەر مانەوە و لەناو ڕێکخراوە خێرخواز و فریاگوزارە ئیسلامیەکاندا، وەکو فەرمانبەر و کارگوزار دامەزران و توانیان بەشێک لەپارە تەرخانکراوەکانی بەردەستیان؛ بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندیی خودی خۆیان و پارت و ڕێکخراوەکانیان، ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ بەکارهێنانی پارەی خێرخوازی؛ بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و سیاسی، ئەمە بەدەر لەوەی کە لەو قۆناغەدا، شاری پیشاوەر بوو بووە ناوەندێک بۆ بەخشینی کۆمەکی دارایی؛ بۆ چەندین هێزی ئیسلامی سیاسی لەوڵاتانی تردا، بە هێزی ئیسلامی سیاسیی کوردیشەوە.

جێی ئاماژەیە ئەم دیاردەیە، دواتر ڕووی لەتەشەنەسەندنی زیاتر کرد، بەتایبەتی لەکاتی کۆمەککردنی موسوڵمانەکان و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لەکشمیر، چیچان، ئاسیای ناوەڕاست، بۆسنیا، کۆسۆفۆ، فەڵەستین و ...هتد.

هەرچەندە ئەو دیاردەیە تووشی گووشار و لەمپەر و خاوبوونەوە بووە، بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)ی کەرتی غەززە لەفەڵەستین، جارێکی تر بووژایەوە.    
قۆناغی دووەم/  ئەگەڕێتەوە بۆ دوای کردەوەکانی (١١)ی سێپتەمبەری (٢٠٠١) و دواتری ڕێکخراوی قاعیدە و بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی تیرۆر بە جیهاندا، بەتایبەتی بەهۆی تەشەنەسەندنی ڕێبازی ئایدیۆلۆژیی سەلەفیزمی جیهادی و سەرهەڵدانی داعش و هەموو ئەو شەڕ و ململانێیانەی کە لە (٢٥) ساڵی ڕابردوودا، لەجیهاندا ڕوویانداوە؛ بەتایبەتی لەجیهانی ئیسلامیدا.

جێی ئاماژەیە خودی دامەزرێنەر و پێشەوای قاعیدە؛ کە بریتیبوو لە ئوسامەی کوری لادن؛ سەرمایەدارێکی دەوڵەمەند و خاوەن پرۆژەی بازرگانیی گەورە بوو؛ سەرمایەکەی تەرخانکردبوو بۆ فراوانکردنی بنکە و تۆڕەکانی ڕێکخراوەکەی و کۆمەککردنی ئەو هێز و گرووپانەی کە بەیعەتی پێ ئەدەن و ئەکەونە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆر، بە خزمەتی ئامانجەکانی قاعیدە و لەدژی ئەمریکا و هەندیک لەو وڵاتانەی کە لەدید و تێڕوانین و ئەدەبیاتی قاعیدەدا؛ بە پاشکۆ و نۆکەری ئەمریکا و ئیسرائیڵ لەقەڵەمئەدران.

لەم قۆناغەدا لەلایەک سوودێکی زۆر لەداهات و سەرچاوە داراییەکانی ڕێکخراوی قاعیدە وەرگیرا، بەهەمانشێوە سوود لەو داهات و کۆمەکە داراییانەی تریش وەرگیرا؛ کە بە ناوی خێرخوازیەوە، لەدوای ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی قاعیدە لەئەفغانستان؛ بە ناوی (بەرەی جیهانیی بۆ جیهادکردن بەسەر خاچپەرستان و جوو- شوباتی ١٩٩٨)، لەناو وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی تری ئیسلامی و لەناو ڕەوەندی موسوڵمانان لەڕۆژئاوا کۆکرایەوە.

ئەزموونی دووەم/ بەپێچەوانەی ئەزموونی یەکەم، لەژمارەیەکی زۆری وڵاتان، بەتایبەتی لەڕۆژئاوا و لەبەشێک لەوڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان؛ لەڕێگەی سەپاندنی ڕێکاری یاسایی و بانکی و کارگێڕیی و چاودێریی وردەوە، تا ڕادەیەکی زۆر توانراوە ئەم دیاردەیە کۆنتڕۆڵ بکرێت و پابەند بکرێت؛ بە شەفافکردنی بڕ و سەرچاوەکانی داهاتی کۆکراوە و چۆنیەتیی بەکارهێنانی؛ ئەمەش لەپێناوی چوار ئامانج؛ کە بریتین لە :

١- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دزیکردن بە ناوی خێرخوازی.
٢- ڕێگریکردن لەسپیکردنەوەی پارەی ڕەش.

٣- ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی پارەکان، بۆ خزمەتی دیاردەی تیرۆر.
٤- ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی پارەکان، بە بەرژەوەندیی پارت و گرووپەکانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم.

ئەو چوار ئامانجە بوونە هۆی پیاچوونەوە و خستنەژێر چاودێری و بەدواداچوون؛ بۆ هەر هەوڵێک کە ئەدرێت، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پارە بە ناوی خێرخوازی؛ بەتایبەتی لەناو ڕەوەندی موسوڵمانان لەڕۆژئاوا، وڵاتانی کەنداو، میسر، ئەردەن، توورکیا، مالیزیا، تونس، جەزائیر، مەغریب و ... هتد.

شایەنی باسە چەندین بانگەوازکاری ئایینی و گرووپ و ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، لەژمارەیەک لەو وڵاتانەدا، ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و هەڵدانەوەی ئابرووچوونی گەورەی دارایی بوونەوە.

ئەتوانین بڵێین بەشێک لەوڵاتان، هەنگاوی گەورە و ڕیشەییان نا، بۆ سنووردارکردن و بەیاساییکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کاری کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی و توانیان خۆیان لەو پاشاگەردانیە ڕزگاربکەن؛ بۆ ئەوەی چیتر بانگەوازکار و گرووپە ئایینییەکان، نەتوانن لەدەرەوەی ڕێنمایی و ڕێکارە یاساییەکان و دوور لەشەفافیەت؛ مینبەری مزگەوت و سەکۆکانی سۆشیال میدیا و ناوەندەکانی میدیا، بە ناوی فریاکەوتن و بەهاناوەچوونی موسوڵمانانی لێقەوماوی جیهان بقۆزنەوە؛ بۆ کۆکردنەوەی پارەیەکی گوماناوی و دەمامکدار بە ناوی خێرخوازی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار