ئایا دەکرێت تۆمەتبار "عەجاج " بهێنرێتە دادگاکانی کوردستان؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش



نەشاد عومەر

ئەوەی هەیە دۆسیەو لێکۆڵینەوە کردن لە تۆمەتبار " عەجاج " تا ئێستا بە تەواوی بە نهێنی دەکرێت و ڕای گشتی هیچی لە بارەوە نازانێت لەکوێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و کام مادەو یاسایەی بەسەردا لە جێ بەجێکردندایە.
لێرەدا دوو گریمانە هەیە:

یەکەم/ ئەگەر بە یاسای دادگای باڵای تاوانەکان مامەڵە لەگەل ئەم کەیسە بکرێت:
لە عێراق بۆ هەموو تاوانەکانی قڕ کردن و لە نابردنی کۆمەڵ و تاوانەکانی دژی ئینسانیەت ئەوانەی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ٢٠٠٣ ئەنجامدراون و بە تایبەت  تاوانەکانی سەرانی پێشووتری ڕژێمی بەعس یاسایەک دەرکراوە  بە ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ بە ناوی " یاسای دادگای باڵای تاوانەکان "

ئەوەی ئاشکرایە هەموو ئەو کردەوانەی کە ئەم تۆمەتبارە لە زیندانی "نوگرە سەلمان " ئەنجامی داوە لە بەرامبەر زیندانیانی کورد هەموو کردەوە تاوانکارییەکانی مادەکانی ١١ و ١٢ ی ئەم یاسایە باسی کردووە بە وردی و بە دەقیقی ، بۆیە ئەم تۆمەتبارە دەکرێت بە پیی ئەم یاسایە لێکۆڵینەوە و دادگایی بکرێت .

بەم مانایە  ئەگەر باس لە چۆنێتی  نقل کردنی ئەم تۆمەتبارە بکەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسای"  دادگای باڵای تاوانەکان" نەک یاسای شێوازی دادگاییەکانی سزایی عێراق . 
وە لەبەر ئەوەی بە پێی یاساکە تەنها یەک دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق دروست بووەو ناوەندەکەی لە "بەغدا " یە ، کەوایە دەبێت تۆمەتبار "عەجاج " لە بەردەم ئەم دادگایە بێت لە " بەغدا " بەڵام ئەم مەرجە گشتگیر نییەو قابیلی جیاکارییە ،چۆن ؟

بە پێی مادەی ٢ ی یاساکە دەکرێت دادگاکە دانیشتنی دادگاییەکانی  خۆی لە یەکێک لە پارێزگاکانی تری عێراق ئەنجام بدات بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران  پێشتر و" دواتر یاساکە هەموار کراوە بە یاسای ژمارە ٣٥ ی ٢٠١١ کە "ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق " جێگای ئەنجوومەنی وەزیرانی گرتۆتەوە ئەمەش  لەسەر پێشنیاری سەرۆکی دادگاکە . 

واتە ئەگەر سەرۆکی دادگاکە پێشنیاز بکات و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق  بڕیار بدات ئەوە دەکرێت دادوەرەکانی هەمان ئەم دادگایە بێنە یەکێک لە پاریزگاکانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی دادبینی و دادگاییکردنی ئەم تۆمەتبارە و بەم شێوەیە پرۆسەی دادگاییکردنەکە لە کوردستان بەڕێوەبچێت ئەوا لەم گریمانەیەدا ناکرێت "عجاج "بهێنرێتە بەردەم دادگاکانی کوردستان بەڵکو دەکرێت دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دانیشتنەکانی بهێنێتە پارێزگاکانی کوردستان 

دووەم / ئەگەر تاوانەکانی "عەجاج " یاسای سزاکانی بەسەردا جێ بەجێ بکرێت وەک هەر تاوانێکی تری ئاسایی:
ئەسل ئەوەیە تاوان لەهەرشوێنێک ڕووبدات ئەوا تۆمەتبار لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئەو شوێنە هەم لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت هەم دادگایی دەکرێت ، ئەمەش پاڵپشت بە مادەکانی ٥٢ و ١٤١ ی یاسای شێوازی دادگاییەکانی سزایی عێراق کارپێکراوی ژماەە ٢٣ ی ١٩٧١ ، بەم پێیە ئەو تاوانانەی کە باس دەکرێت " تۆمەتبار عەجاج " ئەنجامی داوە لە زیندانی" نوگرە سەلمان " کراوە واتە نوگرە سەلمان شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکانە، وە  تایبەتمەندی شوێنیش پشت دەبەستێت بە جیاکاری ئیداری.

ئەمە واتە قەلای "نوگرە سەلمان" لە رووی ئیدارییەوە سەربەچ ئیدارەیەک بوو ئەوا دادگاکانی لێکۆڵینەوەی ئەو شوێنە و دادگاکانی تاوانی ئەو شوێنەی کە" نوگرە سەلمان "سەربەوە تایبەتمەند دەبێت بۆ لێکۆڵینەوەو دادگایی کردنی ئەو تۆمەتبارە ، بەڵام ئەمەی باس کرا دەکرێت " استثناء" جياکاری تیایدا ڕووبدات بە پێی مادەی ٥٥ ی هەمان یاسای سەرەوە بۆ دادگا هەیە واتە ناچاری نییە بۆ دادگا بەلكو ئیختیارییە کە دۆسێیەکی لێکۆڵینەوە بگوازێتەوە بۆ دادگایەکی لێکۆڵینەوەی تر ئەویش بە فەرمانی وەزیری داد یان بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە یان دادگا تاوانەکانی ناوچەکە.

ئەمە تەنها لە لێکۆلینەوەدا نییە بەڵکو ئەگەر دۆسیەکە گەشتبووە قۆناغی دادگایی کردنیش واتە دادگای تایبەتمەند کە دۆسیەکەی لەبەردەمە بۆ دادگایی کردن دەکرێت لەسەر داواو فەرمانی هەمان لایەنی سەرەوە دۆسیەکەو تۆمەتبارەکە بگوازێتەوە بۆ دادگایەکی تر لە شوێنێکی تر بۆ دادگایی کردن ، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم کارانە بکرێت دەبێت چەند مەرجێک هەبێت لەوانەش " یان بارودۆخی ئاسایش وا پێویست بکات یان ئەو گواستنەوەیە یارمەتیدەر بێت بۆ گەشتن بە راستییەکان " هەموو ئەمانەش بە پێی مادەکانی " ٥٥ و ١٤٢ " لە یاسای شێوازی دادگاییەکانی سزایی.

بەم پییە بۆ دۆسیەی تایبەت بە تۆمەتباری سەرەوە دەکرێت یەکێک لەو لایەنانەی سەرەوە ڕازی بکرێت بە بڕیاردان بە گواستنەوەی ئەم تۆمەتبارە چی لە ئێستایا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە یان لە قۆناغی دادگایی کردن بۆ یەکێک لە دادگاکانی کوردستان کە لەگەڵ واقعیشدا ئەگونجێت سەرجەم سکاڵاکاران و شایەتەکانیش هەموویان دانیشتووی کوردستانن و ئەو گواستنەوەیەش کاریگەری دەبێت لەسەر یارمەتیدانی   دادگا  بۆ گەیشتن بە راستی ..

لەگەڵ ئەوانەشدا هیچ ڕێگرییەک نییە کە  دادگاکانی لێکۆڵینەوە لە کوردستان دەتوانن سکالاکان وەربگرن و وتەی شایەتەکان وەربگرن و پاشان دۆسیەکە بنێرن بۆ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق یان دادگای لێکۆڵینەوەی ئەو شوێنە لێکۆڵینەوەی شوێنی تاوانەکە، ئەمەش کارئاسانی دەبێت بۆ سکالاکاران و شایەتەکان کە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە نەچن بۆ شوێنی تاوانەکە و بەڵکو لە شاری خۆیان سکالا بکەن تەنها بۆ قۆناغی دادگایی کردن بڕۆن .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار