جنێوی پیرۆز

5 كاتژمێر لەمەوپێش
د. شاهۆ سەعید
بۆچی بەشێکی زۆری ئایندارانی کۆمەڵگای ئێمە لە کاتی وتاربێژیی و کۆمێنت و پۆستی سۆشیاڵ میدیادا زۆر توندڕەو و شەڕانگێزن؟ لە کاتی دەرکەوتنی کچێکی تازە پێگەیشتوو، یان هونەرمەندێکی خاوەن ستایڵی جیاواز، یان نوسەرێکی خاوەن تێز و بۆچوونی تایبەت، پەنا بۆ جنێو و سوکایەتیپێکردن و تێرۆرکردنی مەعنەویی دەبەن؟!
ئایا ئەمە دیاردەیەکی نوێیە؟ یان ریشەی قووڵی لە دیوە تاریکەکەی نائاگایی ئێمەدا هەیە؟ ئایا ئەمە تەنها پەیوەندیی بە ئاکاری بەشێک لە وتاربێژانی سەر مینبەر و ئایندارە توندڕەوەکانی ناو سۆشیاڵ میدیاوە هەیە؟ یان نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە بەگشتی، بەشێکە لە کێمی کرانەوەی پەرت و بەربڵاو بەسەر پلاتفۆرمەکانی میدیای نوێدا؟
ئەڵبەت پۆست و کۆمێنتەکانی سۆشیاڵ میدیا گوزارشتی تەواو لە دیدگای خەڵکی ئاینداری ئێمە ناکەن؛ بەڵام دەکرێت وەک ئاماژە و "داتای خاو" لێی بڕوانین بۆ نزیککاری دەربارەی مەزاجی گشتی ئەو کەسانەی کە خۆیان بە پاسەوانی بەها و پیرۆزیەکان دەبینن، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە دەروونی بریندار و چڕنوک وەشێنی بەشێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا بەگشتی.
ئەم دیاردەیە تازەیە و تازەش نیە، دەمێکە هەڵگرانی ئایدیۆڵۆجیا سیاسیە دۆگماکان پەنای بۆ دەبەن، کاتی خۆی ناسیۆنالیست و کۆمۆنیستەکان زۆر بە توندی ئیرهابی فیکرییان دژی نەیارەکانیان پەیڕەودەکرد. لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەوانەی خۆیان بە چەپ و پێشکەوتوخواز دەبینی گاڵتەیان دەکرد بە ئایندارەکان و نەخوێندەوارەکان و شوێنکەوتوانی تەریقەتی سۆفیگەری لە ناوچە گوندنشینەکاندا.
بەڵام ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە، ئایندارەکان و موحافیزکارەکان زیاتر ئەو کارە دەکەن، پەنا بۆ ئیرهابی فیکریی و کەڵەگایی ئەلیکترۆنی دەبەن. ئەمجارەیان ئیرهابێکە بەرگی پیرۆزی لەخۆی ئاڵاندووە، بەناوی خوداوە پەنا بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ دەبات، بە جنێو خەڵک بانگ دەکات بۆ هەڵبژاردنی ڕێگای ڕاست.
بوڵینگ Bullying، یان کەڵەگایی زارەکی، گوزارشت لە دەرونێکی نەخۆش دەکات کە پەنا بۆ ئازاردانی دەرونی و شکاندنی کەرامەتی قوربانیەکەی دەبات، نەک لەبەر ئەوەی هەڵەیەکی کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی شێوازێکی ژیان و بیرکردنەوەی هەڵبژاردووە کە لە هی ئەو ناچیت، یان لەبەر ئەوەی هەڵگری شوناسێکی جیاوازە و سەر بە گروپێکی کۆمەڵایەتی ترە، یان لەبەر ئەوەی متمانەی بەخۆیەتی و خەسڵەتێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە کە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەیبینێ. هەندێ جاریش بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی قوربانیەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، یان دەرونی، یان کێماسییەکی جەستەیی هەیە کەخۆی دەستی نەبووە لە دروستکردنیدا، بەو هۆیەشەوە دەبێتە نێچیرێکی ئاسانتری پەلاماردان.
ئەوانەی ئێستا پەنا بۆ کەڵەگایی ئەلیکترۆنی دەبەن لە قووڵایی دەروونیاندا گیرۆدەی دەستی چەندین گرێی سایکۆڵۆجین، هەست بە نائارامییەکی کوشندەی ناوەکی دەکەن. ڕەنگە خۆیان لە بنەڕەتدا قوربانی توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئاینی بن؛ بەڵام وەک مێکانزمی بەرگریی چێژ لە ئازاردانی دەرونیی ئەوانی تر دەبینن، ئارامی خۆیان لەوەدا دەدۆزنەوە کە ژمارەی مرۆڤە نائارام و تێکشکاو و بێ متمانەکان زیاتر بن. زۆرجاریش لەوەدا سەرکەوتو دەبن، بەتایبەتی کاتێ پەلاماری کەسانێک دەدەن کە توانای خۆپارێزیی دەرونییان کەمترە، بۆ نمونە گەنجەکان و زیاتریش کچە هەرزەکارەکان کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئاسانتر زەفەریان پێدەبرێ، یان ئەوانەی لە ترسی دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ خۆیان و کەس و کاریان لە بەردەم پەلامارەکاندا پاشەکشێ دەکەن.
هۆکارێکی تری تەشەنەسەندنی کەڵەگایی ئەلیکترۆنی، بەتایبەتی لەلایەن ئایندارە توندڕەوەکانەوە، پەیوەندیی بەو شکستە سەربازییەوە هەیە کە جیهادییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست و جیهان بەگشتی دووچاری هاتن. ئێستا ئەوان زیاتر پەنا بۆ جیهادی ئەلیکترۆنی دەبەن بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و ئیرهابی ڕەمزیی لەناو خەڵکدا. هەموومان لە ماوەی پێشودا بینیمان کە چۆن جیهادیەکانی سوریا لە تۆڵەی هەر پاشەکشێ و شکستێک بەرامبەر ئیسرائیل پەنایان بۆ پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە کەمینەکانی سوریا دەبرد، قەرەبوی شکستەکانیان بەوە دەکردەوە کە وێنەی ئەتککردن و زەلیلکردنی قوربانیەکانیان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبکەنەوە.
لە دەرونناسیدا ئیرهابی ڕەمزیی دیوی دووەمی ئیرهابی جەستەییە، توندوتیژیی زارەکیش جۆرێکە لە قەرەبوکردنەوەی شکست لە شەڕی دەستەویەخەدا. هەروەک دەرونناسێکی گەورەش کاتی خۆی وتی: جنێو کاتێک پەیدا بوو کە مرۆڤ چیتر نەیتوانی بەرد بهاوێ.

