با کۆتایی بەم دیاردە نەشیاوە بهێنین

4 كاتژمێر لەمەوپێش
د . سەعید عەلی محەمەد
لە ڕابردوودا تایبەتمەندیی بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی کولتورو ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی کوردەواری بوو ، ماڵەکان بەچەندین دیواری بەرزو قایم دروستدەکران و پەرژین دەکران، دانیشتنەکان زۆر بە ئاگایی و وریایی یەوە ئەنجام دەدران، چیرۆک و قسەو باسەکان لە سنووری خێزان دەرنەدەچوون.
ئەوکات ئێمە دەمانزانی چی بکەین بۆ ئەوەی ژیانمان تەنها بۆ خۆمان بمێنێتەوە، دەمانزانی ئەو باس و خواسانە کەدەکرێت بوترێن جیابکەینەوە لەو باس و خواسانەی کە دەبێت نەوترێن و بپارێزرێن، ئەو قسانە جیابکەینەوە کە تایبەتن بە خۆمان لەگەڵ ئەو قسانەی کەدەکرێت کەسانی تریش بیانزانن، بەڵام سەرنج بدەن لەم ڕۆژگارەدا گۆڕانکاریی گەورە ڕوویداوە، گۆڕانکاریەکی زۆر قووڵ و خێراو شۆکهێنەر کە هەرگیز پێشتر پێشبینی نەکراوە و لەگەڵیدا ڕانەهاتووین.
ئێستا لەگەڵ گەشەکردنی تەکنۆلۆژیاو بەرفراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئێمە چوینەتە نێو چەرخ و سەردەمی خۆئاشکراکردن و خۆواڵاکردنی ڕەها، بەجۆرێک هەموو نهێنی و وردەکاریەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بۆ کۆمەڵگە و دەوروبەر باس دەکرێت و نمایش دەکرێت؛ ژەمی بەیانیان، بۆنەکان، ئاهەنگەکان، بەخششەکان، چاوپێکەوتنەکان، سەردانەکان، تەنانەت ساتەکانی خەفەت و پەژارەمان، سەعادەت و ئاسوودەییشمان! هیچ سنوورێکی ڕوون و دیاریکراو لە نێوان (تایبەت) و (گشتی) دا بوونی نەماوە، وەک بڵێین ئێمە ئیتر دیواری ماڵەکانمان بە شاشە ڕووناکەکان گۆڕیوەتەوە، لەو شاشانەوە تەماشای هەمووان دەکەین و ڕێگەش بەهەموان دەدەین بەبێ مۆڵەت وەرگرتن بێنە ژورەوە و بێنە لامان، تەنانەت پەیوەندیە خێزانیەکانیشمان هیچ پیرۆزیی و تایبەتمەندیەکیان تێدا نەماوە.
یەکێک چیرۆکی جیابوونەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەگێڕێتەوە و بڵاو دەکاتەوە، وردەکاری پەیوەندیە سۆزداریەکانی بێ پەردە باسدەکات، یەکێکی تر بەدرێژیی باسی گەشت و هاتن و ڕۆیشتن و پەیوەندییە خێزانی و سەردانە کۆمەڵایەتیەکانی دەکات و پەردە لەسەر نهێنیە هەستیارەکانی ژیانی لادەدات.
ئەمانە هەمووی لە پێناو چی؟
تەنها لە پێناو ناوبانگ دەرکردن.
بەڵام ئایا ئەنجام چیە ؟
ئەنجام : ئەم کەسانە دەبنە بەناوبانگەکانی سۆشیال میدیا ، بەڵام بەچ نرخێک؟
ئەو نهێنی و تایبەتمەندیانەی کە زۆر هەستیار بوون و قودسییەتێکی بێ ئەندازەیان هەبوو ئێستا زۆر بە هەرزان لە بازاڕی تەماشاکەران و بیسەراندا دەفرۆشرێنەوە! هەڵبەتە مەبەست لە تایبەتمەندیی گۆشەگیریی نیە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە : کێ هەڵبژێرین بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە هاتنە نێو ژیانمان و زانینی تایبەتمەندیەکانمان؟ چۆن بەشدار بێت؟ لە چیدا بەشدار بێت؟ .
دیارە ئەمەش نەریتێکی کۆن نیە، بەڵکو ئەمە بەهاو نرخێکی مرۆییە کە هاوسەنگی ناوخۆیی مرۆڤەکان دەپارێزێت و پەیوەندیەکانیشمان لە کاڵ بوونەوە ڕزگار دەکات، پانتاییەکی تایبەتیش بۆ گەشەکردن بە ئارامی و ئومێد و ئاسوودەیی بە مرۆڤەکان دەهێنێتە کایەوە.
گومانی تێدا نیە نەمانی (تایبەتمەندیی) لەم ڕۆژگارەدا کاریگەریی نەرێنی بێ ئەندازەی لەسەر خێزانەکان، لەسەر پەروەردەکردنی منداڵان، لەسەر بنیاتنانی پەیوەندی تۆکمەو سەرکەوتوو لە نێوان تاکەکان دروستکردووە وایلێهاتووە ئێمە بەرەو ئاقارێک دەڕۆین هەموو بوارێکی ژیانی ئێمە شایەن و گونجاو و ڕێگە پێدراو بێت هەمووانی تێدا بەشدار بکرێت و کۆمێنتی لەسەر بدرێت و تەوسیفی جۆراو جۆری بۆ بکرێت! تا ئەو ڕادەیەی گرفت و ناکۆکیە خێزانیەکانیش بەردەست بن بۆ قسە لەسەرکردن و ببنە ناوەڕۆکی گفتۆگۆی گشتی! .
ئەم دیاردەیە سەرلێشێواوی و شڵەژانی منداڵانیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت کاتێک دەبینن وردەکاریەکانی ژیانیان وەک زنجیرە درامایەکی ڕۆژانە لە بەردەم جەماوەرێکی بێ بەزەییدا نمایشدەکرێن، ئێمە (کرانەوە) ڕەتناکەینەوە، بانگەوازیش بۆ (گۆشەگیریی) ناکەین، بەڵکو داوای (هاوسەنگی) دەکەین، داوای ئەوە دەکەین نرخ و قورسایی و قودسییەت بۆ ( تایبەتمەندیی) بگێڕینەوە، دەبێت ئەوە بزانین هەندێک ئان و سات هەن تەنها لەسایەی سێبەردا گوڵ دەکەن نەک لە ژێر ڕۆشنایی سەکۆ و سایت و پەیج و هات و هاوار و جەنجاڵی ژمارەکان .
لەبیرمان نەچێت ئەوەی ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە سبەینێ دەبێتە ئەرشیفی ژیان و پارێزراوە بۆ مێژوو! بیهێننە بەرچاوی خۆتان گەنجێک خۆی لەبەردەم بینەران و بیسەران و جەماوەردا دەکاتە گاڵتەجار، ئەم گەنجە هەستی چۆن دەبێت کاتێک دادەمەزرێت و دەبێتە فەرمانبەر؟ دوای چەندین ساڵ کۆمەڵگە چۆن تەماشای دەکات و پێناسەی دەکات؟ چی لەبارەیەوە دەوترێت کاتێک کەسێک دەچێتە داخوازی کچەکەی؟ یان کاتێک خۆی دەچێتە داخوازی کچێک؟ ئەوکات خەڵک دەڵێن: ئەمە فڵانی کوڕی فڵان نەبوو؟ فڵان شت و فڵان شتی دەکرد؟ یان ئەو کچەی کە ڕاهاتووە ڕۆژانە هەموو پەنهانی و مەجرەیاتی ژیانی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بۆ خەڵک دەخاتە ڕوو و باس دەکات! لەڕاستیدا هەر کارێک، هەر جوڵەو هەڵسوکەوتێک ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین سبەینێ دەبێتە گەنجینەی نێو بانکی ژیان و مێژوومان.
بەدڵنیاییەوە دوور بێت یان نزیک ڕۆژێک دێت کە دەبێت ئەو گەنجینە لێی سەرف بکرێت و لێی دەربهێنرێت، کەواتە با ئەو رەسید و گەنجینەیە شتێک بێت شانازی پێوە بکەین، نەک شتێک بێت خەجاڵەتی و پەشیمانیمان بۆ بەجێبهێڵێت، چونکە ئەو شتە هەر بەدوامانەوە دەمێنێتەوە، بەدوای خۆمان و منداڵەکانمان و نەوەکانی دوای خۆمانەوە هەر بەردەوام دەبێت !.

