دەوڵەتەکەی داعش و حکومەتەکەی شەرع!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



موحسین کەریم

ئەو زانیاریانەی کە چ لەسەردەمی داعشدا و چ ئێستاش ئاشکرا دەکرێن، تیوەگلانی چەندین دەوڵەتی ناوچەکەو ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپی لە دروستکردن و هاوکاریکردنی لۆجستی و سەربازی و داراییەوە پشتڕاست دەکاتەوە.

ئەم مانگە یادەوەریەکی تراژیدیی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە؛ کارەساتی شەنگاڵ و جینۆسایدی یەزیدیەکان و سەربڕینی پیاوەکان و نێرینەکان و کەنیزەك کردنی ژنان و کچانی یەزیدی و فرۆشتنیان لە بازاڕی کۆیلەکاندا، بەهەمان دەستوری ئیسلامی سەردەمی محمد و خەلیفەکانی ئیسلام لەلایەن چەکدارە تیرۆریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش)ەوە! 

بەڵام ئەم ڕوداوە لە سەردەمێکدا ڕووی دا کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و تەنانەت ناوچەکەش، دەمێکەبوو ئەو جۆرە فکرو بیرکردنەوەو نەریتە کۆن و پڕتوکاوانەیان بە مێژوو سپاردبوو. چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەماوەیەکی کەمدا بەشێکی بەرچاوی عێراقیان کۆنترۆڵ کردو شاربەدوای شارو دێهات بە دوای دێهات دەکەوتە دەستیان. هێزە سەربازیەکانی عێراق و پارتی و یەکێتی پێشبڕکێیان بوو لە هەڵاتن و جێهێشتنی کەلوپەلە جەنگیەکانیان بۆ داعش و سپاردنی ژیان و چارەنوسی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی چۆڵیان دەکردن بۆ رەحمەتی داعش. هەڵبەتە تاوانەکانی داعش تەنها بە جینۆساید و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان و کچانی یەزیدی تەواو نەبوو، بەڵکو هەزاران هاوڵاتی مەسیحی و سەر بە مەزهەبەکانی غەیری سونەو دەیان چەکداری حزبەکان و سوپای عێراق کە دەرفەتی هەڵاتنیان دەست نەکەوتبوو وە کەوتبونە دەستی داعش، سەریان لە لاشەیان جیاکرایەوەو لاشەکانیان سوتاندن! تەنانەت نزیکەی ١٧٠٠ گەنج کە خولی ڕاهێنیان دەبینی لە سەربازگەی سپایکەر، بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە قەتڵوعام کران! 

ئەو زانیاریانەی کە چ لەسەردەمی داعشدا و چ ئێستاش ئاشکرا دەکرێن، تیوەگلانی چەندین دەوڵەتی ناوچەکەو ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپی لە دروستکردن و هاوکاریکردنی لۆجستی و سەربازی و داراییەوە پشتڕاست دەکاتەوە. لەسەراسەری دنیاوە؛ لە ئەمریکا تا ئەوروپا، لە چینەوە تا ووڵاتانی ئاسیای ناوەراست، لە تورکیاوە تا ووڵاتانی عەرەبی، تیرۆریستانی جیهادی مرۆڤکوژ لەرێگای فڕۆکەخانەکانەوە و بەرەو تورکیاو پاشان بۆناو سوریا و عێراق دەگواسترانەوە و لەسەر هونەری کوشتن و سەربڕین و تۆقاندن ڕاهێنانیان پێدەکراو ئامادەدەکران بۆ ئەنجامدانی تاوان. چەندین بەڵگە هەن کە دەزگا جاسوسیەکانی (CIA) ئەمریکی و (MI6 )ی بەریتانی و میتی تورکی و دەزگای هەواڵگری خەلیجی و ... تاد. دەوریان هەبووە لە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی ئەم تیرۆریستانەو راهێنانیان بۆکردەوەی تیرۆریستی و تاوانکاری.

ئاشکراکردنی هەندێ زانیاری دەزگای(CIA)لایەن کەسێك بەناوی جۆن ستۆكوێڵ (John Stockwell) کە لەو دەزگایەدا کاری کردوە، سەبارەت بەوەی چۆن ئەو دەزگایە نەخشی هەبووە بۆنانەوەی شەڕ و ئاژاوە و دروستکردنی تیمەکانی مەرگ و ڕاهێنان بۆ کوشتنی نەیارانی خۆیان لە ووڵاتانی جیهانی سێهەمدا، یان ئەو چاوپێکەوتنانەی کە پرۆفیسۆری ئەمریکی جێفری داود ساچس- Jeffrey David Sachs  ) سەبارەت بە پیلانگێریەکانی ئەمریکا دژی ووڵاتانی جیهان و بەتایبەتی جیهانی سێهەم و ووڵاتانی عەرەبی، دەیخاتەڕوو، تەنانەت دانپێدانانەکانی هیلاری کلینتۆن بەوەی کە سعودیەو قەتەر هاوکاری دارایی داعشیان کردوە، یاخود راگەیاندنەکانی محمد بن سلمان کە ووتی لەسەر داوای ئەمریکا رەوتی ئیسلامی وەهابیمان دروستکردوە، کە دەورێکی یەجگاروێرانکەریان هەبوو لەسوریاو ناوچەکەدا، یاخود  دانپێدانانی وەزیری بەرگری پاکستان( خواجە ئاسف) بەوەی کە سێ دەیە لەوەبەر لەسەر داوای ئەمریکاو بەریتانیاو دەوڵەتانی رۆژاوا پشتیوانییان لە گروپە تیرۆریستیەکان کردوە...هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە دەوڵەتانی ئەمریکاو رۆژاوا و دەزگا جاسوسیەکانیان دەوری سەرەکیان بینیوە لە خوڵقاندنی ئەو کارەساتانەی کە گروپە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی وەکو داعش ئەنجامیان داوە.

تازەترین نمونەی ئەم سیاسەتە قێزەون و پیلانگێڕیانەی ئەمریکاو ئەوروپا، بەهاوکاری دەوڵەتی کۆنەپەرستی تورکیا کە نەخشێكی بەرچاوی هەبوو لە هاوکاری هەمەلایەنەی داعشدا، دەستگرتنی گروپە تیرۆریستیەکەی ئەحمەد شەرع بوو بۆسەر کورسی حوکم. ئەو ڕاستیە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆبەرت فۆرد، باڵوێزی پێشووتری ئەمریکا لە سوریا لە ئایاری ٢٠٢٥دا هیچ گومانێکی لەسەر نامێنێ. دواتریش ترامپ دەستدەخاتە ناو دەستی شەرعی کۆنە داعش و بەرەی نوسرە  و بەهەموو جۆرێك هاوکاری ئەکەن تا وەکو خزمەتکاری ئەمریکاو رۆژاوا لەسوریادا رۆڵ بگێڕێت!

ئێستا ئەوانەی لە سوریا دەسەڵاتی سیاسیان پێدراوە لەلایەن ئەمریکاو دەولەتانی ئەورپاو دەوڵەتانی بۆرژوایی کۆنەپەرستی وەکو سعودیەو قەتەر و تورکیا بە هەموو جۆرێکی سیاسی، ئابوری، سەرباری، ئیداری و ڕاهێنان، دیپلۆماسی و ئەمنیەوە هاوکاری و پشتیوانی دەکرێن، هەمان داعشن کە کارەساتی جینۆسایدی شەنگاڵ و تاوانی سپایکەریان ئەنجام دا و سەری هاوڵاتیانی کوردو مەسیحی و شێعەیان دەبڕی! ئەوەتا هەر ئێستاش هەر ئەو کارە دەکەن کە ئەوکاتەی داعش و نوسرە بوون، دەیانکرد. کوشتار و سەربڕینەکان و ئەتکردنەکانی هاوڵاتیانی عەلەوی و دواتر دروزەکان، بەبەرچاوی زەقی ئەمریکاو ئەوروپاو دەوڵەتانی ناوچەکەوە، هەروەها هەڕەشەکانیان لە هاوڵاتیانی باکوڕ و رۆژهەڵاتی سوریا بەوەی کە لە دەرفەتێك دەگەڕین هەمان تاوانی عەلەویەکان و دروزەکانی لەدژی ئەوانیش ئەنجام بدەن، هەمان تیرۆریزمی ئیسلامیە لەچوارچێوەی دەوڵەتێکدا کە ئەمریکاو ئەورپاو ووڵاتانی ناوچەکە فەرشی سوریان بۆ ڕاخستوون!
 
بۆیە ئەگەرچی کارەساتی شەنگاڵ وەکو روداێک کۆتایی هاتوە، بەڵام خەتەری دوبارەبوونەوەی ئەو کارەسات و روداوە تراژیدیە لەسوریاو عێراق کۆتایی نەهاتوە، بەوەی کە ئێستا داعش بەرەسمی لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، نەك بەناوی تیرۆرەوە بۆمبیان بەسەردا ببارێنن!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار