ستراتیژی ٢٠٢٥ ی چین ڕۆژاوا تووشی شڵەژان دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕابەر مەغدید

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، چاوی لەسەر ستراتیژی "چین 2025" داناوە و ئامانجەكانی دیاریكردووە و شەڕی بازرگانیی دژی پەكین دەستپێكردووە لە هەوڵێكدا بۆ پووچەڵكردنەوەی، وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەڵمانیاش هەستیان بەم كاریگەرییە كرد و دەستیانكرد بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن بۆ داڕشتنی ستراتیژی هاوبەش بۆ بەربەست خستنە بەردەم پەكین و ڕێگریكردن لە سەركەوتنی. دوای 10 ساڵ ڕۆژئاوا زۆر درەنگ لە خەو هەڵسا و لەبری ئەوەی هاوكاری چین بكات، دەستیكرد بە ئەنجامدانی شەڕی بازرگانی دژی چین، ڕەتیكردەوە هەماهەنگی لەگەڵ پلانە گەورەكانی گەشەپێدانی چین بكات، لەنێویاندا ڕێگای ئاوریشمی نوێ كە بە "پشتێن و ڕێگا" ناسراوە.

لەم بابەتەدا دەمانەوێت بەكورتی ڕوونیبكەینەوە كە چین چی دەكات، لێرەدا دەبێت لەوە تێبگەین كە ستراتیژی چین لە ساڵی ٢٠٢٥دا چ نیشانەیەكی ئاگاداركردنەوە دەنێرێت سەبارەت بە باڵادەستی پیشەسازی ڕۆژئاوا.

دوای ئەوەی شی جینپینگ لە 14ی ئاداری 2013 پۆستی سەرۆكایەتی چینی وەرگرت، ستراتیژیەتێكی پێشنیار كرد كە ئێستا بە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا ناسراوە، كە تۆڕێكی گشتگیرە لە پڕۆژەی ژێرخانی نوێ كە لە چین دەستپێدەكات. بە تێپەڕین بە ئاسیای ناوەڕاست و گەیشتن بە ئۆراسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەكێتی ئەوروپا، شی جینپینگ لە ساڵی ٢٠١٣ لە میانی كۆبوونەوەیەكدا لە كازاخستان ئەم دەستپێشخەرییەی ڕاگەیاند، پاشان لە ساڵی ٢٠١٥ شی ستراتیژییەكی نیشتمانی پیشەسازی جیهانی بە ناوی "چین ٢٠٥٠" واژۆ كرد.

یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی كە لە یەكەم سەرنجمدا بۆ ئەو دیدار و گفتوگۆ جۆراوجۆرانەی كە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە چین بەڕێوەدەچن لەم خولەی چەند رۆژەی كە لەوڵاتی چین بووم بۆم دەركەوت، ئیرادەی بەرچاوی دامەزراوەكانی چین و گەلی چینە بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەكان بە زووترین كات، واتە چینییەكان دوای گەیشتن بە كۆدەنگی لەسەر ستراتیژی نیشتمانی، ئێستا بە ئیرادەیەكی زۆرەوە كاردەكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن، ئەم وڵاتە توانیویەتی لە هەژارترین و بێبەشترین ئابووری كشتوكاڵی جیهانەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری پیشەسازی لە جیهاندا، بەڵام لەم ماوەیەدا هەندێك هەڵەیشی كرد، لەوانە پشتگوێخستنی كوالیتی بەرهەمهێنان، كە لەبری پلەی یەكەم پلەی دووەمی بەدەستهێنا، بەڵام لە ساڵی (1979)وە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی كە چین شاهیدی بووە، وردە وردە خۆی گۆڕیوە بۆ یەكێك لە گرنگترین بەرهەمهێنەرە پیشەسازییەكانی جیهان، تا ئەو ڕادەیەی ئێستا بەرهەمی زۆر بۆ كۆمپانیا ڕۆژئاواییەكان بەرهەمدەهێنێت، وەك ڤۆڵكسواگن و جەنەراڵ مۆتۆرز، ماتۆڕ و ئایفۆن و زۆر شتی تر...

بووژاندنەوەی پیشەسازییەكانی چین
ئێستا چین هەوڵدەدات ئەم سیاسەتە بگۆڕێت، نموونەی ژاپۆن لە دوای ساڵی (1952) و دواتر كۆریای باشوور و ئەڵمانیا پەیڕەودەكەن، بەنیازە قۆناغێك دەستپێبكات كە ناوی دەنێت "بووژانەوەی بەرهەمهێنانی چینی"، ئامانج لەم ستراتیژە ئەوەیە كە چین بەرهەمی ڕۆژئاوایی بەرهەمبهێنێت لەبری كۆكردنەوەی پێكهاتەكان بۆ كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بیانی وەك ئەپڵ و ئەوانی تر، ئەوان لە ئێستاوە دەستیان بە پرۆسەی پەرەپێدانی پیشەسازییەكەیان كردووە، وەك لە ستراتیژی "چین ٢٠٢٥"دا هاتووە، حكومەتی چین و دامەزراوە نیشتمانییەكان دەبێت پشتگیری لە سیاسەتی گواستنەوە بكەن لە "دروستكراوی چین"ەوە بۆ "بەرهەمێنەری چین"، لە "خێرایی چین"ەوە بۆ "كوالێتی چین" و لە "بەرهەمە چینییەكان" بۆ "ماركە چینییەكان".

چەمكی ستراتیژی "چین ٢٠٢٥" لەسەر بنەمای ستراتیژی پیشەسازی ٤.٠ی ئەڵمانیا دامەزراوە، كە هەندێك پێیدەڵێن شۆڕشی پیشەسازی چوارەم، ئەم ستراتیژە ئامانجیەتی پێشكەوتنی تەكنەلۆژی لە تەكنەلۆژیا سەرەكییەكانی وەك زیرەكی دەستكرد، ئینتەرنێتی شتەكان، فێربوونی ئامێر، سیستەمی كلاستەر، ئاسایشی ئەلیكترۆنی و گونجانی ئۆتۆماتیكی لەگەڵ گۆڕانكارییە ڕیشەییەكان لە پرۆسەی بازرگانی ڕێكخراوەكاندا بەدەستبهێنێت.

"دوای پیشەسازی" ئەمریكا

لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا كۆمپانیا گەورەكان ستراتیژیەتێكیان داڕشت بۆ گواستنەوەی بەرهەمەكانیان بۆ دەرەوەی وڵات لەپێناو هەرزانتركردنی هێزی كار و كەمكردنەوەی تێچوون. دامەزراوە بیرمەندەكان و بڵاوكراوەكانی ئەمریكی ستایشی ئەو بیرۆكەیەیان كرد، كە ڕۆژئاوا چووەتە ناو "سەردەمی دوای پیشەسازی"ەوە. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكانەوە چین لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی دەستی بە دانوستانەكان كرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی پیشەسازی ڕۆژئاواییەوە بكات، كۆمپانیا ئەمریكییەكان ڕوویان لە چین كردووە، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێكە، لەوانەش ئەوەی كە وڵاتەكەی زۆرترین دانیشتووانی جیهانە و یەكێكە لە كەمترین ڕێژەی مووچە لە جیهاندا.

بەهۆی ئەم بەرهەمە دەرەكییەوە چین بووەتە گەورەترین كۆمپانیای پیشەسازی لە جیهاندا، بەڵام وەك چینییەكان دەڵێن، ئەگەر وڵاتێك بیەوێت ببێتە "ڕكابەرێكی جیهانی"، نەك تەنها كۆكەرەوە و هەڵوەشێنەرێكی تایبەت بۆ كۆمپانیا فرەنەتەوەییەكانی ڕۆژئاوا و ژاپۆن، ئەوا دەبێت گۆڕانكارییەكی گەورەی بەسەردا بێت. پەكین بەم شێوەیە باسی تەحەدای ئێستای خۆی دەكات: چیتر نایەوێت وەك پلاتفۆرمی "كۆكردنەوەی پیشەسازی ساختەی كۆلۆنیالیزم" بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بمێنێتەوە. ئێستا خەریكی دروستكردنی وەشانی تایبەتی خۆیانن لە پیشەسازی چینی بۆ ئەوەی ڕكابەریی ڕكابەرە پیشەسازییە ئاستبەرزەكانی جیهان بكەن، زەنگی ئاگاداركردنەوە لە جیهانی ڕۆژئاوادا لێدەدەن.

سێ هەنگاو:
چین سێ هەنگاوی داناوە كە دەبێت بیگرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن، هەنگاوی یەكەم تا ساڵی ٢٠٢٥ و دووەم تا ساڵی ٢٠٣٥ و سێیەمیش تا ١٠٠ ساڵ دوای دامەزراندنی كۆماری گەلی چین (٢٠٤٩).

تا ساڵی ٢٠٢٥، واتە ١٠ ساڵ دوای دەستپێكردنی ئەم ستراتیژە، چین پێشبینی دەكات بگۆڕێت بۆ "هێزێكی بەرهەمهێنەری گەورە". بۆ بەدەستهێنانی ئەمە، چین بەنیازە هێزی پیشەسازی خۆی بەهێز بكات و بەرهەمەكانی بە دیجیتاڵی بكات و داهێنانی تەكنەلۆژیای ڕەسەن بەكاربهێنێت. هەنگاوی دووەم، تا ساڵی ٢٠٣٥، چین دەگاتە "ئاستێك كە كێبڕكێ لەگەڵ هێزەكانی بەرهەمهێنانی جیهانی دەكات"، لەگەڵ باشتربوونی بەرچاو لە توانای داهێنانیدا بۆ ناساندنی پێشكەوتنی گەورە و زیادكردنی بەرچاوی توانای كێبڕكێی خۆی، لە هەنگاوی سێیەم و كۆتاییدا واتە ١٠٠ ساڵ لە دامەزراندنی كۆماری گەلی چین لە ساڵی ٢٠٤٩، چین پێشبینی دەكات "پێشڕەوی لە نێوان زلهێزە پیشەسازییە جیهانییەكان بكات".

سەبارەت بە ئەمریكا، ستراتیژییەكی تایبەتی داڕشتووە كە دوو پرسی سەرەكی دەكاتە ئامانج: بەئامانجگرتنی هەماهەنگی نێوان چین، ڕووسیا و ئێران، كە لە ئەنجامی سیاسەتە جیۆپۆلیتیكییە ناتەواوەكانی ئەمریكا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا سەریهەڵدا و لەوەش گرنگتر، ئامانجكردنی "بووژانەوەی" بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە چین، كێشەكە لەوەدایە كە پەكین تا ساڵی ٢٠٢٥ ستراتیژێكی داڕشتووە كە ئامانجی داڕشتنی داهاتووی ژیانە لە چین، وەك بژاردەیەك سەیری ناكات، بەڵكو وەك پلانێكی ستراتیژی سەیری دەكات كە داهاتووی چین بەرەو باشتر دەگۆڕێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار