دەسەڵات و هات و هاواری پۆپۆلیستییانە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هۆشیار عەبدولعەزیز
بەپێی پێناسە پزیشکی و دەروونییەکان، وەهم بریتییە لە بێتوانایی تاک لە جیاکردنەوەی واقیع و ئەوەی کە خەیاڵی بۆ دەکات و لە ژینگەی دەوروبەریدا ڕەنگدەداتەوە. ئەم ڕەنگدانەوەیە زۆرجار سەردەکێشێ بۆ بەرجەستەکردنی جۆرە کردارێک کە کەسی تووشبوو تەنها خۆی بەڕاستدەزانێ و وەهمی گەورەیی لە خۆیدا دروستدەکات و دەبێتە هۆی خۆبەزلزانین. ئەم جۆرە لە زانستی پزیشکیدا بەجیا لەجۆرەکانی تری وەهم پێیدەگوترێ مێگالۆمانیا و وەک تێکەڵەیەک لە هەست و بیرکردنەوە پێناسەی دەکەن، کە لە ئەنجامی هەستێکی زیادەڕەوی لە دڵەڕاوکێ، ترس، گۆشەگیری، هەڕەشە، یان پیلانگێڕیدا سەرچاوەدەگرێ.
ئەم هەستانە یان وەهمانە، دوای ماوەیەکی کورت، دەگۆڕدرێن بۆ بیروباوەڕی ناڕاستەقینە و بەبێ هیچ بنەمایەکی واقیعی، لۆژیکی، عەقڵانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەکاتێکدا کەسی توشبوو توانای بینینی دیوی دووەمی ڕووداو و پێشهاتەکانی نییە و تەنها تێڕوانینی خۆی دەبینێ. تائێرە تاڕادەیەک ئاسایە، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە هەڵگرانی ئەم جۆرە وەهمە، یان مێگالۆمانیایە کەسانی سیاسی و دەسەڵاتداری خاوەن بڕیاربن، چونکە گەر وابوو ئەوە وەهم تووشی ئیگۆیەکی کوشندەیان دەکات و بەردەوام پێیانوایە ئەوان لە تەواوی کۆمەڵگە بەرزترن و ئەوەی دەکەوێتە دامێنەوە خڵت و خەوشی کۆمەڵگەیە و هیچ جێگەی بایەخ نین و ناکرێ بەچاوی شکۆ و تێڕوانینی بابەتییانە تەماشابکرێن.
ئەم تێگەیشتنەش لەوەوە سەرچاوەدەگرێ کە ئەمانە پێیانوایە بەبێ گەڕانەوە بۆ کایەی حەقیقەت و مەرجە بابەتییەکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەها مرۆییەکان، هێزی ئەوەیان هەیە واقیع لەسەر بنەمای ئارەزوو و خواستی خۆیان بگۆڕن و کۆمەڵگە بەوجۆرە بونیادبنێنەوە کە ئەوان کاریگەرن لە پێکهێنانەوەیدا. زۆرینەی هەڵگرانی ئەم مێگالۆمانیایە کەسانی سیاسی پۆپۆلیستن و بەردەوام کار لەسەر چەواشەکردنی کۆمەڵگە و دۆخی گشتی دەکەن و هەوڵدەدەن دەرفەتە نالەبار و ئاڵۆزەکان لە پێناو خۆیان و پێگە و پلە و مەقامی خۆیاندا بقۆزنەوە و کۆمەڵگە بەو ئاراستەیەدا بەرن کە لە وەهمی ئەواندا جێگیرە و ئەوان کەسایەتی پیرۆز و کاریزمین و ڕەوتی ڕووداو و پێشهاتەکانیش لای ئەوان پەیوەستە بەم وەهمەوە و هیچیتر.
لە کایەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێم و بەشێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیشیدا، وەهم و نەخۆشی مێگالۆمانیا یەکێکە لە دیاردە هەرە زەقەکان و ڕۆژانە وەک هاتوهاواری بەقاڵێک بۆ مامەڵەی کڕیارەکانی خۆی نمایشدەکات و دووبارە دەبێتەوە. هەڵگرانی ئەم نەخۆشییە تەنها لە دۆخی هەڵبژاردن و پرسە جیاوازەکانیدا وەهم و چەواشەکاری نابەخشنەوە، بەڵکوو لە هەموو بۆنە و ڕووداوێکدا زۆرترین کاراکتەری سیاسی دەسەڵاتداری چاغدراو بەگوتاری پۆپۆلیستی، بەڵام لە بەرگ و ناوی جیاوازدا خۆیان نمایشدەکەن و هاتوهاواریانە بۆ گەرمکردنی مامەڵەی فرۆشتنی کۆمەڵگە و سەروەت و سامانە نیشتمانییەکەی، بێشەرمانە و دوور لە هەر موراڵێکی سیاسی کۆمەڵایەتی دەستوپەنجەمان لەگەڵ نەرمدەکەن و بوونەتە ئایلە مەل و هەر دەقیژێنن. من تێناگەم ئەو هەموو کاراکتەر و سەرکردە و بزووتنەوە سیاسییانەی لە هەرێمی کوردستاندا بەدەسەڵات و نەیارەکانیشیەوە لەگەڵ ئەو دەرهاوێشتە و لێکەوتە نەرێنییانەی کە ڕۆژانە لە دەرئەنجامی گوتاری چەواشەکارانەی ئەمانەوە سەرهەڵدەدەن دەیانەوێ چی بڵێن، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی کوردستانیان لەهەموو ڕوویەکەوە دووچاری شێوان و شڵەژان و سەدان جۆر قەیران و تەنگەژەی جۆراوجۆر کردووە.
هەموو ئەوانەی هاتوهاوار و قڕەقڕیانە لەسەر هێنان و بردنی مووچە و خزمەتگوزاری و پڕۆژەی ڕووناکی و چەواشەکردنی کۆمەڵگە، هەر ئەوانەن کە لەڕێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە گۆمەڵگە دەگەوجێنن و وەهمی جۆراوجۆر بڵاو دەکەنەوە، لەکاتێکدا هەمووان دەزانن کە هیچ هاتوهاوارێکی پۆپۆلیستانەی قڕەقڕکەر ناتوانێ گۆڕانکاری ڕیشەیی بەرهەمبێنێ لە واقعی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەی کوردستاندا و لەهیچ شوێنێکی دونیاشدا نەبووە دەسەڵاتێکی سیاسی نەخۆش و ئۆپۆزسیۆنێکی بێ فیکر و مەعریفەی سیاسی، بەپێوەر و میکایزمی وەهمی چەواشەکارانە وەک ئەوەی لەم وڵاتەدا دەیبینین ڕێ لە سەرهەڵدانی بێدادی کۆمەڵایەتی، شکاندنی شکۆ و ئیرادەی تاک و ناشیرینکردنی کۆمەڵگە و بنەبڕکردنی گەندەڵی و گەورەترکردنەوەی ڕووبەرەکانی بێبەهای مرۆیی بگرێ و هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییە هەڵوەشاوەکە ڕاستبکاتەوە و کۆمەڵگە بەئاراستە و فۆرمێکی تر پێشخات کە خواست و داخوازی ڕەوای هاووڵاتیاینی ناڕازییە، نەک پێچەوانەکەی بۆ بەخشینەوەی وەهم و چەواشەکاری کار لەسەر دروستکردنی هەواڵی ساختە و زانیاری هەڵە و میدیای زەرد بکات و ببێتە هۆکاری دروستبوونی ئەجێندایەکی سیاسی و ئابووری و ئایینی و کۆمەڵایەتی داڕێژراوی ناهاوسەنگ
کە دواجار فریودان و سەرقاڵکردنی خەڵک و چەواشەکردنی ڕاوبۆچوونەکانی لێبکەوێتەوە وەک ئەوی ئێستا لێکەوتەکانی دەبینین و درکی پێدەکەین.
