ئەمریکا و ڕوسیا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
مێژویەکی تایبەت هەیە لە نێوان کورد و ڕوسدا، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کاترینی گەورە. بە هۆی ململانێی ڕوس و عوسمانی پەیوەندی کورد لە هەردوو لا بە کار هاتوە.
لە سەردەمی هەرێمدا هەروەها مێژوویەکی تایبەت هەیە. یەکەمجار ڕوسەکان کاتێک گرێبەستی نەوت واژۆ دەکەن لە گەڵ هەرێمدا، شاندی هەرێم توشی حەپەسان دەکەن، کاتێک لە سەر مێزەکە بۆ هەر یەکێک کاتژمێرێکی ڕۆلێکس دادەنێن. نرخی ڕۆلێکس لە دەفتەرێک کەمتر نیە.
ڕوس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست چەندین ئامانجی جیاوازیان هەیە. بەڵام چوارچێوەکەی لە هەناو ستراتیژێکدایە کە یەڤگینی بریماکۆف دایڕشتوە. بەپێی ئەم سیاسەتە، ڕوس شکستی هێنا لەوەی لە پاش سۆڤیەت لە لایەن ئەمریکاوە قبوڵ بکرێت، هەرچەندە هەوڵی دا، بۆیە دەبێت ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕکەبەری ئەمریکا بکات. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترین جێگایە بۆ ڕکەبەری پلان و پرۆژەکانی ئەمریکا.
لەم ڕوەوە ڕوسەکان هاوسەنگی هێز و ململانێکانی ناوچەکەیان بە لاوە گرنگ بوو. لە هەمانکاتدا بە سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و دروستبونی دەوڵەتێکی جیهادییان وەک مەترسی دەبینی چونکە ڕێژەیەکی زۆری ڕوسیا موسوڵمانن. هەروەها ڕوسیا پەیوەندی سنوری ڕاستەوخۆی لە گەڵ ناوچەکەدا هەیە، لە گەڵ تورکیا لە دەریای ڕەش و لە گەڵ ئێراندا، لە قەزوین.
لەم ساڵانەی دواییدا ڕوسەکان بەرەو دونیای باشور دەکشێن، وەک ئەفریقا و جێگاکانی تر، بەڵام تەنها بۆ ڕکەبەریی ئەوروپیی و ڕۆژئاواییەکانە، نەک خۆشەویستی گەلانی باشور.
ئەوەی بۆ من لە چاودێری ڕوسیادا جێگای سەرنجە، ڕوسیا و ئەوروپا زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا دەچێت. پەیوەندییەکە تێکەڵ لە ڕق و ئیرەیی و خۆشەویستی و ڕکەبەری. هەموو ئەمانە دەکرێت لە یەک کەس یان یەک سەردەمدا کۆبوبێتەوە. ئەمەش سەرچاوەی ڕاڕایی و ناسەقامگیری و بێ متمانەییە. دیارە چۆن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز لە سایەی دیموکراسیدا نەژیاون، ڕوسیاش بە هەمان شێوە. گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شانازی بە کولتور و مێژو و زۆر شتی تریان دەکەن، ڕوسەکان بە هەمانشێوە.
ڕوسەکان وەک گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەزیان لە کەس و سەرکردەی بەهێزە، نەک دەسەڵاتی خەڵک.
ئێستا ئێمە لە بەردەم وەرچەرخانێکی ترداین. شەڕی ئۆکرانیا زۆر شتی گۆڕیی. یەکێک لەوانە بریتیە لە لاواز دەرکەوتنی ڕوسەکان، بە ئاستێک چیدی ئەمریکا پێویست ناکات لە ڕوسیا بترسێت وەک هێزێک یان نەیارێک. ئەوەی ڕوسیای هێشتوەتەوە بونی ژمارەیەکی زۆری کڵاوی ئەتۆمییە.
بەڵام فاکتەری گرنگتر هەڵکشانی چین و ڕکەبەری چین و ڕوسیایە. لێرەدا ئێمە لە بەردەم چەند ئەگەرێکداین:
یەکەم، ڕوسەکان دەیانەوێت پەیوەندییان لە گەڵ ئەمریکادا هەبێت. نەک ترەمپ خۆی، بەڵکو بەشێکی زۆری جەماوەری ترەمپ، پوتینیان پێ قبوڵە وەک داکۆکیکەر لە مەسیحیەت، وەک لە دیدی کەسانی وەک تەکەر کارلسندا دەیبینین.
دووەم، وەک چۆن کیسنجەر توانی چین لە سۆڤیەت دوور بخاتەوە، ئێستا باس لە هەوڵێکی وەها دەکرێت. دیارە پەیوەندی نێوان سەرۆکی چین، شی و پوتین زۆر پتەوە، بۆیە زۆرێک گومان لەمە دەکەن.
سێیەم، لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکادا پانتاییەکی هاوبەش دروست بوە کە پانتایی ئەنتارکتیکا یان جەمسەری باکورە. ڕوس ئەگەر پەیوەندییان لە گەڵ ئەمریکادا باش بێت و سود لە تەکنەلۆجیا و زانستی ئەمریکی ببینن لە بەرامبەر پێدانی کانزای دەگمەن بە ئەمریکا ئەوا دەتوانن پەیوەندییەکی براوە-براوە دروست بکەن.
چوارهەم، لە هێرشکردنە سەر ئێراندا دەرکەوت کە پوتین خواستی زلهێزی لە دونیادا نەماوە و هەوڵدەدات نیەتی باشی ترەمپ بە سودی خۆی بشکێنێتەوە، بۆیە هاوکاری ئێرانی نەکرد، لەم ڕوەوە دەبینین ڕوسەکان هێندە نیگەرانی دەرنابڕن بەرامبەر هاتنی ئەمریکا بۆ ئەرمینیا و ئازەربایجان. دەکرێت ئەمانە کاتیی بن، بەڵام دەکرێت بونیادیش بن، ڕوسیا دەیەوێت لە ئۆکرانیا دڵنیایی ئەوەی دەست بکەوێت کە ڕۆژئاوا نایانەوێت تەواو لاوازی بکەن، ئەوا سازش بکات.
دیارە لە ڕوسیا دیدێکی ئایدیۆلۆژی هەیە کە دژە ئەتلانتیکە، تەنها وەک پڕوپاگەندە بەکار دەبرێت نەک وەک دیدی دەوڵەت.
