پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەكەوێتە كۆتایی ئەمساڵ

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرتیپ جەوهەر
جارێكی دیكە پارتی و یەكێتیی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت كۆبونەوە و نەگەیشتنە رێككەوتن. دیسان دووپاتبویەوە كە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق كە بڕیارە لە 11/11ی ئەمساڵ بكرێت.
ئێستا تەواوی دامەزراوەكانی حوكمڕانی لەهەرێم لەدەرەوەی شەرعیەتدان و هیچ پێناس و چوارچێوەیەكی یاسایی نییە لەخۆیان بگرێت. سەرباری ئەوەی زیاتر لە 9 مانگیشە هەڵبژاردن كراوەو پەرلەمان پەكیكەوتووە، جگە لەپارتی و یەكێتیی ئەو هێزانەی دیكەش كەبەزمانی ئۆپۆزسیۆن قسەدەكەن خۆیان لێ لەپەككەوتنی پەرلەمان بێدەنگ كردووەو هیچ ناڕەزایەتیەكی كردارەكی دەرنابڕن و خۆیان مات كردووە.
لەكۆبونەوەكەی دوێنێ، پارتی نەرمیی زیاتری بۆ یەكێتیی نواندووە بەپێدانی پۆستی زیاتر، بەڵام وەفدی یەكێتیی پێشنیارەكەی پارتی رازی نەبوون، وتویانە ئێمە كێشەمان لەگەڵ شێوەی كاركردن و بڕیاردانی حكومەتە تا ئەو گرفتە چارەسەر نەكرێت ناتوانین گفتوگۆی پۆستەكان بكەین بۆیە پێویستە رەشنوسێكی شێوەی كاركردن لەنێوانماندا هەبێت.
پێدەچێت تا دەگاتە هەڵبژاردنی عیراق پارتی و یەكێتیی لەسەر رەشنوسێكی نوێی بەیەكەوە كاركردن لەحكومەتی هەرێم و بەغدا رێككەون هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیجیی كەلەنێوانیاندا هەبوو، بۆیە ئەگەری زۆرە دوای هەڵبژاردنی كۆتایی ئەمساڵ، حكومەتی هەرێم و بەغدا بەیەكەوە دروستبكرێن.
پێشتر پارتی نەیدەویست حكومەت دروستبكرێت چاوەڕێی یەكلاییبونەوەی شەڕی ئێران و ئەمریكا بوو. گرەویان لەسەر لاوازبوونی ئێران دەكرد لەعیراق و ناوچەكە، پێیانوابوو دوای كۆتایی هاتنی شەڕەكە فشاری زیاتر لەیەكێتیی بكەن و نەخشەی سیاسی كوردستان بەپێی خواستی خۆیان دابڕێژنەوە، بەڵام پێشبینیەكانی كردیان وا دەرنەچوو.
یەكێتیش هەر لەسەرەتاوە نەیدەویست حكومەت تا هەڵبژاردنی عیراق دروستبكرێت، دەیویست هەموو پۆستەكانی هەرێم و بەغدا لەسەبەتەیەك كۆبكرێتەوەو لەگەڵ پارتی دووبارە دابەشیان بكاتەوە، چونكە لەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە بەشێوەیەكی تەقلیدی لای یەكێتیی بووە، لەگەڵ پارتی رووبەرووی گرفت ببێتەوە بەتایبەتیش لەدوو خولی رابردووی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پارتیش كاندیدی خۆی پێشكەشدەكرد و داوای ئەو پۆستەی دەكرد، بۆیە ئەگەر دوای هەڵبژاردنی عیراق پارتی گرفت بۆ یەكێتیی لەپرسی سەرۆك كۆمار دروستبكات، ئەگەری زۆرە یەكێتیش لەپرسی كاندیدی سەرۆكی حكومەت گرفت بۆ پارتی دروستبكات كە لەئێستاوە لەلایەن پارتی بەشێوەیەكی ناڕەسمیی راگەیەنراوە كە كاك مەسرور بارزانییە.
لەماوەی نزیكەی 35 ساڵی رابردوو، بەشێوەیەكی گشتیی نە هەڵبژاردن لەوادەی خۆی كراوەو نە حكومەتیش لەوادەی خۆیدا دروستكراوە، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەكی زۆر گەورەی حكومڕانیی و بنەمای دیموكراسییە.
لەكوردستان نەك دامەزراوە دەستورییەكانی حوكمڕانیی هیچ شەرعیەتێكیان نەماوە، بەڵكو زۆرینەی رەهای سەندیكاو رێكخراوە ناحكومییەكانیش ماوەیان بەسەرچووەو هیچ شەرعیەتێكیان نەماوە وەك سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، یەكێتیی مافپەروەرانی كوردستان، ئەندازیاران، كرێكاران..تد بۆیە هیچ پێناس و وەسفێكی قانونی نییە بتوانێت حوكمڕانیی و ژیانی سیاسی كوردستان لەخۆبگرێت.
