نەتەوە و ناسیۆنالیزم

3 كاتژمێر لەمەوپێش
نەعمان عومەر
نەتەوەو نەتەوایەتی دیادەیەکی کۆمەڵاتی مێژویی و سیاسی چارەگی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەدەیی بیستە بەگشتی. ئەم دیاردەیە پێناسی جیاوازی بۆکراوە و هەر بیریارێک کۆمەڵێ بنەمایی داناوە بۆ شوناسی ناسێۆنالیزم ،هەندێک نەتەوە دەبەستێتەوە بە کلتور وهەستی ئەتنی و خەیاڵی هاوبەش و ترادسێۆن و ...هتد، هەندێکی تر، بەخوێن و پشتاو پشت و تیرەو تایفەوە ،واتە گرێی دەداتەوە بە خوێنەوە ، کەسانێکیش ،بەجوگرافیا و ئابوریەوە پەیوەستی دەکات. بیریار هەیە گرێیدەداتەوە بەبیرۆکە و هزرەوە .
پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە، نەتەوە و هەستی نەتەوایەتی لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و کاتێک گروپیکی کۆمەڵایەتی خۆی وەکو گروپێکی هاوبەشی نەتەوەیی خۆی مانیفێست دەکات دەیەوێت چی بڵێت، ئاخۆ باس لەدابران، یا پەیوەندی دەکاتەوە. لەڕاستیدا دیاردەی نەتەوایەتی ناوەڕۆکێکی سیاسی و کلتوری و فەرهەنگی مێژویی هەیە . بۆیە زۆر جار دەوترێ ، زمان و خەیاڵی هاوبەش و مێژوی پێکەوە بون و هەست و حکایەتی هاوبەش، شوناسی نەتەوەیە واتە ئەم کۆمەڵە خاڵە هاوبەشە هەوێنی نەتەوایەتیە ،بەڵام بەدیوی ئەودیویشدا، ئەم ڕەگەزە هاوبەشە نەتەوەییانە کە ڕەگەزی هاوبەشی گشتی دیاردەی ناسۆنالیزمە، لەهەمان کاتدا خاڵی جیاکردنەوەی گروپێکی کۆمەڵاتی مرۆڤەکانە لەیەکتری، واتە ئەنگێزەی نەتەوایەتی لەلایەک لەسەر پەیوەندی هاوبەش لەنێوان گروپێکی ئینسانی دروست دەبێت لەلایەکی تر وەک کۆمەڵێک خاڵی جیاکەرەوەیە لە گروپێکی کۆمەڵایەتی تر.
واتە نەتەوایەتی لەسەر بنەمای دوو خاڵی ناکۆک دروست دەبێت، دابڕان و پەیوەندی. پەیوەندی نێوان کۆمەڵێکی مرۆیی لەگەڵ جیاوازی لەگەڵ پێکهاتێکی کۆمەڵاتی تر. هەرچی پەیوەندیشی بە ڕەگەزەکانیشەوە هەیە ، لەشوێن و هەلومەرجێک بۆ شۆێن و جوگرافیایەکی تر جیاوازە، بۆنمونە هەندیک جار هەستی نەتەوایەتی لای گروپێکی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، کە نەجوگرافیای هاوبەشی هەیە نەزمانی نەتەوایەتی، هه روەها کەتوار پێمان دەڵێت کە بەدەگمەن جوگرافیایەکی دیاریکراو دەبینیتەوە کە یەک نەتەوە و زمان و گروپی کۆمەڵایەتی تیادا بژێت، لەولاشەوە نەتەوە هەیە زمانی نەتەوەیەکی تری کردۆتە فەرمی بۆ نمونە، کەنەدا و ئوسترالیا کە هەردوکیان بە ئینگلیزی دەدوێن.
زۆرجار یەک نەتەوە ئاینی جیاوازی هەیە. بۆیە فاکتەری هەستی نەتەوایەتی زۆر خاڵ دەگریتەوە لەسەروی هەمویانەوە جیاکاری سیاسی، کەئەم دیاردەیە لەگەڵ مۆدیلی نوێی دەوڵەتداری و ئیدارەی سیاسی لۆکاڵی سەری هەڵدا، واتە پرۆسەی بەنەتەوەبون پرۆسەیەکی مودێرنە و لەگەڵ شێوازی نوێی ئینتیما سەری هەڵدا، پێش مودێرنە و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەکانی ڕومانی ئیسپانی یابانی ساسانی و عوسمانی هتد شتێک نەبوو بەناوی کێشەو هەستی نەتەوایەتی، ئەوکات بۆنمونە شوناسی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی عەرەب، کورد و تورک، شوناسێکی ئاینی هەبوو، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئیمبراتۆریانەی کوسپ بون لەبەردەم گەشەکردنەکانی گۆڕانکاری شێوازی نوێی پەیوەندیە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان کە بەهۆی سەرهەڵدان و نەشونماکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە هاتبونە ئاراوە، فاکتەکان پێویستی شێوازی ڕێخستن و ئیداری نوێی سیاسی هێنایە ئاراوە ،شێوازێک کەبتوانێت، هاوکاربێت بۆ گۆڕانکاری هاوسەنگ لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئابوری و گەشەکردنی هۆشیاری سیاسی و دۆزینەوە زانستیەکان کە بەسەریەکەوە قۆناغێکی نوێی جیهانبینی و ئینتماو ڕێکخستنی سیاسی هێنایە ئاراوە کەخۆی لەدەوڵەتی نوێی نەتەوەیی بینیەوە ،بەم شێوەیە نەتەوەو مودێرنە دوانەی یەک قۆناغن ئەویش قۆناغی سەرمایەداری و شێوازی نوێی بەهەمهێنان و یەکخستنی سنوری جوگرافیایی سیاسی و ئابوری و یەخستنی پەروەردەو زمان و پێوەرەی کێشان و چارەسەری نوێێی پزیشکی و ... هتد.
لەبەرئەوە دیادەی نەتەوایەتی دیاردەیەکی سیاسی و نوێی هاوچەرخی قۆناغی سەرمایەداریە. پێش سەرهەڵدانی سەرمایەداری ،گروپی ئەتنی بچوک بچوک بونی هەبوە ،وەک کۆمەڵەی مرۆیی، ،بەڵام ئەم گروپانە خولیاو هەستی نەتەوایەتیان نەبوە، بۆیە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بۆخۆین و پشتاو پشت بۆ ڕەوایەتی دان بە کێشەی نەتەوایەتی و گەڕانەوەی بۆ سەرزەمینی پێش مۆدێرنە بۆ خۆجیاکردنەوە و وەرگرتنی ڕەسەنایەتی و یۆتۆپیای داتاشراوە نەک فاکتی بەرجەستە. بەواتایەکی تر گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکی کۆن وخۆێن و پشتاو پشت، ئەوەندی چیرۆکی خەیاڵیە بۆ کۆکردنەوەی عەوام، ئەوەندە ڕاستی سەلمێندراو نیە.
بۆنمونە دەوڵەتی ئەمریکا لەڕوی مێژوییەوە تازەیە و پێکهاتوە لەچەندین گروپی ئەتنی جیاواز کەچی بەهێزترین دەوڵەتی نۆییان پێکهێنا. لەم بوارەدا دەکرێت چەندین نمونە بێنینەوە کە بیسەلمێنیت دیاردەی نەتەوایەتی بەو ئاڕاستە ڕاسیستیە و جیاکاری و ئوسوڵیە کە زۆرێک لە بزوتنەوە ناسێۆنالیستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ڕاست نیە ،چونکە زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەتە نەتەوایەتیەکان زیاد لە پێکهاتێکی قەومی و ئاینی و زمانەوانی تیادا دەژیێت، نەتەوە هەیە چەندین ئاین و زمانی جیاوازی هەیە بۆیە جەغد کردنەوە لەسەر دیاردەی دابڕان و جیاکاری، ڕاسیزم، نازیزم و فاشیزم بەرهەم دێنێت، بەپێچەوانەشەوە.
کارکردن لەسەر پەیوەندی و لێبوردن و پێکەوە ژیان، دیموکراسی و گەشەسەندن و ئاشتی، بەرهەم دەهێنێت، لەمێژوشدا هەردوو نمونەکە بیندرا، فەڕەنساو ئینگلتەرا نمونەی تۆلێرانس و دیموکراسی بوون، ئەڵمانیاو ئیتالیاش نمونەی ڕاسیزم و فاشیزم .
بۆیە هەردەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەربنەمای رەگەزپەرەستی و توندەویی و دەمارگیری دروستبێت، ناتوانێت ئاشتی و پێکەوەژیانی سروشتی بنیاد بنێت، هەرئەمەش بووە هۆی شەری جیهانی دووەم کە ئەڵمانیای نازی هەڵیگیرساند، بۆیە پێشتگیری وتێکۆشان بۆ مافی نەتەوایەتی نابێت بە دیدگایەکی ئایدۆلۆژی و توندڕەوو ڕاسیست بێت، بەڵکو پێویستە بە شێوەی زانستی کۆمەڵناسیی و مێژویی و لەچوارچێوەی یاساکانی نیودوڵەتی و مافی مرۆڤ و مافە مەدەنی و ئینسانییەکان بێت، بەم شێوەش دەوڵەتی نەتەوایەتی نابێتە دەوڵەتی پێکهاتێکی دیاریکراو بەڵکوو دوڵەتی هاوڵاتی و هاوشاری دەبێت.
بەمەش ئاوێزانبونی کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی گەل (شعب) جێگای دروستکردن و پێکهێنانی دەوڵەت و نەتەوەی سەردەست و ژێردەست و ئایدولۆجی نەتەوەیی توندڕە و دەمارگیڕ دەگرێتەوە، بەم شێوەیە نەتەوە و نەتەوایەتی وەک دۆخی سروشتی پەرەسەندنی کۆمەڵگا و ئاڕستەی مێژوو دەبینرێت، لەبری ئایدیایی دابڕان و ڕق و کینە و دوژمنایەتی و شەڕی پێکهاتەکان. فەلسەفەی ئاوێزانبون و پەیوەندی وکارلێککردنی هاوسەنگ، لەدایک دەبێت و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوە ژیان بەرقەرار دەبێت.
