فەلسەفە و فیلەکەی خاوەن شکۆ

3 كاتژمێر لەمەوپێش




د. ئەمیر حەسەن
دەگێڕنەوە گوایە شەش کەسی نابینا لە شارۆچکەیەکدا دەژیان، گوێبیست بوون فیلێک دێتە شارۆچکەکەیان بەبۆنەی سازدانی ئاهەنگێکی ساڵانە، بۆیە ئەم هەلەیان بە دەرفەت زانی ، بڕیاریاندا بچن بۆ لای فەرمانڕەوای شارۆچکەکەو داوای لێبکەن ڕێگەیان پێبدا بۆ یەکەم جار لە ژیانیاندا دەست لە فیلەکە بدەن، ئەگەرچی بەردەوام گوێبیستی ئەوە بووبون فیل ئاژەڵێکی گەورە و بەهێزە، بەڵام تائێستا شێوەو هەڵکەوتەی فیل تەنانەت بە خەیاڵیشیاندا نەدەهات، بۆیە فەرمانڕەواکە ڕێگر نەبوو، بەڵام مەرجێکی دانا لە پێناو جێبەجێکردنی داواکاریەکەیان، ئەویش خۆی لە وەسفکردنی فیلەکەدا دەبینێتەوە بەلای هەر یەکێکیانەوە بەڕستەیەک دوای دەست لێدانی، ڕۆژی ئاهەنگەکە بە ئامادەبونی خەڵکێکی زۆری شارۆچکەکە هەر شەش نابیناکە دەوری فیلەکەیانداو کەوتنە دەست لێدانی ، دواترلە بەردەم فەرمانڕەواکە و بە بەشداری ئامادەبوان هەریەکێکیان کەوتە وەسفی فیلەکە بەم شێوەیە : 

- یەکەمیان وتی فیل زیاتر بە گوریس دەچێت .
- دوەمیان بەسەرسامیەوە گوریسی چی ؟ فیل وەکو دیوار وایە.
- سێهەمیان بە گاڵتەوە، گوریس و دیوار؟ فیل لە خەنجەرێکی درێژی وەک شمشێرزیاتر نیە .
- چوارەمیان ئەوەی دەیڵێن ڕاست نیە، یان گوایە فیل زۆر گەورەو مەزنە، بەڵام بەس وانیە ، من خۆم توشی شۆک بوم کاتێک تێگەیشتم فیل مارێکی ئەستوری بێ ژەهرە.

- پێنجەمیان بە پێکەنینەوە ئەم گاڵتەجاڕیە چیە ؟ فیل پانکەیەکی گەورەی لە پێست دروستکراوە.

- شەشەمیان بە قاقاوە ئەوە ئێوە تێکچوون یان دیارە دەستتان لە شتێکی ترداوە ؟ فیل جگە لە قەدی درەختێک زیاتر هیچی تر نیە.

    لە کاتێکدا هەر شەش کەسەکە لە گێڕانەوەی وەسفی فیلەکە بەردەوام بوون قاقای پێکەنینی ئەو خەڵکەی لە وێ بوون بە دەنگی بەرز دەوروبەری پڕ کردبوو، بەڵام فەرمانڕەواکە زۆر بە جدی و هێمنی گوێی بۆ گرتبون، بۆیە کاتێک تەواو بوون فەرمانی کرد بە ئامادەبوان پێکەنین بوەستێنن و گوێی لێبگرن:

   “ بۆچی بەگاڵتەو و پێکەنینەوە دەڕواننە ئەم نابینایانە ؟ لە کاتێکدا هەر شەشیان ڕاست دەکەن لەو بەشەی دەدستیان بەری کەوتوە لە فیلەکە، یەکەمیان کاتێک دەڵێت فیل بە گوریس دەچێت دەستی بەر کلکی فیلەکە کەوتوە، دوەمیان کە پێیوایە فیل بە دیوار دەچێت ، دەستی بەر کەلەکەی و تەنیشتی فیلەکە کەوتوە، سێهەمیان پێیوایە فیل وەکو خەنجەرێکی درێژە چونکە دەستی بەر قۆچەکانی کەەتوە، چوارەم پێیوایە فیل مارێکی ئەستورە چونکە دەستی لە لوتی فیلەکە داوە، پێنجەم کەس پێیوایە پانکەیەکە لە پێست چونکە دەستی بەر یەکێک لە گوێیەکانی فیلەکە کەوتوە، شەشەم وکۆتایی پێیوایە فیل بە قەدی درەخت دەچێ چونکە دەستی لە قاچی فیلەکە داوە  “

    بەم پێیە هەریەکێک لەم شەش کەسە بەشێک لە ڕاستی و حەقیقەتیان خستۆتەڕوو، هەڵەی هەموویان تەنها ئەوەندەیە چاوەڕوانیان نەکرد بۆ ئەوەی بەشەکان یەکبخەنەوە و حەقیقەت بە کاملی بزانن، هەروەکو ئاوێنە شکاوەکە هەریەکێکیان تەنها پارچەیەکیان پێیە و تەنها گۆشەیەکی بچوک وێنا دەکاتەوە، ئەگەرچی لەڕووی ئەبستمۆلۆژیەوە (تیۆری زانین) دەکرێ حەقیقەت یەکێک بێت، بەڵام ڕێگەکانی زانینی جۆراوجۆربن، (کانط) پێیوایە عەقڵ ناتوانێ شت لە خۆدا بزانێ، بەڵکو تەنها ئەو بەشە دەزانێ لە ڕێگەی سێنسەکانەوە ( هەستەکانەوە)  دەرکی پێدەکات. بۆیە هەر یەکێک لە نابیناکان دیاردەیەکی فیلەکە وەسف دەکەن نەک هەمووی.

    لەکۆتایدا چیرۆکی فیل و نابیناکان، تەنها چیرۆکێک نیە لەمەڕ تواناو سنوری هەستەوەرە دەرکپێکەرەکان، بەڵکو ڕەخنەی قوڵی فەلسەفیە بۆ هەڵوێست و ئەخلاقی مرۆڤە ڕادیکاڵەکان، کاتێک دەستدەگرن بە بەشێک و بانگەشەدەکەن ئەوە گشتە یان هەمووە، لەو پێناوشدا شەڕی هەموان دەکەن، چونکە حەقیقەت بەردەوام لە فۆڕمی ڕێژەگەرایی و فرە ڕەهەندیدا خۆی وێنا دەکات، لێرەوە تێکشکاندنی ڕەهاگەری لە سەر هەموو ئاستەکان ( سیاسی، ئاینی، کۆمەڵایەتی ، کلتوری …)  بوە بە پێویستی پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن لەم سەردەمەدا. چارەسەری فەلسەفی خۆی لە گفتوگۆو گۆڕینەوەی بۆچونە جیاوازەکاندا دەبینێتەوە، بۆئەوەی بە کەرەستەو بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ هەوڵی زانینی حەقیقەت بدەین ، حیکمەتی ڕاستەقینە ئەوەنیە حەقیقەت لای کێیە ، بەڵکو بە تێگەیشتن و ئاشکراکردنی سنوری زانینمانە وە هەوڵی بەردەوامە بۆ فراوانکردنی ، وەکو سوکرات دەڵێت: “ هەموو ئەوەی دەیزانم ئەوەیە هیچ نازانم“. ئەمەش سەرەتای کۆتایی تێپەڕاندنی نەزانینە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار