گەندەڵێی و دەوڵەتداریی لاواز؛ ئایندەی عێراقی ڕەشکردووە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



خەدیجە ئەسکەندەر
لە دیمەنی سروشتیی سیاسیی مۆدێرندا، چەمکی "دەوڵەتی لاواز" تەنیا بابەتی ڕیزبەندیی ئاماریی نییە، بەڵکوو واقیعێکە. عێراق وەک نموونەیەکی ئەم بارودۆخە لە ژمار دێ، نەتەوەیەک کە بە سامانێکی سروشتیی بێئەندازە، بەڵام بەهۆی پێکهاتەکەیەوە و بەهۆی خراپیی حوکمڕانییەکەیەوە بارگرانیی لەسەرە.

دەیان ساڵە شەڕ و گەمارۆ و دەستوەردانی دەرەکی و خراپ بەڕێوەبردنی سیاسی کەلێنێکی قووڵی لەنێوان خواستەکانی هاووڵاتییان و توانای سیستەمی سیاسیدا دروست کردووە. داهاتی نەوت لەبری ئەوەی ببێتە بناغەیەک بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، دووبەرەکیی سیاسیی قووڵتر کردووەتەوە.

پێوەرەکان بۆ دەوڵەتانی لاواز، یەكێكە لەو پێوەرانەی كە بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسیی داڕمان یان شکستی دەوڵەتەکان وەسف کراوە. جەخت لەسەر ئەو فشارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییانە دەکاتەوە کە دەتوانن ببنە هۆی ناسەقامگیری. ئەم پێوەرە پشت بە چەند فاکتەرێك دەبەستێت بۆ هەڵسەنگاندنی توانای دەوڵەتێک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنی و سەرەتاییەکان و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری.

دەوڵەت کاتێک بە لاواز هەژمار دەکرێت كە لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسییە هەبووەکاندا، توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ سەرهەڵدانی خواستی هاووڵاتییانی خۆیدا نەبێت. كە بەهۆیەوە لاوازی لە ئەنجامی ناهاوسەنگییەکی گەورە لەنێوان چینی سیاسی و کۆمەڵگادا دێتە ئاراوە.

بەپێی داتاکانی پێوەری دەوڵەتە لاوازەكان لە ساڵی 2024، عێراق لە پلەی 31ی جیهاندایە و لە پۆلێنی (ئاگادارکردنەوە)دا ماوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئاستی لاوازی بەرز. ئەم پۆلێنکردنە ڕەنگدانەوەی کەڵەکەبووی دەیان ساڵەی ململانێ و ئابڵووقە و شەڕ و تیرۆر و ناسەقامگیریی سیاسییە، کە دامەزراوەکانی دەوڵەتى لاواز کردووە.

عێراق مۆدێلێکی ئاڵۆزی ئەو وڵاتانەیە کە خاوەنی سەرچاوەی سروشتیی بەرفراوانن و لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی پێکهاتەیی دەبنەوە، کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتییان دەکەن. ئابووریی وڵاتەکە نزیکەی تەواو وابەستەی هەناردەکردنی نەوتە، ئەمەش وای کردووە بەرەوڕووی ناجێگیری لە نرخی نەوتی خاوی جیهانیی ببێتەوە كە دارایی گشتی دەخاتە ژێر فشارێکی بەردەوام.

هەرچەندە سامانی نەوت عێراقی بۆ جۆری ئەو وڵاتانەی كە لەسەرەوەی داهاتی مامناوەندن، بەرز کردووەتەوە، بەڵام دامەزراوەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هێشتا خەسڵەتەکانی وڵاتانی لاواز و کەمداهات دەردەخەن. لە ڕووی كەرتی پەروەردەوە عێراق لە پێگەیەکی پێشەنگی ناوچەكەوە، بۆ ڕیزبەندی وڵاتە دواكەوتووەكان دابەزیوە.

هەروەها ڕێژەی بەشداریکردنی هێزی کار کەمە، بەتایبەتی لەنێو ژناندا کە یەکێکە لە کەمترین ڕێژەکان لەسەر ئاستی جیهان. بەهەمان جۆر وڵاتەکە بەدەست لاوازیی سەرمایەی مرۆیی و مادی و تێکچوونی ژینگەی بازرگانی و ڕێژەی بەرزی هەژارییەوە دەناڵێنێت، کە ناڕێژەیە لەگەڵ قەبارەی سامانە سروشتییەکانیدا.

ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی عێراق ڕەنگدانەوەی ئەم دابەزینە پێکهاتەیەیە. خراپیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و گواستنەوە و...هتد، بوونەتە هۆی تێکچوونی کوالێتیی ژیان، هەروەها لاوازیی ئەم کەرتانە بەربەستێک لە بەردەم گەشەسەندنی ئابووری پێکدەهێنێت. لەگەڵ ئەوەدا پاراستنی چینە لاوازەکان و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ وەک تەحەدای بنەڕەتی ماونەتەوە.

جگە لەوەش، بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، وڵات تووشی ناهاوسەنگی لە دابەشکردنی سەرچاوەکانی داهاتدا بووە. وای كردووە دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی دابەشکردنی داهات وابەستەی کێشە سیاسییەكان بێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە، كاتێك سەرچاوە سروشتییەکان دەبنە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ، نەک ئامرازێک بۆ گەشەپێدان، بۆ نموونە عێراق دەستی بەسەر مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستاندا گرتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق بەهۆی لاوازیی حوکمڕانی و لاوازیی دامەزراوەکان و بەردەوامیی دەستوەردانی دەرەکی "کە بڕیاردانی سەروەری تێکدەدات"، وەک دەوڵەتێکی لاواز پۆلێن دەکرێت.

جگە لەوەش، گەندەڵیی بەربڵاو لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا متمانەی گشتیی لەناو بردووە و کاریگەریی ئیدارەی حکوومەتەکەی بەربەست کردووە. سەرەڕای دووبارەبوونەوەی هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵی، ئەنجامەکانی سنووردار بوون كە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و داوای چاکسازیی ڕیشەیی و کۆتاییهێنان بە هەژموونی دەستەبژێرە سیاسییەکان دەکەن.

هەروەها گۆڕانکارییە بەردەوامەکان لە حکوومەتەکان و ململانێ بۆ پۆستەکان، ناسەقامگیریی سیاسیی گەورەتر کردووە و توانای دەوڵەتی لاواز کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.

عێراق ئەمڕۆ لە لێواری دۆخێکی خراپ و ناسکدا وەستاوە، لەنێوان خلیسکان بەرەو لاوازیی زیاتر، یان گۆڕانکاری بۆ دەوڵەتێک کە پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی خۆڕاگری هەبێت، ئەگەر عێراق خاوەن بڕیار بێت رەنگە ئاسۆیەك هەبێت، بەڵام عێراق سەروەری و توانای بڕیاردانی لەدەست داوە و لە دەرەوەی عێراقەوە بڕیار دەدرێ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار