گەڕانەوە بۆ سروشت

4 كاتژمێر لەمەوپێش
د. كامەران مەنتك
نێو شارەكان و ئەوەی پێیدەگوترێت كۆمەڵگەی مەدەنی، ئەگەرچی ژیانی مرۆڤ تا رادەیەك ئاسان دەكات ورادەیەك سەقامگیری پێدەبەخشێت، بەڵام بەهۆی ئەو جەنجاڵییەی هەیەتی لەرووی دەروونی و هزرییەوە تواناكانی مرۆڤ لە قالب دەدات، ترسان لە بەیانی لەنێو شارەكاندا زۆرترە وەك لەگوندو ناوچە دوورە دەستەكان، لەبەرئەوەی سەرچاوەكانی دابینكردنی ژیان كەمترەو لەچوارچێوەیەكی تەسكدا ئاخنراوە، بۆئەوەی نانی بەیانیت دەستكەوێت دەبێت بیر لە دوو بەیانیش بكەیتەوە، چونكە بە گەورەبوونی شارەكان هەلی بەدەستهێنانی كار سەختتر دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە ناوچە دوورە دەستەكاندا هیچ چوارچێوەیەك نییە لەرووی دەروونی وهزرییەوە تواكانی مرۆڤ كۆت و بەند بكات، ئەگەرچی ژیان سادەتر دەبێت بەڵام پڕ واتاتر دەبێت، لە هەموو چركە ساتێكدا دەتوانێت پێویستییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ دابین بكات، لەرووی دەروونیشەوە بە هەمان شێوە، كاتێك سەیری ئاسۆیەكی دوورو فراوان دەكات، هەستەكانی زۆر جیاواز دەبێت لەو بەربەستانەی خانووە بەرزەكانی شار لەبەر نیگاكانی دروستی دەكات، توانای بیركردنەوەی ئازادانەترو فراوانتر دەبێت.
بۆ نمونە چوارچێوەی بیركردنەوەی مرۆڤ لەناو شارەكاندا لە دووتوێی شتە مادییەكاندا قەتیس دەمێنێت، مرۆڤ هەمیشە بەو شتانەوە خەریك دەبێت، كە بەشێكی زۆری پەیوەندییان بەمەوە نییەو دەربارەی كەسانی ترو كۆمەڵگەكانی ترە، خوێندن و بەدەستهێنانی زانستیش لەو چوارچێوەیەدایە كە كۆمەڵگەو بیناكان و دەسەڵاتەكان لەنێو شارەكاندا دیاری دەكات، بەڵام ژیان لەنێو سروشتدا سەرباری ئەوەی ئەو چوارچێوەیەی نییە، خودی بیركردنەوەكەش گۆڕانگاری بەسەردادێت، بیرلەخۆی و بوونی خۆی و سروشتە فراوانەكەی دەوروبەری دەكاتەوە، ژیان لەنێو سروشتدا توانا خۆڕسكەكانی مرۆڤ ناكوژێت، بەڵكو هەمیشە ئامادەیان دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی سروشت، ئەو هەڕەشانەی وا لەمرۆڤ دەكات زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت، نەك هێزێكی تر، بە واتایەكی تر ئەو دامودەزگا حكومییانەی لە ناو شارەكاندا هەیە، راستە تا رادەیەكی زیاتر ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر دەكات، بەڵام ئیرادەی پشت بەخۆبەستنی لاواز دەكات.
بیركردنەوە لەنێو سروشتدا وا لە مرۆڤ دەكات باشتر بیرلەخۆی و خودی ژیان بكاتەوە نەك دەرهاویشتەكانی ژیان، بیر لەگەردوون و پێكهاتەكانی گەردوون ئەو هێزەی گەردوونی دروست كردووە بكاتەوە، نەك بیر لەكۆمەڵێك كێشە بكاتەوە، كەلەدووتوێی ژیانی نێو كۆمەڵگەكە رەتناكات، بۆیە ئەگەر شارەكان و كۆمەڵگەی نوێ فێری ئەوەت بكات بەر لەوەی بیر لەخۆت بكەیتەوە بیر لە دەوروبەرت بكەیتەوە، ئەوە لەنێو سروشتدا تەنیا دەرفەتی ئەوەت بۆ دەڕەخسێت بیر لەخۆت پێگەكەی خۆت لەگەردووندا بكەیتەوە، لەجیاتی ئەوەی بەرامبەر چەند بینایەكی دەستكرد بووەستیت و بیربكەیتەوە، بەرامبەر دۆڵ و شاخ و بیابان و دەشتاییەك بیر دەكەیتەوە، كە سەرەتا ونت دەكات و دەترسێنێت، دواتر وردە وردە لەگەڵیدا رادێیت و فێری رووبەڕووبوونەوە دەبیت، ئاشنایەتی لەگەڵ سروشت مرۆڤ فێر دەكات بە تەنیا و لەشەوێكی ئەنگوستەچاویشكدا بەنێو شاخ و كێوەكاندا بڕوات و نەك بترسێت بگرە چێژیشی لێوەربگرێت، بەپێچەوانەی ژیانی شار، كە هەمیشە لەترس و دڵە راوكێدا دەژیت، ئەمە وایكردووە زۆربەی سەركردەو جەنگاوەرە ئازاكان و هزرمەندە گەورەكان لەنێو سروشتدا گەورەبوون بن، بۆیە بوونەتە خاوەنی بیركردنەوەو خەونی گەورە.
