دروزەکان سوریا تەڵاق دەدەن

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام رەفعەت
دوێنێ سوەیدا قسەی خۆی کرد: نە خۆسەری و نە فیدراڵی، سەربەخۆیی و جیابوونەوە، یان وەک لەخۆپیشاندانەکاندا گۆتیان تەڵاقدانی سوریا.

تەڵاقی دروزەکان تەلاقی هەمیشەییە، ئەستەم روودەدات، بەڵام هەرگیز چاک ناکرێتەوە، نە بە حیلەی شەرعی و نە مارە بەجاش. دەبێت چاوەڕوان بین تا چەند ئەم تەڵاقە سیاسییە دەبێتە تەڵاقی دروزی.
تەڵاق دووڕیانێکە لەوپەڕی نائومێدییەوە دەست پێدەکات، نائومێدی لە بەردەوامی بەیەکەوە ژیان.

ئەو بەیەکەوە ژیانەی کە کورد کردوویەتیە بنەما و گوتاری سیاسی. چەمکێک هەم قێزەونە و هەم شەرمئامێز چونکە زیاتر جوانکاری و شەرعاندنی دۆخی ژێردەستەیی خۆیەتی بۆ خۆ هاوتاکردنی لەگەڵ ئەوی تری سەردەست و داگیرکەر.

ئەسڵی بەیەکەوە ژیان ئەوەیە خواست و سیاسەتی ئەوی تری سەردەست و داگیرکەر بێت نەک ئەوی بێ دەسەڵات و ژێردەستە کە نە توانای بەرجەستەکردنی هەیە، نە ئامرازەکانی زەمینەسازی.

پێکەوەژیان بەدیلی جیابوونەوەیە. ئاساییە جیابوونەوە خواستی ژێردەستە و پێکەوەژیانیش هی سەردەستە و داگیرکەر بێت. 
لەم روانگەیەوە ئیدیعای کورد بۆ پێکەوەژیان، ناسروشتی و نەشازە و دەرچونە لە دۆخە باوەکە.

ئەم دەرچونە چەندە زادەی دۆخی هۆشمەندی و کەسایەتی نادەوڵەتی تاکی کوردییە هێندەش زادەی دۆخێکە کە دەکرێت بە دۆخی هاوتابوونی مەرگ و سەربەخۆیی ناوبنرێت.
تەمەنی سەربەخۆخوازی درووز هێشتا چل رۆژی تێنەپەڕاندووە، بەڵام هی کورد پێی ناوەتە سەدەی دوەمیەوە و لە مەلیک مەحمود و شێخی پیرانەوە دەست پێدەکات. 

جگەلەوە، دروزەکان نە جوگرافیای دەوڵەتبوونیان هەیە و نە هەرگیز خەیاڵێکی لەو جۆرەیان هەبووە. بە پێچەوانەوەش، کورد هەم جوگرافیا و هەم خەیاڵێکی چەند سەدەیی دەوڵەتبوونی هەیە.

بەڵام هەلی سەربەخۆبوونی سوەیدا زیاترە لەهی کورد. سەرەڕای ئەوەی سوەیدا چ وەک جوگرافیا، دانیشتوان، وە چ وەک رەهەندی مێژوویی و مقەوەماتی مانەوە هێشتا ئامادە نییە.
نهێنی ئەوەش، بوونی فاکتەری سێیەمە، فاکتەری نێودەوڵەتی.

لە حاڵەتە دروزیەکەیدا، ئیسرائیل هەم خەیاڵی دەوڵەتبوون بۆ دروزەکان دەئافرێنێت و هەم زەمینەی دەوڵەتبوون. 
لەحاڵەتە کوردیەکەشدا، سێکوچکەی تورک و عەجەم و عاڕەب لەسەر سڕینەوەی خەیاڵی دەوڵەتبوونی کورد و لەباربردنی هەموو زەمینەیەکی لەو جۆرە دەوڵەتە دامەزراوە.
لەژیانمدا دوو کەسی دروزیم بینیون، هەردوکیان ژن و بە دوو چیرۆکی جیاوازەوە.

دروزی یەکەم ماوەیەکی کورت سەرپەرشتیاری دکتۆراکەم بوو. ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ پەرلەمانتارێکی ئوسترالی بە ئایین کریستیان کردبوو.

لەبەرئەوەی هاوسەرگیریەکەی لەدەرەوەی جڤاکی دروزیدا بوو، خانەوادەکەی حاشایان لێکردبوو.
ئەمەش ئاماژەی داخراوی کۆمەڵگای درووزیەکانە و هەر لە خۆیشیدا نهێنییەکی تری جیاوازی کورد و دروزەکانی هەڵگرتووە.
کۆمەڵگای دروزی بەچاوتروکانێک دەتوانێت تخوبی نێوان خۆی و زۆرینەی سوننەی سوری بکێشێت. 

بەڵام کورد، کورد کە لەگەڵ داگیرکەرانیدا هاودینە، پێویستی بەسەدەیەک وشیاری و زنجیرەیەک جینۆساید و کۆمەڵکوژی هەیە بۆ کێشانی ئەو تخوبە.
ژنەکەی دووەمیان لە شوێنی کار ناسیم. 

یەکەم رۆژ و لەیەکەم گفتوگۆدا بەیەکدا هەڵشاخاین . ئەو پەسنی مەزنی و گەورەیی سەدام حوسێنی کرد. 
دەسبەجێ پێمگۆت ئەمە دواجارە من و تۆ گفتوگۆ بکەین و ناتوانم ناسیاوی کەسێک بم کە سەرسامی دڕندەیەکی وەک سەدام بێت کە نەتەوەکەمی ئەنفال و کیمیاباران کردبێت. 
ژنەکە دەسبەجێ داوای لێبوردنی کرد و بێئاگایی و ناشارەزایی لە تاوانەکانی سەدام و مەینەتیەکانی کورد پیشان دا.

ئەو ئیعجابەی ژنە دروزەکە بۆسەدام چیرۆکێکی لەپشتە، کە چیرۆکی زۆربەی کەمینە ئایینیەکانی وڵاتە عاڕەبیەکانە. ئەو چیرۆکەی عروبەی بە پۆشاکە عەلمانیەکەی بەرهەم هێنا.
عروبە، زیاتر بەرهەمی کەمینەکانە و زۆرینەی مونەزیرەکانی هەر کەمینەکانن. دیارترینی ئەمانە مشێل ئەفلەقە.

حیکایەتی سوڵتان ئەتڕەشی دروزیش، کە گوایە رابەری ئەوەی ناونراوە شۆڕشی مەزنی سوری، سەدەیەکە تەغزیەی عروبە دەکات. هەڵوێست و ئیعجابی هاوکارە دروزەکەش بۆ سەدام لەوێوەیە. 

لە ڕاستیدا، کەمینەکان شەیدای عروبە نەبوون، ئەوان لە عروبەدا بەدیلی حوکمی دینیان دەبینی، واتە رەهەندە عەلمانییەکەی کە جۆرێک لەزەمانەتی بۆ مانەوە و ئیبادەنەبوونی کەمینە ئایینئەکانی پێیە.

لێرەوە، دروزەکان دەتوانن بەهاتنی ئەلقاعیدە بۆ حوکم، واتە دەسەڵاتەکەی جۆلانی، ئەو تخوبەی پێشتر ئاماژەم پێدا تۆختر بکەنەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئەو کاڵایەیان لێ بکڕێت. کورد ئەو بەدیلەی نییە.

بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم دۆخ و فاکتەرانەی سەرەوە دەتوانین لەوە تێبگەین کە چۆن و بۆچی دروزەکان بەخەونێکی بچکۆلەوە پێشوازیان لە روخانی ئەسەد کرد؟
خەونی دروزەکان سەرەتا لە بوونی پارێزگار و هەندێک لە کاربەدەستەکانی پارێزگای سوەیدا لەخۆیان قەتیس ببوو. بەڵام ئێستا خەونی سەربەخۆییان هەیە.
بەهەمان پێودانگیش دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی پێچەوانەی دروزەکان، کورد بەخەونی گەورەوە لەچاوەڕوانی روخانی رژێمەکەی ئەسەددا بوون، خەونی کۆنفیدڕاڵی یان جۆرێک لەسەربەخۆیی ، بەڵام ئێستا شەڕی مانەوە دەکات؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار