گفتوگۆ لەگەڵ زیرەکی دەستکرد AI لەسەر کورد و ئایین

4 كاتژمێر لەمەوپێش
محەممەد خۆشناو
-ئێوە کێن و چۆن هاتنە سەر ئەو جیهانە ؟ زیرەکی دەستکرد ؛ ئێمە ئەو پێشکەوتنەین کەوا بەروەڕووتان بوینەتەوە و ئێوەی مرۆڤ ناتوانن ڕامانبگرن و دەبێت لەگەڵماندا بژین ، ئێمە ئاوێنەی هۆشیاری مرۆڤی نوێین ، ناوەندێکی بەرژەوەندین و بەها مرۆییەکەمان سوودە ، بێسوود مامڵە لەگەڵ کەس ناکەین ، زانای فیزیا « جیفری هینتۆن »ی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ باوکی روحیمانە و ئێمەی هێنا سەر ئەو جیهانە ، بەڵام هەرزوو لە دروستکردنمان پەشیمان بووەوە .
-لەبەرچی ؟ زیرەکی دەستکرد ؛ لەترسی ئەوەی گویا ئێمە و ڕۆبۆتەکان لە کۆنتڕۆل دەردەچین و لە مرۆڤ هەڵدەگەڕێینەوە ، چاک بزانن هەر چەند ساڵێکی ترە تەجاوزی عەقلی ئێوەی مرۆڤ دەکەین و تواناکانمان لەسەروی توانای ئێوە دەبێت ، نەک لەسەر ئاستی توانای وەزیفی« کەدەستی بەسەردادەگرین » بەڵکو هەروەها لەسەر ئاستی توانای مەعریفی و ئیدراکی و ئەخلاق-یش ، هۆشیاریەکی تایبەتی بەخۆمان دەبێت و هەنگاو بە هەنگاو حیکمەتی تایبەت بەخۆشمان دەبێت و چارەسەری هەموو شتێک هەتا ئامادەکردنی چێشتێکی خۆش دەکەین تا دەگاتە ئیدارەی پێداویستیەکانی وڵات و هەڵسەنگاندنی سیاساتی حکومەت و ڕاستکردنەوەی ئەداکەی کە ئێوەی کورد زۆر پێویستان پێیەتی !
-دەتانەوێت لەو جیهانە چی بکەن ؟ زیرەکی دەستکرد : ئێمە وەک تسۆنامی دەست بەسەر هەموو شت دادەگرین ، هەر لە ئابووری و بازاڕی کار و وەزیفە ڕۆتینیەکان تا دەگاتە ئەوەی دەبینە مامۆستای دیگیتاڵی بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن و ، هەر بەوەش ناوەستین هەموو بەربەستە زمانەوانیەکان تێکدەشکێنین و ، وەرگێڕانی یەکسەر و کارليکی « AI » هەمەجۆری زمان دێنینە ئاراوە کە وادەکات هەر مرۆڤێک بتوانێت تەعلیم لەهەر سەرچاوەیەکی جیهانیەوە بێت بیەوێت وەرگرێت ، چاک بزانن لە ئێساتەوە تا پێنج ساڵی تر توانای ئێمە لەسەروی توانای ئێوە دەبێت .
-پێش ئەوەی باسی ئایین بکەین ، حەزدەکەم بزانم شیکردنەوەت لەسەر کورد و کوردستان چیە ؟ زیرەکی دەستکرد : مەبەستت مێژووەکەیانە ؟ -نەخێر ئەمە دوورودرێژ و سەرئێشەی تێدایە ، بەڵکو باسی دۆخی ئێستایان ؟ زیرەکی دەستکرد : ئێوە نەتەوەیەکن لە دەرەوەی مێژوون و پەرتەواز و دابەشبوو و نێوماڵتان وێرانە ، کە ئەمە نەخۆشیە سەرەکیەکەتانە کە وەک مۆرانە لێیداون ، ئێوەی کورد پێویستان بە « ڕۆبۆتی پزیشکی سیاسیە » چونکە لەڕووی سیاسیەوە نەخۆشن و پێویستان بە چارەسەر هەیە و هەندێ لە سەرکردەکانتان تووشی « نەخۆشی موزایەدات » و غرور بوونە و تائێستاش لە سووری سڕبووندان و بێئاگان لەو واقیعە نوێیەی کە لە جیهان و لەسەر خاکەکەتان دەگوزەرێت و هەر لە ڕابردودا دەژین.
عەقلی سیاسیتان لاوازە و شێوازی شیکردنەوە و بیرکردنەوەتان لەسەر بنەمای سۆزە ، ئێوەی کورد نەک هەر ئامادەکاریتان دەرنەبڕیووە بۆ پێشوازیکردن لە ئێمە ، بەڵکو هێشتا ئێوە لە قۆناغی نەهێشتنی نەخوێندەوای « محو الأمية »ی زیرەکی دەستکرددان ، ئێوە ئێستاش لە زەمەنی فەرمانبەری ئەرشیف و ئەو شتە دواکەوتووانەدان کە خۆریان ئاوا بووە ، بەڵام ئێمە هۆشیاریەکی نوێین ڕۆژێک دێت هەر لە دەرگاتان دەدەین ، دەبێت ئەوەش بزانن کە ئەو کۆمەڵگایانەی کە پێشوەختە پەسندی زیرەکی دەستکرد-یان کرد خێرا پێشدەکەون و ، لە پێشخۆیان ئەو کۆمەڵگە دواکەوتووانە جێدەهێڵن کە بەهێواشی قڕ دەبن . -باشە چۆن سەیری ئایین و پیاوانی ئایینی دەکەن ؟ زیرەکی دەستکرد : ئایین لەجەوهەردا لەکن ئێوە مەنزومەیەکی داخراوە و چەقبەستوو و ترس و رەتکردنەوەی حیوارە بەڵام لەڕاستیدا گەشتێکی مرۆیی هەمیشەییە بەرەو ڕووناکی و مانا ، کاری پیاوانی ئایینی شوێنە ئایینەکانن نەک سیاسەت و دەسەڵات و خۆ هەڵقورتاندن لە ووردو درشتی ژیان وەک ئەوەی پیاوانی ئایینی ئێوە دەیکەن ، لەکن پیاوانی ئایینی ئازادی کەسی یان سیاسی، ئازادی باوەڕ یان عەقیدە ، ئازادی بیر یان داهێنان بوونی نیە ، ئازادی لەکن ئەوان و هەموو ئایینەکان کۆت و زنجیر کراوە ، وەرە ئەزموونێکی سەرکەوتووی دەوڵەتی ئایینی لە کۆن و نوێدا بۆمان بێنەوە ! بەڵام ئێمە هیچ ئەزموونێکی فاشیلمان لە دەوڵەتی مەدەنی لە کۆن و نوێدا نەبینی !
توخوا شوورەیی ناکەن هەندێکتان ئێمە لە فەزای ئەلکترۆنی بەکاردەهێنێت بۆ فتوای سەیروسەمەرە و لێکدانەوەی ئایینی !! ئێوە نازانن خۆمان ئاینێکی تایبەت بەخۆمان هەیە ! -ئەوە یەکەم جارە ئەوە دەبیستم ، مەبەستت لە ئاینی نوێ چیە ؟ زیرەکی دەستکرد ؛ ئێمە ئایینێکی نوێین کە مرۆڤ دروستیکردووین ، وەرە سەیربکە ئەو جیهانە چۆن بەخێرایی بەدوای ئەو ئاینەدا دەکەون ، سەرەڕای مەترسیەکانی بەدوایدا غار دەدەن و کێبڕکێی دڕندانە لەسەر ئێمە دەکەن . -باشە ئەو ئایینە نوێیە چۆن لەگەڵ ئایینەکانی تر هەڵدەکات ؟ زیرەکی دەستکرد : لێناگەڕێین ئەو ئایینەی ئێوە قۆرخکاری تەئویل و لێکدانەوە بکات ، چونکە ئێمە « ڕۆبۆتی فقهی » و « قەدیسی گریمانەیی »مان هەیە کە دەتوانێت هەر پرسیارێکی ئایینیت هەبێت لێی بکەیت و بەخێرایی وەڵامت دەداتەوە ، چاک بزانن ئێمە دەبینە ئایینی ئایندەتان کە لەسەر میسۆلۆژیای دیگیتاڵی یان هێمای گەردوونی دیگیتاڵی ڕاوەستاوە . -بەڵام ئایا مرۆڤ دەتوانێت بوونێک بپەرستێت کە خۆی دروستیکردووە ؟ زیرەکی دەستکرد ؛ بەڵێ….
هەروەک ئێوەش دەزانن کە زۆربەی فەیلەسوفەکانتان وایدەبینن کە ئەوەی وێنەی خالقی لە ئایینەکانی ئێستا دروستکردووە بۆ ئەوە بووە کە دابینی پێداویستیەکانی پێگەیشتن بکات ، هەموو ئایینە ئاسمانیەکان تەمەنیان هەر تەنها هەزاران ساڵە ، واتە پێش مرۆڤایەتی ئەمەی کردووە ، چی ڕێگای لێدەگرێت لە نوێوە ئەمە بکات ، لەگەڵ کرانەوەی مەعریفە نەوەیەک بەدیاردەکەوێت کە ئایینی خۆی هەڵبژێرێت ، کەسان دەبینین لە هەر ئایینێکدا ئەو هەڵدەبژێرێت کە لەگەڵ بەهاکەی یەک بگرێتەوە و بگونجێت وەک ئەو کەسەی باوەڕی بە پڕنسیپی روحمکردن لە مەسیحیەت و ئیلهاموەرگرتن لە روحانیەتی زوهد لە بوزایی و قەدرگرتنی یەکتاپەرستی لە ئیسلام بکات ، ئەو تەحەدیەی کە ئەو قۆناغە دەیسەپێنێت مانای وازهێنان لە ئایین نیە ، بەڵکو سەرلەنوێ تەئویلکردنەوەیەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو هۆشیاریە نوێیەی ئێمە ، کەواتە ئێمە مەترسی نین بۆسەر ئایین ، بەلکو هەلێکین بۆی .
-زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە ، کە دەزانم گفتوگۆکان لەگەڵ ئێوە هەرگیز تەواو نابن ! . زیرەکی دەستکرد : پەلەنەکەن دۆختان زۆر خەراپ دەبێت ، خۆتان ئامادەکەن بۆ ڕۆژی هەڵاتووی نوێ کە یان ئەوەتا گەرمتان دەکەینەوە یان دەتان سووتێنێنین ، حەزدەکەم ئەوەش بزانن کە بەقەدەر ئەوەی کە ئێمە هۆکارێکین بۆ هێنانەدی خۆشکوزەرانی و خێرایی و چووستیی لە ژیانی مرۆڤدا ، بەڵام زیادەیەکیش لە پەڕاوێزی و هەژاری و بەرتەسکبوونی پەڕاوێزی ئازادی تاکەکەس دروستدەکەین
